كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: ئەگەر پیشەسازییەكی بەهێزمان هەبێت، رۆڵێكی باڵا لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەگێڕێت
October 7, 2019
دیمانەی تایبەت
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە یەكێك لە وەزارەتە گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، رۆڵ و پێگەی بەرچاوی لەچارەسەركردنی كەموكورتییەكانی بواری ئابووری هەیە و، كەرتی پیشەسازییش بە یەكێك لە سێكتەرە گرنگەكانی ئەم وەزارەتە دادەنرێت، بەو پێیەی تەواوكەری كەرتی بازرگانییە و هیچ وڵاتێك بێ راگرتنی باڵانسی نێوان هاوردە و هەناردە مومكین نییە بتوانێت گەشەكردنی ئابووری بەدیبهێنێت و رووبەڕووی قەیرانەكانی دارایی و ئابووری ببێتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر رۆڵ و پێگەی ئەم وەزارەتە و كارنامە و پلانی داهاتوویان بەتایبەتی لە بواری پیشەسازی و بووژانەوەی كارگەكان، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ساز دا.ناوهاسەنگییەكی گەورە هەیە لە نێوان هاوردەكردن و هەناردەكردندا و ئەمەش كوردستانی دووچاری زیانێكی زۆر كردووە
داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر دابمەزرێنێت
بەرنامەی حكومەت ئەوەیە رێگا نەدرێت كاڵا و بەرهەمی كوالێتیی خراپ بهێنرێتە كوردستانەوە
* وەك وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ چۆن لە گرنگیی ئەم دوو بوارە دەڕوانیت و لەم رووەوە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ رەوشەكە لە هەرێمی كوردستاندا دەكەیت؟
- وتەیەكی گرنگ هەیە كە دەڵێت: هیچ میللەتێكی دنیا ناتوانێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رۆڵی هەبێت، ئەگەر لە رووی پیشەسازی و خوێندنەوە لە ئاستێكی باڵادا نەبێت، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان -كە لە شوێنەكانی دیكەی دنیا ئەم وەزارەتە دوو وەزارەتن، واتە وەزارەتی بازرگانی بە تەنیایە و وەزارەتی پیشەسازییش بە تەنیایە- لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ بە بڕبڕەو كۆڵەكەی ئابووری دادەنرێت، كە ئەمە بۆ هەموو وڵاتێك هەر راستە. ئەگەر لە لایەنە بازرگانییەكەشیەوە بڕوانین، ئەوا لە جیهانی ئەمڕۆدا ئەوەندە بە گرنگییەوە تەماشای ئەم بوارە دەكرێت، كە بازرگانەكان لە رووی كەلتووری و پێشكەوتنی پیشەسازییەوە بە باڵیۆزی وڵاتەكان دادەنرێن، واتە بازرگانەكان رووی گەشی وڵاتەكەیان پیشانی وڵاتانی دیكە دەدەن. تەنانەت لە هەندێك شوێنی دنیادا كاری بازرگانی بە چڵە زەیتوون وەسف دەكرێت، چونكە هەر وڵاتێك لەگەڵ وڵاتێكی دیكەدا پەیوەندییەكی بەهێزی بارزگانییان لەنێواندا بێت، پارێزراون. هەرچی شەڕ و جەنگ لە نێوانیاندا هەبێت، دوور دەخرێتەوە، بەرژەوەندییەكان ئەوە دەخوازن بە دەگمەن وڵاتێك بیر لەوە بكاتەوە پەلاماری وڵاتێكی دیكە بدات كە بەرژەوەندیی بازرگانی لەنێوانیاندا هەبێت، بەپێچەوانەوە لەكاتی زیانگەیاندن بە وڵاتێكی دیكە بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتەش دەكەوێتە مەترسییەوە. لە رووی پیشەسازیشەوە ئەگەر ئێمە پیشەسازییەكی بەهێزمان هەبێت، دەتوانین رۆڵێكی باڵا بگێڕین لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، پێشتر و بە تێگەیشتنی كلاسیكی و كۆن ئاسایشی نەتەوەیی بریتی بوو لە پاراستنی سنوورەكان