دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: لە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەڵمەتی جێبەجێكردنی بەڵێنەكان دەست پێ دەكات
April 30, 2019
دیمانەی تایبەت
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیك بووەتەوەو خەڵكیش لە چاوەڕوانیی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزن، تاوەكو هەموو ئەو بەڵێنانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژادنەكاندا بەخەڵكی داوە، جێبەجێیان بكات، بۆ قسەكردن لەسەر پرسی حكومەت و ریزبەندی بەرنامەو كارەكانی حكومەت، وەك گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكمان ئاراستەی د. ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، ئەویش وەكو چاودێرێكی سیاسی وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* رێككەوتنەكانی نێوان پارتی و گۆڕان و، پارتی و یەكێتی كەم كەم بەرەو كۆتایی دەچێت، كێشەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی تازە چارەسەر دەبێت، ئایا مەزندە دەكەیت لە كاتێكی نزیكدا پەرلەمان كۆببێتەوە و خێراییەك بكەوێتە ناو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە؟
- لە راستیدا ئێمە تا ئێستا لەگەڵ لایەنەكان پشوودرێژ بووین، بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە حكومەت پێكبهێنین، تەنیا كێشەیەك كە مابوو ئەوە بوو كە گۆڕان رازی نەدەبوو جێگری سەرۆكی هەرێم زیاد بكرێت، خۆشبەختانە ئێستا ئەم كێشەیەش بەرەو كۆتایی دەڕوات، دواتریش پرۆسە سیاسییەكە بەردەوام دەبێت و پەرلەمان كۆ دەبێتەوە، بە پێی یاسا دە رۆژی دەوێت تاوەكو سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، دواتر كاك مسرور وەك سەرۆكی حكومەت رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی، كە چاوەڕوان دەكرێت ئەو پرۆسەیەش 20 تا 25 رۆژ بخایەنێت.
* لە میانەی ئەو ماوەیەی بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاری دەكرێت، ئایا لەسەر دەسنیشانكردنی پۆستەكان هیچ ئاستەنگێك لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت دروست نابێت، بەتایبەتی كە ئەم پرسە بۆ یەكێتیی نیشتمانی ئاسان نییە (مەبەست دیاریكردنی كاندیدەكانیانە بۆ ئەو پۆستانەی بەریان كەوتووە)؟
- من لەو باوەڕەدا نیم هیچ ئاستەنگێك دروست ببێت، چونكە لەسەر هەموو پۆستەكان رێككەوتووین، تەنیا كێشەی زیادكردنی جێگری سەرۆكی هەرێم مابوو، ئێستا ئەویش بەرەو چارەسەركردن چووە. لە چەند رۆژی داهاتوودا ئێمەش رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ یەكێتی واژۆ دەكەین و پرسی پۆستەكانیش دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، كەواتە یەكێتی نزیكەی دوو هەفتەی لەبەردەستدا دەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان لە نێو خۆیاندا.
* بەڵام حزبەكان و كابینەی بنكەفراوان یەكێك بووە لە هەرە كێشەكانی بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ ئایا لە كابینەی نوێشدا هەمان ئەزموون دووبارە نابێتەوە؟
- یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی ئێمە ئەوە بوو حكومەتێكی بنكەبەرفراونمان هەبوو، كە هەموو لایەنەكان بەشداری بوون، ئەمەش ئەزموونێك بوو تاقی كرایەوە و پێم وانییە سەركەوتوو بووبێت. بۆیە ئێستا ئەو قەناعەتە دروست بووە، كە پێویست ناكات بە شێوەی جاران حكومەتی بنكەفراوان دروست بكرێت، ئەمەش هەنگاوێكی باشە و پارتییش لە ئیحراجبوون رزگار دەكات و حكومەتەكەش لەم سێ لایەنە (پارتی و گۆڕان و یەكێتی) پێكدێت.
* ئایا پێت وایە ئەم كابینەیە بتوانێت بەسەر كێشەو ئاستەنگی بەردەم دووئیدارەییدا زاڵ بێت و حكومەتێكی نیشتمانیی سەرتاسەری دابمەزرێت؟
- لە راستیدا یەكێك لە ئامانجە بنەڕەتییەكانی ئەم حكومەتە ئەوەیە كە بەربەستەكان تێپەڕێنێت، ئەمە بە راشكاوی بە یەكێتیش وتراوە، واتە دەبێت حكومەتی ئەمبەر و ئەوبەری دێگەڵە نەمێنێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت و بڕیارەكان دەبێت جێبەجێ بكرێن. رەنگە كەسانێك هەبن كە بەرژەوەندییان لەوەدا بێت كە حكومەتەكە وەك جاران بێت، ئەمەش یەكێك بووە لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ئەمجارە هەردوولا بە یەكێتی و پارتی بەشداری دەكەن و چیتر ئەم حكومەتە نیوە بە نیوە نابێت، بەڵكو حكومەتی هەموو كوردستان دەبێت. واتە لە كۆبوونەوەكان باس لەوە كراوە كە دەبێت هەموو دەسەڵاتێك بدرێت بە حكومەت و حزبیش دەستێوەردان لە كاروبارەكانی حكومەتدا نەكات.
* هەندێك لە شرۆڤەوانانی سیاسی باس لە گرنگیی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و پێیان وایە پێكهێنانی ئەم كابینەیە گرنگە، لەبەر ئەوەی كابینەی داهاتوو دەتوانێت لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتن لەسەر كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكات، ئایا لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تاچەند گەشبینی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن؟
- ئەگەرچی هێشتا زۆر دۆسێ و كێشە ماوە یەكلا بكرێنەوە، بەڵام بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا هەنگاوی باشمان ناوە، چارەسەری زۆربەی كێشەكانیش پەیوەستە بە پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و بەغدا چاوەڕوانە ئەم حكومەتە پێكبێت بۆ ئەوەی مامەڵەی لەگەڵدا بكات، گفتوگۆ و دانوستانەكانیش بە مەبەستی ئەوەیە لەسەر بنەمایەكی نوێ رێكبكەوین، بەتایبەتی لە بوارەكانی تەكنیكی و بودجەی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی دیكە كە بە باشبوونی ئاستی ژیانی خەڵكەوە پەیوەستن، هەموو ئەمانەش پەیوەستن بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە.
* لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان خەڵكی چاوەڕێی ئەوەن كە لەگەڵ دەستپێكی كابینەی نوێدا گۆڕانكاری بەسەر ژیانیاندا بێت و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەست پێ بكەنەوە و بازاڕ ببووژێتەوە، ئایا ئەم گەشبینییەی خەڵك بە كابینەی داهاتوو لەسەر چ بنەمایەك سەرچاوەی گرتووە؟
- لە راستیدا هاووڵاتییان قۆناغێكی سەختیان تێپەڕاند و زۆریان بەرگە گرت، كەواتە ئەركێكی زۆر دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی داهاتوو، بۆ نموونە: یەكێك لە هەنگاوەكانی حكومەت ئەوەیە كە هەوڵبدرێت هەلی كار بۆ گەنجان بڕەخسێندرێت. ئێمە پشت بە خوا كێشەی مووچەمان تێپەڕاندووە، بەڵام حكومەتی داهاتوو ئەركی قورسی دەكەوێتەسەرشان، بۆیە خەڵك مافی خۆیەتی هیوای زۆری هەبێت بەم حكومەتە، بە دڵنیاییەوە ئەم حكومەتەش كار بۆ هێنانەدی خواستەكانی خەڵك دەكات.
* زۆرجار كادیر و دەنگدەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان گلەیی ئەوەیان هەیە، كە ئەو دەنگانەی ئەوان بە پارتەكەیان داوە، لەسەر مێزی دانوستان و گفتوگۆكان بە لایەنەكانی دیكە دەدرێت، ئایا پێت وانییە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن پارتییەوە جۆرێك لە سازشی بۆ لایەنەكان تێدایە؟
- هۆكاری ئەوەی كە شەش مانگە ئەم كابینەیە پێكنەهاتووە ئەوەیە كە ئێمە بە لایەنەكانمان راگەیاندووە كە ئەم حكومەتە لەسەر بنەمای دەنگی دەنگدەران پێكدێت، بۆیە ئێمە بمانەوێ، یان نەمانەوێ ناتوانین رێز لەو دەنگانە نەگرین، كەواتە ئەم حكومەتە لەسەر بنەمای ئەو دەنگانە پێكدێت. لەم روانگەیەوە دەبێت دەنگدەری پارتی هەست بكات كە دەنگەكەی نەفەوتاوە و رێزی لێگیراوە.
* زۆر باس لە پرۆسەی چاكسازی دەكرێت، كە كابینەی داهاتووی حكومەت دەستی پێبكات، ئایا بە رای ئێوە ئەو سێكتەرانەی كە پێویسە بەپەلە چاكسازییان تێدابكرێت، چین و تاچەند پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت بە یاسا پشتگیریی ئەم چاكسازییە بكات؟
- ئێمە هەموو كات گوتوومانە، بەداخەوە پرۆژەی چاكسازی كە بە ئەنجامدانی چەندین چاكسازی حكومەتی پابەند دەكرد، تا ئێستا لەبەر بەرژەوەندیی لابەلا تێنەپەڕیوە، بەڵام ئێستا هیچ بیانوویەك نەماوە و پارتییش چەندین پرۆژەی ئامادە كردووە، لە پەرلەمان و لە دوای پێكهێنانی حكومەت ئەو پرۆژانە دەچنە بواری جێبەجێكردن. راستە چاوەڕوانییەكی زۆرمان كرد، تاوەكو حكومەتەكە پێكبهێنرێت، بەڵام لە داهاتوو و لە ناو پەرلەماندا بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەی چاكسازی كە لە بەرژەوەندیی خەڵك بێت، پارتی چاوەڕوانی هیچ كەس ناكات. واتە زۆر پرۆژە هەن بۆ چارەسەركردنی گەندەڵی و هێنانەدیی شەفافییەتی زیاترە كە دەبێت جێبەجێ بكرێن، پێشتر زۆر كەس لەو بوارەدا بەربەست بوون، بەڵام ئێستا ئەو بەربەستانە نەماون و لە دوای پێكهێنانی حكومەتەوە هەڵمەتی گەورە لەلایەن حكومەت و پەرلەمانەوە ئەنجام دەدرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكمان داوە. واتە بۆ ئەوەی بتوانین جارێكی دیكە و بە شێوەیەكی باشتر متمانەی خەڵك بەدەست بهێنینەوە، هەموو ئەو بەڵێنانەی ئێمە بە خەڵكمان دابوو لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا دەبێت ببنە پرۆژە، خەڵكی چاوەڕوانە و ئێمەش ئومێد دەكەین ئەم حكومەتە بە سەقامگیریی سیاسی و بە باشتربوونی دۆخی ئابووری بەڵێنەكان جێبەجێ بكات و لە بواری چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵیدا حكومەتێكی بەهێز بێت، لەبەر ئەوەی پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بووە و پارتی حزبی یەكەمە و پێكهێنەری سەرەكیی ئەم حكومەتەیە، پێویستە ئەم حكومەتە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات كە پارتی بە خەڵكی داوە. من ئومێدم زۆرە لەم رووەوە، چونكە پارتی هەمیشە لەگەڵ خەڵكدا حزبێكی راستگۆ بووە.
