ئۆرۆكپۆ ئۆگبۆلا فرانسیس پسپۆڕی كارگێڕی گشتی بۆ گوڵان: ئیرادەی سیاسی سەركردەی دڵسۆز دەتوانێت حوكمڕانیی باش بونیاد بنێت و گەندەڵییش سنووردار بكات
September 21, 2019
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە كە لە رۆژگاری ئێستادا چەمكی حوكمڕانیی باش مشتومڕی زۆری لەبارەوە دەكرێت، ئەم چەمكە پێناسەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێت و لە هەمان كاتدا تەنیا رێگاچارەیەك لە ئارادا نییە، بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەم چەشنە حوكمڕانییە بەدی بهێنرێت و ئیدارەیەكی باشی كاروبارەكانی وڵاتەكە بكرێت، بەڵام ئەوەی ناتوانرێت نكۆڵی لێ بكرێت، ئەوەیە كاتێك وڵاتێك شكست دەهێنێت لە بەدیهێنانی حوكمڕانیی باشدا، ئەوا شیرازەی كاروبارەكان تێك دەچن و سامان و سەرچاوە و داهاتی وڵاتەكەش نەك نابنەهۆی هێنانەئارای گەشەی ئابووری و بوژاندنەوەی رەوشی ژیانی خەڵكەكە و بنیاتنانەوەی ژێرخانی وڵات، بەڵكو ئەو سەرچاوانە دەبنە مایەی نەگبەتی و نەهامەتی بۆ خەڵكەكە و، جگە لە دژواری ئابووری ناسەقامگیریی سیاسی و تەحەددیی ئەمنی و چەندین كێشەی دیكە رووبەڕووی وڵاتەكە دەبنەوە، لە هەموشی زیانبەخشتر دروستبوونی دیاردەی گەندەڵی و تەشەنەكردنیەتی، كە دەبێتەهۆی خاوكردنەوەی گەشەی ئابووری و دروستبوونی بەدگومانی و بێمتمانەیی لە ئاست دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، لەم رووەوە وڵاتی نەیجیریا شایستەی ئەوەیە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، كە وڵاتێكە گرفتارە بەدەست ئەوەی پێی دەڵێن نەفرەتی سەرچاوەكان. ئەم پرسانە بوونە تەوەری دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ ئۆرۆكپۆ ئۆگبۆلا فرانسیس، كە پڕۆفیسۆرە لە بەشی كارگێڕیی گشتی لە كۆلێژی پۆلەتەكنیكی لە ویلایەتی كۆجی لە وڵاتی نەیجیریا، و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە هەمان پسپۆڕیی كارگێڕیی گشتی و لە چەندین پەیمانگە و زانكۆی دیكەی نەیجیریا وانەبێژ بووە.* هەروەك ئاشكرایە وڵاتی نەیجیریا وڵاتێكە دەوڵەمەندە بە سامانە سرووشتییەكان، بەتایبەتی نەوت، لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانراوە بۆ پەرەپێدانی وڵاتەكە و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان سوود لەم سەرچاوانە وەربگیرێت، بە كورتی نەتوانراوە حوكمڕانییەكی باش لەو وڵاتەدا دەستەبەر بكرێت، ئێوە هۆكارەكانی ئەم حاڵەتە بۆچی دەگێڕنەوە؟
- ئەوەی لێرەدا دەتوانین ئاماژەی پێ بكەین لە پەیوەندی بە نەبوونی حوكمڕانیی باشەوە لە وڵاتی نەیجیریا، ئەوەیە كە هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ئەو سەركردایەتییە سیاسییەی كە لە وڵاتەكەدا جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە، كەواتە ئەمە تەحەددی و كێشە بنەڕەتییەكەیە. هەروەك ئاشكرایە نەیجیریا لە ساڵی 1960ـەوە سەربەخۆیی بەدەست هێناوە، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا نەتوانراوە باری وڵاتەكە راست بكرێتەوە، ئەویش بەهۆی جۆری سەركردایەتیی وڵاتەكەوە بووە، هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد.
* باشە دەرئەنجامە خراپ و زیانبەخشەكانی نەبوونی سەركردایەتییەكی باش و نەبوونی حوكمڕانییەكی باش لەم وڵاتەدا چی بوون؟ ئایا چ رەوش و هەلومەرجێكی نالەباریان دروست كردووە؟
- هەروەك ئاماژەم پێكرد، نەبوونی سەركردایەتییەكی سیاسی لە وڵاتەكەدا كە توانای ئەوەی هەبێت ئیدارەیەكی باشی كاروبارەكان بكات، یان با بڵێین توانای حكومڕانی هەبێت، هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی ئەو سەرچاوە سرووشتییانەی لەم وڵاتەدا هەیەـ نەبنە هۆی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و نەتوانراوە باری خراپ و ناهەمواری خەڵك راست بكرێتەوە.