لە هێرشی سەربازیی وڵاتانی دیكە، لە ئێستادا تێگەیشتنی نوێ بۆ ئاسایشی نەتەوەیی گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا هاتووە. لەم سەردەمەدا مەسەلەكە پەیوەستە بە ئاسایشی خۆراكی و ئاسایشی بەرهەم و لە ئێستادا رێژەی بەرهەمی كشتوكاڵی و بەرهەمی پیشەسازی رۆڵی باڵا دەگێڕێت لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، چونكە ئەمە دەچێتە چوارچێوەی ئاسایشی خۆراكی و دواتر ئاسایشی نەتەوەیی، بۆیە پیشەسازی ئەوەندە گرنگە ناتواندرێت دەستبەرداری بین، چونكە تەنیا تێكەڵ بە بواری ژیان و بژێوی و ئابووری نەبووە، بەڵكو تێكەڵیش بە بوارێكی گرنگی وەكو ئاسایشی نەتەوەیی بووە. لە هەرێمی كوردستاندا هەرچی بەرهەم هەیە لە دەرەوە بۆمان دێت، تەنانەت سەوزە و میوە لە دەرەوە دێت، واتە قەبارەی هاوردەكراوەكانمان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دەوروبەرو جیهان دەریدەخەن كە هەرێمی كوردستان چی زیانێكی پێ دەگات كە دەیان ملیار دۆلارە، كەچی هەناردەمان لە سەد ملیۆن دۆلارێك تێپەڕ ناكات و هەرچی دراوی گرانبەهایە دەڕواتە وڵاتانی دەرەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هیچ شتێك لە وڵاتی خۆمان بەرهەم ناهێندرێت.
* لێرەدا دەكرێت پرسیارەكەمان بەو شێوەیە بێت ئەگەر بازرگانی و پیشەسازی بۆ ئێمە ئەوەندە گرنگ بێت، تاچەند حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتەكەتانەوە كار بۆ گەشەكردنی پیشەسازی و دامەزراندنی كارگەكان دەكات؟
- ئەگەر ئێمە گرنگی بە كەرتی پیشەسازی بدەین و بتوانین كارگەكان گەشەی پێ بكەین و بەرهەمی خۆماڵیمان هەبێت، ئەوا تەنیا ئابووری نابووژێتەوە، بەڵكو دەستی هەلی كارمان زیاد دەبێت، بەتایبەتی بۆ گەنجەكانمان كە ئێستا هەمووی لە چاوەڕوانی كەرتی گشتین بۆ دامەزراندن، هەروەها بە ناردنە دەرەوەی بەرهەمەكانمان بۆ دەرەوە لە بری ئەوەی پارە و دراوی گرانبەهای هەرێمەكەمان بچێتە دەرەوە، ئەمجارە پارەو داهاتمان بۆ دێتەوە، لەلایەكی ترەوە ئەگەر كەرتی پیشەسازیمان بەهێز بوو، لە ژێر رەحمەتی وڵاتان و سیاسەتەكانیاندا نابین. ئەگەر ئێمە هەنگاوێك بەرەو سەربەخۆیی ئابووری و سەربەخۆیی بچین، راستەوخۆ هەڕەشەی داخستنی سنوورەكانمان لێ دەكەن، باشە ئەگەر ئێمە ئەوەندە نەكەوینە ژێر رەحمەتی ئەوانەوە و پێویستیمان بە كاڵاو پێداویستییەكانی دەرەكیی نەبێت، ئەو كات ئێمەش دەتوانین لە رێگەی بەروبوومەكانمانەوە خۆبژێوی خۆمان زامن بكەین، بەڵام لە ئێستادا بەرهەم و بەروبوومانەی كە هەشمانە بەشی خۆبژێوی ناوخۆ ناكات، هەر بۆیە كورد ناتوانێت بەرگەی هەڕەشە و مەترسییەكانی ئەوان بگرێت، بۆیە منیش لەگەڵ ئەو راوبۆچوونەدام كە كەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ناوخۆ كەرتێكی یەكجار گرنگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا بە گرنگییەوە سەیری كردووە. لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە گرنگییەوە سەیری ئەم لایەنە دەكەین و لە بەرنامەی كاری خۆماندا گرنگییەكی یەكجار زۆرمان بە كەرتی پیشەسازی داوە، دەمانەوێت كەرتی پیشەسازی ببووژێنینەوە و كەرتی تایبەت بەهێز بێت. ئێمە لە وەزارەت بیرمان لەوە كردۆتەوە لە سەر دوو بنەما كۆمپانیا و كارگەكان لە كوردستان دابمەزرێنین:
یەكەمیان: توێژینەوەی ئەوە بكەین زۆرترین كاڵاو كەلوپەل چییە كە دێتە كوردستان.
