ئەندریۆ وایت هێد تایبەتمەند لەبواری رەگی هاوبەشی نێوان ئایین و ناسیۆنالیزم بۆ گوڵان: ترەمپ بە گوتاری ناسیۆنالیستی كریستیانی گەیشتە كۆشكی سپی و لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووشدا ئەو گوتارەی درێ

ئەندریۆ وایت هێد   تایبەتمەند لەبواری رەگی هاوبەشی نێوان ئایین و ناسیۆنالیزم بۆ گوڵان:  ترەمپ بە گوتاری ناسیۆنالیستی كریستیانی گەیشتە كۆشكی سپی و لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووشدا ئەو گوتارەی درێ
ترەمپ نەیتوانیوە نوێنەرایەتیی ئایینی كریستیانی بكات، بەڵام توانیویەتی بیسەلمێنێت لە بواری سیاسیدا بەرژەوەندییەكانیان دەپارێزێت
ترەمپ نەیتوانیوە نوێنەرایەتیی ئایینی كریستیانی بكات، بەڵام توانیویەتی بیسەلمێنێت لە بواری سیاسیدا بەرژەوەندییەكانیان دەپارێزێت

دەرهاویشتە خراپ و كەڵەكەبووەكانی تەنگژەكانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی لە سەرانسەری جیهاندا، جیا لەوەی تەنگژەیەكی گەورەی ئەوتۆی بۆ سیستمی جیهانی دروستكردووە كە بۆتە نزیك لە مەحاڵ بۆ ئەوەی سیستمی نوێی جیهانی بتوانێت كێشەكانی ئێستای جیهانی پێ چارەسەر بكرێت، ئەمەش وایكردووە كە دەوڵەتانی جیهان بە گشتی و دەوڵەتە زلهێزەكان بیر لە دووبارە بونیادنانەوەی سیستمێكی تازە بۆ ئێستای جیهان بكەنەوە، لە هەمانكاتدا لە سەر ئاستی لۆكاڵیی دەوڵەتەكانیش تەنگژەیەكی گەورە لەسەر ئاستی تێگەیشتنی هاووڵاتیان بۆ چەمكەكانی (فرە كولتووری، پێكەوەژیان و یەكتری قبووڵكردن.. هتد) دروست بووە. لەسەر بنەمای ئەو تەنگژەیەی كە چەند ساڵێكە بوونی هەیە و لە ئێستاشدا بەردەوامی هەیە، بەشێك لە پسپۆڕان جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە، خەڵكی دەوڵەتانی رۆژئاوا لە سەرەنجامی بێ ئومێدبوونیان لە سیستمی حوكمڕانیی لیبڕاڵ دیموكراتی و پارتە سیاسییەكان، بەرەو سەركردەی پۆپۆلیستی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی هەنگاویان هەڵگرتووە، بەڵام ئەم پرسە لق و پۆپ و رەهەندی زۆری هەیەو تەنیا گەڕانەوە بۆ ناسیۆنالیزم، یان دەنگدان بە سەركردەیەكی پۆپۆلیستی نییە، بەڵكو پرسەكە پەیوەستە بە مینتالیەتی كریستیانی لە رۆژئاوا و خاڵی هاوبەش كە پێكەوە گرێیان دەداتەوە، ئەوەیە كە رۆژئاوا بە شێوەیەكی گشتی خۆی وەك نەتەوەیەكی كریستیانی پێناسە دەكات، نەك چەندین نەتەوەی جیاوازی هاوبەش لە ئایینی كریستیانیدا، بۆ قسەكردن لەسەر پرسی گەڕانەوە بۆ ناسیۆنالیزم وەك رێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك و دووبارە زیندووكردنەوەی چەمكی ناسیۆنالیستی كریستیانی لە گوتاری سیاسیی ئێستای ئەمریكادا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ د. ئەندریۆ وایت هێد ئەنجامدا، كە یاریدەری پڕۆفیسۆرە لە بواری سسیۆلۆژی لە زانكۆی كلیمسۆن و تایبەتمەندە لە بوارەكانی ئایین و ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیستی كریستیانی و، لە تویژینەوەكانیدا زۆر بایەخ بە پەیوەندیی قووڵ و ریشەیی نێوان ئایین و ناسیۆنالستی دەدات، جەختیش لەسەر كاریگەری ئایین لە سەر پێكهاتەی كولتوورە جیاوازەكان و كاریگەریی كولتوورە جیاوازەكان لەسەر ئاراستەكردنی ئایین دەكاتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگانە، د. ئەندریۆ بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.



