یانیس ستیڤاچتیس بەڕێوەبەری دیراساتی نێودەوڵەتی لە زانكۆی تەقەنی ڤێرجینیا بۆ گوڵان: جیهانی ئێستا فرەجەمسەرییە و ململانێی هێز تێیدا زاڵە

یانیس ستیڤاچتیس  بەڕێوەبەری دیراساتی نێودەوڵەتی لە زانكۆی تەقەنی ڤێرجینیا بۆ گوڵان:  جیهانی ئێستا  فرەجەمسەرییە و ململانێی هێز تێیدا زاڵە
یانیس ستیڤاچتیس پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی تەقەنی ڤێرجینیا، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك پەرەسەندنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سیستمی نێودەوڵەتی، تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، رێكخراوە جیهانییەكان، ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوە، هەروەها بەڕێوەبەری پڕۆگرامەكانی دیراساتی نێودەوڵەتییە لە هەمان زانكۆ. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە دۆخی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندیی نێوان هێزە جیهانییەكان و گۆڕانی سیستمی جیهانی لە تاكجەمسەرییەوە بەرەو فرەجەمسەری.
* وەكو كەسێكی شارەزا لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، چۆن لە دۆخی ئەم پەیوەندییە دەڕوانن، بەتایبەتی پەیوەندیی نێوان هێزە جیهانییە مەزنەكان؟ ئایا جیهان لە تاكجەمسەرییەوە بەرەو فرەجەمسەری هەنگاوی هەڵگرتووە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە راستە، چونكە بونیادی سیستمی جیهانی لە ئێستادا پتر فرەجەمسەری پێوەدیارە، تەنانەت ئەگەر ئێمە لە ستراتیژیەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بڕوانین – كە لە ساڵی 2017دا بڵاوكرایەوە-، دەبینین، بە ئاشكرا باس لەوە دەكات كە جیهانی ئێستا ململانێ باڵی كێشاوە بە سەریدا و كاراكتەرە سەرەكییەكانی ئەو ململانێیەش بریتین لە ئەمریكا و چین و رووسیا، ئەگەرچی هێز و كاراكتەری دیكەش هەن، كەواتە روونە، ئێستا ئێمە لە جیهانێكی فرەجەمسەردا دەژین. بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا جەختی لەسەر بكەینەوە، بریتییە لە كاڵبوونەوەی بەها و نۆرمە لیبڕاڵییەكانی سیستمەكە و هەنگاوهەڵگرتن بەرەو سیستمێكی نوێ كە پتر هێز بەسەریدا باڵادەستە، دەتوانین ئەمە بە ململانێی هێزە گەورەكان وەسف بكەین.
* ئەم دۆخە چ كاریگەری و دەرئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە لەسەر پەیوەندیی نێوان ئەم هێزانە؟ ئایا لەو باوەڕەدایت پەیوەندییەكانیان زیاتر بەرەو ململانێ و ناكۆكی بچێت، یان دەگەنە رێگاچارەیەك بۆ هاوكاریكردنی یەكتر؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر باشە، ئەوەی لێرەدا دەتوانین بیڵێین ئەوەیە كە هێشتا ئێمە دڵنیا نین لەم بارەیەوە، بەڵام ئەوەی گومان هەڵناگرێت ئەوەیە كە جۆرێك لە ململانێ و جۆرێك لە ناكۆكی روودەدات، بۆ نموونە: لە پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و چین، پتر مەسەلە ئابووری و بازرگانییەكان زەق دەبنەوە، بەڵام ناكۆكی و ململانێكان هەرچۆنێك بن، ئەوا پێم وایە ئەم هێزانە هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەو ململانێیانە بكەن، تاوەكو رێگری لێ بكەن و نەهێڵن سەربكێشێت بۆ شەڕێكی گەورە لە نێوانیاندا.
