د. فەرهاد عەلی شاكر كونسوڵی فەخریی ئۆكرانیا لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: دەكرێت لە بوارەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و كارەبادا خزمەتێكی باشی هەرێمی كوردستان بكەین
September 5, 2019
دیمانەی تایبەت
ئەزموونی وڵاتی ئۆكرانیا بۆ هەرێمی كوردستان گرنگیی تایبەتی هەیە، ئۆكرانیا یەكێك بووە لەو وڵاتە مەركەزییانەی ئابوورییەكەی لە فەلسەفەیەكی سۆشیالیستییەوە بۆ فەلسەفەی ئابووریی بازاڕ بردووە، ئەوانیش لەقۆناغی راگوزەردا دوچاری چەندین گرفت و كێشە بوون، بۆ قسەكردن لەسەر گرنگیی بەهێزبوونی كەرتی تایبەت و چارەسەركردنی ئەو گرفت و كێشانەی دێتە بەردەم گواستنەوەی كەرتی گشتی بۆ كەرتی تایبەت، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی د.فەرهاد عەلی شاكر كونسوڵی فەخریی وڵاتی ئۆكرانیا لە هەرێمی كوردستان كرد، كە خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری وزە، ئەویش بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.* سەرەتا دەمانەوێت بزانین وەكو كونسوڵی فەخریی وڵاتی ئۆكرانیا لە هەرێمی كوردستان چالاكییەكانی كونوسڵگەریی فەخری چییە و گرنگترین ئەو كار و چالاكییانەی لەهەرێمی كوردستاندا ئەنجامی دەدەن، چین؟
- لە هەموو جیهاندا بەپێی رێككەوتننامەی ژنێڤی 1962 چالاكییەكانی كونسوڵگەریی فەخری بریتییە لەبەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان وڵاتێك لەگەڵ وڵاتێكی دیكەدا، ئەم پەیوەندییانەش بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كولتووری و بازرگانی و كۆمەڵایەتی و هونەری و رۆشنبیری دەگرێتەوە، ئێمەش لەم چوارچێوەیەدا ئەركی سەرەكیی كونسوڵخانەكەمان بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمانە لەنێوان ئۆكرانیا و هەرێمی كوردستان. كردنەوەی كونسوڵخانەكەی ئێمەش بە رەزامەندیی حكومەتی عێراق بووە و سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەم كە ئاسانكارییان بۆ كردین و ئومێدەوارم هاریكاریی زیاتریشمان بكرێت، بۆ ئەوەی بەهەردوو لامان بتوانین پەیوەندییەكانی نێوان ئۆكرانیا و هەرێمی كوردستان بەهێز بكەین. لەم رووەوە ئێمە دەستمان بە سەردان و دیدارو گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بازرگان و بیزنسمانەكان كردووە، ئەمەش وەكو ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنی هەموو ئەو چالاكییانەی كە ئاماژەم پێدا، من كە راسپێردرام ببمە كونسوڵی فەخریی ئۆكرانیا لەهەرێمی كوردستان، زۆرم پێ خۆش بوو، چونكە لە نێوان ئۆكرانیا و هەرێمی كوردستاندا زۆر شتی هاوبەش هەیە.
* وڵاتی ئۆكرانیا دەتوانێت چی پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكات، بەتایبەتی كە ماوەیەكە ئێوە سەردانی بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانتان كردووە و لە نزیكەوە گوێبیستی ژینگەو دۆخی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو كەموكووڕی و كێشەوگرفتانە بوون، كە هەرێمی كوردستان لەچەند ساڵی رابردوودا دووچاری بووە؟
- ئۆكرانیا وڵاتێكی گەورەی ئەوروپایە و بە وڵاتێكی پیشەسازی و كشتوكاڵی دادەنرێت، ماوەیەكی زۆریشە خەڵكی كوردستان روویان لەم وڵاتە كردووە و ئێستا لۆبییەكی كوردی لە ئۆكرانیا بوونی هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی رێژەیەكی زۆری قوتابیانی كورد بەمەبەستی خوێندن روویان لەم وڵاتە كردووە، ئەمەش سەرەتایەكی باش بوو بۆ كردنەوەی دەرگا لەبەردەم بیزنسمان و بازرگانە كوردەكان و تێكەڵبوونیان بە واقیعی ئابووریی ئەو وڵاتە، ئێستا لەبازاڕەكانی كوردستاندا كەرەستە و كەلوپەلی تایبەت بە خواردن و كشتوكاڵی و پیشەسازیی و كانزاكاری، بەتایبەتی ئاسن و شیشی ئۆكرانیا لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا هەیە، تەنانەت لەم دوو سێ ساڵەی دوایدا پەیوەندییەكانی ئۆكرانیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبوارەكانی بازرگانی و كەلوپەلی پیشەسازیی و كەرەستەی كشتوكاڵی زۆر بەرەوپێشەوە چووە، ئەركی ئێمەشە بە وردی سەیری بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و شێوازی بەڕێوەچوونی ئابووری و بازرگانی و سێكتەرەكانی دیكە بكەین، تاوەكو ئەم واقیعە بەمەبەستی پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی خۆمان بگوازینەوە.