هەست دەكرێت لە ئێستادا شەپۆلێكی گەڕانەوە بۆ ناسیۆنالیزم لە رۆژئاوا دەستی پێكردووە، بەشێوەیەكی گشتی بۆچوونتان لەسەر ریشەی ئەم ژیانەوەیەی ناسیۆنالیزمە چییە، بەتایبەتیش سەبارەت بە دووبارە گەڕانەوە بۆ ناسیۆنالیستی كریستیانی؟
- كاتێك لە میانەی توێژنەوەكانمانەوە سەیری ناسیۆنالیستی كریستیانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەین، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە لە ماوەی دەیەی رابردوودا ئەمریكییەكان لەسەر پرسی ناسیۆنالیستی كریستیانی بە شێوەیەكی رێژەیی پێی پابەند بوون، پێموایە ئەوەی گۆڕانكاری تێدا روویداوە كە لەم ئیدارەیەدا دۆناڵد ترەمپ لە پۆستی سەرۆكدایە، ئەوەیە زمانی چەمكی نەتەوەی كریسیتان زیاتر و بە شێوەیەكی دووبارەبوونەوە، زیاتر لە ئیدارەی ئۆباما باسی لێوە دەكرێت. بۆیە لەم دەرەنجامە دەگەینە ئەو ئاكامەی كە ئەم گوتارە (ناسیۆنالیستی كریستیانی) ئامادەبوونێكی زۆری لە كولتووری ئێستای ئەمریكادا هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەی چاوگی ئەم گوتارە لەو كەسانەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە ناو كۆشكی سپیدا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، ئەمەش بە بڕوای من بۆتە هۆكاری ئەوەی خەڵك زیاتر بیری لێ بكاتەوە و هەستی پێ بكات. هەربۆیە كاتێك سەیری خودی ئەمریكییەكان دەكەین، هەست دەكەین بە شێوەیكی رێژەی كاردانەوەیان بەرامبەر ئەم چەمكە سەقامگیرە، هەروەها ژمارەی ئەو ئەمریكییانەش كە پابەند و رازین بە چەمكی ناسیۆنالیستی كریستیان ئەوانەن كە بە شێوەیەكی گشتی لەوێن.
