د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: سیستمی بیمەی تەندروستی زامنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان دەكات
September 30, 2019
دیمانەی تایبەت
سێكتەری تەندروستی یەكێكە لەو سێكتەرانەی كە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵكەوە هەیە، لەمەش زیاتر بەهۆی بارودۆخی نالەباری عێراق و ئەوەی كە تا ئێستاش نزیكەی 1.5 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە لە كوردستان دەژین و ئەوانیش وەك هاووڵاتی كوردستان پێویستیان بە دابینكردنی دەرمان و چارەسەری تەندروستی هەیە، لە لایەكی دیكەشەوە بە هۆی سەقامگیریی كوردستان و پێشكەوتنی ئەم سێكتەرە بەراورد بە سێكتەری تەندروستیی حكومەتی عێراق، كە وایكرددوە ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی عێراق لە شارە جیاوازەكانەوە بۆ چارەسەری پزیشكی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و لەسەر ئاستی خزمەتگوزاریی كەرتی تایبەت و گشتی، چارەسەریان پێ دەدرێت، هەربۆیە ئەم سێكتەرە لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گرنگییەكی زۆری پێ دراوە و جیا لەوەی لە بەرنامەدایە ئەنجومەنێك بۆ سەلامەتیی خواردن و دەرمان لە هەرێم دابمەزرێت، لە هەمانكاتدا چەندین پڕۆژە یاسای تایبەتیش بەم سێكتەرە لە بەردەستی حكومەتن بۆ ئەوەی بنێردرێنە پەرلەمان و پەسەند بكرێن و ببن بە یاسا، ئەو یاسایانەش، وەك یاسای مافی پاراستنی نەخۆش و مافی پاراستنی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و...هتد، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم سێكتەرە گرنگە گوڵان سەردانی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و لەمیانەی ئەو دیدارەدا بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.دوای دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنی راژە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دادەمەزرێن
كوالیتی و ئیمكاناتی نەخۆشخانە حكوومییەكان لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان بەرزترە
* سێكتەری تەندروستی، یەكێكە لە سێكتەرە گرنگەكانی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئێوە لە ماوەی مانگی رابردوو، بەرنامەی وەزارەتتان بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئامادە كردووە و ناردووتانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ئایا ئەو رەهەندە سەرەكییانە چین كە بەرنامە و سیاسەتی وەزارەتی تەندروستی بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەستنیشان كردووە؟
- كەرتی تەندروستی بە گرنگترین كەرتی خزمەتگوزاری دادەنرێت لە هەموو وڵاتانی دنیا، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی كە لە بواری قەیراندان، هاوكات كەرتی تەندروستی رۆڵێكی گەورە لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان دەبینێت، نەك تەنیا بۆ نەخۆش، بەڵكو بۆ هەموو هاووڵاتییەك، بۆیە لە كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە هێڵە گشتییەكانی ئەو كارنامەیەدا لە رۆژی متمانەپێدان بە جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو بڕگەكانی خستەڕوو كە تێیدا زۆر گرنگی بە كەرتی تەندروستی داوە لە دوو بەشدا، لە بەشی یەكەم، لەسەر ئاستی چاكسازییەكانە و لە بەشی دووەمیشدا باسی كەمكردنەوەی رۆتین دەكات بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتی، چونكە هاووڵاتی لە ناو كەرتی حكومەتدا زۆرترین سەردانی بۆ دامودەزگا تەندروستییەكانە، هەروەها لە بڕگەی حەوتەم لەسەر ئاستی چاكسازیدا باسی چاكسازی لە كەرتی تەندروستی لە داودەرمان و خۆراك دەكات، كە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەكەیدا تیشكی خستە سەر ئەوەی كە دامەزراوەی كۆنتڕۆڵكردنی خۆراك و دەرمان لە هەرێمی كوردستاندا دروست دەكرێت، ئەمەش دوو بڕگەیە لە ئاستی چاكسازیدا لە كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاوكات لە ئاستی خزمەتگوزاریدا لە هەمان هێڵە گشتییەكانی كارنامەی حكومەتی كوردستاندا لە یەكەمین خاڵدا باسی باشتركردنی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی دەكات بۆ هاووڵاتی كە ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەرز بكرێتەوە و سیستەمی بیمەی تەندروستی دابنرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتی زامنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بكات، بەتایبەتی لە كەرتی گشتیدا، هەروەها بەپێی پێوەرە گونجاوەكان بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان باسی كۆمەڵێك پڕۆژە یاسا دەكات، لە نێو ئەوانەدا پڕۆژە یاسای پاراستنی مافی نەخۆش، هەروەها پاراستنی مافی پزیشكان و كارمەندان و ئەركی پاراستنیان لە دامودەزگاكاندا، بێگومان بە شێوەیەكی گشتی لە هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زۆر بڕگە هەن كە بۆ هەموو وەزارەتەكانە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتی بكەن، ئێمەش لەم روانگەیەوە لە ماوەی رابردوودا دەستبەجێ دەستمان كردووە بە ئامادەكردنی بەرنامەی كاری سێكتەری تەندروستی، بۆ ئەمەش یەكەم قۆناغ راوێژكردن بوو بە لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك سەندیكا پەیوەندیدارەكان و كەرتی تایبەت و هەموو دامودەزگا تەندروستییەكانی پارێزگاكان و چەندین لایەنی رێكخراوی حكوومی و ناحكوومی كە لە بواری تەندروستی كار دەكەن، جگە لەوەش هەوڵمانداوە بە رێگەی راگەیاندن و هۆیەكانی گەیاندن هەموو ئەو پرۆژانەی لەلایەن هاووڵاتی و خەڵكی تایبەتمەندەوە پێشنیار كراون، كۆیان بكەینەوە، لە هەموو ئەمانە پوختەی پڕۆژە و بەرنامەی كارمان پێشكەشی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، كە دەكرێت بڵێین دوای پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەبێتە كارنامەی سێكتەری تەندروستی بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
* لە پەرلەمانی كوردستان چەند پڕۆژە یاسایەك هەیە كە لایەنی وەزارەتی تەندروستییش دەگرێتەوە، وەك یاسای (پاراستنی مافی نەخۆش، یاسای بنبڕكردنی ماددەی هۆشبەر، كە مەبەستمان خەڵكانی ئالوودە بووە بە ماددەی هۆشبەرە وەك (نەخۆش)، ئایا رەهەندی ئەم دوو یاسایە و گرنگییەكەی بۆ بەرژەوەندیی تەندروستیی هاووڵاتیان چییە؟
- پێشتر چەندین پڕۆژە یاسا چوونەتە پەرلەمانی كوردستان و پڕۆژە یاسای دیكەش هەیە كە هەندێكی لەلای حكومەتە و هەندێك پڕۆژە یاساش هەیە كە هێشتا لەلایەن وەزارەتی تەندروستی رەوانە نەكراون، بەڵام وەزارەتی تەندروستی جگە لەو پڕۆژە یاسایانە، هەندێك پڕۆژە یاسای نوێی هەیە كە ئێستا خەریكی داڕشتنەوەیانین و هەموو پڕۆژە یاساكانیش پێداچوونەوەو خوێندنەوەیەكی دیكەی بۆ دەكەین، ئەو پڕۆژە یاسایانەش بە فەرمی بریتین لە (11) پڕۆژە و رەوانەی حكومەتی كوردستانیان دەكەین، لەوێشەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان دەچێت، دیارە ئەم پڕۆژە یاسایانەش بەپێی ئەولەوییەت و پێشینەیی و گرنگییان لە پەرلەمان خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت و دەخرێنە دەنگدانەوە، لەوانە پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانمان رەوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، دوای ئەوەش لە رێگای وەزیری كاروباری پەرلەمانەوە ئەم پڕۆژە یاسایە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت و پڕۆژە یاسای پاراستنی مافی نەخۆش، ئەویش لەبەردەستمانە.
