ساڵح قەلاب رۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری ئوردنی بۆ گوڵان:تەنها بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگە، تیرۆریستانی داعش تێكدەشكێندرێن

ساڵح قەلاب رۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری ئوردنی بۆ گوڵان:تەنها بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگە، تیرۆریستانی داعش تێكدەشكێندرێن
ساڵح قەلاب یەكێك لە نووسەر و رۆژنامەنووسە دیارەكانی عەرەبە و بەردەوام نووسینەكانی لە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن بڵاو دەبێتەوە. ئەو كەسایەتییە ماوەیەك لە حكومەتی ئوردنی وەزیر بووە، ماوەیەكیش راوێژكاری شا عەبدوڵڵای پادشای شانشینی ئوردنی هاشمی بووە. قەلاب وەك شرۆڤەوان و نووسەری سیاسی لە دەرەوەی سیاسەتی عەرەبی و نێودەوڵەتی، بایەخێكی زۆری بە كورد و سیاسەتەكەی داوە و چەند جارێك سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە. لە سەر رەوشی ئێستای ناوچەكە و مەترسیەكانی داعش و رۆڵی پێشمەرگە لەم شەڕەدا، پەیامنێری گوڵان لە عەمانی پایتەختی ئوردن، ئەم دیمانەی لەگەڵ ئەنجامداوە.گوڵان ــ عەمان
*خوێندنەوەتان بۆ سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئوردن چییە و بۆچی لەم كاتەدا سەردانی ئەو وڵاتەی كرد؟
- بەڕێز حەیدەر عەبادی لە دوای ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، بە نیازە سەردانی زۆر وڵات بكات، لەبەر ئەوەی لەسەردەمی مالكیدا پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەكە بێجگە لە ئێران تا رادەیەك خاو بوو، بۆیە عەبادی حەز دەكات لە سەردەمی خۆیدا پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بەهێز بكات، دوای ئێرانیش هاتە ئوردن، بە حوكمی پەیوەندیی كۆن، چونكە لێرە رەوەندێكی زۆری عێراقی هەیە، لێرە باس لە پەیوەندییەكان و بەرنامەی حكومەتەكەی كرا لە بواری ئەمنی و ئابووری، ئێمەش زیاتر حەزمان بە ناسینی بەرنامەكەی دەكرد و سەرنج و تێبینی خۆیشمان هەبوو، باسی ئەوەشمان كرد كە لە سەردەمی مالیكی هەمیشە رەوشی ئەمنی لەقی و پشێویی پێوە دیار بوو، چونكە ئەم لایەنە پەیوەستە بە سەقامگیریی ئەمنیی سەرجەم ناوچەكە، هەروەها بە پێویستمان زانی عێراق چاو بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبیدا بخشێنێتەوە، سەبارەت بە ئێرانیش ئێمە لاریمان لە بوونی پەیوەندیی لەگەڵ عێراقدا نییە، بەڵام نەك لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی وڵاتان و خەڵكی دیكە بێت، دیارە مەبەستم لە خەڵكی دیكە ئەو عەشیرەتە عەرەبە سوننانەیە كە لە سەر سنوورن و ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە و ناكرێ دژایەتی ئەوانە بكرێ.
* پرسیارەكەمان لەسەر داعشە، ئەم رێكخراوە چۆن سەری هەڵدا و بەچ شێوەیەك گەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا و تا چەند بۆ سەر هەموولایەك مەترسی دروست دەكات؟
- داعش لە ئەلقاعیدەوە هات، لە عێراق سەرەتا زەرقاوی بوو، دواتر ئەبوبەكر بەغدادی دەركەوت كە وەك پیاوی زەرقاوی كاری دەكرد، ئەوان ماوەیەك دژایەتی سوپای ئەمریكایان كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، دواتر توانییان چەند ئەفسەرێكی سوپای پێشووی عێراق بۆ لای خۆیان راكێشن و بەو شێوەیە هێزیان زیادی كرد، بەڵام هیچ بیر و بۆچوونێكی دیاریكراویان نییە و نازانن چۆن رەفتار دەكەن. داعش لە عێراق سەری هەڵدا و دروست بوو، ئەوان بە شێوەیەكی رێكخراو شەڕ دەكەن، بۆ زانیاریتان لە 20 فەرماندەی دەستەی ئەركانی داعش 19 یان لە گەورە ئەفسەرانی ئەركانی سوپای پێشووی عێراقن و تەنیا یەك ژەنەڕاڵیان خەڵكی سووریایە، جاری یەكەم تیرۆر لە سووریا سەری هەڵداو دەیانویست ئەمریكا لە قوڕەكەی عێراق هەڵسوون، بۆیە چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدرا و دەستی موخابەراتی سووریای لەپشت بوو، لەوانە لێدانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دەرەوە، دواتر لە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی سكاڵایان لەسەر بەشار ئەسەد تۆماركرد، ئینجا هەرچی زیندانی هەبوون ناردنیە ناو بەرەی نوسرە و داعش تاكو بە خەڵكەكە بڵێت ئەوە شۆڕش نییە لە سووریا من بەرهەڵستیی تیرۆریستان دەكەم، هەروەها بۆ ئەوەی پشتیوانی و رای عەلەوییەكان زیاتر بۆ لای خۆی رابكێشێت، ژمارەیەكی زۆریانی چەكدار كرد و عەلەوییەكانیش تا ئێستا پتر لە 60 هەزار كوژراو و 170 هەزار برینداریان هەبووە، ئێستاش داعش لە زۆر ناوچەی وەك حمس و حەسەكە و دێرزور نەوت دەردەهێنێت و بە خودی رژێمی سووریای دەفرۆشێتەوە، بۆیە داعش وەك دەوڵەتێكی دەوڵەمەندی لێهاتووە.