* كەواتە دەبێت پرسیارەكە بەو شێوەیە بكەین: ئایا شرۆڤەتان بۆ دەرهاویشتە كەڵەكەبووەكان و كاریگەرییە نەرێنییەكانی ژیانەوەی ناسیۆنالیستی كریسیتان لەسەر ئەمریكا چییە؟ بە تایبەتی كە ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەكی تایبەتی بەم ئاراستەیە سیاسەت دروست دەكات؟
- پێموایە دەرهاویشتەكانی ئەم ئاراستەیە بە راستی گرنگە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بۆمان دەردەكەوێت كە ناسیۆنالیزمی كریستیانی، یان وەك پێشتریش ئاماژەمان پێكرد، ئاستی باوەشگرتنەوەی ئەمریكییەكان بۆ ئەم چەمكە و سیاسەتی گشتی ئێمەیە و، دەبێت لەوە تێبگەین كە مێژووی ئێمە كریسیتانە، بۆیە لەم راستەوە دەبێت زۆر بە بەهێزی ئاگاداری چۆنیەتی دەنگدانی خەڵك بین و بزانین ئەو خەڵكە دەنگ بە كێ دەدات؟ چۆن سەیری كەمینە ئایینییەكانی دیكە دەكەن؟ چۆن سەیری كەمینەی ئیتنی و رەگەزی دیكە دەكەن؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە زۆر بە جددی هۆشیارمان دەكاتەوە سەبارەت بە بیروبۆچوونیان سەبارە بە خێزان و یەكسانیی جێندەریی نێوان هەردوو رەگەز، هەروەها هۆشیارمان دەكاتەوە سەبارەت بە بیروباوەڕیان بەوەی دەبێت خەڵك چۆن رێز لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگرێت. لە بەرامبەریشدا ژمارەیەكی بەرچاوی ئەمریكییەكانیش زۆر بە توندی پێشوازیكردن لە ناسیۆنالیستی كریستیانی رەتدەكەنەوە و گەشەكردنی بە پێویست نازانن، ئەم ئاراستەیەش هەتا ئێستا ئاماژەیەكی گرنگە سەبارەت بەوەی ئەمریكییەكان چۆن سەیری جیهان دەكەن و چۆن تێكەڵاوی سیاسەت و كۆمەڵگەی مەدەنی دەبن؟ هەروەها مەزندە و هەستكردنێكی گەورەیە لەسەرووی تێگەیشتنیان بۆ ئایین و سیاسەتیان، یان هەر شتێكی دیكە كە دەبێتە دەربڕی ئەوەی ئەمریكا نەتەوەیەكی كریستیانە، بە راستی ئەمەش گرنگە.
* ئایا پێتوایە سەرۆك ترەمپ بڕوایەكی قووڵی بە ناسیۆنالیستی كریستیانی هەیە، یان تەنیا بۆ فراوانكردنی بنكەی جەماوەریی خۆی بەكاری دەهێنێت؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر گرنگە. بەڵێ، منیش پێموایە بۆ ئامانجی دووەم ئەم چەمكە بەكار دەهێنێت، بەڵام لە باری واقیعدا و بۆ من وەك زانایەكی كۆمەڵناس كە پشت بە داتای بەردەست دەبەستێ، زۆر قورسە ئەمە بڵێم، بۆیە من نازانم بیروباوەڕی ترەمپ چییە؟ هەر بۆیە پێموایە لانیكەم ئەوانەی لەگەڵی كاردەكەن، هەست دەكەن كە گوتاری ناسیۆنالیستی كریسیتانی سەبارەت بە ئەمریكا وەك نەتەوەیەكی كریستیانی چەند بەهێزە، ئەوان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە شتێك كە بتوانێت گرووپە جیاواز و پەرت و بڵاوەكان بە هۆكاری جیاواز كۆبكاتەوە، گوتاری ناسیۆنالیستی كریستیانە كە ئەمریكا وەك نەتەوەیەكی كریستیان پێناسە دەكاتەوە، بەڵام تا راددەیەكی زۆر ئەمەیان بە خراپی بەكارهێناوە، بۆ ئەوەی كاریگەریی زیاتری هەبێت، هەر بۆیە بۆ من ئەوە زۆر گرنگ نییە هەوڵی ئەوە بدەم، ئایا ترەمپ بڕوای بە ناسیۆنالیستی كریستیانی هەیە، یان نە؟ بەڵام راستییەكەی ئەوەیە ئەو ئەم گوتارە بەكاردەهێنێت و زۆرێك لە ئەمریكییشەكانیش بڕوایان پێیەتی. ئەم واقیعەش بە راستی گرنگە.
