نەبەز عەبدولحەمید عوسمان قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بۆ گوڵان: لە رەمەزاندا لێژنەكانی چاودێریكردنی بازاڕ كارەكانیان چڕتر دەكەنەوە

نەبەز عەبدولحەمید عوسمان   قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بۆ گوڵان:  لە رەمەزاندا لێژنەكانی چاودێریكردنی بازاڕ كارەكانیان چڕتر دەكەنەوە
مانگی پیرۆزی رەمەزان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، وێڕای ئەوەی مانگی خوداپەرستی و رۆژووگرتن و نزایە، لەهەمان كاتیشدا جموجووڵێكی زۆریش دەكەوێتە ناو بازاڕەكان و خواست لەسەر هەندێك لە كاڵاو پێداویستییە
مانگی پیرۆزی رەمەزان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، وێڕای ئەوەی مانگی خوداپەرستی و رۆژووگرتن و نزایە، لەهەمان كاتیشدا جموجووڵێكی زۆریش دەكەوێتە ناو بازاڕەكان و خواست لەسەر هەندێك لە كاڵاو پێداویستییە سەرەكییەكان روو لە زیادبوون دەكات، بەمەش دیاردەی هەڵاوسانی نرخ و تەنانەت لێرەولەوێ حاڵەتی قۆرخكاری و گەمەكردن بە نرخ و بەهاكان دەست پێ دەكات، بۆ قسەكردن لەسەر ئامادەكارییەكانی لێژنەكانی چاودێری و پشكنینی بازاڕ و چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بەم پرسە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی نەبەز عەبدولحەمید عوسمان قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر كرد.


* وەكو قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئایا لێژنەكانی چاودێری و پشكنینی بازاڕ تا چەند ئامادەن بۆ رێگەگرتن لەو كەسانەی سەرپێچی لە گرانبوونی نرخەكان دەكەن و قۆرخكاریی ئەنجام دەدەن؟
- لای هەمووان ئاشكرایە كەوا لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا خواست لەسەر كاڵا و پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان روو لە زیادبوون دەكات، ئەمە وێڕای ئەوەی بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستان جموجووڵێكی زیاتر بەخۆوە دەبینن، هەربۆیە لەم مانگە پیرۆزەدا كە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لێژنەكانی چاودێریكردنی بازاڕ ئەرك و كارەكانیان زیاتر و چڕتر دەكەنەوە، تاوەكو رێگە لەهەموو سەرپێچی و بەرزبوونەوەیەكی نرخ بگرن، كە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی هاووڵاتیان دەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لە قایمقامییەت لێژنەیەكی باڵامان هەیە كە نوێنەری هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاودێریی بازرگانی و ڤێنتەنەری و تەندروستی و بەرگریی شارستانی و گەشتوگوزار و كۆمەڵەی چێشتخانەو میوانخانەكان و چەندین دامودەزگای دیكەی حكومەت لەخۆدەگرێت، بەرنامە و پلانیشمان هەیە بۆ زیادكردن و فراوانكردنی كاری چاودێری و پشكنینەكانی بازاڕ.
* ئاشكرایە كە هەماهەنگی و هاوكاریی هاووڵاتیان كاری لێژنەكانی چاودێری و پشكنینی بازاڕ ئاسانتر دەكات، ئایا هاووڵاتیان لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەكدا چۆن پەیوەندی بە لێژنەكاندانەوە دەكەن؟
- كۆنتڕۆڵكردنی سەرپێچیەكان و سزادانی ئەو كەسانەی گەمە بە بەرژەوەندیی گشتی دەكەن بە بێ هاوكاری هاووڵاتیان كارێكی قورسە، بۆیە هاووڵاتیان دەتوانن لە رێگەی ژمارە تەلەفونەكانی (7502224466- 07502224488) لەسەر هەر سەرپێچیەك و بوونی هەر كەلوپەل و خواردەمەنییەكی ئیكسپایەر و ماوە بەسەرچوو زانیاریمان پێ بدەن، لێژنەكانیشمان راستەوخۆ دەگەنە شوێنەكە و ئیجرائاتی پێویست وەردەگرن. مەرج نییە گرانبوونی نرخەكان تەنیا پەیوەندی بە گرانبوونی نرخی ئەو كاڵا و كەلوپەل و خۆراكانەوە هەبێت كە لە سەرچاوەی هێنانەكەیەوە گران بووبێت، ئەگەر واش بێت، ئێمە لێرە رێگانادەین كەسانێك ئەم دۆخە بقۆزنەوە و زیاتر گەمە بە نرخەكانەوە بكەن و زیان بە بەرژەوەندیی گشتی بگەیەنن، هەر بۆیە لەگەڵ تێبینیكردنی هەر حاڵەتێكی نائاسایی بەدواداچوون بۆ كێشەكە دەكەین و ئیجرائاتی پێویست وەردەگرین، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو هەڵكشانی نرخەكان پەیوەندی بە قۆرخكاری و گەمەی بازاڕەوە هەبێت، ئەوا سەرپێچیكار رووبەرووی سزا دەبێتەوە و رێگە نادەین هیچ كەسێك گەمە بە نرخەكانی بازاڕ بكات.
