د.عەبدولحەكیم خەسرەو مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین بۆ گوڵان: تا ئێستا فاكتەرەكانی سەركەوتنی حكومەتەكی عادل عەبدولمەهدی لە فاكتەرەكانی شسكتهێنانی زیاترن
April 17, 2019
دیمانەی تایبەت
نكۆڵی ناكرێت لەو راستییەی كە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق پرۆسەیەكی ئاسان نەبوو، ئێستاش ئەو حكومەتە رووبەڕووی چەندین تەحەددی و دژواری بۆتەوە، هەم لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلمی و هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بۆ شرۆڤەكردن و تیشكخستنەسەر ئەم پرسانە، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستەی د. عەبدولحەكیم خەسرەو مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین كرد.* وەك ئەكادیمی و چاودێرێكی سیاسی خوێندنەوەت بۆ پرۆسەی سیاسی و ئەدای حكومەتی ئێستای عادل عەبدولمەهدی چییە؟ ئایا ئەم حكومەتە توانیویەتی رێگەیەكی راست بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بگرێتەبەر؟
- بە شێوەیەكی گشتی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كەسێكی تەوافوقییە و تایبەتمەندییەكانی ئەم كەسایەتییە لەوەدایە كە لە هەموو كوتلە سیاسییەكان نزیكە، هەروەها لەگەڵ ئەو لایەنانەی كاریگەرییان لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق هەیە، ئیدی ئەمریكا بێت، یان ئێران، یان وڵاتانی ئیقلیمی. گرنگ ئەوەیە كە دەتوانێت ئەم تەوافوقە و ئەم جۆرە پەیوەندییە دروست بكات. نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت كە سەرۆك وەزیران لە ناو پەرلەمانیشدا پشتگیری دەكرێت، لەبەر ئەوەی هێزە سیاسییەكانی عێراق بە هەموویانەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بیگرە تا حزبی دەعوا پێویستیان بە چوار ساڵ ئارامی هەیە، تا لەو چوار ساڵەدا پرۆسەی گەشەپێدان و سەقامگیری هەبێت و ژێرخانی ئابووری بونیات بنرێتەوە، بەتایبەتی دوای بەرزبوونەوەی سەقفی داواكاریی شەقام كە بەئاشكرا لە سۆشیال میدیا و راگەیاندنەكان دەورووژێندرێت، تا ئەو ئاستەی كە بوونە هۆی كەمبوونەوەی متمانەی شەقام بە هێز و كەسایەتییە سیاسییەكان و پارتە سیاسییەكان. هەر بۆیە دەبێت زۆر بە خێرایی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی وەك ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ و خزمەتەكانی شارەوانی بۆ خەڵكی دابین بكرێت. هەروەها ئەوەی مایەی خۆشبەختییە لە ئێستادا ئەوەیە كە سەقامگیریی عێراق لە بەرژەوەندیی ئێراندایە، بەتایبەتی دوای ئەو گەمارۆ و سزایانەی لەلایەن ئەمریكاوە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە، چونكە عێراق و ئێران كۆمەڵێك رێككەوتن لەنێوانیاندا واژوو كراوە و سەقامگیری لە عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو رێككەوتنانە جێبەجێ بكرێن. هەروەها ئەمریكاش مەبەستێتی ئەو فاكتەرانەی بوونەتە هۆی دروستبوونی داعش نەمێنێنن و جۆرێك لە بووژانەوەی ئابووری دروست ببێت، بەمشێوەیە سیاسەتی عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ فاكتەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكاندا دەگونجێت. سەبارەت بە سیاسەتەكانیشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەوا كرانەوەیەكی پێوە دیارە. ئەوەی دەمێنێتەوە ململانێ سیاسییەكانە بە هۆی ئەو جیاوازییەی لە نێوان كوتلە سیاسییەكان لەسەر پۆست و پلە هەیە، كە ئەمەش ئیحراجییەكی گەورەی بۆ دكتۆر عادل عەبدولمەهدی دروست كردووە، وەك یەكلانەكردنەوەی پۆستی داد لەنێوان پارتی و یەكێتی دا، یان رێكنەكەوتنی نێوان هەردوو كوتلەی ئیسلاح و بینا بۆ پۆستە ئەمنی و سەربازییەكان، ئەگەرچی وردەوردە جۆرێك لە تێگەیشتن لەنێوان ئەم هێزو لایەنانەدا دروست بووە، بەڵام لەو لاشەوە ئەم لێكنزیكبوونەوەو تێگەیشتنانە هاوكاتە لەگەڵ ئەو كەموكورتییانەی لەبواری كارەباو ئاو و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و گەندەڵی و كەموكورتی ئیدارییانەی كە هەیە و لە ناو ئەو شاڵاوەی سۆشیال میدیا و راگەیاندنەكاندا رەنگدانەوەی گەورەی لێكەوتۆتەوە، كە دەكرێت نەیارانی عادل عەبدولمەهدی سوودی لێوەربگرن و بەشێوازی جۆراوجۆر گەورەی بكەنەوەو بیورووژێنن لەوانە:
1. تەواونەبوونی كابینە وەزارییەكەی؛ ئەمەش هۆكارەكەی بۆ خودی عادل عەبدولمەهدی ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ ناكۆكیی نێوان هێزەكان دەگەڕێتەوە.
