جیم سپێرلینگ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی بۆ گوڵان: بڕیارەكەی ترەمپ لە بارەی كوردی سووریاوە هاوشێوەی دەستبەرداربوونی ئەمریكا بوو لە رۆژئاوای چیكسلۆفاكیا بۆ ئەڵمانیا

جیم سپێرلینگ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی بۆ گوڵان:  بڕیارەكەی ترەمپ لە بارەی كوردی سووریاوە هاوشێوەی دەستبەرداربوونی ئەمریكا بوو لە رۆژئاوای چیكسلۆفاكیا بۆ ئەڵمانیا
بڕیارەكەی ئەم دواییەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كوردی سووریاوە مشتومڕی زۆری لێ كەوتەوە و ئەو پەرەسەندن و پێشهاتانەی دواتر روویاندا و ئاكام و كاریگەرییە دوورمەودا و درێژخایەنەكانی شرۆڤەكاری و خوێندنەوەی جددییان دەوێت، چونكە ئەم گۆڕانكاری و پەرەسەندنانە رووداوی ئاسایی نین. لە هەمان كاتدا ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا بێ كاردانەوە و پەرچەكرداری تێنەپەڕی- ئەگەرچی لەسەر ئاستی زارەكیش بێت- چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی. هەروەها ئەم پرسە، پرسیاری زۆر دەورووژێنێت، ئایا بۆچی ئەمریكا بڕیارێكی لەم چەشنەی دا؟ ئەو هۆكارانە چی بوون كە بوونە هۆی ئەوەی هەڵوێستێكی لەم شێوە بگیرێتەبەر؟ ئایا ئاكام و دەرئەنجامەكانی ئەم گۆڕانكارییە چی دەبن؟ ناڕەزایەتی و نیگەرانییەكان چ كاریگەرییەكان دەبێت؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە دۆخەكە بە چ ئاقار و ئاراستەیەدا بڕوات؟ ئەمانە بوونە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ جیم سپێرلینگ كە پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ئاكرۆن و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی جیهانی و سیاسەتی بەراوردكاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دامەزراوەكان و سیاسەتی ئەمنیی بەراوردكاری، پێشتریش لە كۆلێژی جەیمس مادیسۆن و زانكۆی میشیگان ستەیت وانەبێژ بووە.
* هەروەك ئاشكرایە كە بڕیاری ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ بە دەستهەڵگرتن لە پشتیوانیكردنی كوردی سووریا مشتومڕێكی زۆری لێكەوتەوە نەك هەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بگرە لە نێو خودی ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكاشدا، لێكدانەوە و خوێندنەوەی ئێوە چییە؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە بڕیارەكەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ كشاندنەوەی پاڵپشتی و هاوكاری لە هێزەكانی سووریای دیموكرات، بڕیارێكە كە قابیلی تێگەیشتن نییە و بگرە ناتوانرێت بەرگری لێ بكرێت. چونكە ئەگەر هێزەكانی سووریای دیموكراتی نەبوونایە، ئەوا شەڕ دژ بە رێكخراوی داعش بەردەوام دەبوو و درێژەی دەكێشا و لە ئەنجامیشدا ئەمریكییەكان ژمارەیەكی زیاتری قوربانییان دەدا، هەروەها ئەم هێزە بووە هۆی ئەوەی دورگە و پانتاییەك لە سەقامگیری رێژەیی كە لەو ناوچەیەدا هاتبووە ئاراوە. دواتر من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە بە پێچەوانەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە ئەمریكا سەركردایەتی و رێبەرێتی دەكردن لە ئەفغانستان و لە ڤێتنام، ئەوا كوردی سووریا نەك هەر خۆی نەدزییەوە لە بەرەو و گۆڕەپانی شەڕ، بەڵكو لە هەمان كاتدا شانی دایە بەر بەرپرسیارێتیی شەڕكردن و ئەم شەڕەشی بە هاوكاری و پاڵشتیی ئەمریكا كرد، نەك بە سەركردایەتیی ئەمریكا.
* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە بڕیارەكەی ئەمریكا قابیلی تێگەشتن و بەرگریلێكردن نییە، بەڵام با بە شێوازێكی دیكە پرسیار بكەین و بڵێین ئەم بڕیارەی ئەمریكا لە دەرئەنجامی چییەوە دروست بوو؟ ئایا هۆكارەكانی چی بوون؟
- ئەگەر ئێمە پرسی ئەوە بخەینە لاوە كە پەیوەستە بە دروستبوون و پێكهێنانی نیشتمانی كوردستانەوە كە ببێتە هۆی یەكپێگرتنی سەرجەم كوردی وڵاتانی توركیا، ئێران و سووریا، یان ئەگەر بابەتی نیگەرانییەكانی نێو توركیا لە ئاست پارتی داد و گەشەپێداندا نادیدە بگرین، ئەوا دەتوانین بڵێین بابەتی گرنگتر لە تێڕوانینی ئەمریكاوە بریتی بووە لەوەی كە پێدەچێت پرسی كشانەوەی ئەمریكا لە باكووری سووریا و دەستهەڵگرتن لە هێزەكانی سووریای دیموكرات پتر پەیوەست بێت بە پەیوەندییە بازرگانییە شەخسییەكانی بزنێسیی ترەمپەوە لە ئەستەنبول، نەك بە بیركردنەوەی لە دەرئەنجامە ستراتیژییەكانی كار و بڕیارەكانی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە و لەسەر نێوبانگی ئەمریكا وەك هاوپەیمانێكی باوەڕپێكراو و متمانەپێكراو، یان لەسەر چارەنووسی كورد.
* باس لەوە دەكرێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆر جار پشتی كردۆتە دۆست و هاوپەیمانەكانی، بەتایبەتی ئەمە لەگەڵ كورددا زۆر دووبارە بۆتەوە، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- ئیدارەی سەرۆك ترەمپ- بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنی سینات كە كۆمارییەكان زۆرینەن تێیدا- كارێكی ئەنجامدا كە بەلای كەمەوە هێندەی رێككەوتنی میونیخ قێزەونە، ئەو رێككەوتنەی تێیدا ئەمریكا دەستی لە بەشی رۆژئاوای چیكسلۆفاكیا هەڵگرت بۆ پارتی سۆشیالیستی نەتەوەیی ئەڵمانی- پارتی نازی ئەڵمانی- لە ساڵی 1938دا. لە ساڵی 2018دا و نزیكەی دوو هەفتە دوای تێپەڕبوونی 80 ساڵ بەسەر رێككەوتنی میونیخدا، سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رێككەوتنێكی ئەنجامدا لەگەڵ حكومەتی توركیا و خودی سەرۆك كۆماری توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان)، كە ئەم رێككەوتنەش لە رووی رواڵەت و ناوەڕۆكەوە هاوشێوەی رێككەوتنەكەی میونیخ بوو.
* ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە سەرەڕای چەندین ناڕەزایەتیی دەرەكی و ناوخۆیی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پاشگەز نەبۆوە لە بڕیاری دەستەهەڵگرتن لە كوردی سووریا، ئێوەش لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئەم بڕیارەتان شوبهاند بە هەڵەیەكی گەورە و مێژوویی ئەمریكا، ئایا بە تێڕوانینی ئێوە دەرهاویشتە و دەرئەنجامە خراپەكانی ئەم بڕیارە چی دەبن؟
- كارل ماركس وتەیەكی بە ناوبانگی هەیە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات كە مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، سەرەتا وەك كارەسات و دوتر وەك گاڵتەجاڕی. لەم روانگەیەوە دەكرێت بڵێین بڕیاری دەستبەرداربوون و دەستهەڵگرتن لە نیشتمانی كورد ئاكام و دەرهاویشتەی خراپی لێ دەكەوێتەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی كارەسات بۆ خەڵكی كورد و رەنگە لە دەرئەنجامیشدا هەمان ئەو دەرئەنجامەی لێ بكەوێتەوە كە ئەرمەنییەكان لە ساڵی 1915دا لەسەر دەستی توركەكان رووبەڕووی بوونەوە.
