نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی بۆ گوڵان: بازرگانی رووی لە بووژانەوە كردووە و بازاڕ جموجووڵێكی باشی تێكەوتووە

نەوزاد ئەدهەم  بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی بۆ گوڵان:  بازرگانی رووی لە بووژانەوە كردووە و بازاڕ جموجووڵێكی باشی تێكەوتووە
بۆ قسەكردن لەسەر چۆنیەتی كۆنتڕۆڵكردنی نرخی كاڵا و كەلوپەلەكان و بنبڕكردنی قۆرخكاری و رێكخستنی یاساكانی كاری بازرگانی، بەتایبەتی لەنێوان هەرێم و عێراق، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* دەكرێت بزانین بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی چۆن لە دۆخی ئابوورییەكی وەكو كوردستاندا كۆنتڕۆڵ و چاودێریی بازاڕ و نرخەكان دەكات و رێگری لە هەڵكشانی نرخ و دیاردەی قۆرخكاری دەكات؟
- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە پارێزگاكانی كوردستان 22 بەڕێوەبەرایەتی هەیە، كە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی یەكێكە لەو بەڕێوەبەرایەتییانە، كارەكانی چاودێریی بازاڕ و نرخەكان و دەستنیشانكردنی كەلوپەلی ئیكسپایەر و بەسەرچوو دەكات. سەبارەت بە پرسیارەكەش دەبێت ئێمە بزانین كە لە ساڵی 2003وە هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق سیستەمی ئابووریی بازاڕ پیادە دەكەن، بەمەش لە زۆر بوار و كاڵادا دەستێوەردانی نرخ و بازاڕ ناكەن، ئەو كاڵا و خواردەمەنی و پێداویستییانەش كە سەرەكین و پەیوەندیی راستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، لەلایەن ئەنجومەنی ئابووریی پارێزگاكانەوە نرخەكانی دادەنرێت، وەكو نرخی گۆشت و سەوزە و میوە و نرخی كارەبای موەلیدە و نرخی هەندێك لە چێشتخانە و میوانخانەكان، بەڵام هەرچی كەلوپەلی كارەبایی و مۆبایل و ئەلەكترۆنیات و زۆر كاڵا و پێداویستیی دیكەی كەمالیات بازاڕ نرخەكانی دیاری دەكات و تا ئێستا حكومەت دەستی لە كاروباری نرخەكانی وەرنەداوە، پێش ساڵی 2003 حكومەتی عێراق لە رێگەی وەكیلەكانەوە خۆی ئەو كاروبارانەی رێكدەخست، ئەو سەردەمە كەسی وا هەبوو، مۆڵەتی 10 وەكالەی هێنانی كەلوپەلی جۆراوجۆری هەبوو، ئەوەی ئێستا ئێمە دەیكەین، تەنیا سەرپەرشتیكارییە.
* بابەتێكی دیكە ئەوەیە كە دەوترێت هەمواركردنەوەی یاساكان نەیتوانیوە تا راددەیەك چارەسەری ئەو گرفت و كێشانە بكات كە رووبەڕووی ئێوە لە بازرگانی و یەكە ئیدارییەكان و رەوشی بازاڕ دەبێتەوە، لەم بارەیەوە تێڕوانینتان چییە؟
- ئێمە بۆ رێكخستنی بازرگانی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 1970 ی عێراقی پیادە دەكەین، كە لەنێوان ساڵانی 1972 بۆ 2005 ئەم یاسایە بە بەردەوامی هەموار كراوەتەوە و هەمواركردنەوەكان لە ئەسڵی یاساكە زیاترن، لەكاتی خۆی ئەگەر كەسێك سەرپێچی لە یاسای بازرگانیی عێراقی بكردایە لە 10 بۆ 20 دینار غەرامە دەكرا، ئێستا بۆ 100 هەزار دینار زیاد كراوە، كە زۆر كەمە و نابێتە رێگر لەبەردەم سەرپێچییە بازرگانییەكاندا، هەمواركردنەوەكەشی لە عێراقدا لە فەلسەفە سیاسی و ئابوورییەكەی ناو یاساكە نییە، بەڵكو هەمواركردنەوەكە لە بواری شكڵیاتەكەیەتی. بەشێوەیەكی گشتی لەبواری ئابووریدا یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2010 هەیە كە لە وەزارەتی بازرگانی دەرچووە، یاساكە حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە سەرپەرشتیار داناوە و ئێمە لە رێگەی چاودێریی بازرگانیی پارێزگاكان و بە هەماهەنگی ئەو لێژنە ئابوورییانەی كە لە یەكە ئیدارییەكان هەیە، بەدواداچوون بۆ ئەو جۆرە بابەتانە دەكەین كە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە.
