گوڵیزار رەشید سندی جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: دەبێت بە هەماهەنگی لە نێوان پەرلەمان و حكومەت و كەرتی تایبەت، یاسای وەبەرهێنان و زۆر یاسا

گوڵیزار رەشید سندی جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: دەبێت بە هەماهەنگی لە نێوان پەرلەمان و حكومەت و كەرتی تایبەت، یاسای وەبەرهێنان و زۆر یاسا
كورستان توانای گەشەی پیشەسازیی تێدایە و ژینگە و دەرامەت و سامانێكی سرووشتیی بەهێزی بۆ بووژانەوەی كارگە و كەرتەكانی بەرهەمهێنان هەیە، بەڵام تا ئێستا ئێمە هەرێمێكی بەكاربەرین و كەرتی تایبەت نەیتوانیوە لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە پێداویستییەكانی ناوخۆ پڕ بكاتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر خراپیی كەرتی پیشەسازی و لاوازیی یاسا و رێنماییەكان و دەركەوتنی ئاسۆی چاكسازییەكان، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی گوڵیزار رەشید سندی جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان كرد، لێرەدا دەقی قسەكانی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەخەینەڕوو.
* وەكو جێگری سەرۆكی سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان چۆن لە دۆخی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستاندا دەڕوانن؟
- كەرتی بەرهەمهێنان بەگشتی و پیشەسازی بەتایبەتی لەئاست خواست و ویستەكانی قۆناغەكەدا نییە، لەوانە لاوازیی ئەدای كەرتی تایبەت و نەبوونی پاڵپشتی و پشتگیریی كارگە و پیشەسازیكاران و گرانیی نرخی كارەبا و سووتەمەنی و نەبوونی سیستەمێكی دارایی رێكوپێك و چەندین هۆكاری دیكە، لە هەمووشی خراپتر ئێمە لە هەرێمی كوردستان زیاد لە پێویست پشتمان بە هاوردەكردن لە دەرەوەی سنوورەكان بەستووە، ئەمەش لەسەر حیسابی بەرهەمی ناوخۆ بووە.
* باسی خاڵێكی گرنگت كرد كە خراپی و كۆنیی یاساكانە، پێت وانییە ئەمە ئەركی حكومەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەكانە كە یاسای نوێ بۆ كەرتی پیشەسازی دەربكەن، یان یاساكان بەپێی قۆناغ و پێداویستییەكان لە پەرلەمان هەموار بكرێنەوە؟
- لەم خولەی پەرلەماندا هەلێكی باشمان لەبەردەستدایە تاوەكو زۆرترین یاسا دەربكەین و هەمواریان بكەینەوە، چونكە ژینگەیەكی سەقامگیر لە ناو پەرلەماندا هەیە، كەموكورتیی زۆر لە یاساكاندا هەیە و پێویستمان بە یاسای نوێ و هەمواركردنەوەی یاسا كۆنەكان هەیە، بەڕێوەبردنی كەرتی تایبەت و گەشەكردنی بوارەكانی بەرهەمهێنان بەم یاسا كۆنانە نابێت، ئەركی حكومەت و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییە كە ئەو یاسایانەی پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، بۆ ئێمەی بەرز بكەنەوە و هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەكەمان بكەن، تا وەكو یەك تیم هەوڵی جووڵاندنی ئەم پرسە بدەین، تەنانەت هەندێك یاسا هەیە لە بەغدا بەركارە و یاسای باشە، دەكرێت لێرەش سوودی لێوەربگرین، بۆ نموونە: چەند مانگێك لەمەوبەر یاسایەك لە بەغدا بەناوی یاسای ناوچە پیشەسازییەكانەوە دەرچوو، كە دەبوایە لە هەرێمی كوردستان پێشتر دەرچووایە، ئەو كات ئەولەوییات بۆ ئێمە دەبوو، هەرچۆنێك بێت، دەكرێت سوود لەو یاسایانەش وەربگرین كە لە عێراق دەردەچن و لێرە گفتوگۆی لەسەر بكەین و لەگەڵ واقیعی ئابووریی كوردستاندا بیگونجێنین.