* باشە ئەگەر ئەمە كێشە بنەڕەتی و راستەقینەكە بێت، ئایا پێت وایە چۆن دەتوانرێت ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت؟ ئایا پێت وانییە پێویستە دامەزراوەكان بە چەشنێك دابڕێژدرێنەوە كە لە ئەنجامدا ببنەهۆی ئەوەی سەركردە و بەرپرسەكان ناچار بن تا خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی خەڵك بكەن، لە بری ئەوەی تەنیا سەرقاڵی خۆدەوڵەمەندكردن بن؟
- لە راستیدا لە وڵاتی نەیجیریا چەندین دامەزراوەی باش هەن، كە دەكرێت چاوەڕوانی ئەوەیان لێ بكرێت سەركردەكان ناچار بكەن، كە كار بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك بكەن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە چەند كەلێن و كەلەبەرێك لە نێو كۆمەڵگەی نەیجیریا هەیە كە سەركردە و بەرپرسەكان دەتوانن كەڵكی خراپیان لێ وەربگرن، وەك كێشە و ناكۆكیی ئیتنی و ناكۆكیی ئایینی، كە دەبێت لێرەدا ئەوە بوترێت، كە ئێمە نەمانتوانیوە چارەسەرێكی باشی ئەم كێشانە بكەین، لە دەرئەنجامدا زۆربەی نوخبە سیاسییەكەی وڵاتی ئێمە توانیویانە سوودی خراپ لەم كەلێنانە وەربگرن. كەواتە ئەمانەش كۆمەڵێك كێشە و تەحەددیی دیكەن كە رووبەڕووی ئەم وڵاتە بوونەتەوە. هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، دامەزراوەكانی ئێمە نەیانتوانیوە ئیدارەیەكی باش و چارەسەرێكی باشی ئەم كێشانە بكەن و لە دەرئەنجامدا سەركردەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاریان هێناون.
* هەر لە پەیوەندی بە بوونی سەرچاوە سرووشتییەكانەوە، ئایا پێت وایە وڵاتی ئێوە بە دەست ئەوەی پێی دەڵێن «نەفرەتی سەرچاوە» گرفتار بووە؟ كاتێك كە بوونی سەرچاوەكان دەبێتە مایەی نەهامەتی نەك خێر و خۆشی بۆ وڵاتەكە، ئایا بوونی ئەم سەرچاوانە بۆ دروستبوونی حوكمڕانیی خراپ ئاسانكاری دەكات؟
- نەخێر، من هەرگیز لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نیم، راستە ئێمە وڵاتێكی دەوڵەمەندین بە سەرچاوە سرووشتییەكان و ئەم سەرچاوانە بە رێژەیەكی زۆریش لەم وڵاتەدا هەن، بەڵام كێشە بنەڕەتی و ریشەییەكە لە جۆر و چەشنی حوكمڕانییەكەدایە، واتە خۆی لە خۆیدا بوونی ئەم سەرچاوانە مایەی هیچ كێشە و گرفتێك نین، ئەگەر روونتر گوزارشتی لێ بكەم، كێشەكە ئەوەیە كە ململانێ و ركابەری هەیە بۆ دەستەبەسەرداگرتنی و كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوە سرووشتییەكان، لە بری ئەوەی بەكار بهێنرێت بۆ باشتركردنی رەوشی ژیانی خەڵكەكە و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەكە و بنیادنانی ژێرخانی وڵاتەكە، كە دەتوانین بڵێین ئەمە كێشە و تەحەددیی راستەقینەیە لەم وڵاتەدا.