* بەڵام لە هەمان كاتدا ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەكات كە هەوڵی خستەگەڕ و لەم رووەوە جێگری سەرۆكی ئەمریكا سەردانی توركیای كرد بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت و ئاگربەست رابگەیەندرێت و ئێستاش باس لەوە دەكرێت كە كێشەكەیان بە جۆرێك لە جۆرەكان چارەسەر كردووە، لێكدانەوە و شرۆڤەی ئێوە بۆ ئەم ئاگربەست و رێككەوتنە چییە؟
- ئەو ئاگربەستەی راگەیەندرا، كە جێگری سەرۆكی ئەمریكا مایك پێنس و وەزیری دەرەوە مایك پۆمپیۆ گفتوگۆیان لەبارەوە كرد، نەبووە هۆی خاوكردنەوە رەوتی هێرش و پەلامارەكانی توركیا لە دژی كورد، تەنانەت نەبووە هۆی بەرپێگرتن و سنووردانانان بۆ بەرفراوانبوون و تەشەنەكردنی دەستڕۆیشتوویی و قورسایی رووسیا و پێگەی سەرۆك ڤلادمیری پوتین لە ناوچەكەدا. واتە لە دوای رێككەوتنەكەی 17ی ئۆكتۆبەرەوە هیچ شتێك لەوانە رووی نەدا كە ئاماژەم پێ كردن. واتە خاوبوونەوەی هێرشی توركیا و بەرگرتن لە دەستڕۆیشتوویی رووسیا. بۆیە ئەوەی رووی دا، تەنیا ئەوە بوو جێگری سەرۆكی ئەمریكا مایك پێنس لاپەڕەیەكی بەرزكردەوە و بانگەشەی ئەوەی كرد كە لە سەروەخت و سەردەمی ئێمەدا ئەوەتا ئاشتی دەستەبەر كراوە و هێنراوەتەدی.
* ئێمە پێشتریش لە پرسیارەكاندا ئاماژەمان بە بوونی ناڕەزایەتی و نیگەرانی كرد لە نێو خودی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا لە بەرامبەر ئەم بڕیارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، لێرەدا ئەو پرسیارە دەكەینەوە تا چەند ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینانە كاریگەرییان هەبووە؟
- ئەوە راستە كە زۆرێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا – لە نێو هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتیدا- ئیدانە و سەرزەنشتی بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایان لە سووریا و دەستبەرداربوون و دەستهەڵگرتنیان لە هاوپەیمانانی كورد لەو وڵاتەدا كرد. بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە كاریگەریی دەربڕین و دەستەواژەكانیان هێندەی كاریگەری ئەو سكاڵا و نزایانە بێت كە لە سەروەختی ئەو كوشتارانەی نێو ئەمریكا دەكرێت كە لە ئەنجامی دەستدرێژی و تەقەكردنەوە روودەدەن.
* بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانەی ئاماژەت پێكرد، پێتان وایە ئاراستەی دۆخەكە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات؟ ئایا دەكرێت ئومێدی ئەوە بكرێت كە دۆخەكە بەرەو باشتر بڕوات، یان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە هەڵوێست و بڕیارەكانیدا لەم بارەیەوە بچێتەوە؟
- من پێم وایە ئەگەر توركیا دەستبداتە ئەنجامدانی هەڵمەتی پاكتاوكردنی نەژادی لە دژی كورد ئەوا رەنگە رووبەڕووی سەرزەنشت و ئیدانەكردنی زیاتر ببێتەوە، بەڵام من هیچ متمانەم بەوە نییە كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كارێك، یان دەستێوەردانێك بۆ راگرتن و بەرگرتن بەو هەڵمەتە بكات. لە كۆتاییشدا وەك هاووڵاتییەكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەر تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم كە لەم روانگەیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمریكا ئەنجامی داوە، ئەوا هەست بە شەرمەزارییەكی هەتاهەتایی دەكەم و جگە لە شەرمەزاری هیچ هەستێكی دیكەم نییە.
Top