2. بەو پێیەی ئەم حكومەتە حكومەتی دوای شەڕە؛ هەر بۆیە شەڕەكە وێرانی و خراپی بەجێهێشتووە و وڵات قەرزارییەكی زۆری لەسەر كەڵەكە بووە، ئەمەش كارەكانی حكومەتی زۆر قورس كردووە، شوێنەوارەكانی ئەو شەڕەش كاریگەریی لەسەر ئەدای حكومەت هەیە.
3. گەندەڵییەكی گەورە لە عێراقدا هەیە لە لوتكەی دەسەڵات و لە پلەی وەزیرەوە تا ئاستی خوارەوەی ئیدارە و پەیكەری حكومەتی گرتۆتەوە و كاریگەریی خراپی لەسەر حكومەت دروست كردووە، هەروەها زیادەڕۆیی لەسەر موڵك و ماڵی دەوڵەت و دزینی نەوت بە شێوەیەكی بەربڵاو بوونی هەیە.
لە ئەنجامدا ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و راگەیاندنەكان جەخت لەسەر ئەو خاڵانە دەكەنەوە. بەتایبەتی لەلایەن توندڕەوەكان و شۆڤێنییەكانەوە، ئەوانەی پێیان وایە حەیدەر عەبادی لەناوچە جێناكۆكەكان دەستكەوتی بەدەستهێناوە، لەكاتێكدا راست پێچەوانەیە، چونكە عەبادی برینێكی قووڵی لە نێوان گەلی كوردستان و گەلی عێراق دروست كرد، دوای ئەوەی سیاسەتی هەڵەی بەرامبەر كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان جێبەجێ كرد. تەنانەت عادل عەبدولمەهدی بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە بەرامبەر كورد و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بودجە نەرمێتی نواندووە، هەر بۆیە هەوڵێك هەیە لە كەسایەتی عادل عەبدولمەهدی بدرێت و بۆچوونێكی وا هەیە، كە سەرۆك وەزیران نەتوانێت ماوەی حوكمەكەی تەواو بكات. هەرچۆنێك بێت، بەڕێز عادل عەبدولمەهدی ئیدارەی كۆمەڵێك فاكتەری جیاجیای لە یەك كاتدا كردووە، لەوانە تەحەدای پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئێراندا، یان تەحەدای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، بەمەش عادل عەبدولمەهدی توانیوێتی جۆرێك لە ئیدارەی هەڵوێستەكان بكات، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی ئەو رەوتەی كە دەڵێت دەبێت یاسایەك دەربكرێت كە هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق دەربكرێن، عادل عەبدولمەهدی وەكو سیاسەتمەدارو ئابووریناس لە سەرەتای پرۆسەكەوە تا ئێستا دەزانێت بڕیارێكی لەمجۆرە دەربچێت، چ كاریگەرییەكی لەسەر پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و عێراق دەبێت، بۆیە تائێستا ئەم سەرۆك وەزیرانە توانیویەتی ئیدارەی حكومەت و بارودۆخەكە بەگشتی بكات، واتا كێرڤی سەركەوتنی سیاسەتەكانی عادل عەبدولمەهدی لە كێرڤی فاكتەرەكانی شكست زیاترە، بەڵام تەحەددیی گەورەشی لە پێشە.