* ئایا دەكرێت بڵێین: هەڵكشان، یان ژیانەوەی ناسیۆنالیستی كریستیانی لە چوارچێوەی هەڵكشان و ژیانەوەی چەمكی ناسیۆنالیستە لە سەرانسەری جیهاندا؟ ئایا جیاوازی نێوان ئەم دوو ئاراستەیە چییە؟
- من تەنیا تایبەتمەندم لە دیراسەتی كەیسی ئەمریكا، بۆیە هەندێك دوودڵم لەوەی كە باسی سەرانسەری جیهان بكەم، ئەمە وێڕای ئەوەی كە زانا كۆمەڵناسەكان كاری زۆر گەورەو باشیان كردووە لەسەر دیاردەی پۆپۆلیزم و ناشناڵیزم لە سەرانسەری جیهان و ئەمریكاشدا، بەڵام پێدەچێت هەندێك بابەتی هاوبەش لەنێوان ئەو خەڵكانە هەبێت كە لە وڵاتە جیاوازەكان دەژین، یان وەرچەرخانی كولتووریی دەورووبەریان، هەروەها كۆمەڵێك گۆڕانكاریی هەمەچەشن لە ئابووریدا گەشەی كردووە، بۆیە لە واقیعدا ئەمە وەرچەرخانانە بوونە هۆكاری دەركەوتنی چەندین جۆری جووڵانەی ناسیۆنالیستی و پۆپۆلیستی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە خەڵكی بەرەو ئەوە دەچن كە مانایەك بەو گۆڕانكارییانە بدەن كە لە جیهانی دەورووبەریان روودەدات، بەڵام دووبارەی دەكەمەوە ئەم دیاردەیە، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبینین، راستە، بۆیە پێموایە لە سەرانسەری جیهاندا رووی لێكچووی هەیە.
* ئەوەی چەمكی كریستیانی ناسیۆنالیستی دەریدەبڕێت، ئاشكرایە، بەڵام ئایا دەتوانین ئەوە ببینین كە ئاراستەی ناسیۆنالیستی و ئایین لە ئەمریكا بە شێوەیەكی قووڵ و ریشەیی تێكەڵاو بوون و لە ئێستا ناتوانرێت لەیەكتری جیابكرێنەوە؟
- بەڵێ، من پێموایە ناسیۆنالیزم و ئایینی كریسیتانی بە شێوەیەكی قووڵ و ریشەیی تێكەڵی یەكتری بوون، هەروەها زۆرێك لە ئەمریكییەكان بەوجۆرە كریستیانیەت دەبینن كە بە شێوەیەكی زۆر توند تێكەڵی مێژووی نەتەوەیی ئێمە بووە، هەر بۆیە ئەو رێگەیەی كە ئێمە لەخۆمان تێگەیشتووین، ئەوجا ئەم رێگەیە راست بێت، یان هەڵە، ئەوەیە مێژوونووسەكان وەك راستییەك موناقەشە لەسەر ئەم پرسە دەكەن. لەسەر پرسی ئەم تێكەڵاوییەش جیاوازییەكی زۆر بچووك هەیە، سەبارەت بەوەی چەند كریستانیەت بۆ میراتی كولتووریی ئەمریكا گرنگە، هەروەها پێموایە كەسانێك سەركەوتوو بن لەسەر سەلماندنی ئەم پرسە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی زۆرێك لە ئەمریكییەكان باوەڕیان پێی بێت، ئەوجا ئەمە راست بێت، یان نە، بۆیە دووبارە مەزندەی ئەوە دەكەم كە پرسەكە هەر ئەوەندە نییە كە گرووپێكی گەورەی ئەمریكی هاوبەش لە چەند تایبەتمەندییەكدا بەو جۆرە رەفتار بكەن، ئەمەش كلیكی راستەقینەی كێشەكەیە.
* ئایا لەو بڕوایەدایت كە پێشوازیكردن لە فۆرمی ناسیۆنالیستی كریسیتانی كاریگەری بەسوودی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریكا دەبێت؟
- بەڵێ، بەدڵنیایەوە كاریگەری خۆی دەبێت و كاریگەری زۆریشی دەبێت، جارێكی دیكە پرسەكە ئەوەیە، خەڵك چۆن سەیری گرووپە كەمینەكانی ئایین و رەگەز و ئیتنیەكانی دەورەبەری خۆی دەكات؟ چۆن بیر لە یەكسانیی جێندەی نێوان هەردوو رەگەز دەكاتەوە؟ هەموو ئەم پرسانە زۆر بە توندی پێكەوە گرێ دراون بەو شێوازەی ئەمریكییەكان سەیری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای پێ دەكەن، بەوەی ئایا بەو شێوەیە بیردەكەنەوە نەتەوەیەكی كریسیتانن یان نە، ئەمەش پێمان دەڵیت، ئەوان بە چ شێوازێك سەیری جیهانی دەورووبەری خۆیان دەكەن.