* هەر سەبارەت بە یاساكانی تایبەت بە ئابووری و بەتایبەت كەرتی پیشەسازی، ئایا یاسای وەبەرهێنانی كوردستانیش كە پێش 13 ساڵ لەمەوبەر دەرچووە، پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە؟
- یاسای وەبەرهێنانی كوردستان كە 13 ساڵ لەمەوبەر دەرچوو، بۆ ئەو كات و قۆناغە گرنگ بوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆ ناگونجێت، ئەو كات مەبەستمان بوو وەبەرهێنان روو لە هەرێمی كوردستان بكات، ئەمڕۆ مەبەستمانە بزنێسمان و وەبەرهێنەرانمان كەمێك دەستبەرداری كەرتەكانی خانووبەرە و بازرگانی ببن و رووبكەنە دامەزراندنی كارگە و كاركردن لە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵدا، یاساكە بووە هۆی راكێشانی سەدان كۆمپانیا و بزنێس و سەرمایەدار و بەگەڕخستنی پارە و ئەنجامدانی سەدان كار، بەڵام بەو شێوەیە نەبووە هۆی راكێشانی ئەم سەرمایە و بزنێسە بەرەو كەرتی پیشەسازی، پێویستە یاساكە هاندەر بێت بۆ ئاراستەكردنی كەرتی تایبەت بەرەو دامەزراندنی كارگەكان، ئاراستەكردنی كەرتی تایبەت بەرەو كەرتی پیشەسازی رۆڵی دەبێت لە بەهێزبوونی حكومەت و ئابووریی كوردستان و هەلی كاریش بۆ گەنجەكان دابین دەكات، ئەمەش بە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەت و كەرتی تایبەت و لێژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمان بەڕێوە دەچێت. بۆ نموونە: من پێم باشە لە یاساكەدا كارئاسانی و پاڵپشتیی زۆری تێدا بێت بۆ بەگەڕخستنی وەبەرهێنان لە كەرتی پیشەسازی، چونكە ئەم كەرتە وەكو كەرتی بازرگانی و عەقارات قازانجی خێرای تێدا نییە، هەروەها دەبێت لە یاساكەدا رێژە و ژمارەی بەكارخستنی كارمەند و كرێكارانی ناوخۆ و بیانییش دیاری بكرێت.
* ئایا دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی باڵانسی بازرگانی لە نێوان هاوردە و هەناردەدا رابگیردرێت؟
- تا هەرێمی كوردستان پشت بە هێنانی هەموو جۆرە كاڵا و پێداویستییەكان لە دەرەوە ببەستێت، زەحمەتە بتوانرێت كەرتی پیشەسازیی كوردستان پێش بخرێت، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا بۆ 14 ملیار دۆلار و لەگەڵ ئێرانیش بۆ 6 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، لە كوردستان هەر هەوڵی هاوردەمان داوە و سەدان كارخانە و پیشەی دەستی وەكو دارتاشی و ئاسنگەری و دروستكردنی دەرگا و بەنچەرەمان داخست، ناكرێت گوێ بە ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی نەتەوەیی نەدەین و بچووكترین بەروبوومی كشتوكاڵی لە وڵاتانی دەرەوە بهێنینن، هەرچی پارە و داهاتی ئەم وڵاتە هەیە بۆ دەرەوە بچێت.
* ئەركی لێژنەكەتان جگە لە تێپەڕاندنی یاساكان و هەمواركردنەوەی ئەركێكی دیكەشتان لەسەر شانە، كە چاودێری و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە و ئەدای وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیشە، ئایا لەم رووەوە چیتان كردووە؟
- حكومەت و پەرلەمان تەواوكاری یەكترن بۆ رێكخستن و دەركردنی ئەو یاسایانەی كە قۆناغەكە پێویستێتی، وەكو سەرۆك و جێگر و ئەندامانی لێژنەی سامانە سرووشتییەكان و بازرگانی و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازییدا گفتوگۆمان كرد، جەنابی وەزیریش پێی وابوو كە كەموكورتی و كێشە و گرفتی زۆر لە بواری كەرتی پیشەسازی و فەرامۆشكردنی ئەم بوارە گرنگەدا هەیە و باسی كارنامەو بەرنامەی وەزارەتەكەی بۆ كردین، هەروەها بەڵێنی دا یاساكانی تایبەت بەم بوارە بۆ پەرلەمان بەرز بكاتەوە.
Top