* ئێوە ئاماژەتان بە سرووشتی نوێی سیستمە جیهانییەكە كرد كە پتر ململانێی هێز بەسەریدا زاڵە، ئایا دەتوانین لەم رووەوە بڵێین كە سیستمە لیبڕاڵییەكە- سیستمی تەوەربەند لەسەر رێساكان- لە ساتەوەختی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەدایە، بەتایبەتی كە سیاسەتەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەمریكا پێی وایە باجی پاراستنی ئەم سیستمە زیاترە لە سوود و قازانجەكانی؟
- با سەرەتا ئێمە هەنگاوێك بگەڕێینە دواوە و ئاماژ بەوە بكەین كە ئەمریكا هەوڵیدا زیاد لە توانای خۆی دەستڕۆیشتوویی خۆی برەو پێ بدات، بەتایبەتی بە هۆی شەڕی ئەفغانستان و عێراقەوە، لە دەرئەنجامدا و بە دیاریكراوی لە دوای ساڵانی 2010 و 2011وە ئەو پرسیارە دروست بوو كە ئایا تا چ راددەیەك ئەمریكا دەتوانێت درێژە بە بوونی خۆی بدات لە جیهاندا. لە دەرئەنجامدا ئەو تێگەیشتنە دروست بوو كە هێزی ئەمریكا لە داكشاندایە و رەنگدانەوەكەشی ئەوە بوو كە ئەمریكا سیاسەتێكی گۆشەگیرانە بگرێتەبەر لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا. بەڵام ئەم سیاسەتی گۆشەگیرانە بۆتە هۆی لاوازكردنی سیستمە لیبڕاڵییە جیهانییەكە كە ئەمریكا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بنیاتی ناوە. كەواتە من دووپاتی دەكەمەوە كە سیستمی لیبڕاڵی لە داكشاندایە و سیستمێكی دیكە لە سەرهەڵداندایە كە زیاتر ململانێی هێز تێیدا زاڵە، كە مەرج نییە ئەمە بە مانای پشێوی و بێ سیستمی بێت. چونكە ناكرێت بوترێت ئەگەر سیستمێكی جیهانیی لیبڕاڵی لە ئارادا نەبێت، ئەوا پشێوی باڵ بەسەر جیهاندا دەكێشێت، بەڵكو دەكرێت سیستمی دیكە جێی بگرێتەوە.
* كەواتە پێت وایە دەبێت ئەم سیستمە دووبارە بنیات بنرێتەوە و دابڕێژدرێتەوە؟
- لە راستیدا ئەگەر ئێمە بگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە دەبێت سەرلەنوێ ئەم سیستمە دابڕێژدرێتەوە، ئەوا ئەمە كارێكی كردەنی نییە لە سایەی ئیدارەی ترەمپدا. چونكە تەمومژییەكی زۆر لە گوتاری ئەم ئیدارەیەدا هەیە كە بە هیچ شێوەیەك لەم رووەوە هاوكار نییە.
* ئاماژەتان بە سیاسەتی گۆشەگیرانەی ئیدارەی ئەمریكا كرد، ئایا پێتان وایە ئەم چەشنە سیاسەتە- كە هەندێ جار پێی دەوترێت سیاسەتێكی تاكلایەن و ناسیۆنالیستانە- لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیستمە جیهانییەكە چ كاریگەری و دەرئەنجامێكی دەبێت؟
- ئێمە دەبێت مەسەلەكان لەنێو سیاقی خۆیاندا بخەینەڕوو، چونكە ئێمە دەزانین جیاوازییەك هەیە لە نێوان ئەوەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەیڵێت و ئەوەی هەندێ جار وەزارەتی دەرەوە، یان بەرگری ئەنجامی دەدەن. كەواتە لەنێو ئیدارەی ئەمریكادا یەكدەنگییەك بەدی ناكرێت، كە ئەمەش ئەو پرسیارە دەوروژێنێت- كە هێشتا وەڵامەكەی روون نییە- ئایا ترەمپ بە ئەنقەست تەمومژی دروست دەكات لە سیاسەتە دەرەكییەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی وڵاتانی دیكە- ئیدی ركابەر بن، یان هاوپەیمان- دڵنیا نەبن كە هەنگاوی داهاتووی ئەمریكا چییە. واتە من لێرەدا هەوڵ دەدەم لەوە تێبگەم ئایا خودی سەرۆك ترەمپ بە مەبەست و بە ئەنقەست دەیەوێت ئەم تەمومژ و ناڕۆشنییە دروست بكات، كە ئەمەش لە دەرئەنجامدا دەبێتەهۆی ئەوەی كە وڵاتانی دیكە نەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا بكەن.
* بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە كە ترەمپ زۆر بە ئاشكرا گوزارشتی لە گومانی خۆی كردووە لە ئاست چەندین دامەزراوەی نێودەوڵەتی و تەنانەت ناتۆشدا؟
- ئەمە راستە و ئێمە دەرئەنجام، یان كاردانەوەی ئەمەشمان بەدی كرد، بۆ نموونە: كاتێك سەرۆك دۆناڵد ترەمپ گومانی لەسەر ناتۆ دروست كرد، ئەوا سەرۆكی فەڕەنسا ئیمانویل ماكرۆن داوای دروستكردنی سوپای ئەوروپای كرد.