* ئێمە دەزانین وڵاتی نەیجیریا بەدەست كۆمەڵێك كێشەی جددییەوە دەناڵێنێت، وەك نەبوونی سەقامگیریی سیاسی، یان با بڵێین كێشە و مەترسی و هەڕەشەی ئەمنی، كە لە بوونی گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەكانیدا رەنگیداوەتەوە و بوونەتە مەترسییەكی راستەقینە لەسەر ئەو وڵاتە، وەك بوونی گرووپی بۆكۆ حەرام، هۆكاری ئەم كێشە و مەترسییانە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
- بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئەو كێشانەی ئێستا یەخەی ئەم وڵاتەیان گرتووە، وەك كێشەی ئەمنی و بوونی هەڕەشە و مەترسیی گرووپە توندڕەوەكان، هەموویان دەرهاویشتە و دەرئەنجامی شكستخواردنی سەركردایەتیی سیاسییە لە وڵاتەكەدا. بە چەشنێك دەكرێت بوترێت سەرجەم ئەو كێشە و تەحەددییانەی دیكە كە رووبەڕووی ئەم وڵاتە بوونەتەوە ئاكامی ئەو جۆرە سەركردایەتییەیە كە جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، وەك كێشەی نەبوونی گەشەی ئابووری و بنیادنەناوەی ژێرخانی وڵاتەكە و كێشەی دەستەبەرنەبوونی مافەكانی هاووڵاتیان. بۆچی من سەرچاوە و ریشەی ئەم كێشانە دەگەڕێنمەوە بۆ جۆری سەركردایەتیی وڵاتەكە؟ لەبەر ئەوەی جڵەوی پرۆسەی حوكمڕانی لە دەستی سەركردایەتیی وڵاتەكەدایە و ئەو سەركردایەتییە دەتوانێت ئاراستە و ئاقارەكەی دیاری بكات و بیگۆڕێت.
* كەواتە دەتوانین بڵێین هەر ئەمەش هۆكاری بوونی گەندەڵییەكی بەربڵاوە لەنێو نەیجیریادا، كە بۆتەهۆی بەهەدەردانی ئەو داهاتە زۆرەی بەهۆی سەرچاوە سرووشتییەكانەوە ئەم وڵاتە بەدەستی دەهێنێت، هۆكاری ئەمەش هەر ئەوەیە كە تا ئێستا نەتوانراوە بە جددی سنوورێك بۆ ئەم گەندەڵییە دابنرێت لەم وڵاتەدا؟
- لە راستیدا رایەڵێكی هاوبەش لەنێوان سەرجەم ئەم كێشە و تەحەددییانەدا هەیە، ئەوەی لەم رووەوە گومان هەڵناگرێت، ئەوەیە كە پرسی گەندەڵی و بوونی گەندەڵی راستەوخۆ گرێ دراوەتەوە بە پرسی سەركردایەتیی وڵاتەكەوە، بە واتایەكی دیكە ئەگەر سەركردایەتییەكی راست و دروست و دڵسۆز هەبێت، ئەوا دەتواندرێت چارەسەری كێشەی گەندەڵی بكرێت و بگرە دەتوانرێت چارەسەری كێشەی حوكمڕانیی خراپیش بكرێت، واتە دەكرێت ئەم جۆرە سەركردایەتییە حوكمڕانیی باش لە وڵاتەكەدا بهێنێتەئاراوە. تا ئێستا هەر ئەمەش كێشەی راستەقینەی نایجیریا بووە، واتە سەركردایەتییەك نەبووە كە بە راستی شەڕی گەندەڵی بكات و هەنگاوی راستەقینە هەڵبگرێت بۆ هێنانەئارای حوكمڕانییەكی باش. من پێم باشە ئەوە دووپات بكەمەوە كە بوونی سەركردایەتیی راست و دڵسۆز سەردەكێشێت بۆ دروستبوونی حوكمڕانیی باش و لە دەرئەنجامدا بە راددەیەكی زۆر گەندەڵی سنووردار دەكرێت.
* ئەگەر هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەو هەوڵ و هەنگاوانە بكەیت كە لە وڵاتەكەی ئێوەدا دەدرێن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و راستكردنەوەی رەوشەكە، ئایا ئێوە تا چ راددەیەك گەشبینن و ئومێدەوارن كە بتواندرێت ئەم هەوڵانە دەرئەنجامی باش و خوازراویان لێ بكەوێتەوە؟.
- هەرچەندە بە داخەوە تا ئێستا هەوڵی ئەوتۆ نەدراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من لەم رووەوە گەشبین و ئومێدەوارم، بەتایبەتی ئەو لایەنەی كە دوایین جار لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی بەدەست هێنا و جڵەوی دەسەڵاتی گرتۆتەدەست، بانگەشەی ئەوە دەكات كە هەنگاو هەڵدەگرێت بۆ هێنانەئارای حوكمڕانییەكی باش، لەبەر ئەوە ئێمە گەشبین و چاوەڕوانین.