* ئایا مەبەستت ئەو كۆبوونەوەیە بوو كە لەم دواییەدا لەنێوان نوێنەرانی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق بەڕێوەچوو، كە تایبەت بوو بە بازرگانیی قەدەغەكردنی هەندێك كاڵا كە لەمەودوا نەهێنرێتە ناوخۆی كوردستان و عێراقەوە؟
- بەپێی دوابڕیارەكانی حكومەتی عێراق كە لە 28ی مانگی رابردوو لە هەولێر بڕیاری لەسەر درا، 79 جۆری كاڵا هەیە كە لە یەكی ئایاری ئەمساڵەوە چیتر رێگا نادرێت بێتە ناوخۆی عێراقەوە، دەبێت كوردستانیش پابەندی بێت، بەڵام تێڕوانین و بۆچوونی ئێمە جیاواز بوو، بەوەی هەندێك كاڵاو پێداویستی و خۆراك هەیە كە بازرگانەكانی ئێمە گرێبەستیان لەگەڵ بازرگان و كۆمپانیا بیانییەكان كردووە كە لەدەرەوە بیهنن، لەكاتی قەدەغەكردنیش بەپێی گرێبەستەكان مەرجی سزایی دەكەوێتە سەریان، ئەمە وێڕای ئەوەی لەكاتی قەدەغەكردنی هێنانی ئەو كاڵاو بەرهەمانە نرخەكان لەبازاڕدا گران دەبن، بەڵام لە بەرهەمێكی وەكو چیمەنتۆ و شیشدا دەكرێت تەنیا باج و رسومات لەسەر بەرهەمی بیانی دابنرێت، تاوەكو بەرهەمی خۆماڵی بتوانێت كێبڕكێی بەرهەمی بیانی بكات، بۆ نموونە: هاوردەكردنی یەك تەن شیش پێشتر 20 هەزار دیناری لێ وەردەگیرا، دەكرێت ئێستا بكرێتە 100 هەزار دینار، بەمەش نرخی بەرهەمی چیمەنتۆ و شیشی ناوخۆ هەرزانتر رادەوەستێت و پاڵپشتییەكی باشی بەرهەمی خۆماڵییە، گرفتەكە لەوەدا بووە كە لایەنی عێراقی پێشتر بڕیاریان لەسەر قەدەغەكردنی هاتنی ئەم كاڵاو شمەكانە داوە و خاڵە سنوورییەكانیش كە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندایە پابەندن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان.
* زۆرجار بەهۆی لاوازیی كاروباری چاودێرییەوە كێشە و گرفتی هێنانی كاڵای خراپ و بابەتی ئیكسپایەر لە خاڵە سنوورییەكانەوە روودەدات، واتا پێویستە رێگەنەدرێت ئەو كاڵاو بەرهەمانە بێنە ناو هەرێمی كوردستانەوە، ئایا هەوڵی ئەوە دراوە لێژنەكانی چاودێری و بەدواداچوون و كوالێتی كۆنتڕۆڵ لە خاڵە سنوورییەكان بەهێز بكرێن؟
- لە هەردوو سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی كۆمپانیای نیوستاندارت هەیە و بەرپرسن لە كوالێتی و ماوەبەسەرچوون، كۆمپانیای زەرگەش لە سنووری سلێمانی بەرپرسە لە خاڵەكانی باشماخ و پەروێزخان و...هتد، ئەو دوو كۆمپانیایە هەر ماددەیەك خراپ بێت، یان ماوەبەسەرچوو بێت، یان ماوەی بەسەرچوونەكەی كەمی مابێت، راستەوخۆ ئاگادارمان دەكەنەوە، بەڵام هەندێك جار كاڵاكان بەهۆی خراپ ئەمباركردن، یان مانەوە و نەفرۆشتن و بەكارنەهێنانی بۆ ماوەیەكی زۆر لەناوخۆی كورستان تێك دەچێت، لەمەشدا لێژنەكانی چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕ كارەكانیان بەباشی دەكەن، مانگانە بڕێكی زۆری خۆراكی ماوەبەسەرچوو لەناو دەبرێت و زۆر لە بازرگان و كۆمپانیاكانیش هاوكارمانن و زۆرجار خۆیان خۆراكە ماوەبەسەرچووەكان رادەستی لێژنەكانمان دەكەن.