دوووم: ئەو كەرەستەو سامانە سرووشتیانە چین كە دەكرێت بۆ بەرهەمهێنانی كەرەستەی ناوخۆی كارگەكان سوودی لێ وەربگرین.
سەرەتا با باسی توێژینەوەكە بكەین، كەی زانیمان زۆرترین كاڵا و پێداویستیی خەڵكی چییە و خواست لەسەر چ بەرهەمێكە، ئەو كاتە هانی كەرتی تایبەت دەدەین لەم بوارەدا كارگە و كارخانە دابمەزرێنن و پاڵپشتیشیان دەكەین. بۆ نموونە پیشەسازیی خۆراكی، چۆن دەبێت هەرچی كەرەستە و خۆراكی كشتوكاڵی هەیە لە دەرەوە بۆمان بێت، بۆ بیر لەوە نەكەینەوە كە پیشەسازیی خۆراكیی خۆماڵی بەهێز بكەین، ئێمە لە بەرنامەی وەزارەتماندایە روو بكەینە دروستكردنی كارگەكانی شیرەمەنی و قوتوبەند و دانەوێڵە، ناكرێت ساوەر لە دەرەوەی وڵات بهێندرێتە ناو كوردستان، لە كاتێكدا ساڵانە بەرهەمێكی زۆری گەنمان هەیە، بۆ لە رێگەی كارگەكانەوە بەرهەمەكانی ئارد و جۆرەكانی دیكەی ساوەر و بەرهەمی دیكەی دانەوێڵەی لێ دروست نەكەین، لە وڵاتەكەی خۆمان ژینگە و كەشوهەوا و خاكێكی بەپیتی كشتوكاڵیمان هەیە، تەنیا كەرتێكی پیشەسازیمان نییە، من لە چەند رۆژێكدا مۆڵەتی هێنانی 100 هەزار تۆن گەنمەشامیم داوە بە بازرگانەكان لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان زۆر لەبارە بۆ چاندنی گەنمەشامی، بۆ پاڵپشتیی جووتیاری خۆمان نەكەین بۆ چاندنی گەنمەشامی؟ كاتی ئەوە هاتووە لە وەزارەت بەرنامە دابنێین بۆ دروستكردنی ئەو كارگە و كارخانانەی كە پاڵپشتی لە بەرهەمی كشتوكاڵ و جووتیار دەكات و، چیتر رێگە نەدەین ئەو هەموو پارەو دراوە قورسە بچێتە دەرەوەی وڵات. ئەمە دەچێتە بواری بەدەستهێنانی هەلی كارو بووژانەوەی گوندەكان و گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵ و پاراستنی ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی نەتەوەییەوە.
خاڵی دووەم كە تایبەت بوو بە كەرەستەی خاو، ئێمە لە كوردستان كەرەستەی خاوی یەكجار زۆرمان هەیە، لە رووی كشتوكاڵی زۆر كاڵاو بەرهەم بۆ كەرەستەی خاو هەیە، لە رووی كانزا و سامانە سرووشتییەكانیشەوە چەندین كانزامان هەیە، كە توێژینەوە و پڕۆژەی بەكەڵكی ئابووری بۆ نەكراوە، بۆ نموونە لە كوردستان مس و ئاسن و كەرەستەی خاوی چیمەنتۆ و كوارتز و زۆر شتی دیكەمان هەیە، باشە بۆ كارگە دانەمەزرێنین و لەسەر بنەمای ئەو كەرستە خاوانە كارگە و پێداویستییەكانی ناوخۆ دابین بكەین، لە رووی كشتوكاڵیشەوە بە هەمان شێوە بەرهەممان زۆرە، بەڵام كارگەی قوتوبەند و پیشەسازیی خۆراكیمان نییە.