* ئەم حكومەتەی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی رێككەوتنێكی مەبدەئی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بەتایبەتی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نەوت و گاز و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا، ئایا تا چەند ئەم رێككەوتنە مەبدەئییە بۆ كوردستان و عێراق گرنگە؟ ئایا ئەم رێككەوتنە بۆتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ سەقامگیری و هاوسەنگی لە نێوان هەرێم و بەغدا؟
- عادل عەبدولمەهدی وەكو بیروباوەڕو پرەنسیپ ئەوەی داناوە كە بە هیچ جۆرێك پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هەرێمدا نەباتە ئاستێكی زۆر خراپ، هەموو كات هەوڵی چارەسەری كێشەكانی داوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە ئەو تاكە كەسێكە، واتە كۆمەڵێك هێزی سیاسی هەن كە چاودێریی سیاسەتەكانی دەكەن. بۆ نموونە لە بابەتی نەوت و غاز ئێمە دوو پرۆسەمان هەیە، پرۆسەیەكیان لە پەرلەمانە و لە رووی یاساییەوە بودجەی داناوە و پرۆسەیەكیشیان لە دادگای فیدڕاڵە، كە پەیوەندی بە رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە هەیە، چ لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 10ی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 و چ لە سەر رێككەوتن لە سەر پڕۆژەی یاسای نەوت و غاز لە عێراق كە تا ئێستا ئەم یاسایە دانەنراوە، لە هەمان كاتیشدا پرسی ئەوە هەیە، ئایا تا چەند ئەم رێككەوتن و پەیوەندییەی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا -لە چوارچێوەی تەشریعیدا- كاریگەریی دەبێت لەسەر پرۆسەی دادگاییەكە، كە ئێستا دۆسێیەكە لە دادگای فیدڕاڵە، كە بوونی ئەم پەیوەندییەی نێوان هەرێم و عادل عەبدولمەهدی وایكردووە چەندین جار كەیسەكە دوابخەن، بە بیانووی ئەوەی ناوەڕۆكی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق بزانرێت. هەروەها یەكێك لە گرفتەكانی بەردەم عادل عەبدولمەهدی دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، چونكە ئەو دەیەوێت لەگەڵ حكومەتی ئێستا تەنیا ئیدارەدانی مەلەفەكان بكات، بەڵام لەگەڵ حكومەتی نوێ رێكبكەوێت، بەتایبەتی لەسەر سیاسەتی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سێ چوار ساڵی ئایندە، دید و بۆچوونی عادل عەبدولمەهدی لەسەر سیاسەتی نەوت بەشێكی قابیلی گفتوگۆیە، بۆ نموونە: بەپێی چەند وتارێك كە خۆی نووسیوێتی لەسەر پرسی نەوت و یەكلاكردنەوەی مەلەفی دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەم كەیسە باسی ئەوەی كردووە كە ((كێشە نییە كێ نەوت دەفرۆشێت، سۆمۆ، یان هەرێمی كوردستان، یان هەر كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی، بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئەم فرۆشتنە لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی نەوتی عێراقدا بێت، چونكە ئەم سیاسەتە گشتییە لەگەڵ ئۆپێك و لایەنە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە سیاسەتی نەوت بەپێی كۆمەڵێك رێككەوتن كراوە، چونكە ئیلتیزاماتی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق هەیە بۆ سیاسەتی فرۆشتنی نەوت، كە دەبێت لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی فیدڕاڵی بێت. ئێمە دەتوانین سوود لەسەر ئەم بیروبۆچوونەی ئەم كەسایەتییە وەربگرین، كە یەكێك نییە لەوانەی لە پرسی سەروەریی زۆر توندن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی گشتیی دەوڵەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كە یەكێك لە دەرەوە سەیری دەكات، هەست بەوە بكات ئەمە سیاسەتێكی نێودەوڵەتیی گشتی هەیە، لەناوخۆدا بە جیا دەتوانن رێككەوتن و مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەهۆی ئەم بیرۆكەیەوە لە توانادا هەیە جۆرە لێكتێگەیشتنێكمان لەسەر ئەم پرسە لەنێواندا هەبێت.