* بەپێی ئەو داتاو ژمارە و زانیارییانەی لەبەردەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیدایە، ئایا رەوشی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
- هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی بۆ هەموو پارێزگاو شارەكانی عێراق وەكو سەنتەرێكی بازرگانی دادەنرێت، بۆ نموونە: لەبوارەكانی ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی كارەبایی و مۆبایل و زۆر بواری دیكەدا لێرەوە بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق كەلوپەل دەچێت، ئەمەش بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، چونكە ژمارەی دانیشتووانی عێراق 37 ملیۆن كەسە و لە هەرێمی كوردستان پێنج ملیۆن و 200 هەزار كەس دەژین، بوونی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری بۆ رەوشی بازرگانی و بازاڕ گرنگە، ئەمەش خاڵی بەهێزی هەرێمی كوردستانە، تەنانەت مامەڵەكردنی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بازرگانەكان بەراورد بەعێراق باشترە و رۆتین و دواكەوتنی مامەڵەكان لێرە كەمترە، هەربۆیە زۆر لە بازرگان و كۆمپانیاكانی عێراق پێیان باشترە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن و دێنە ئێرە و مۆڵەت وەردەگرن و لقەكانیان لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكەن، دەڵێن لێرە دەزانین هەرێمی كوردستان چی لە ئێمە دەوێت، بەڵام لە عێراق هەر رۆژەو بڕیار و رێنماییەك دەردەچێت، هەربۆیە راستە زۆرجار بۆ بازرگانە عێراقییەكان هێنانی كاڵا لە ئوم قەسر كەمتر رادەوەستێت، بەڵام زەحمەتی و ئازارێكی زۆریان دەدەن، هەندێك كۆمپانیاش هەیە بەتایبەتی كۆمپانیاكانی گواستنەوە، پێیان خۆشە لە خوارووی عێراق لە ئوم قەسر كاڵاكانیان داخڵ بكەن چونكە تێچووەكانیان كەمترە، هەرچەندە رۆتینیاتیش زۆرە، هەرچی كۆمپانیاكانی خۆراك و دەرمانە پێیان خۆشە لە خاڵە سنوورییەكانی كوردستانەوە كاڵاكانیان داخڵی عێراق بكەن، چونكە لێرە رۆتین نییە و كارەكانیان خێراتر بەڕێوەدەچێت و ئەو كەلوپەلانەش پێویستیان بە كات و خێرایی هەیە بۆ ئەوەی بە دەستی كۆگا و ئەمبارەكان و كڕیارەكان بگەن، بەشێوەیەكی گشتی ئێستا ئەو كەلوپەلانەی لەخوارووی عێراق دێت بەشێكی دێتە هەرێمی كوردستان و بەپێچەوانەشەوە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان داخڵ دەبێت، بەشێكی دەچێتە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هەر كەس و كۆمپانیایەك بەپێی بەرژەوەندیی خۆی ئازادە چۆن كاڵاو كەلوپەلەكانی داخڵ دەكات .بە شێوەیەكی گشتی بازرگانی رووی لە بووژانەوە كردووە و بازاڕ جموجووڵێكی باشی تێكەوتووە و بەتەواوەتیش بازاڕەكان لە ژێر كۆنتڕۆڵی چاودێریی بازرگانی و لێژنەكانی چاودێریی نرخ و كوالێتیدان، رێگەنادەین هیچ كاڵا و كەلوپەلێكی ماوەبەسەرچوو بفرۆشرێت، هەر كاڵاو كەلوپەلێكیش نرخەكەی بەرز ببێتەوە، راستەوخۆ دەستێوەردان دەكەین و وا دەكەین ئەو جۆرە كاڵاو خۆراكە زیاتر بێت، تاوەكو خستنەڕووی زیاد بكرێت و نرخەكەی بەرز نەبێتەوە، رێگاش نادەین هیچ كەسێك زیان بە بەرژەوەندیی گشتی بگەیەنێت و قۆرخكاری لەنرخەكاندا بكات.
Top