* لە چەند رۆژی رابردوو هێزی پێشمەرگە بەناو خاكی توركیادا چووە كۆبانێ، چۆن سەیری ئەو رووداوە مێژووییە دەكەیت؟
- بەر لە هەموو شتێك دەبێت ئەو پرسیارە بكەم؟ ئایا چ هێزێك دەتوانێت داعش لەناو بەرێت؟ بێگومان هێزی پێشمەرگە، بۆیەش پێشمەرگە وەك پێشەنگی هێز لەبەرامبەر تیرۆریستانی داعش دەركەوتوون، ئێستاش كە توركیا رێگەی داوە پێشمەرگە بەناو خاكەكەیدا بچێتە كۆبانێ هۆكارەكەی ئەوەیە. بەڵام هەتا ئێستا توركیا لە پارتی یەكێتی دیموكراتی( پەیەدە) ی سەر بە ساڵح موسلم دڵنیا نییە، لەبەر ئەوەی حكومەتی توركیا پەیەدە وەك بەشێك لە پەكەكە سەیر دەكات، بۆیە لە روانگەی توركیاوە ئەگەر چەك بدرێتە پەیەدە، گرفت بۆ توركیا دروست دەكەن، لەبەرامبەردا توركیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەڕێز مسعود بارزانی دڵنیان و متمانەی پێدەكەن، كە فەرماندەی هەموو پێشمەرگەكانە، بۆیە توركیا رێگەی دا پێشمەرگە وەك هێزێكی پێشەنگ بەرەو كۆبانێ بڕوات، لێرەدا دەخوازم بە راشكاوی بڵێم، بەڕێز مسعود بارزانی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی جێگەی متمانە و رێزی هەموو لایەكە و كەسیش ناتوانێت نكۆڵی لەم راستییە بكات، تەنیا ئەگەر یەكێكی گێرەشێوێن و بێ نەژاد و بەد نمەك خۆی لە ئاست ئەم راستییە گێل بكات، بۆیە ئەو بە سەرۆك و كەسایەتییەكی سەركەوتوو دەژمێردرێت. ئەم قەیرانەش بەوە چارەسەر دەكرێت، كە بەر لە هەموو شتێك بارودۆخی ئەمنی و ئابووریی عێراق چاك بكرێت و چەكی تەواو بە پێشمەرگە بدرێت و سوپای ئازادیش لە سووریا چەكدار بكرێت، دواتر زۆر پێویستە هێزی زەمینی بێتە ناو شەڕەكەوە، چونكە هەرگیز بۆردومانی ئاسمانی بە تەنیا هیچ شەڕێكی یەكلایی نەكردۆتەوە.
* بێدەنگی و نەجووڵانی توركیا لەبەرامبەر تیرۆریستانی داعش هەندێك گومانی دروستكرد، پاشان دەگوترا توركیا لەبەر پەكەكە پشتگیری كۆبانێ ناكات، لەوبارەیەوە راتان چییە؟
- مەسەلەی داعش و توركیا پەیوەندی بە پەكەكەوە نییە، توركیا پێشتر چاوپۆشیی دەكرد لە خەڵكێك كە لە ئەوروپاوە دەهاتن و خۆبەخش بوون و دەچوونە دەوڵەتە عەرەبییەكان، وای دەزانی ئەوانە مەترسی نین و دەچن شەڕی رژێمی سووریا دەكەن، لە راستیدا وا نییە، لە قۆناغێكدا تەنگەتاویان كردبوون، بۆیە دواتر قەدەغەیان كردن، رای جیاوازیش لەسەر ئەمە هەیە، بۆ نموونە من رام جیاوازە لەگەڵ تورك، ئەو دەوڵەتە مەزنەی توركیا ناكرێ تێكەڵ بكرێت بە پەیوەندیی ئیخوان موسلمین لەگەڵ سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان.