* لەسەر واقیعی ئابووری و چۆنێتی بەڕێوەچوونی كەرتی بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و كشتوكاڵ لەسەر هەرێمی كوردستان چ شارەزاییەكتان پەیدا كردووە؟
- من پێم وایە هەرێمی كوردستان لەماوەیەكی كەمدا و لەدوای 2003ـەوە توانی پێشكەوتنی باش بەخۆیەوە ببینێت و لە ناوەندە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكاندا دەركەوێت و پێگەیەكی باشی هەبێت، هەر ئەمەشە وایكردووە كە ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان لەسەر ئاستی كونسوڵخانە و نووسینگە شوێنی خۆیان لەم هەرێمە بكەنەوە، وڵاتی ئۆكرانیاش هەر لەسەر ئەو بنەمایە رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و كونسوڵگەرییەكی فەخریی لە هەولێر كردۆتەوە، هەرێمی كوردستان لە رووی ئاسایش و سەقامگیری و پێكەوەژیانی كولتووری و ئایینی و تەنانەت بەرزیی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانیشەوە، لەچاو بەشەكانی دیكەی عێراق جیاوازییەكی گەورەی هەیە، بە تێڕوانینی ئێمەش ئەم خاڵانە هەمووی ئەرێنین و گەشبینی دەبەخشێتە هەموو ئەو ئەگەرانەی كە باس لە گەشەكردن و پێشكەوتن دەكات، ئەمە وێڕای ئەوەی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و نەوتی و كانزاكاری خاوەنی خاكێكی بەپەپیت و ژینگەیەكی لەبارە، واتا لەسەرجەم بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵیدا دەكرێت زۆر پێش بكەوێت، سەبارەت بەسیستەمی حوكمڕانییش ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ هەرێمی كوردستان بكەین، لەچاو وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، یان وڵاتانی جیهانی سێیەم، ئەوا دەكرێت بڵێین كوردستان بە بەراورد بە مەنزومەكانی وڵاتانی جیهانی سێیەم، خاوەنی سیستەمێكی باشی حوكمڕانییە.
* هەرێمی كوردستان خاوەنی نەوت و سامانێكی سرووشتیی دەوڵەمەندی غاز و كانزایە، بەو پێیەی وڵاتی ئۆكرانیا لەم بوارەدا توانایەكی باشی پیشەسازیی هەیە، ئایا دەكرێت لە داهاتوودا كۆمپانیاكانی ئۆكرانیا روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و لە رووی تەكنەلۆژیا و شارەزایی و تەكنیكییەوە هاوكاریی گەشەسەندنی پیشەسازی پترۆكیمیایی و نەوتی كوردستان بكەن؟
- من خۆم خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرام لە بواری وزە، هەر بۆیە ناوەڕۆكی ئەو پرسیارەی بەڕێزتان لە منەوە زۆر نزیكە، ئۆكرانیا یەكێكە لەو وڵاتە گەورانەی خاوەنی وزەی ئەتۆمییە، كە لەبواری بەرهەمهێنانی وزە توانایەكی گەورەی پێ بەخشیوە، ئەمە وێڕای ئەوەی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا وێستگەی هایدرۆپاوەری هەیە و وێستگەی دیكەشی لە غازی سرووشتی و خەڵوزی بەردین هەیە، ئەم جۆراوجۆرەییەی سەرچاوەی بەرهەمهێنانی وزە وایكردووە كە وزەی كارەبا بەوڵاتانی ئەوروپاش بفرۆشێت، هەربۆیە لەكاتی سەردانمدا بۆ لای جەنابی وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەم باس كرد، كە كۆمپانیا ئۆكرانیاكان زۆر بەتوانان و دەتوانن لەم بواری وزەدا زۆر شت پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەمە جگە لەوەی لەرووی تێچوون و كوالێتیشەوە بەراورد بەوڵاتانی دیكە، بەرهەمەكانی وڵاتی ئۆكرانیا گونجاوتر و هەرزانترن، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە كوردستان پێویستی بەوزەی كارەبا و رێكخستنی كەرتی خزمەتگوزاریی كارەبا هەیە، لەلایەكی دیكەوە ئێمە لە ئۆكرانیا خاوەنی چەندین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی شیش و ئاسن و كێبڵ و محاویلە و ئامێری كارەبایین كە دەكرێت كوردستان لە قۆناغی بونیاتنانی ژێرخانی كارەبادا سوودی لێ وەربگرێت. حاڵەتێكی دیكە كەسەرنجی راكێشام بواری دامەزراندنی وێستگەكانی هایدرۆپاوەرە، كە وزەی كارەبا لەرێگەی دانانی بەنداوەوە دروست دەكات، ئێمە لەزەمەنی یەكێتی سۆڤێتی پێشوو لەبواری دروستكردنی بەنداوو سوود وەرگرتن لەبەنداوەكان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، هەنگاوی گەورەمان ناوە، وڵاتی ئۆكرانیا لە لیبیاو سوریاو توركیا و زۆر وڵاتی دیكەی ئەفریقیایی و ئەوروپایش بەنداوی دروست كردووەو سوودی لێوەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، یەكێك لەو بەنداوانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتی ئۆكرانیا شانازی پێوە دەكات وێستگەی فوراتە.