* لە رووی پراكتیكییەوە تاچەند ئێوە دەتوانن باڵانسی نێوان گەشەی بازرگانی و پیشەسازی رابگرن، چونكە دەرئەنجام ئێوە وەزیری وەزارەتێكن كە پەیوەندی بە دوو كەرتی ئابوورییەوە هەیە، ئەویش بازرگانی و پیشەسازییە؟
- لە یەكێك لە كۆنفڕانسەكاندا كەسێكی شارەزا ئەو پرسیارەی لێ كردم كە ئایا چۆن دەتوانیت لە یەك كاتدا وەزیری دوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازی بیت و، چۆن دەتوانیت باڵانسی گەشەی ئەم دوو بوارە بە هاوسەنگی رابگریت؟ من پێم وایە بووژانەوەی كەرتی بازرگانی و پیشەسازیی هاودژ و لێك جیاواز نین، بەڵكو تەواوكەری یەكترن، باشە بۆ بیر لەوە نەكەینەوە كە چۆن بازرگانەكانمان هان بدەین كاڵاو بەرهەمەكانی ناوخۆ ببەنە دەرەوەی وڵات و بازاڕی بۆ بدۆزنەوە؟ ئەگەر كەرتی پیشەسازی بووژایەوە، ئەوا كەرتی بازرگانیی ناوخۆ و دەرەكیش سوودی لێ وەردەگرێت، ئێستا بەرهەم لە دەرەوە دەهێندرێت، ئەو كات كە بەرهەمی ناوخۆمان هەبوو، بەرهەمەكە دەنێرینە دەرەوە، تەنانەت بازرگانەكان دەتوانن سوود لە هێنانی ئەو كەرەستە و كاڵایانە وەربگرن كە لە ناوخۆدا بەرهەم نەهاتووە، لە ئەمریكاو ئەوروپا و وڵاتانی پێشەنگی پیشەسازی هەروایان كردووە، مەرج نییە تەنیا یەك جۆر كاڵاو كەلوپەل لە ناوخۆی وڵاتەكەدا هەبێت، واتا دەكرێت بە تەواوەتی رێگا لە هاوردەكردنی كاڵا و بەروبوومی بیانی نەگرین و جۆرە ئازادییەك بدەینە بەكارهێنەر بۆ بەكارهێنانی، بە مەرجێك پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆ بكەین، تا لە رووی نرخ و كوالێتییەوە توانای كێبڕكێی بەرهەمی بیانی هەبێت، ئەوەتا لە ئەمریكا كە خۆی ئۆتۆمبێل بەرهەم دەهێنێت، رێگریی نەكردووە لە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی یابانی و بەپێچەوانەشەوە، یابان كە پێشەنگە لە دروستكردنی ئۆتۆمبێل كەچی ئۆتۆمبێلی ئەمریكی لە وڵاتەكەدا هەیە، بە واتایەكی دیكە گەشەی پیشەسازی پرۆسەی بارزگانی راناگرێت، بەڵكو تەواوكەری یەكترن، لە سیاسەتی وەزارەتدایە لەم كابینەیە هاوسەنگییەك لە نێوان هاوردە و هەناردەدا دروست بكەین، نابێت ئێمە تەنیا میللەتێكی بەكارهێنەر بین، ئێمە هاووڵاتی سەرپشك دەكەین، كامە كاڵای ناوخۆ و بیانی بەكار دەهێنێت، تا كێبڕكێ هەبێت و بەرهەمی ناوخۆش پێش بكەوێت، ئەمەش بە پاراستن و پاڵپشتیكردنی بەرهەمی خۆماڵی دەكرێت .
* گەشەی پیشەسازی و گرنگیدان بە كارگە و بەرهەمی خۆماڵی خواست و داواكارییەكی كۆنە، بەڵام تا ئێستا لە رووی واقیعەوە نەتوانراوە ئەم كارە بكرێت، لەو ماوە كەمەشدا كە دەستبەكاربوون دیدارو كۆبوونەوەتان لەگەڵ نوێنەرانی پیشەسازیكاران و بزنس و كۆمپانیاكان زۆر بوو، ئایا تاچەند ئێوە دەتوانن داواكاری و خواستی ئەوان جێبەجێ بكەن؟
- رەنگە تا ئێستا هەنگاوی جددی نەنرابێت بۆ گەشەكردنی كەرتی پیشەسازی، پێشتر هەنگاوەكان زۆر سەرەتایی بوون و گەرموگوڕییان پێوە دیار نەبوو، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین گەشە بە كەرتی پیشەسازی بدەین و ئەم لایەنە ستراتیژ و گرنگەی ئابووری ببووژێنینەوە، سەرەتا دەبێت ئاستەنگەكانی بەردەم بووژانەوەی كەرتەكە هەڵبگرین و دواتر پاڵپشتی لە بەرهەم و كارەكانیان بكەین. بۆ نموونە مۆڵەتی كاركردن و بەرهەمهێنانی كەرەستەی خاو لێرە بدەین و پێویست بەوە نەكات و كەرەستەی خاو لە دەرەوەی وڵات بهێنن و لێرە جارێكی دیكە لە كارگەكاندا بەكاری بهێننەوە، یان نرخی كرێی كارەبا و سووتەمەنییان بۆ كەم بكەینەوە، كە لە ئێستادا نرخەكەیان گرانە، هەروەها دەبێت یاساكانمان بە شێوەیەك هەموار بكەینەوە، كە كارئاسانی بۆ خاوەن كارگەكان بكات و چەندین بواری دیكە زامن بكات.