* سەبارەت بەكێشەی ناوچە جێناكۆكەكان كە لەسەردەمی حەیدەر عەبادی زیاتر ئەم مەلەفە ئاڵۆز كرا، ئێستا چۆن چارەسەر دەكرێت؟
- ناوچە جێناكۆكەكان پرسێكی هەستیارە و بە رێككەوتنی سیاسی چارەسەر نابێت، بەڵكو پێویستی بە لێژنەی هونەری هەیە، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە لە ئێستادا بمانەوێت كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین، چونكە ماددەی 140ی دەستووریمان هەیە و لێژنەكان بوونیان هەیە و كۆمەڵێك رێككەوتن و رێكخستن بە سێ قۆڵی لەنێوان ئەمریكا و عێراق و كوردستان كراوە، لەو رێككەوتنانە بەشێكی پەیوەستن بەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق، واتا زۆر ئاسایی و یاساییە پێشمەرگە رەوانەی ناوچە جێناكۆكەكان بكرێت و پێكەوە بە هاوبەشی جارێكی دیكە لەگەڵ هێزە عێراقییەكان هێمنی و ئارامیی ناوچەكان بپارێزن، لە رووی ئەمنیشەوە دامەزراوەكان لەو ناوچانەدا كاری خۆیان دەكەن، واتا دەتوانین بۆ ناوچە جێناكۆكەكان رێككەوتنی هونەریی لەسەر ئاستی ئەمنی و ئیداری و ئابووری بكەین. لێرەدا گرنگیی كورد لەوەدایە بە بوونی عادل عەبدولمەهدی دەتوانین ماددەی 140 كارا بكەینەوە كە تەنیا سێ ساڵمان لە بەردەستدایە، ئەویش ئەگەر پارتە سیاسییەكانی كوردستان خۆیان سەرقاڵی ململانێی ناوخۆیی نەكەن و ئەم پرسە هەستیارە پشتگوێ نەخەن، كە من پێم وایە هەلێكی دیكەی وامان لەبەردەستدا نابێت، دەتوانین لەم سێ ساڵەدا هەموو سازشێك بكەین لە بوارەكانی دیكەدا لە پێناو جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە، چونكە مەسەلەی ناوچە جێناكۆكەكان خاڵی ناكۆكی و لاوازی سەرەكیی نێوان ئێمە و بەغدایە، هەر سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان جەنابی سەرۆك بارزانی گوتی: بوونی عادل عەبدلمەهدی لە حكومەتی عێراقدا فرسەتێكە دووبارە نابێتەوە. ئەمە پەیامێكە بۆ سەركردایەتیی پارتی و بۆ حزبەكانی دیكە و بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنی ئێمە لە بەغدا و بۆ پەرلەمانی كوردستان و هەموو لایەك گرنگە، دەبێت هەر كەس و لایەنێك بەپێی بەرپرسیارێتی خۆی كار بكات، بە شێوەیەك بتوانین لە ماوەی ئەم سێ چوار ساڵەی حوكمی عادل عەبدولمەهدی بۆ بەرژەوەندیی خۆمان سوودی لێوەربگرین و بتوانین كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین.
* باس لەوە دەكرێت لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بەتایبەتی (ئاوی پاك و كارەبا) دووبارە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵك دەستپێدەكاتەوە و ئەو لایەنانەشی خۆیان بە دژی پرۆسە سیاسییەكە دەزانن لە هەوڵی ئەوەدان ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە بۆ مەرامی خۆیان بقۆزنەوە، ئایا تاچەند مەزندەی ئەوە دەكرێت ئەم حاڵەتە لە عێراقدا رووبدات؟
- خۆی لە خۆیدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان لە شەقامی عێراقیدا دەستی پێ كردووە، بەتایبەتی كە حكومەتە خۆجێییەكان نەیانتوانیوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دابین بكەن، ئەگەر تا سێ مانگی دیكە نەتوانرا مامەڵەیەكی دروستتر و سیاسەتێكی خێراتر لە ئیدارەدانی پرۆسەی خزمەتگوزارییەكان پەیڕەو بكرێت و ئەم كێشانەی ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ و شەقام و تەندروستی چارەسەر نەكرێت، ئەگەرێكی زۆر هەیە ئەم كێشانە لە هاوینی ئەمساڵدا ببێتە یەكێك لە گەورەترین كێشەكان، ئەو كاتە سەركردە سیاسییەكانی عێراق لەتوانایاندا نابێت كۆنتڕۆڵی جەماوەرەكەیان بكەن و دۆخەكەیان لەدەست دەردەچێت و هەڵچوون و ناڕەزایەتییەكانی شەقام دەگاتە ئاستێك تەنانەت ئەو سەركردەو هێزانەی هانی جەماوەرەكەشیان داوە بۆ خۆپیشاندان نەتوانن كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن، ئەو كات بەشێك لە هێزە سیاسییەكان سواری شەپۆلەكە دەبن و بەشەكەی دیكە رۆڵی خۆپیشاندەر دەبینن، بەمەش قەیرانەكان قووڵتر دەبنەوە و دەگاتە ئاستی شەڕی ناوخۆیی، هەربۆیە گەورەترین تەحەددای عادل عەبدولمەهدی ئەوەیە نەهێڵێت ناڕەزایەتییەكانی شەقام لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت، خۆ ئەگەر لە كۆنترۆڵیش دەرچوو، ئەوا نەگاتە شەڕی ناوخۆیی. بەڵام خۆشبەختانە ئیرادەیەكی سیاسیی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی لەگەڵ ئەوەدان عێراق ئارامی بەخۆوە ببینێت، بۆ ئەوەی گەشەپێدان و سەقامگیری هەبێت، ئەمەش خاڵێكی ئیجابییە.