* باس لەوە دەكرێت كە سیاسەتی ئەم كابینەیە ئەوەیە بواری زیاتر بە كردنەوەی نەخۆشخانەی ئەهلی بدرێت، بۆ ئەوەی پێداویستیی كوردستان پڕ بكاتەوە، ئایا سیاسەت و مامەڵەی ئێوە بە بەراورد لە نێوان نەخۆشخانە حكوومییەكان و ئەهلییەكان چۆنە؟ ئایا سیاسەتێكی واتان هەیە كە كۆنتڕۆڵی (نرخ) لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان بكەن؟
- لەم كابینەیەدا بە شێوەیەكی گشتی پاڵپشتی و هانی كەرتی تایبەت دەدرێت، بەڵام هاوكات كۆنتڕۆڵ و چاودێرییش دەكرێت، چونكە ئێستا كەرتی تایبەت لە بواری تەندروستیدا بەشێكی گەورەی سیكتەری تەندروستییە و ناتوانین نكۆڵی لەوە بكەین، بەڵام بەم شێوازەی ئێستاكە نا، چونكە ئێستا جۆرە ئاڵۆزی و تێكەڵبوون و سەرلێشوانێك بۆ هاووڵاتی هەیە. لەم دیدارەشدا حەزدەكەم وەك یەكەمین میدیای كوردستان ئەوەتان پێی رابگەیەنم كە لە رۆژی 25/9/2019 وە، لیژنەیەكی هاوبەشمان لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و سەندیكا پەیوەندیدارەكان دامەزراندووە، تاوەكو كاری نەخۆشخانە تایبەتەكان لە رووی نرخ و كوالیتی و جۆری كاركردنەوە رێك بخەینەوە، دەبێت كوالیتی بەرز بێت و پۆلینی نەخۆشخانە تایبەتەكان بەپێی ژمارەی ئەستێرەكان بن، بۆ ئەوەی نەخۆشخانەیەكی تایبەتیی نوێ و سەردەمییانە لەگەڵ نەخۆشخانەیەكی كۆن لە یەكتر جیا بكرێتەوە و لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی كوردستاندا بن. هەروەها لە رووی دەوامكردنی پزیشكان لە كەرتی گشتی و تایبەت كۆمەڵێك رێكار هەیە، ئێمە رێكیان دەخەین .
* وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە بواری دابینكردنی دەرمان پەیوەندییەكی گرنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەیە، ئاشكرایە ساڵانی پێشوو، پشكی دەرمانی هەرێمی كوردستان بە رێكوپێكی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە نەدەگەیشتە هەرێم، ئایا تا چەند هەوڵتانداوە كێشەكانتان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چارەسەر بكەن و هاوكاری و هەماهەنگیی پێویستان هەبێت؟
- بێگومان راستە نەك تەنیا دەرمان، بەڵكو دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشكی و تاقیگە و هەموو پێداویستییە تەندروستییەكان و خەرجی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بەپێی پێویست دەبێت لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بێت، چونكە بودجەی تەندروستی لە عێراقدا لەسەر بودجەی حاكیمەیە، بۆیە پێویستە هەموو پێداویستیی پزیشكی و تەندروستیی هەرێمی كوردستان (100%) لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدڕاڵ لە رێگای دامەزراوەی كیمادیە بگاتە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە نەك ئەم ژمارەو رێژەیە هەمووی ناگات، بەڵكو هەموو پارێزگاكانی عێراق گرفت و كێشەی دەرمانیان هەیە، واتە وەزارەتی تەندروستیی عێراق نەیتوانیوە 100% كێشەكان چارەسەر بكات. هەر بۆیە ئەوەی لە دەرمان و پێداویستی دەگاتە دەستی ئێمە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە 43%ی پێداویستی هەرێمی كوردستانە، ئەوەی دیگەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت كە مانگانە بڕی شەش ملیار دیناری بۆ تەرخان دەكرێت و بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستیی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە كە ئەوانیش لە رێگای پرۆسەی تەندرین دەرمان دابین دەكەن، بەڵام گرنگە ئەوە بخەینەڕوو كە بەوەی بەغدا دەینێرێت و بەو 6 ملیار دینارەشی كە مانگە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم دابینی دەكات، هێشتا 100%ی پێداویستیی تەندروستی و نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان دابین ناكات، هەر بۆیەش هاووڵاتی گلەیی دەكات و زۆرجار دەڵێت لە نەخۆشخانەكان دەرمان نییە، لەلایەكی دیكەوە كێشەی نەبوونی دەرمان تەنیا نەبوونی بودجە و پارە نییە، بەڵكو هەندێكجار لە رووی تەكنیكییەوە، دەرمانی كوالیتیی كۆنترۆل و پشكێندراوت دەست ناكەوێت، یان كۆمپانیاكانی تایبەت بە دەرمان، دەرمان بە قەرز نادەن، چونكە حكومەت دەمودەست و بە كاش ناتوانێت پارەكە بدات، هاوكات هەندێكجار دەرمانەكە تایبەتە بە كۆمپانیایەك كە لەگەڵ عێراق مامەڵە دەكات، بۆ نموونە دەرمان و پێداویستییەكانی كوتان و هەڵمەتی كوتان ئەوانە هەر هەمووی كێشەی دەرمان دروست دەكەن و بە شێوەیەكی گشتی باری سەر نەخۆشخانەكانی كوردستان زۆر قورس و گرانە ئەو هۆكارەش وادەكات دەرمان بەش نەكات.
