د.محەمەد حوسێن پێنجوێنی یاریدەدەری راگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سلێمانی بۆ گوڵان: عیرفان و خواناسیی پاك پێویستی بە بیر و سەقامگیری و سرەوتنی قووڵ هەیە

د.محەمەد حوسێن پێنجوێنی    یاریدەدەری راگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سلێمانی بۆ گوڵان:  عیرفان و خواناسیی پاك پێویستی بە بیر و سەقامگیری و سرەوتنی قووڵ هەیە
پێویستە مامۆستایانی ئایینیی ئیسلام خۆیان بە خاوەنی گشت بزانن و گشتیش بە خاوەنی خۆیان بزانن، لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا هەمیشە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەرجەستەبووە و رەنگدانەوەی جوانی هەبووە و زانایان و مامۆستایانی ئایینییش لە برەوپێدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا رۆڵی گەورە و كاریگەریان هەبووە و توانیویانە ببنە هەوێنی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هەست بە گۆڕانكارییەك دەكرێت بە ئاراستەی كەمكردنەوە و كاڵكردنەوەی ئەم رۆڵە، ئەم پرسانە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری ئەم دیدارەمان لەگەڵ (د.محەمەد حوسێن پێنجوێنی) یاریدەدەری راگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سلێمانی كە هاوكات گوتارخوێنی مزگەوتی خاتوو ستارە كوێسەییە، ئەویش بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* ئەگەر لەسەرەتاوە بەو خاڵە دەست پێ بكەین، كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ مێژووی پیاوان و زانایانی ئیسلامی لە كوردستان، راستەوخۆ ئەوین و عیرفانمان بەرچاو دەكەوێت، ئەم عەشق و عیرفانە ئایینییە چەندین زانا و فەیلەسوف و شاعیری گەورەی بۆ نەتەوەكەمان دروست كردووە، بەڵام ئێستا ئەم عیرفانە ئیلاهییە وەك پێشتر نابینین و زانا و فەیلەسوف و شاعیری گەورەش لە ریزی مامۆستا و زانایانی ئیسلامدا نابینین، ئایا هۆكاری ئەم وەرچەخانە نەرێنییە چییە؟
- عەشق و عیرفانی پیاوان و زانایانی ئیسلامی، پەیوەندی بە بژێوی خەڵك و ئەو بابەتە رەهاییە دەرونییانەوە هەبووە كە پێشتر مامۆستایانی ئایینی تێیدا ژیاون، بۆ نموونە: ئەو مامۆستایانەی قەڵەم و خامەیان بەهێز بووە لە دەرەوەی شار لە گوندەكان ژیاون و لەناو سرووشت و جوانیی شاخ و دەشت و دۆڵی كوردستان بوون، كە وایكردووە لە رووی دەروونی و هەناوییانەوە هەست بە سرەوتن و ئارامی بكەن، لە راستیدا شیعر و نووسینی بابەتە عیرفانییەكان و خواناسی، خۆی لەخۆیدا بیر و سرەوتێكی قووڵی سەقامگیری دەوێت، لە سەردەمی پێشوو هۆكارەكانی سەرقاڵبوونی زانایانی ئایینی زۆر كەم بووە، وەكو ئێستا ئەو هەموو كاریگەرییەی وەك (تەلەفۆن، مۆبایل، ئینتەرنێت، تەلەفزیۆن) و بابەتەكانی دیكەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەهاتبووە پێشەوە كە كاریگەری كردووەتە سەر ئەو ناخ و دەروونە سازە و ناتواندرێت لەم دۆخەدا هەڵقوڵاوی ناو ئەو عەشق و عیرفانە ئیلاهییە بین، ئەمە هۆكارێكە لە هۆكارەكانی دووركەوتنەوە لە عەشق و عیرفانە ئیلاهییەكە.