* سەبارەت بە دیاردەی بوونی كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو كە لە ناو بازاڕەكانی كوردستاندا خەریكە بە شێوەیەكی بەربڵاو تەشەنە دەكات، تا چ رادەیەك توانیوتانە دەست بەسەر ئەو كاڵاو شمەكانەدا بگرن و سزای سەرپێچیكارانیش بدەن؟
- من سوپاسی هاووڵاتیان دەكەم كە لە دەستنیشانكردنی كاڵاو كەلوپەلی خراپ و بەسەرچوو رۆڵێكی باشیان هەیە، لەم رووەوە كاری باشمان ئەنجام داوە و توانیومانە دەست بەسەر كاڵا و كەلوپەلێكی زۆری ماوەبەسەرچوو بگرین و راستەوخۆ ئەندامانی لێژنە باڵاكە واژوو لەسەر جۆری سەرپێچیەكە و سزادانی دەكەن و كاڵا و كەلوپەلە بەسەرچووەكە بەپێی رێنماییەكانی لێژنەی پارێزی و شارەوانی لەناو دەبەن و سزای دارایی خاوەن كاڵاكەش دەكەن، تەنانەت ئەو كاڵا و كەلوپەلانەی لە خاڵە سنوورییەكان و ئەو دیوی بازگەكانەوە دێن، هەر لەوێ كۆنتڕۆڵ و بەدواداچوونیان بۆ دەكەین، بەپێچەوانەوە هەر كاڵاو كەلوپەلێك ئەگەر پشكنینی بۆ نەكرێت رێگای پێنادرێت بێتە ناو شارو بازاڕەكانی كوردستانەوە، لەكاتی مۆڵەتدانی هاتنی كاڵاكانیش لێژنەكانی ئێمە لە كۆگا و بازاڕەكانیشدا پشكنینی بۆ دەكەن، چونگە زۆر جار بەهۆی خراپ ئەمباركردن و نەبوونی كوالێتی لە كۆگاكان گرفت بۆ كاڵاو خواردەمەنییەكان دروست دەبێت.
* جگە لە پاراستنی رەوشی بازاڕ و نرخەكان و رێگەگرتن لەهێنانی كەلوپەلی ئێكسپایەر و خراپ، لەمانگی پیرۆزی رەمەزاندا بازاڕەكان جموجووڵێكی زۆر بەخۆیانەوە دەبینن، لەمەشدا پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكان دێت، ئایا لەم رووەوە تاچەند وەكو قایمقامییەتی هەولێر هەماهەنگیتان لەگەڵ لێژنەكانی ئەمنی هەیە؟
- لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا خەڵكی لە دوای نانخواردنی ئێواران زیاتر روو لە بازاڕەكان دەكەن و جموجووڵێكی زۆر لەشەواندا هەیە، هەربۆیە هێزە ئەمنییەكان هەر لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی هاتوچۆ و هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش پلانی خۆیان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان لە شوێنە گشتییەكان و مۆڵەكان و بازاڕدا هەیە، هەر بەڕێوەبەرایەتییەك بەشێك لەبەرنامە و پلانی خۆی هەیە بۆ هێمنی و پاراستنی بازاڕ و ژیانی هاووڵاتیان، ئێمەش وەكو قایمقامییەت و لێژنەی ئەمنی هاوكار و هەماهەنگین لەكارەكاندا، هەموو كێشە و گرفتێكی ئەمنی لە كۆبوونەوەی لێژنەی ئەمنی شاری هەولێر دەخرێتەڕوو، دوای گفتوگۆ و راوەرگرتن، رێگاو چارەسەری خێرا و پێویست دەگیرێتەبەر و رێگە نادەین هیچ تاوانبار و سەرپێچیكارێك تایبەتمەندێتی ئەم مانگە پیرۆزە بقۆزێتەوە و سەرپێچی و تاوان ئەنجام بدات، تەنانەت ئێمە پەیوەندی و هەماهەنگیمان لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەیە.