* لەگەڵ دەستپێكی كاری كابینەی نۆیەم، سەرلەنوێ دەوام رێكخراوەتەوەو، وەك بیستوومانە پزیشكی پسپۆڕ دەبێت تا كۆتایی دەوام لە نەخۆشخانەكان بمێنێتەوە و ناتوانێت لەكاتی دەوام سەردانی كلینیك، یان نەخۆشخانەی ئەهلی بكات، ئایا بەم هەنگاوە ئاستی خزمەتگوزاریی پزیشكی لە نەخۆشخانە حكوومییەكان نزیك دەبێتەوە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان؟
- پێش هەمووشت دەمەوێت بە قەناعەتەوە پێتان بڵێم، لەگەڵ ئەوەی ئێمە پێمان خۆشە كە نەخۆشخانە ئەهلییەكان كوالیتییان بەرز و باش بێت، بەڵام ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نەخۆشخانە حكوومییەكان زۆر بەرزتر و بە ئیمكاناتترە، ئەمە وێڕای ئەوەی نەخۆشخانە حكوومییەكان بەراورد بە نەخۆشخانە ئەهلییەكان لەژێر چاودێری و فشارێكی گەورەشدان. بۆیە بوونی نەخۆشخانەی ئەهلی مانای ئەوە نییە كە كەرتی تایبەت باشترە، بەڵام خەڵكەكە فێر بووە بڵێت كەرتی تایبەت باشترە، چونكە كە پارەكە دەدات، لە رووی دەروونییەوە وادەزانێت زیاتر خزمەت دەكرێت، ئەگینا نەخۆشخانە حكوومییەكان زۆر باشترن، سەبارەت بە رێكخستنەوەی دەوام بۆ هەموو فەرمانبەرانی حكوومی وەك یەكە و پزیشكیش وەكو هەر فەرمانبەرێكی دیكە لە وەزیفەی گشتی ئەرك و مافی هەیە، دەبێت لە ماوە و كاتی وەزیفیی خۆیدا لە نەخۆشخانە بێت و لەگەڵ نەخۆشەكەی بمێنێتەوە. ئێمە بڕیارمان داوە و ئەو بڕیارە لە بواری جێبەجێكردندایە و بە هەموو نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەتمان راگەیاندووە كە نابێت لە ماوەو كاتی دەوامی فەرمی، پزیشكی وەزیفەی گشتی لە نەخۆشخانەی تایبەت كاری نەشتەرگەری و چارەسەركردن بكات، بەڵكو تەنیا ئەو پزیشكانەی خانەنشینن، یان لە حكومەت دانەمەزراون، دەتوانن بەیانییان لە نەخۆشخانەی كەرتی تایبەت كار بكەن، بەڵام پزیشكی حكوومی تا كاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ قەدەغەیە بچێت كار لە نەخۆشخانەی ئەهلی بكات، ئەم بڕیارە هەموو كارمەند و شوفێر و پزیشكی حكوومی دەگرێتەوە، تاوەكو لە نەخۆشخانە حكوومییەكان خزمەتی خەڵكی هەژار و هاووڵاتیان بكەن، ئەم بڕیارە بۆ ئەوەشە كە نابێت ئەو تێكەڵبوونە لە نێوان نەخۆشخانەی گشتی و كەرتی تایبەت هەبێت.
