د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە پشكی كوردستان لە بودجەی ئەمساڵی عێراق زیاتر بكەین
September 17, 2019
دیمانەی تایبەت
لە ئێستادا كە بابەتی بودجەی ساڵی 2020 لەئارادایە، پێویست بەوە دەكات ئەندامانی كورد لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و زانیاری و پێداویستیی تەواو وەربگرن، تاوەكو بتوانن بۆ دابینكردنی پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق بە تێروتەسەلی داكۆكی لە مافەكان و بودجەی گەلی كوردستان بكەن و سەركەوتوو بن، بۆ ئەم مەبەستەش هاریكاری و هاوكاریی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و حكومەتی هەرێم گرنگیی خۆیی هەیە، لەگەڵ ئەوەی لەكاتی ئەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لەبەغدا دەكرێت و لەناو پەرلەمانیش لەگەڵ فراكسیۆنە جیاجیاكانی شیعە و سوننە ئەنجام دەدرێن، هاوكات لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرنگییەكی زیاتری هەیە، بۆ ئەوەی بە یەك هەست و دەست كار بكرێت و هەمووان بە یەك تیم داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە كۆبوونەوەی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و حكومەتی كوردستان ئەنجام بدرێت، تاوەكو هەماهەنگیی و تێگەیشتنی بەردەوام هەبێت، تا تەواوی زانیاری و داتاكان لەناو حكومەتی كوردستان وەربگیرێن و لە بابەتی بودجەی ساڵی 2020 ئەندامانی كورد لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بتوانن بە باشی داكۆكی لە مافەكان و بودجەی گەلی كوردستان بكەن، لەلایەكی دیكەوە لەكاتێكدا كە هەوڵەكان چڕبوونەتەوە بۆ داڕشتنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020، هاووڵاتیان ترسی ئەوەیان هەیە كە ئەمساڵ نەتواندرێت وەك ساڵی پار مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بكرێت، بۆیە لە ئێستاوە كاركردن و هەماهەنگیی نێوان ئەندامانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لایەك و هەماهەنگیی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و حكومەت گرنگیی خۆی دەبێت، ئەم بەتانە و هەندێك پرسی دیكەی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا تەوەری ئەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێكدەهێنن.* دیارە بۆ ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە هاریكاری و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق دروست بكات، بۆ ئەوەی لە هەوڵەكانیان بۆ دابینكردنی پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق سەركەوتوو بن، ئایا ئەم هاریكاری و هاوكارییەی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و حكومەتی هەرێم گەیشتۆتە كوێ و تاچەند كاریگەریی لەسەر هەوڵەكانی ئێوە دەبێت؟
- بێگومان ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییە زۆر گرنگە و رۆڵی باشی دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی كارەكانی ئێمە لە بەغدا، لەبەر ئەوەی ئێمە نوێنەری جەماوەری خەڵكی كوردستانین لە بەغدا و پێویستیمان بە داتا و زانیاری لەسەر دۆسیە و كێشەكان دەبێت، ئەو داتا و زانیارییانەش دەبێت بە تەواوی لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستمان بكەوێت، چونكە ئێمە لە كاتی ئەو گفتوگۆیانە كە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا دەیكەین و لەناو پەرلەمانیش لەگەڵ فراكسیۆنە جیاجیاكانی شیعە و سوننە ئەنجامی دەدەین، پێویستیمان بەو داتاو زانیارییانە دەبێت، لەلایەكی دیكەشەوە ئێمە لە ناوخۆشماندا فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ ئەوەی بە یەك هەست و دەست كار بكەین و هەموومان بە یەك تیم داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین، ئەوە پێویستمان بەوە هەیە كە لەناوخۆدا تەبا بین، هەرچەندە ئەو تەباییە لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكاندا رێژەییە، چونكە هەر فراكسیۆنێك لە بەغدا بۆی هەیە بە شێوەیەك كار بكات، بەتایبەتی ئەوانەی كە لە كوردستان ئۆپۆزسیۆنن، یان رۆژێك ئۆپۆزسیۆن بوون، كە ئەمانە گلەیی زۆریان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەر بۆیە ئەو فراكسیۆنانە لەكاركردندا بەپێی پێویست نایەن بەدەنگمانەوە، بۆیە ئەو كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان هاندەرێكی باشە بۆ فراكسیۆنەكان، تاوەكو هەر پرسیارێكیان هەبێت، یان هەر ناڕوونییەكیان هەیە و چ گلەیەكیان هەیە لەگەڵ حكومەت بیخەنەڕوو تاوەكو هەموو شتەكان بۆیان روون ببێتەوە و لەو كۆبوونەوەی كە چەند رۆژێك پێش ئێستا كە ئێمە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجاممان دا، زۆر لەو ناڕوونییانەی رەواندەوە كە لەلایەن هەندێك فراكسیۆنە كوردستانییەكان سەبارەت بە داتاو زانیارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو، لەبەر ئەوە ئەم كۆبوونەوەیەمان بە شتێكی باش زانی، پێموایە لەمەودوا پێویستە ئەو جۆرە كۆبوونەوانە لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و حكومەتی كوردستان مانگی جارێك، یان دوو مانگ جارێك ئەنجام بدرێت، تاوەكو هەماهەنگی و تێگەیشتن لەنێوانماندا بەردەوام بێت، ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبەغدا جۆرێك لە هەماهەنگی لەنێوانماندا هەیە، یەكێك لە ئیش و كارەكانمان ئەوەیە كە ئەو هەماهەنگییەی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان بپارێزین و بەهێزتریشی بكەین.