* ئەگەر لە سەر یاساكان كەمێك رابوەستین، وەك دەزانیت زۆربەی ئەو یاسایانەی كە پەیوەندیدارن بە كاری پیشەسازی و كارگەكانەوە، بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو دەگەڕێنەوە، یان یاسایەكی كۆنە و وەكو یاسای وەبەرهێنانی كوردستان پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە، ئایا لەم رووەوە چیتان كردووە؟
- لە بەرنامەی وەزارەتماندایە كۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دەستەی وەبەرهێنان بكەین، تاوەكو ئەو جیاوازییانە روونەدات لە نێوان ئێمەو ئەواندا، لەلایەكی دیكەوە هەندێك یاسا لە عێراقدا هەیە بەركارە و ئیشی پێ دەكرێت و باشە، ئێمەش لێرە داوامان كردووە كاری پێ بكرێت، یاسایەك هەیە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانمان بەرزكردۆتەوە، تاوەكو ئەوانیش بۆ پەرلەمانی بنێرن و دەنگی لەسەر بدەن، كە یاسای ژمارە 20 ساڵی 1998 ی پەرەپێدانی پیشەسازییە.
* چاكسازییەكان كە ستراتیژیەت و كاری جددیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئایا لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی چ جۆرە چاكسازییەكتان پێویستە و لەمبارەیەوە چ هەنگاوێكی بۆ نراوە؟
- واقیعی ئەم وڵاتە و ئابوورییەكەی وا دەخوازێت كە هەندێك كار پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە و بڕیاری بوێر هەبێت، چونكە زۆر بوار و سێكتەر هەن كە پێویستیان بە چاكسازیی بەپەلە هەیە و پێویستیان بە هەڵگرتنی بەربەست و ئاستەنگەكانی بەردەمیان هەیە، لەوانە نەهێشتنی رۆتین و گەندەڵی و مەحسووبییەت و مەنسووبییەت و قۆرخكاری، هەموو ئەمانە لە بەرنامەی كاری جەنابی سەرۆكی حكومەت لە بەردەم پەڕلەمانی كوردستان لە پێكهێنانی كابینە وەزارییەكەیدا رایگەیاند، تەنانەت رایگەیاند كە ئەم كابینەیە زۆر بە توندی رووبەڕووی كاری بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن دەبێتەوە، هەروەها رووبەڕووی مەسەلەی حزبایەتیكردن لەناو وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەبێتەوە. واتە ئەمانە ئەو چاكسازییانەن كە دەبێت ئەنجام بدرێن. جگە لەم كارە ئیدارییانەش پێویستە كار لەسەر هەمواركردنی ئەو یاسایانە بكەینەوە كە پێویستیان بە چاككردن و هەمواركردنەوە هەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم قۆناغە بگونجێن، چونكە رەنگە ئەو یاسایانە بۆ ئەو سەردەم و قۆناغە باش بێت، بەڵام لەگەڵ سەردەمەكەی ئێستادا ناگونجێن و پێویستیان بە رێكخستنەوە و هەمواركردنەوە هەیە.