* كێشەی دەرمان و دەرمانخانە، كێشەیەكی دیكەیە كە نەخۆش نائومێد دەكات، بۆ نموونە بۆ یەك دەرمانی چارەسەركردن، خاوەنی دەرمانخانە چەند ئۆپشنێك دەخاتە بەردەستی نەخۆش كە كۆمەڵێك نرخی جیاواز لەخۆی دەگرێت، پرسیار ئەوەیە بۆچی باشترین دەرمان بۆ چارەسەر لەلایەن سەندیكای دەرمانسازانەوە دیاری ناكرێت تا نەخۆش لەم دڵەڕاوكێیە رزگار بكەن؟
- پڕۆسەی چاكسازی لە بواری دەرماندا پڕۆسەیەكی بەردەوامە و ئێستا كۆمەڵێك بڕیار هەیە، تەنانەت نوێنەری داواكاری گشتی بەڕێز دادوەر دڵشاد لەگەڵمانەو پڕۆسەكە دەستی پێ كردووە. راستە هەندێك لەسەرخۆ دەڕوات، بەڵام ئومێدمان هەیە پڕۆسەكە خیراتر بڕوات، سەرەڕای ئەوەی دامەزراوەی خۆراك و دەرمان لە هەرێمی كوردستان دادەمەزرێت، لە پڕۆسەكانی پشكنینی بازاڕ و دەستبەسەرداگرتنی دەرمانی قاچاخ و چۆنیەتی گواستنەوەی لەسەری بەردەوام كار دەكەین، هەر بۆ زانیاریی ئێوە، لە كۆی (204) كۆمپانیای دەرمان كە لە هەرێمی كوردستان هەن، تەنیا (69) كۆمپانیا پابەندن بە هەموو رێنماییەكانی چاككردنی كۆگاكانیان بۆ هەڵگرتنی دەرمان و كۆمپانیاكانی دیكە دوائاگاداركردنەوەیان پێ دراوە، دەبێت ئەوانیش پابەندی رێنماییەكان و مەرجەكانی چاككردنی كۆگاكانیان بن، بەپێچەوانەوە ناتوانین لەگەڵیان كار بكەین و مۆڵەتەكانیان لێ وەردەگیرێتەوە. بۆیە چاكسازی لە بواری دەرمان بەردەوامە و دەبێت دەرمان لە دەستی دەرمانساز بێت و دەرمانساز رۆڵی خۆی بگێڕێت لەكاتی وەرگرتنی دەرمان و فرۆشتن و هەڵگرتن و تەنانەت دەبێت رۆڵی دەرمانساز لە دەرمانخانەكانی ناو بازاڕیشدا دیار و كاریگەر بێت. هەر بۆ زیاتر گرنگیدان و جەختكردنەوە لەسەر ئەم لایەنە لە رۆژی 25/9/2019 لە كۆنفڕانسی رۆژی جیهانیی دەرمانسازان جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت دەرمانساز رۆڵی خۆی ببینێت و دەرمانساز خاوەنداریەتی دەرمان بكات، نەوەك دەرمان لە دەستی كەسانی دەرەوەی بواری تەندروستیدا بێت.
* هەر سەبارەت بە دەرمانخانەكان، خەڵكێكی زۆر دەڵێت دەرمانخانەكان وەك دووكانێكی ئاسایی لێهاتووە و هێچ تایبەتمەندییەكی نەماوە، پزیشكی دەرمانساز بڕوانامەكەی بە كرێ دەدات و خۆی لەسەر دەرمانخانەكە كار ناكات، ئەگەر دەرمانسازی پێویسی بە پسپۆڕی نییە، ئەی كۆلێژی دەرمانسازیمان بۆ چییە؟
- لێرەدا دووبارە ئاماژە بەوە دەكەمەوە، ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەوەین كە دەرمانساز بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵی بواری كاركردن لە دەرمان بكات و بە تەئكید هەر دەرمانخانەیەك مۆڵەتی سەندیكای دەرمانسازانی نەبێت و دەرمانساز كاری تێدا نەكات، ئەو دەرمانخانەیە بە نایاسایی لە قەڵەم دەدرێت و دادەخرێت.