* وەكو ئاماژەت پێكرد كە بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئابووری و ئەو گرفت و كێشانە دەكەیت، كە هەرێمی كوردستان لەبواری ئابووریدا بەخۆیەوە دەبینێت، ئایا لەقۆناغی راگوزەری گواستنەوەی كەرتی گشتی بۆ كەرتی تایبەت كە لە ئۆكرانیا روویداوە، چی بكرێت بۆ ئەوەی بەسەر كۆسپ و ئاستەنگەكاندا زاڵ ببین؟
- راستە ئۆكرانیا لەچوارچێوەی یەكێتی سۆڤێتی پێشوو وڵاتێكی سۆشیالیستی بووە و دوایی بەرەو ئابووریی بازاڕ رۆیشت، ئێمەش لەسەرەتادا هەڵەی زۆرمان كرد، چونكە خاوەنی ئەزموون نەبووین، هەربۆیە راستەوخۆ بەتایبەتكردنمان كردو زۆر لە كەرتەكان درایە گەورە كۆمپانیاكان و سەرمایەدارەكان، ئەوانیش قۆرخكارییان كرد و زیانی گەورەیان بە ئابوورییەكەمان گەیاند، ئێمە هەر زوو دركمان بەو مەترسییە كردو دەستمان بە چاككردنەوەی ئەو گرفت و كێشانە كرد. سەرەتا دەستمان بە توێژینەوەی زانستی كردو چاكسازیمان كرد، بۆ ئەوەی كوردستانیش هەڵەكانی ئێمە دووبارە نەكاتەوە، پێویستە بە سیستەمێكی رێكوپێك و باشی ئابووری و وڵات لە مەركەزییەوە بگۆڕێت بۆ سیستەمی ئابووریی بازاڕ و پەلەشی تێدا نەكرێت، وەكو ئەوەی لای ئێمە روویدا، كە تا ئەمڕۆ باجی ئەو هەڵانە دەدەینەوە.
* لە سەرەتای قسەكاندا باستان لە كەرتی كشتوكاڵ و توانای وڵاتی ئۆكرانیا كرد، وەكو ئاشكرایە هەرێمی كوردستانیش خاوەنی ژینگەیەكی لەبارە بۆ گەشەكردنی كشتوكاڵ و هەنگاونان بەرە و پیشەسازیی كشتوكاڵی، پرسیار ئەوەیە، ئایا وڵاتی ئۆكرانیا لەم بوارەدا چۆن دەتوانێت هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات؟
- ئۆكرانیا لەكشتوكاڵدا زۆر بەناوبانگە و زۆربەی بەرهەمەكانی بەرە و وڵاتانی ئەوروپا دەڕوات، من خۆم ساڵانێك لە بواری بیزنسدا لەسەر كەرتی كشتوكاڵ كارم كردووە و خاوەنی كێڵگەیەكی كشتوكاڵیی گەورەم، لەم بوارەدا پلانمان هەیە كە شاندێكی گەورە لە بەرپرسانی پەیوەندیداری كشتوكاڵی و بیزنسمان و گەورەكۆمپانیاكانی ئۆكرانیا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئێمە توانیومانە كشتوكاڵ بەرەو پیشەسازیی كشتوكاڵی ببەین و شارەزایی و توانایەكی گەورەمان لەم بوارەدا هەیە و دەتوانین هاوكارێكی باشی هەرێمی كوردستان بین.