* چۆن دەڕوانیتە رەوشی ئێستای عێراق و پێتوایە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات؟
- لە ئێستای عێراقدا گرفتی گەورەو مەترسیداری ئەمنی لە ئارادایە كە بریتییە لە مەترسی تیرۆریستانی داعش، ئەو ژینگەیەش كە داعشی لەئامێز گرت، ژینگەی ناوچەكانی عەرەبی سوننە بوو، دروستبوونی ئەم ژینگەش كاردانەوە بوو بەرامبەر لێدانی عەرەبی سوننە لە عێراقدا، لە راستیدا مەبەستەكە لێدانی عەرەبی سوننە بوو، چونكە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، بریمەر و دەسەڵاتدارانی تازەی عێراق رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە لە عێراق هەم سەركەوتوو هەم شكستخواردوو هەیە، بەڵام حكومەتی نوێی عێراق هەموو عەرەبی سوننەیان بەوە لەقەڵەم دا كە دارودەستەی سەدام حوسێنن و دەستدرێژیی زۆریان كردەسەریان، سوننەی عێراق لە سەردەمی مالیكی ئەوەندە چەوسێنرانەوە تا بووە هۆی هێنانەكایەی ژینگەیەك بۆ لەئامێزگرتنی داعش. ئەو سوپایەی عێراقیش كە پێشتر هەبوو، هەڵوەشێنرایەوە، كە ئەمە هەڵەیەكی گەورە بوو، چونكە لە چەندین دەوڵەت كە رژێمەكانیان گۆڕدراون، بەڵام سوپاكانیان هەرماون. لە ئێستاشدا گەرچی بۆچوون و ئاراستەیەك لە ئارادایە بەوەی حكومەتی عێراق دەیەوێت لەو هەڵانە دووربكەوێتەوەو دووبارەی نەكاتەوە، بەڵام تا ئێستا نازانین چۆنە، ئێستا زۆر دۆسێی ئەمنی و سەربازی دراونەتە دەست میلیشیاكانی شیعە، كە ئەمە وا دەكات داعش ئەو هەلە بقۆزێتەوەو هەندێ كەس كە خۆیان بە ستەملێكراو دەزانن، قایل بكات و بیانكاتە چەكداری خۆی و ئێستا بوونەتە مەترسییەكی نێودەوڵەتی.
* كەواتە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەم قۆناغە پڕ مەترسییەی ئێستادا دەبێت چی بكرێت؟
- من پێشتر ئاماژەم بەوە كرد، دوای رووخانی رژێمی بەعس بە شێوەیەك عەرەبی سوننە تاوانباركران، وەك بڵێیت هەموویان پیاوی سەدام حوسێنن، بەڵام ئەوەندەی سەدام سەركردەی عەرەبی سوننەی كوشتووە، ئەوەندە سەركردەی شیعە نەكوژراون، بە بیرتان دێت ساڵی 1979 كە ژمارەیكی زۆری لە سەركردەكان لەسێدارەدا كە زۆربەیان سوننە بوون، بۆیە برێمەر هەڵەیەكی كوشندەی ئەنجام دا كاتێ سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە، هەر ئەوە زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی تایفەگەری خۆش كرد كە لە ئەنجامدا ئێران دەستێوەردانی لە عێراق دەست پێكرد، بۆیە دەبینین ئێستا فەرماندەیەكی سەربازی ئێرانی سەركردایەتیی سوپای عێراق دەكات، لە كاتێكدا كە سوپای پێشوو بە باشترین سوپای جیهان دەژمێردراو ئەفسەرەكانی شارەزا بوون لە دەوڵەتانی پێشكەوتووی جیهان بۆ نموونە لە رووسیا مەشقیان پێكرا بوو، ئێمە پێمان خۆشە ئێران وەك دەوڵەتێكی دراوسێ پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئێمە و عێراق هەبێت، نەك دەست وەربداتە كاروباری ناوخۆی عێراق كە تەنانەت كاریگەریی بۆ سەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت.