* ئایا لەو بڕوایەدایت كە پێشوازیكردن لە ئاراستەی فۆرمی ناسیۆنالیستی (ناسیۆنالیستی كریستیانی)، دەبێتە هۆكاری جیاكاری دژی ئایین و پێكهاتە جیاوازەكانی دیكە؟
- بەڵێ، ئەو ئاكامەی دەبێت، ئێستا دەبینین ئەمریكییەكان پێشوازی لە ناسیۆنالیستی كریستیانی دەكەن، كاتێك باسی ئازادیی ئایینی دەكرێت، ئەوان بەشێوەیەكی گشتی باسی خۆیان دەكەن وەك كریسیتان و كریستیانەكانی دیكە و دابونەریتی كریستیانی كاتێك هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر كەمینە ئایینییەكان و ئایینەكانی دیكە پیشان دەدەن، ترس و گومانێكی زۆری پێوە دیارە، ئەوان ئایینەكانی دیكە وەك هەڕەشە بۆ سەر خۆیان سەیر دەكەن، كەمتر گشتگیرانە سەیری ئایینەكانی دیكە دەكەن.
* ئایا لەو بڕوایەدایت كە یەكێك لە هۆكارەكانی هەڵكشان و سەركەوتنی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی ئەو ئاراستە دیاریكراوە بوو كە پشتگیری لێ كرد؟
- بەڵێ، بەدڵنیاییەوە ئەو ئاراستەیە پشتگیرییەكی گەورە بوو بۆ ترەمپ بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك و بگاتە كۆشكی سپی، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا بۆچوونی دیكەش هەیە كە پێیان وایە ئەم پرسە تەنیا هۆكار نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئاستی پابەندبوونی ئەمریكییەكان بە ناسیۆنالیستی كریستیانەوە بەهێزترین ئاماژە بووە بۆ ئەوەی دەنگ لە بەرژەوەندیی ترەمپ بدەن، هەر بۆیە ئەو ئەمریكییانەی بەو جۆرە سەیری ئەمریكا دەكەن كە نەتەوەیەكی كریستیانە، زۆر مەیلی ئەوەیان هەبووە كە دەنگ بە ترەمپ بدەن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەندێك پرس هەن وەك (تەمەن، جێندەر، رەگەز، ئایین، پارتی سیاسی) كە پرسی گرنگن و دەبێت لەبەر چاو بگیرێن.
* ئایا لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتووی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا، پرسی ناسیۆنالیستی كریستیانی، هۆكارێكی یەكلاكەرەوەی هەڵبژاردنەكان دەبێت؟
- بەڵێ، من وای دەبینم، هەروەها ئێستاش ئەو بڕوایەم هەیە كە لە هەڵبژاردنەكانی 2016دا ئەم پرسە رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی گێڕاوە، لەمەش زیاتر لەماوەی ئەو دوو ساڵ نیوەی ئیدارەی ترەمپدا، بەشێوەیەكی رۆتینی پشتی بە گوتاری ناسیۆنالیستی كریستیانی بەستووە، پێشموایە ئەمە درێژەی دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا و لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی داهاتوودا ترەمپ وەك ئەو تەنیا كەسە خۆی دەخاتەڕوو كە تەنیا ئەو بەرگری لە میراتی كریسیتانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات بۆ ئەوەی دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016 ئەنجامیدا، لە هەڵبژاردنەكانی 2020 دووبارەی دەكاتەوە، بۆیە پێموایە ئەم پرسە لە ساڵانی داهاتوودا زۆر گرنگ دەبێت.