* ئەو پرسانەی لەم كۆبوونەوەیدا جەختی لەسەر كراوە، چی بوون و چۆن بەردەوامییان دەبێت؟
- سەرەتا باسی ئەوەمان كرد كە ئەو كۆبوونەوانە گرنگن و بگرە درەنگیش كەوتوون، دەبووایە چەندین جاری دیكە كۆبوونەوەمان بكردایە، هەربۆیە وەكو سەرەتایەك لەسەر ئەوە رێككەوتین كە ئەمجۆرە كۆبوونەوانە بەردەوام بن و بە شێوەیەكی دەوری و بەپێی كات كۆ ببینەوە، هەروەها بڕیاردرا ئەم مەسەلانەی كە لە لێژنەكانی عێراق دێنە گۆڕێ، لێژنەكان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێن و تەواوی زانیاری و داتاكان لەناو حكومەتی كوردستان وەربگرن، بۆ نموونە: لە ئێستادا كە باسی بابەتی بودجەی ساڵی 2020 لەئارادایە، پێویست بەوە دەكات ئەندامانی كورد لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بێن و كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و زانیاری و پێداویستیی تەواو وەربگرن، تاوەكو بتوانن بە باشی داكۆكی لە مافەكان و بودجەی گەلی كوردستان بكەن، هەروەها لەسەر مەسەلەی نەوت كە دیسان پێویستی بە زانیاری و داتا هەیە، ئەوە پێویستە ئەندامانی كورد لە لێژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق بێن و لەگەڵ حكومەتی هەرێم كۆببنەوە و داتا و زانیاریی تەواو و پێویست وەربگرن، ئەمە بڕیارێكی گرنگ بوو كە لەو كۆبوونەوەیەدا درا كە هەر لێژنەیەك كێشە و ناڕوونییەكی هەبێت، پێویستی بەوە دەبێت یارمەتی و زانیاری و داتا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرێت و لەگەڵ حكومەت كۆبێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بەشێوەیەكی گشتی لێژنەیەك لە دارایی و نەوت و وزە و پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا بێن و لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین ئەو هەماهەنگییە دروست بكەن، گرنگترین كاریش كە لەو كۆبوونەوەیەدا باسكرا سێ دۆسێ بوو:
1. دۆسێی بودجە
2. دۆسێی نەوت
3. دۆسێی ماددەی 140 و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
* لە ئێستادا هەوڵەكان بۆ داڕشتنی پرۆژە یاسای بودجەی 2020 چڕبوونەتەوە، خەڵك ترسی ئەوەی هەیە كە ئەمساڵ نەتوانرێت وەك ساڵی پار مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بكرێت، ئایا بە بۆچوونی ئێوە، ئەمساڵ پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق چۆن دەبێت؟
- من نامەوێت خەڵك ترس و دڵەڕاوكێی هەبێت و نائومێد بێت بەوەی ئەمساڵ نەتواندرێت وەكو ساڵی پار مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بكرێت، چونكە هێشتا كاتمان لەبەردەم ماوە و ئێمەش لەكار و هەوڵەكانمان بەردەوامین و گەشبینین بەوەی هەوڵەكانمان سەر دەگرێت و دەتوانین ئەوەی ئامانجمانە بۆ گەلی كوردستان، مسۆگەری بكەین و ئەوەی كە ئێستا هەیە و بەدەستهاتووە، زیادی بكەین، یان بەلانی كەمەوە بیپارێزین و بمێنێتەوە، بەتایبەتی لە ئێستادا گفتوگۆیەكی چڕوپڕ و باش لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، ئەوەتا شاندەكانی هەردوولا دێن و دەڕۆن و چەندین شاند لە هەرێم بەرەو بەغدا رۆشتوون و لە بەغداشەوە بەرە و هەرێم هاتوون، بەردەوامبوونی سەردانی شاندەكانیش