* وەك رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارێكی ناسراو ئاگاداری ناوچەكەی بۆیە رەنگە ئەوەت بیستبێت كە وڵاتانی عەرەبی لە كەنداو، وەك قەتەر و سعودیە و ئیمارات بە پشتیوانیكردن لە داعش تۆمەتبار دەكرێن، ئەوە تا چەند راستە؟
- ئەمە وا نییە، رەنگە لەسەر ئاستی تاكەكەس وابێت، با بڵێین كەسێك بە 10 ملیۆن و 20 ملیۆن دینار یان دۆلار یارمەتی داعش بدەن، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی ئەو سوپاو هێزەی داعش بتوانێت لەشەڕ بەردەوام بێت، دەوڵەتێكی وەك سعودیە ئەلقاعیدە و داعش بە دوژمنی خۆی لە قەڵەم دەدات، چونكە ترسی لەوە هەیە بكرێتە ئامانجی تیرۆریستان، سەبارەت قەتەر لە سەرەتادا كەسانێك هەبوون یارمەتی بەرەی نووسرەیان داوە لە سووریا، بۆیە من لەو باوەڕەدام كە لەسەر ئاستی دەوڵەت ئەمە نییە، رۆژانە داعش پتر لە 20 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت، تەنیا لە فرۆشتنی نەوت لە بیرەكانی ژێر دەستی خۆی بایی ملیۆنێك دۆلار بەدەست دێنێت، بۆیە بە پارە دەتوانێت چەك بكڕێت، لە سەردەمی مالیكیدا چوار فیرقەی سەربازیی یەكسەر بە چەك و كەلوپەلەوە خۆیان بەدەستەوە دا و فەرماندەكانیان هەڵهاتن، یان پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا، ئەوان ئۆتۆمبیلی سەربازی و تانك و زرێپۆش و چەكی قورسیان بۆ داعش بەجێهێشت، تا ئێستاش سوپای عێراق نەیتوانیوە خۆی رێكبخاتەوە، هیوادارین بتوانێت جارێكی دیكە بە شێوەیەكی باشتر بنیادبنرێتەوە.
* ئێستا قورسایی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستانە، نزیكەی سێ ملیۆن ئاوارە روویان تێكردووەو هێزی پێشمەرگە بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر دژی داعش لە شەڕدایە، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەو دۆخە هەیە؟
- من لەو باوەڕەدا نیم هەرێمی كوردستان دەرگا بەڕووی ئەو خەڵكە دابخات كە رووی تێدەكەن و زۆربەیان هەژارن و لەبەر خراپیی بارودۆخەكە هاتوون، بۆیە سەركردایەتیی كورد لەم هەرێمە رێگەیان لێ ناگرێت، چونكە كورد هەر لە مێژوودا چەندین جار دووچاری دەربەدەری و ئاوارەیی شاخ و شاران بوونەتەوە، هاوكاری ئاوارەكانیش دەكەن، بەڵام ئەوانەی وەك پەنابەر روو لە كوردستان دەكەن، نازانرێت ئایا سەر بەكێن و پشتیوانی داعشن یان تیرۆریستن؟ سەبارەت بە پێشمەرگەش من دەڵێم هەرگیز پێشمەرگە ئامادە نەكرابوو تا بچێتە دەرەوەی هەرێم، سەردەمێك بە چەكی سووك چەكدار كرابوو، بەڵام دواتر بوو بە هێزێكی رێكوپێك و یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان كە دەتوانێت لە دەرەوە بەرگری بكات، وێڕای ئەوەی كە توانای پاراستنی سنووری هەرێمی كوردستانی هەیە، بۆیە من پێموایە پێشمەرگە لەو ئەركەی پێی سپێردراوە، سەردەكەوێت.
* رات چییە بەرامبەر ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی كە لە 60 دەوڵەت پێكهاتووە، هەروەها ئەو چەكانەی رەوانەی كۆبانێ دەكرێن؟
- هەروەك دەزانن كۆبانێ شارێكی بچووكەو رەنگە دهۆك لەو گەورەتر بێت، ئەو شارە پتر لە 45 رۆژە لە ئاسمانەوە بۆردومان دەكرێت، بەڵام هیچ ئەنجامێكی پێشكەوتووی لێ نەكەوتەوە، سەدام حوسێن كاتی خۆی لە حاجی ئۆمەران و لە شاخەكان هێزی پێشمەرگەی بۆردومان دەكردو نەیدەتوانی زیانیان پێ بگەیەنێت، بەڵام كە دەهاتە سەر هێزی زەمینی ئەو كاتە كاریگەریی هەبوو، بۆیە جارێكی دیكە دەڵێم: داعش كە چەكی چوار تیپی سەربازی عێراقی چنگ كەوت، هەر وا بە ئاسانی و بە زەبری هێزی ئاسمانی كۆتایی نایەت، ئەگەر هاوپەیمانان و عێراق بە هێزی زەمینی رووبەڕووی نەبنەوە.
Top