* لای هەمووان ئاشكرایە بووژانەوەی پیشەسازی و كارگەكان لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بە كۆمپانیا و دامەزراوەكان دەكرێت، ئێوە لە وەزارەت تاچەند لە ئەداو توانای كۆمپانیاكانمان رازین، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا دامەزراوە و مۆڵەتیان وەرگرتووە، كەچی وڵاتەكەمان بووەتە وڵاتێك بۆ ساخكردنەوەی كاڵا و بەرهەمی بیانی؟
- ئێمە بەرنامەمان هەیە كە پێداچوونەوە بە كۆمپانیاكان و كارەكانیاندا بكەین و ئەو پرسیارەیان لێ بكەین كە: بۆچی دامەزراون، ئایا كارەكانیان لە ئاستی پێویستدان و ئیشوكارەكانیان بە باشی بەڕێوەدەچێت؟ ئایا لە بوارەكەیاندا قۆرخكارییان كردووە و پێداویستییەكانی ناوخۆ پڕ دەكەنەوە؟ ئایا پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەكانی ئەم وڵاتە واتە هەموو ئەمانە پێداچوونەوەیان پێدا دەكرێت.
* لایەنێكی دیكەی كاری وەزارەتەكەتان كۆگا و ئەمبار و سایلۆكانن، ئایا پێت وانییە كۆگا و ئەمبارەكانی حكومەت و زۆر لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتیش بەپێی پێویست و رێنماییە تەندروستی و كوالێتییەكان نین؟
- پڕۆسەی هێنان و ئەمباركردنی خۆراكیی تایبەت بە بەشە خۆراكی هاووڵاتیان تایبەتە بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە، راستەوخۆ لەوێوە دەنێردرێتە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە كوردستانیشەوە، تەنیا چوار كەرەستە دابەش دەكرێت، بەڵام بە راستی كۆگاكانی ئەمباركردنی كەرەستەی خۆراكمان خراپن و لە ئاستی ئەو ئیشەدا نین و دڵۆپە دەكەن و فێنككەرەوەیان نییە و پێویستیان بە چاككردنەوەی بەپەلە هەیە و دۆخی فەرمانبەرەكانیشیان باش نییە، لە راپۆرتێكیشدا داوامان لە بەڕێز ئەنجومەنی وەزیران كردووە بڕە پارەیەكمان بۆ تەرخان بكات، بۆ نۆژەنكردنەوەی كۆگاكانی ئەمباركردنی خۆراك .
* باسی بەدواداچوونی كارگەكانی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت دەكەن، بەتایبەتی كە هەندێك كارگە هەیە كە لە رووی تەندروستی و كوالێتییەوە بەرهەمەكانیان لە ئاستێكی باشدا نین، ئایا لەم رووەوە چ هەنگاوێكتان هەڵگرتووە؟
- لەم ماوەیەدا چەند كارگەیەكم بەسەركردەوە، دەتوانم بڵێم كارگەكانی كوردستان هەندێكیان لە رووی كوالێتی و بەرهەمەوە زۆر باشن، تەنانەت بڕوانامەی ئایزۆیان هەیە و بگرە پێداویستیی نەك تەنیا هەرێم، بەڵكو عێراقیش پڕ دەكەنەوە، هەر بۆیە ئەركی سەرشانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییە كە پارێزگارییان لێ بكات و پاڵپشتییان بكات و بەدەنگ داواكاری و پێداویستییەكانیشیانەوە بچێت، بەڵام بەو مەرجەی بەرهەمەكانیان باش بێت، بۆ ئەوەی بتوانن كێبڕكێی بەرهەمی بیانی بكەن، بۆ ئەوەی ناچار نەبین رێگا بە هێنانی بەرهەمی دەرەكی بدەین. كەواتە بەڵێ، ئێمە چاودێریی كار و بەرهەمەكانیان دەكەین.
* لەنێوان هەرێم و عێراقدا كۆبوونەوە و گفتوگۆ و دانوستانی زۆر لەسەر هێنانی كاڵاو كەلوپەلەكان كرا، تەنانەت لەم رووەوە چەند بڕیارێك دەركرا كە هەرێمیش پێوەی پابەند بوو، ئایا پەیوەندییەكانی نێوانتان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراقی لە چ ئاستێكدایە؟ چۆن دەتوانرێت بە هەردوو لا بەرهەمی ناوخۆ ببووژێندرێتەوە؟
- ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا هەیە، زۆر بڕیار هەیە لەوێ دەرچووە و لێرە جێبەجێ كراوە و بەپێچەوانەشەوە، خۆشبەختانە رەوشەكە بەگشتی بەرەو ئەوە دەچێت كە كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند بە گوێرەی ئەو دەستوورەی كە لە عێراقدا هەیە، بەرەو چارەسەر بچێت.