* بە درێژایی میژوو ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكەمان هاوشانی یەكتری و بۆ یەك ئامانج پێكەوە رۆیشتوون و بەردەوام ئایینی ئیسلام پشتگیریی خەبات و قوربانیدانی نەتەوەكەمان بووە، ئایا هەست ناكرێت كە خەریكە بەشێك لە زانایانی ئیسلامیی كوردستان بە ئاراستەیەكدا دەڕۆن، كە هاوشانی هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكە نییە؟
- ئەمە گشتگیر نییە، تەنیا چەند حاڵەتێكی ناتەندروستمان هەیە، كە تێیدا زانایانی ئیسلامیی كوردستان بە ئاراستەیەكدا دەڕۆن كە هاوشانی هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكە نییە، چونكە هێڵە گشتییەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەرگری لە مەزڵووم دەكات، بەو پێیەی ئێمەش نەتەوەیەكی مەزڵوومین، ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش بەرگری لە سەربەخۆیی مرۆڤەكان و دید و ئابڕوو و پێگەیان دەكات، هەربۆیە ئێمە وەكو كورد پێویستمان بەوە هەیە كە زانایانی ئایینی دیدە ئایینییەكە بكەنە دیدێكی نیشتمانی، چونكە ئایینی ئیسلام پشتیوانی نیشتمانیبوون دەكات، ئێمەش بەهاوشێوەی عەرەب و تورك و فارس و نەتەوەكانی دیكەی ئیسلام كە دەوڵەت و نیشتمانی خۆیان هەیە، پێویستە لەسەر خاك و نیشتمانی خۆمان سەربەخۆ بین. مادام ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئیقرار لە سەر موڵكییەتی تایبەتی دەكات، كە مرۆڤ خاوەنی زەوی و خاك و ئاوی خۆیەتی، خوای گەورەو میهرەبان دەفەرموێت: (وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا) واتا خوا ئیقرار دەكات بە شەعب و بە هۆز، كە دەتوانین بڵێین شەعب دەوڵەتێكی گشتگیرە، هۆزیش ویلایەتەكانە هەر كەسەو مافی خۆی هەیە. كاتێكیش پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (وأَنْتِ أَحَبُّ بِلاَدِ اللهِ إليَّ، فَلَوْ أَنَّ المُشْرِكينَ لَمْ ..) واتا مەككە خۆشترین شوێنی ئەو وڵاتەیە و خۆشترین شوێنی دنیایە لەلای من و ئەگەر قەومەكە منیان وەدەرنەنایە من هەرگیز مەككەم بەجێنەدەهێشت.
* هەموو كات زانایانی ئیسلامیی كوردستان هۆكارێكی گرنگ بوون بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئارامی و سەقامگیری لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا، هەر ئەمەش هۆكاری ئەو ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانەی كوردستانە، بەڵام لە ئێستادا هەست دەكرێت زانایانی ئیسلام لەم ئەركە گرنگەی خۆیان هەندێك پاشەكشەیان كردووە، ئایا هۆكاری ئەم پاشەكشەیە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- ناتوانین بڵێین زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام كەموكورتییان نییە، دەبێت دەست لەسەر برینەكان دانێین، ناكرێت زانایانی ئایینی ئیسلام پێگەی خۆیان لەدەست بدەن، لەكاتێكدا هەموو موسڵمانان بە جیاوازیی ئینتمای حزبی و بیروبۆچوونیانەوە پارتی بێت، یان یەكێتی، یان گۆڕان و هەر حزب و لایەنێكی دیكەی سیاسی، هەموویان دێنە مزگەوت و لە فاتیحە و بۆنەكاندا بەشدار دەبن، هەر بۆیە مامۆستا و زانایانی ئیسلام هەمووان دێنە لایان و لەكاتی هاتنی هەر حزب و لایەنێك نابێت مامۆستای ئایینی پێگەكەی خۆی لە بیر بچێتەوە. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: «خوایە بەقەدر و رێز نەبێت ئوممەتێك ئەگەر مافی هەژار و كەمدەرامەتانی تێدا بخورێت..» بۆیە دەبێت منی مامۆستای ئایینی هەموو كات لەگەڵ چینی هەژارو خەڵكی مەزڵوومی نەتەوەكەمدا بم، دەبێت هۆكاری ئاشتەوایی بم و دژی فیتنە و دووبەرەكی بم، لە كوێ گرێكوێرەیەك هەبێت، بیكەمەوە و چارەسەری بكەم، ئاو بە ئاگردا بكەم و هۆكاری ئاشتەوایی بم، خوای گەورە كاتێك بە مووسا (رەزای خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت و ئەمە بۆ پێغەمبەر(د.خ) روون دەكاتەوە، بەوەی فیرعەون (وَجَعَلَ أَهْلَهَا شِيَعًا) بەنی ئیسرائیلی پارچە پارچە كرد، تاوەكو بتوانێت بەسەر میللەتەكەیاندا زاڵ بێت و قووتیان بدات، بۆیە ئێمە وەكو نەتەوە لەهەموو كات زیاتر پێویستمان بە مامۆستای ئایینی ژیر و عاقڵ و دووربینە، هەروەكو چۆن پێویستیمان بە سەركردەی باش هەیە و پێویستمان بە وەزیری خواناس و راوێژكاری ئەمین هەیە. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (التَّاجِرُ الصَّدُوقُ الأَمِينُ مَعَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ) واتا بازرگانێكی راستگۆ كە لە بازرگانیكردندا لەگەڵ نەتەوەكەی خۆی درۆ نەكات و ئەمین و دەستپاك بێت، ئەوا لە رۆژی دواییدا حیسابی لەگەڵ شەهیدەكانە. هەریەك لە ئێمە زانای ئایینی بێت، یان سەركردە، ئەگەر وردبین و ژیر و دووربین بین، پێویستە نەتەوەكەی خۆمان نەكەین بە گژ یەكتردا و هەوڵ و كارەكانمان بۆ تەبایی و ئاشتەوایی بێت، ئەگەر مامۆستایەكی ئایینی خۆی بە لایەن و حزبێكدا دەربخات، ئەوا حزب و لایەنەكانی دیكە گوێی لێ ناگرن و ناتوانێت رۆڵی ئاشتەوایی ببینێت، دەبێت لە زهن و بیرو هۆشیدا بێت كە هەموو تاك و خێزان و ئەندامەكانی حزب و لایەنەكان موڵكی نەتەوەو ئەم نیشتمانەن، خۆ ئەگەر نەتەوەو نیشتمانمان پارێزراو نەبێت، دواڕۆژمان بەرەو لەناوچوون دەچێت و پێگەمان لەدەست دەدەین.
* لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا بە رێبەرایەتی مستەفا بارزانیی نەمر، حزبی سیاسیی ئیسلامی بوونی نەبووە، بەڵام مامۆستایان و زانایانی ئیسلامی كوردستان رۆڵێكی هێجگار كاریگەریان لەسەر تەواوی بوارە جیاجیاكانی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵك و شێوازی خەباتی پێشمەرگە هەبووە، ئایا تاچەند حزبە ئیسلامییەكان بوونە فاكتەری دروستبوونی بۆشایی لە نێوان زانایانی ئایینی ئیسلام و خەڵكی كوردستاندا؟ ئایا ئینتمای هەندێك لە زانایانی ئیسلامی كوردستان بۆ حزبە ئیسلامییەكان تاچەند متمانەی زانایانی ئیسلامی لای خەڵك كاڵ كردۆتەوە؟
- دەبێت مێژوو لە بیر نەكەین كە جەنابی مەلا مستەفای بارزانی حورمەتێكی وا گەورەی بۆ مەلا هەبوو، رەنگە ئەوانەی ئێستا كە لە گۆڕەپانەكەدان وەكو دیدی ئەو نەڕواننە حورمەتی مەلا و زانای ئایینی، زۆر لەمامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و كەڵە پیاو و مەلاكانی ئەو سەردەمە بۆ ئێمەیان باس كردووە، كە جەنابی مەلا مستەفا بارزانی حورمەت و رێزێكی بێ سنووری بۆ مامۆستایانی ئایینی هەبووە. دواتر من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە من هاوڕام لەگەڵ ئەو دیدەی كە ئینتمای زانا و مامۆستایانی ئایینی بۆ حزبە سیاسییەكان متمانەیان لای خەڵك كەم دەكاتەوە، چونكە مامۆستای ئایینی دەبێت خۆی بەخاوەنی گشت بزانێت و گشتیش بە خاوەنی خۆی بزانێت، لەكاتێكدا مامۆستای ئایینی خۆی دایە پاڵ پارتێكی سیاسی، یان ئایینی، ئەوا پێگەی گەورەی خۆی لەدەست دەدات.
* لەگەڵ نزیكبوونەوەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاچەند گرنگە مامۆستایانی ئایینی ئەو رۆڵ و پێگەیەی خۆیان لە خزمەتی لێكنزیكبوونەوەی سەرۆك حزبەكان و خەڵكیدا بێت و ببنە هۆكارێك بۆ بەهێزبوونی كوردستان و خۆشگوزەرانیی خەڵك؟
- سەرەتا هەموو خەڵك بەندەی خوایە، پێغەمبەر(د.خ) لە سوڵحێكدا بوو، پیاوێك بەناوی سەهل هاتە لای پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی: (انشاالله ئەم سوڵحە سەهل دەبێت..) واتا باوەڕی بەخوا هەبووە، ئەم ناوە دەبێتە خێر، ئینشاءالله منیش باوەڕم بەخوای خۆم هەیە كە ئاشتی و بزەی لێو لەم سەرۆك وەزیرانەی نوێی حكومەت بەدی دەكرێت و ئومێدم هەیە، بەسۆزو بەزەیی خوای گەورە ئەو كەسە هۆكاری سروور و ئاشتەوایی و بزەی لێوی خەڵك بێت، پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرموێت: «هەر سەرۆك و سەركردەیەك خوا كاری خێری پێ بێت، ئەوا خەڵكی باش و عاقڵ و ژیر و بیرمەندی لە خەڵكی عەشائیر و زانا و بیرمەند و دیندار و خواناسەكان لە هەموو ئایینەكان لێی نزیك دەكاتەوە، هەر بۆیە زۆر گرنگە سەرۆك وەزیرانی نوێی حكومەت لە خەڵكی نزیك ببێتەوەو گوێبیستی داواكاری و خواستەكانیان بێت. لەكۆتاییشدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەو كەسەی دەیەوێت پێشەواو سەركردەو رابەر بێت، دەبێت زۆر لێبووردە بێت، سەخی تەبیعەت بێت و بەرامبەر خەڵكی زۆر بەخشندە بێت، بەم شێوەیە خەڵكێكی زۆر لە دەوری خۆی كۆدەكاتەوە، هەروەها ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون و كاریان پێ دەسپێرێت، دەبێت زۆر شیاوی ئامانەتپارێزی بن.
Top