كارێكی ئیجابییە و من پێم وایە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی تا دوو مانگی دیكەش ئەم شاندانە دێن و دەچن و بەردەوامی بە دانیشتن و گفتوگۆكانیان دەدەن، لەلایەكی دیكەوە گفتوگۆی سیاسی و پەرلەمانییش هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی كە لە گفتوگۆ تاكەكەسییەكاندا كە لەنێوان ئەندام پەرلەمانەكان هەیە، بەپێی ئەم هەموو هەوڵانە كە هاتوچۆكان و گفتوگۆكان دەروازەیەكی باش و گرنگن، بەتایبەتی كە ئیرادەیەكی جددی و نییەتێكی باش لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان هەیە، من ئومێدەوارم بگەینە دەرئەنجامێكی باش و لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ و سەرەكی بدەم، ئەویش ئەوەیە كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنیا كێشەی بودجە و مووچە نییە، ئەمەش بەو واتایە نایەت كە ئەگەر بەغدا بودجە و مووچەی بۆ ناردین، ئیتر كێشەمان لەگەڵ بەغدا نەماوە و بێدەنگ بین، بەغدا لە خوای دەوێت بێدەنگ بین و داوای ماف و شایستە داراییەكانی خۆمان نەكەین، گەلی كوردستان كێشەی خاك و نیشتمانی لەگەڵ بەغدا هەیە، كێشەی هەرێمێكمان لەگەڵ بەغدا هەیە كە موستەحەقات و شایستە سیاسی و نەتەوەیی و ئابووری و داراییەكانمان لەگەڵ بەغدا هەیە و كەڵەكەبووی ساڵانی رابردوون، مەسەلەی بودجە و مووچە بەشێكی بچووكی ئەو كێشانەی نێوانمانە.
* هەر لەم چوارچێوەیەدا بودجە و مووچەی پێشمەرگەش خاڵێكی دیكەی كێشە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە، ئایا بۆ ئەم پرسە هیچ كێشەیەك هەیە؟ یان دەكرێت بڵێن، ئایا پرسی بودجە و مووچەی پێشمەرگە هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێشەوە؟
- مووچەی پێشمەرگەی كوردستان هیچ كێشەیەكی تێدا نییە و مانگانە خەرج دەكرێت، تەنانەت چەند رۆژێك پێش ئێستا لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بانگهێشتی بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی ئەو وەزارەتەمان كرد بۆ پەرلەمان، پرسیاری مووچەی پێشمەرگەمان لێكردن و ئەوان جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە مووچەی پێشمەرگە مانگ بە مانگ خەرج دەكرێت و دانراوە، بەڵام پرسیارەكە لەوەدایە بۆچی تا ئێستا نەگەیشتۆتە هەرێمی كوردستان؟ من پێم وایە ئەمە بۆ چاوەڕوانیی ئەو بەیەكگەیشتنە سیاسییە دەگەڕێتەوە كە لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دێتە ئاراوە، هەمووان دەزانن ئێستا فشارێكی زۆر لەسەر د. عادل عەبدولمەهدی هەیە، لەلایەن سوننە و لایەنی شیعەشەوە بەوە تۆمەتبار دەكرێت، كە پارە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و هەرێمی كوردستان پابەندی رادەستكردنی نەوتەكەی نەبووە، لەبەر ئەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو بارودۆخەدا نییە كە لەو پارەیە زیاتر بودجە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، هەركاتێكیش هەرێمی كوردستان و بەغدا لە گفتوگۆكانیاندا گەیشتنە ئەنجامێكی باش، ئەو پارەیە ئامادەیە و حازرە تا بنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان و هەمووی پێكەوە بێت.
* وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئایا كێشەی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا گەیشتۆتە كوێ؟ حكومەتی هەرێم دەڵێت ئێمە ئامادەین داهاتی 250 هەزار بەرمیل رۆژانە تەسلیم بكەین، بەغداش هەر دوای رادەستكردنی 250هەزار بەرمیل نەوت دەكات، ئایا خاڵی بەیەك نەگەیشتن لەكوێدایە؟
- مەسەلەی نەوت بە سیاسی كراوە، بابەتی نەوت و كێشەو گرفتەكانی ئەم بوارە بەو شێوەیە نییە كە لە شەقامی عێراقی باس دەكرێت، چونكە راستە لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە رادەستی حكومەتی فیدراڵی عێراق ناكات، بەڵام هەموو مانگ پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی كە بڕیارە هەرێم رادەستی بەغدای بكات، لە بەغدایە و دەچێتە حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق، كەواتە وەكو ئەوە وایە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت مانگانە رادەستی بەغدای بكات، بۆیە بەغدا پارەكەی خۆی وەرگرتووە، چونكە ئەو بودجەیەی كە دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان بێت نزیكەی یەك تریلیۆن دینارە، بەڵام ئێستاكە تەنیا 455 ملیار دینار دێت، ئەی باشە كوا 545 ملیار دینارەكەی دیكە، ئەوەی دیكە بەغدا لەبری ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە دەیگێڕێتەوە، ئەمەش جێبەجێكردنی بڕگەی (ج) لە خاڵی 2 ی ماددەی 10ی یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2019ی عێراقە، ئەم خاڵە دەڵێت: (ئەگەر هەرێم ئامادە نەبوو 250 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی رادەستی بەغدا بكات، ئەوا عێراق لە بودجەی هەرێم پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە دەبڕێت و باقییەكەی دەداتەوە، نەك ئەوەی ئێستا دەكرێت هەر وایە بەڵكو زیاتریش دەبڕدرێت، چونكە پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە كەمترە لەوەی ئێستا بەغدا دەیبڕێت، ئەم مەسەلەیە كە بەلاڕێدا براوە، مەسەلەیەكی یاساییە و هەرێمی كوردستان بێ یاسایی نەكردووە و پێچەوانەی دەستووری نەكردووە، بەڵام هەندێك لە پەرلەمانتارە عەرەبەكان بۆ شاردنەوەی شكستی خۆیان لە شارەكانیان و شكستی هەموو كێشەكانی عێراق، تا لە بیر خەڵكی خۆیان ببەنەوە و بێدەنگیان بكەن، هەموو گوناه و تاوانەكانیان دەخەنە سەر حكومەتی عێراق گوایە چاوپۆشی لە هەرێمی كوردستان دەكات، هەندێكیان دەڵێن ئەوەتا حكومەتی عێراق بەشی شارەكانی دیكەی عێراق دەداتە هەرێمی كوردستان، كار گەیشتۆتە ئەوەی پەرلەمانتار دەڵێت: (تاكەی حكومەتی عێراق وەكو مانگایەك بماندۆشێت بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان؟) ئەم جۆرە لێدوان و قسانە تەنیا بۆ فریودانی خەڵكی عێراق و بەلاڕێدابردنی راستییەكانە، چونكە لە راستیدا وانییە و ئێستاكەش موستەحەقات و مافی زۆرمان لەحكومەتی عێراق هەیە و نەدراوە، بۆ نموونە: ئایا هیچ قەرەبوویەك بۆ خانەوادەی سەربەرزی ئەنفال و شەهیدان و كیمیابارانی هەڵەبجە و وێرانكردنی 4500 گوندی كوردستان و جینۆسایدكردنی 8000 بارزانی كراوین، بە تەئكید نەخێر هیچ قەرەبوویەك نەكراوینەتەوە، ئایا ئەو هەموو قەرزە كەڵەكەبووەی هەرێم كە لەسەر بەغدایە دراوەتەوە؟ لەكاتێكدا لە 2014 تاكو 2017 سێ ساڵی رەبەق بودجە لەبەغداوە نەهاتووەتە هەرێمی كوردستان ئایا بەغدا داویەتیەوە؟ نەخێر نەیداوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدا عێراق قەرەبووی كوێت دەكات و قەرەبووی خەڵكی خۆی لە سوننەو شیعە دەكات ئەوانەی كە بە دەستی رژێمی پێشوو زیانمەند بوون، هەمووی قەربوو كرانەوە، تەنیا كورد قەرەبوو نەكراوەتەوە، شایستەی جووتیارانی كوردستان لە 2015 و 2016 و 2017 تائێستا نەدراوە، تەنانەت شایستەداراییەكانی دیكەی وەكو پێشمەرگە كە بە یاسای بودجە دانراوە تا ئێستا نەهاتووە بۆ كوردستان، هەموو ئەمانە شایستە و موستەحەقاتی كوردستانن بەسەر بەغداوە باسی لێوەناكەن، كەچی دێن دەیانەوێت شكستی خۆیان و بێ خزمەتگوزاریی شارەكانی خۆیان بشارنەوە.
* لەم هەفتەیەدا وەرزی یاسادانانی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەست پێ دەكات، ئایا چۆن سەیری ئەم وەرزە دەكەیت؟
- لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا وەرزی نوێی یاسادانان دەستی پێكردو دەستمان كردووە بە دانیشتنی پەرلەمان، ئەم وەرزەی پەرلەمانمان كەمێك زەحمەت دەبێت، بۆیە پێویستە ئێمەش خۆمانی بۆ ئامادە بكەین، ئێمەش وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان خۆمان ئامادە كردووە و ئینشائەڵا بە رۆحییەتێكی دڵسۆز و بە هیممەت و دەست و بردەوە هەموومان پێكەوە بە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست ئاگامان لە یەكتر دەبێت و بە یەك هەڵوێست داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی خۆمان دەكەین.