* ئایا لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، هیچ سەرۆكێكی دیكە هەبووە كە چەمكی ناسیۆنالیستی كریستیانی بەكارهێنابێت، یان پشتی پێ بەستبێت؟
- بەدڵنیاییەوە ئەمە پرسیارێكی گرنگ و گەورەیە، بەڵێ، ئەم چەمكەیان بەكارهێناوە، هەر بۆیە لەم چوارچێوەیەدا پەنابردنی ترەمپ بۆ ئەم چەمكە شتێكی تازە نییە، پێشتریش هەر یەك لە (جۆرج دەبلیوو بوش، جۆرج ئێچ دەبلیو بوش، رۆناڵد ریگان) باسی ئەوەیان كردووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نەتەوەیەكی كریسیتانە، هەر بۆیە پێموایە ئەوەی لەگەڵ ترەمپ جیاوازە، ئەوەیە ترەمپ لەسەر ئاستی كەسێتیی خۆی تا ئاستێكی زۆر نەیتوانیوە نوێنەرایەتیی ئایین و باوەڕی كریستیانی بكات، بەڵام هەتا ئێستاش تەبەنیی گوتاری ناسیۆنالیستی كریستیانی دەكات، بۆ ئەوەی هێزی خۆی پیشان بدات، لەمەشدا كریستیانەكان ئەوە بە پێویست نازانن كە بەو جۆرە سەیری ئەو كەسە بكەن كە نوێنەرایەتیی ئایینی كریستیانی دەكات، یان نە، بەڵكو ئەوەی لای كریستیانەكان گرنگە، ئەوەیە كە ئەو كەسەی دەنگی پێ دەدەن، هێزێكی ئەوتۆ بەرهەم بهێنێت كە بەرژەوەندییەكانیان لە فەزای سیاسیدا بپارێزێت. لەمەشدا ترەمپ پڕ بە پێستی خۆیەتی بۆ ئەم كارە، بەمشێوەیە ئەگەر ئاوڕێك لە رابردوو بدەینەوە، دەبینین ژمارەیەك سەرۆكی جیاوازی ئەمریكا زۆر بە جددی قسەیان لەسەر ئەوە كردووە كە ئەمریكا نەتەوەیەكی كریسیتانە و سوودیان لەم ئاراستەیەش وەرگرتووە.
* دوایین پرسیارمان سەبارەت بە ئایندەیە، ئایا پێتوایە ناسیۆنالیستی كریستانی لەلایەن سەرۆكەكانی داهاتووی ئەمریكاوە پشتگیری لێ دەكرێت؟
- بەدڵنیاییەوە من وای دەبینم، هێندەی پەیوەندی بە حزبی كۆمارییەوە هەیە، ئەوا بە روونی دەبینین كە زۆر جەخت لەسەر پابەندبوون بە ناسیۆنالیستی كریستیانی و جەخت لەسەر شێوازێكی تایبەت بۆ تێگەیشتن لە دابونەرتیتی كریستیانی لە ئەمریكا دەكرێتەوە، سەبارەت بە حزبی دیموكراتیش، پێموایە ئەوانیش لە باسكردنی میراتی ئایینی لە ئەمریكا شێوازێك تەبەنی دەكەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە جەخت لەسەر ئازادی ئایینی و مافی كەمینە ئایینەكانی دیكەش دەكەنەوە، یان بە شێوەیەكی دیكە باسی دەكەن، كە چۆن ئایین هانمان دەدات كە بایەخ بە هەموو خەڵكێك بدەین، نەك چۆن خودی كریستیانی چەند مافی هەیە، یان دەبێت هەیبێت. بۆیە من پێموایە هەردوو حزبی (كۆماری و دیموكراتی) پرسەكە وا دەبینن كە دەبێت پشت بە چیرۆكی كریستیان وەك نەتەوە ببەستن، بەڵام بە دوو رێگەی جیاواز.
Top