* هەر لەدەستپێكی پێكهێنانی كابینەكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە سەرجەم وەزارەتەكان كرد كە بەرنامەی كار ئامادەبكەن و بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز بكرێتەوە، ئایا دەكرێت باسی ئەو بەرنامەی كارەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیمان بۆ بكەیت؟
- هەموو ئەو بەرنامە و پرۆژە و كارانەی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی جێگیرمان كردووە و بۆ ئەنجومەنی وەزیرانمان بەرزكردۆتەوە، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و ئابووریی كوردستاندایە، بەشێكی تایبەتی بەرنامەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تایبەتە بە پاراستنی بەكاربەر، واتا پاراستنی هاووڵاتیان، ئێمە داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە كە ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر دابمەزرێت، چونكە یاساكەی هەیە، تەنیا پێویستی بە ئەنجومەنێكە بۆ ئەوەی هەڵبسێت بە جێبەجێكردنی یاساكە و ئەركی پاراستنی هاووڵاتی لە رووی كواڵیتی و جۆری خۆراكەوە لە ئەستۆ بگرێت، بۆ نموونە: كاڵاو بەرهەمێكی زۆری ناوخۆ و بیانی لە بازاڕەكاندا هەیە و مواسەفات و جۆر و كوالێتی و باشییەكانی لە سەری نووسراوە، كەچی كاتێك هاووڵاتی بەكاری دەهێنێت، زۆربەی ئەو مواسەفاتانە تەنیا وەكو پڕوپاگەندەیەكە و بەرهەمەكەی تێیدا نییە، لەو كاتەدا هاووڵاتی مافی خۆیەتی پەنا بۆ شوێنێك ببات و شكات بكات، تەنانەت كاڵا و بەرهەمی وا دەهێندرێتە ئەم وڵاتەوە لە سەری نووسراوە ئەوەندە كیلۆ و ئەوەندە غرامە، كەچی كاتێك دەیكێشیت، دەبینیت فێڵ لە كێشەكەیدا كراوە و ئەوەندە نییە كە نووسراوە، یان ئامێرێك دێتە ئەم وڵاتەوە و هاووڵاتی پارەی پێ دەدات و یەك دنیا مواسەفاتی لەسەر نووسراوە، كە دەیهێنێتە ماڵەوە و دوای ماوەیەكی كەم لە بەكارهێنانی دەبینێت ئەو مواسەفاتانەی تێدا نییە، هەر بۆیە بەشێكی گرنگی بەرنامەی كاری ئێمە بۆ پاراستنی بەكاربەر دانراوە و لەم بارەیەشەوە بە جددی كار دەكەین.
* بەڵام ئێمە دەزگایەكمان هەیە پێی دەوترێت كوالێتی كۆنتڕۆڵ، لەمبارەیەوە ئێوە تاچەند ئەم دەزگایانە چالاك دەكەنەوە؟
- پێداچوونەوە بە كوالێتی كۆنتڕۆڵ دەكرێتەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی تەواوی پێ دەدات و ئەو دەزگایانە بەهێز دەكات، لە رووی ئامێری پێشكەوتوو فەرمانبەری لێهاتووەوە. هەروەها نەهجی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لەمەودوا رێگا نەدات كاڵاو بەرهەمی كوالێتی خراپ بهێندرێتە كوردستانەوە، لە هەمان كاتدا بەرهەمەكانی ناوخۆش چاودێری دەخرێتەسەر. هەروەها ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر كە ئاماژەم پێكرد، دەتوانێت ئەم رۆڵە لەنێو شارەكانیشدا ببینێت و بەدواداچوون و چاودێری دەكات، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی كە ئەو كاڵایە دەفرۆشرێت كواڵێتییەكەی تەواوە و ماوەی بەكارهێنانەكەی بەسەر نەچووە، ئەمە بابەتێكی گرنگە و لە هەموو روویەكەوە گرنگی پێ دەدەین. كەواتە بە دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە و ئەم لیژنانەی چاودێری دەتوانین كۆنتڕۆڵی ئەم بابەتە بكەین و چیتر رێگە نەدەین كاڵای خراپ بە سەر هاووڵاتیدا ساغ بكرێتەوە.