* لەم مانگەدا خەڵكێكی زۆر روو لە مزگەوتەكان دەكەن، هەربۆیە مامۆستایانی ئایینی دەتوانن رۆڵێكی گەورە بگێڕن لە رێگەگرتن لەهەر دیاردە و حاڵەتێكی نامۆ و نەشیاو؟ ئایا لەم رووەوە لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئایینی چ بەرنامەیەكتان هەیە؟
- رێژەیەكی زۆری خەڵكی شارەكە موسڵمانن و كاریگەریی ئیسلام لەسەریان زۆرە، هەربۆیە ئێمە لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پەیوەندییەكی باشمان هەیە و لەمانگی پیرۆزی رەمەزاندا هەماهەنگیمان لەگەڵ مامۆستایانی بەڕێز و مزگەوتەكان هەیە بۆ ئەوەی لە وتارەكانیاندا هاندەری خەڵك بن و رێگە لە هەموو حاڵەت و كارێكی نامۆ، یان توندوتیژی بگرین، لە هەندێك حاڵەتدا ئەگەر كێشەیەك روویدابێت لە رێگەی ئاگاداركردنەوەی ئێمە بۆ مامۆستایانی ئایینی لە مزگەوتەكاندا خستوویانەتەڕوو و وتاری ئایینییان لەسەر پێشكەش كردووە و هاوكارمان بوون بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كۆمەڵگەی كوردستاندا پێشڕەو بوون لە رێگەگرتن لەو كارە نەشیاو و خراپانەی كە كەسانێك ئەنجامی دەدەن، یان كەسانێك بیانەوێت ئەو مانگە پیرۆزە و بۆنە ئایینییەكان بقۆزنەوە بۆ ئەوەی نرخەكانی بازاڕ گران بكەن و قۆرخكاری لە خۆراك و پێداویستییەكانی خەڵكدا بكەن.
* زیادەڕۆیی لەسەر شەقام و شۆستەكان لەشاری هەولێر زۆر بووە، بەتایبەتی لەلایەن دوكاندارەكانەوە، ئایا بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بەرنامەتان چییە؟
- لەناو شاری هەولێر و زۆربەی شار و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان زیادەڕۆیی لەسەر شۆستە و بەردەمی دوكانەكان هەیە، ئێمە لەلایەن لێژنەكانمانەوە بەردەوام لایان دەبەین، بەڵام بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەناهەندە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و كوردانی رۆژئاوا و كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەم دیاردەیە زۆر بووە و ئێمەش تا رادەیەك رەچاوی حاڵەتی بژێوی ژیانیانمان كردوون، بەڵام تا ئەو كاتەی نەبنە رێگر لە هاتوچۆی سەر شەقام و شۆستەكان. ئەوەتا بەناچاری لەهەندێ شوێنی وەكو شێخەڵاو بازاڕی گەڕەكەكان چاوپۆشیمان كردووە، بەڵام كاتێك زیانیان بۆ خەڵكی هەبێت، هەر شەش شارەوانییەكەی سنووری قەزای ناوەندی هەولێرمان ئاگادار كردووەتەوە كە رێگری بكەن لەو زیادەڕۆییانە كە لەسەر شۆستە و بەردەمی بازاڕ و دوكانەكانی خەڵكی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش بەبەردەوام ئیجرائات دەكەین و زۆر شوێنیشمان خاوێن كردووەتەوە وەكو قەیسەری و بازاڕی ئیسكان كە جەنجاڵی و بێسەروبەریی ئەم زیادەڕۆییانە بە شێوەیەك بوو زیانی گەیاندبووە كار و كاسبیی دوكاندارەكان، هاوكات قەرەباڵغیی سەر شەقامەكانی لێكەوتبووەوە، هەربۆیە بەردەوام پلان و بەرنامەمان هەیە و هەنگاو بەهەنگاو هەموو بازاڕ و شوێنەكان رێكدەخەینەوە و زێدەڕۆییان لێ ناهێڵین.
Top