* بەڵام زۆرێك لە شرۆڤەكاران ئاماژە بەوە دەكەن كە سەرەڕای گوتاری راگەیەندراوی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، ئەوا لە واقیعدا ئەمریكا پابەندبوونەكانی خۆی لە هەندێ ناوچەی جیهان زیاد كردووە لە بری ئەوەی بە تەواوەی پاشەكشە بكات، تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەمریكا سەرەڕای ئەوەی هێزێكی گەورە و مەزنی جیهانە، ناتوانێت بە بێ هاوكاریی هاوپەیمانەكانی بوون و دەستڕۆیشتوویی هەبێت لەو شوێنانەی مەبەستێتی.
* بە شێوەیەكی گشتی پێتان وایە پێویستە ئەمریكا پتر خۆی سەرقاڵ بكات بە كێشە و تەحەدییە جیهانییەكانەوە، یان باشترە پاشەكشە بكات و خۆی لە قەیران و كێشەكان بە دوور بگرێت؟
- بە تێڕوانینی من بونیادی سیستمی جیهانی بە چەشنێكە كە بە ئاست و ئەندازەیەكی گەورە پشتبەیەكبەستنی تێدایە، كەواتە ئاسایی نییە هێزێكی مەزنی جیهانی بە تەواوەتی پاشەكشە بكات و گۆشەگیری هەڵبژێرێت. چونكە ئەگەر بێت و ئەمریكا بە تەواوەتی بكشێتەوە ئەوا بوار و پانتاییەكی زۆر بۆ هێزەكانی دیكە جێدەهێڵێت، بۆ نموونە: رووسیا و چین، كە ئەمریكا خوازیاری ئەوە نییە ئەمە رووبدات، چونكە ئەمە زیانبەخشە بۆ ئەمریكا، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین كە پێویستە ئاستێك لە پابەندبوونی نێودەوڵەتی هەبێت لە پێناو پاراستنی هاوسەنگیی هێز لەسەر ئاستی جیهاندا، واتە دەبێت ئەمریكا جۆرێك لە پابەندبوون و بەرپرسیارێتی هەبێت لە ئاست ناوچەكانی دیكەی جیهاندا بۆ ئەوەی رێگری بكات لە هێزەكانی دیكە تاوەكو ئەو ناوچانە بەرەو ناسەقامگیری نەبن، هەموو ئەمەش لەپێناو پاراستنی هاوسەنگیی هێز دەبێت لەسەر ئاستی جیهاندا.
* هەندێ جار باس لەوە دەكرێت كە هێزی ئەمریكا لە داكشاندایە، ئایا ئەمە تا چ رادەیەك راستە كە ئەمریكا توانای ئەوەی هەیە وەك هێزێكی مەزن و جیهانی بێ ركابەر پارێزگاری لە خۆی بكات؟
- بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویست ناكات دوور بڕوین، چونكە كاتێك سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دروشمی ئەوەی بەرزكردۆتەوە با دووبارە شكۆ و مەزنێتی بۆ ئەمریكا بگەڕێنینەوە، ئەوا ئەمە خۆی لە خۆیدا ددانپێدانانە بەوەی هێزی ئەمریكا لە داكشاندایە، كەواتە ئەوە راستە كە ئەمریكا بۆ ماوەیەكە لە داكشاندایە. لەلایەكی دیكەوە ئێمە هێزی هەڵكشاوی چین بەدی دەكەین، كە ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیاری یەكەم كە پەیوەست بوو بە جیهانی فرەجەمسەرییەوە، واتە چیتر ئێمە لە جیهانی تاكجەمسەریدا ناژین كە تێیدا ئەمریكا باڵادەست بێت.
* كەواتە ئەم جیهانە فرەجەمسەرییە بەرەو كوێمان دەبات؟
- ئیدارەدانی جیهانی فرەجەمسەری پێویستی بەوەیە كە كەسانی ژیر جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت، واتە ئەگەر ئەم جۆرە كەسانە لە دەسەڵاتدا نەبن، ئەوا ئەگەری روودانی هەڵە هەیە و ئەمەش رەنگە سەربكێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی گەورە. كەواتە تەمەننای من ئەوەیە ئەم كاراكتەرانە بە باشی گەمەی هێز بكەن. هەروەها زۆر پێویستە پەیوەندییەكی دیپلۆماتیی لێكنزیك لەنێوان هێزە گەورەكاندا هەبێت، راستە دەبێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان بەدی بهێنرێن، بەڵام نابێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی هێزە گەورەكانی دیكە بێت، واتە دەبێت جۆرێك لە تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان ئەم هێزانەدا هەبێت.
Top