* پرسی دامەزراندنی پزیشكان (پزیشكی گشتی و ددان)، هەروەها دەرچووانی كۆلێژی پەرستاری، یەكێكی دیكەیە لە كێشەكانی سێكتەری تەندروستی، ئێستا لە كوردستان بە دەیان نەخۆشخانەی ئەهلی كراونەتەوە و ژمارەی دانیشتووانیش روو لە زیادبوونە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی دەرچووانی كۆلێژەكانی پزیشكی درەنگ دادەمەزرێن؟ ئایا نەخۆشخانە ئەهلییەكان بۆچی نەبوونەتە سەرچاوەیەك بۆ پێداویستی و دامەزراندنی پزیشكە گەنجەكان؟
- كەرتی تەندروستی و نەخۆشخانە حكوومییەكان بەردەوام پێویستیان بە سەرچاوەی مرۆیی هەیە، بەتایبەتی پزیشكان و پزیشكانی ددان و دەرمانسازان و كارمەندانی تەندروستی بە ناونیشانی یاریدەدەری پزیشكی و بە هەموو ناونیشانە جیاوازەكان، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی رۆژ لەدوای رۆژ بەشەكان و قەبارەی نەخۆشخانەكان زیاتر گەورەتر دەبن و نەخۆش زیاتر دەبێت، هاوكات رۆژ لە دوای رۆژیش كارمەندانی تەندروستی و پزیشكان لە نەخۆشخانەكان كەم دەبنەوە، بەهۆی خانەنشینبوون و دابڕان لە دەوام و كۆتاییهاتن بە راژەكانیان و ژمارەیەكی زۆر مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، كە هەندێكیان چوونەتە دەرەوەی وڵات و هەندێكیان چوونەتە خوێندنی باڵا، بۆیە ئەو ژمارەی ئێستا لە كارمەند و پزیشكان لە نەخۆشخانە حكوومییەكان هەیە، كەمە، بۆیە داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، رێنمایی جێگرەوەكردن لەوانەی لە دەوام دادەبڕێن لە وەزیفەی گشتی جێبەجێ بكات و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە دامەزراوەیەك بەناوی ئەنجومەنی راژە بۆ وەزیفەی گشتی دروست بكات، كە یاساكە لە ساڵی (2011) دەرچووە، ئەم ئەنجومەنی راژەیە رێنمایی پێویست دەردەكات بۆ دامەزراندن بەپێی پێویست و بە گوێرەی ناونیشان و كۆمەڵێك رێكاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ دامەزراندن لە وەزیفەی گشتیدا، بۆیە ئێمە ئومێدمان وایە دوای دامەزراندن و دەستبەكاربوونی ئەم ئەنجومەنە بتوانین ئەو پێداویستییە سەرچاوە مرۆییانە بۆمان پڕبكەنەوە.
* لە دووماهێدا وەك دواپەیام دەتانەوێت بۆ هاووڵاتیان باسی چی بكەن؟
- دوو بابەتی زۆر گرنگ هەیە لەم دەرفەتەدا دەمەوێت بە هاووڵاتیانی بگەیەنم، یەكەمیان: گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتی بە نەخۆشخانە و دامودەزگا حكوومییەكان و بە پزیشكان و بە كارمەندانی تەندروستی كە ئەمە ئەرك و كار و بەشێكی گەورەیە و دەبێت هاووڵاتی و دامودەزگاكانی راگەیاندن پاڵپشتێكی گەورە بن بۆ گەڕانەوەی متمانە، چونكە بە گەڕانەوەی متمانە لە دەرئەنجامدا هەژار و كەمدەرامەت سوودمەند دەبن، بەڵام ئەمەش بە چی دەگەڕێتەوە، بێگومان پێویست ناكات بەم شێوازە بێ متمانەییە تەعامول بكەین، چونكە پزیشك و دەستی كاركردنی باشمان هەیە و دامودەزگاكانمان تا راددەیەكی باش دوورن لە كەمتەرخەمی و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت خەڵك باوەڕ و متمانەی بە دامودەزگاكان هەبێت و راگەیاندنەكانیش پاڵپشت بن.
دووەم: باری تەندروستی زۆر قورس و گەورەیە و پەیوەستە بە باری ئابووریی وڵات و لە كاتێكدا باری دارایی و ئابووریی وڵات باش بێت، ئەوە بواری تەندروستی ئەو وڵاتە باشتر دەبێت و پڕۆژەكان دەكەونەوە كار، بەڵام كاتێك باری ئابووری خراپ بوو، وەك ئەو ساڵانەی رابردوو كە دەبینین چ فشارێك و قەیرانێكی دژوار لەسەرمان بوو، كە لەوانە تا ئێستاش نزیكەی یەك ملیۆن و پێنچ سەد هەزار ئاوارە و پەناهەندە لە هەرێمی كوردستانن و ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ پشكنین و وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، لەپاشان دەگەڕێنەوە، بۆیە تا ئێستاكەش بەم هۆكارانەوە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان لە ژێر فشاردان، بۆیە بە ئومێدی ئەوەین كە چاكسازییەكی باش لە خزمەتگوزاریی كەرتی تەندروستی بكرێت و باری داراییش باش بێت، بێگومان پڕۆژەكانیش دەكەونەوە كاركردن، ئەو كاتیش ئێمە دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتی كە هەموو توانامان بەكاردەهێنین و شەونخوونی دەبینین تاوەكو باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەش بكەین و نموونەیەكی جوانی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنین.
