عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ گوڵان:بە بەرپرسانی ئێرانیم وتووە ئەگەر دەتانەوێت بارودۆخەكەچارەسەر بێت داوا لەمالیكی و حكومەتەكەی بكەن دان بە هەڵەی خۆیاندا بنێن
June 26, 2014
دیمانەی تایبەت
بارودۆخی ئێستای كوردستان جیا لە هەموو كاتێكی دیكە پێویستی بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان و تەواوی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان هەیە، بارودۆخی ئێستا تەنیا رووبەڕووبوونەوەی كێشەیەك نییە، بەڵكو قۆناخێكی تازەیە و دەبێت كورد و كوردستانییەكان بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی بڕیاری چارەنووسسازی لەسەر بدەن و هەر ئەم بڕیارەش بەرەو ئەو ئاسۆیەمان دەبات كە سەدان ساڵە ئومێدی بۆ دەخوازین، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم رەوشە و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم قۆناخە تازەیە، ئەم وتووێژە كورتەمان لەگەڵ بەڕێز عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* ئەم دۆخەی ئێستا عێراقی تێكەوتووە چۆنی دەبینیت؟
- بە ناوی خوای بەخشندەو میهرەبان، لە راستیدا ئەوەی عێراق تێیكەوتووە بنەچەی نەخۆشیەك نییە، بەڵكو نیشانەی نەخۆشیەكەیە، وەك چۆن كەسێك كە سەرمای دەبێت و دەپژمێت و ئاو بە لوتیدا ناوەستێت و چاوەكانی سوور هەڵدەگەڕێن و دەكۆكێت، ئەم دەركەوتانە ئەسڵی نەخۆشیەكە نییە، چونكە ئەوەی گرفتەكەی لێ پەیدا بووە سەرمابوونە، هاوشێوەی ئەمە بارودۆخێك لە عێراقدا كە ئێستا دەگوزەرێت دەرهاویشتەی ئەو عەقڵیەتەیە كە لە ساڵانی رابردوودا لە بەغدا حاكم بووە، كە عێراقی تازە لەسەر بناغەی ئەو دەستوورەی دەنگی پێدراوەو پاشان لەسەر بنەمای پێكهاتن و پاشان لەسەر بناغەی ئەوەی عێراق ئیتیحادێكی فیدراڵی و ئارەزوومەندانەیە داڕێژراوەتەوە، بەڵام شێوەی رەفتاركردنی حوكمڕانانی بەغدا ئەمەی تێدا نەخوێنراوەتەوە، زیاتر ئەوەی تێدا رەچاو كراوە كە حوكمی شەخسێكە یان حزبێكە، خۆ ئەگەر بڵێم حوكمی تایەفەیەكە زوڵم لە تایەفەكە دەكەم كە شیعەیە، چونكە زۆر لە شیعەكانیش ناڕازین لەو شێوازە ئیدارەدانەی عێراق كە لە هەشت ساڵی رابردوودا پێوەی بەڕێوەبراوە، ئەوەی لە عێراقدا ئێستا دەگوزەرێت دەرهاویشتەی ئەو عەقڵیەتەیە كە لە رابردوودا حوكمی كردووە، پێشموایە ئەگەر لە ریشەوە ئەم عەقڵیەتە نەگۆڕدرێت ئەم دۆخە هەروا دەمێنێتەوە ئەگەر ئەوەش بەسەر بچێت، كە لەلایەن چەند هێزێكەوە ئێستا موسڵ و چەند شارێك گیراوەو ئەو هێزانەش بشكێن دیسان ئەو دەرهاویشتانە لە بەرگ و شێوەی تردا خۆیان بەرجەستە دەكەنەوە..
* ئەگەر هەر لەسەر ئەم بابەتە هەڵوەستە بكەین ئەم بارودۆخەی هاتۆتە پێشەوە دەرئەنجامی هەرەسهێنانی سوپای عێراقی بوو، ئەمەش بارودۆخی كوردستانی گۆڕی، پێشمەرگە چوونە پێشەوەو شتێك هاتۆتە پێشەوە لەوانەیە بە شێوەیەك لە شێوەكان كوردستانیش لەبەردەم هەڕەشەدا بێت، لەو رووەوە چۆن تەماشای دۆخی هەرێمی كوردستان دەكەیت؟
- لە كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی جەنابی كاك مسعود بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا ئەگەرچی خۆم نەچووم، بەڵام بە نوێنەرایەتی خۆم بە بەڕێزان كاك عەبدولستار و مامۆستا یاسین-م وت سەلام و رێزی من بە جەنابی كاك مسعود بگەیەنن و پێی بڵێن فڵان كەس وتویەتی لە بەرانبەر هەرچی نرخێك بووبێت با كورد نەچێتە ناو ئەو شەڕەوە، لەو ئاڵۆزییەی هاتۆتە عێراقەوە دەستی ئێمەی تێدا نەبووەو نییە، با ئێمە نەبینە جەمسەرێك لەو شەڕ و كێشەیە، چونكە ئەوكات خەڵكی عێراق بە گشتی زیاتر زیانمەند دەبن بەلایەنی كەمەوە كە ئێستا خەڵكی بە شیعەو سوننەو هەمووانەوە كە لێیان دەقەومێت پەنایەكیان هەیە پەنای بۆ بەرن، ئەگەر ئێمە بچینە شەڕەكەوە ئێرەشمان لێ تێك دەچێت، لەسەر ئاستی عێراق زۆر زەرەر دەكەین و كوردیش زیاتر زەرەر دەكات، كوردستانیان باجی ئەو عەقڵیەتە حوكمڕانەی بەغدایان داوەتەوە، چۆن ئێستا كارێك بكەین كە بەرگری بێت لەو عەقڵیەتە، ئەو عەقڵیەتەی بەغدا باجی هەڵەكانی خۆی دەدات ئێمە بۆچی لە باجداندا شەریكی بین، نابێت هیچ فشارو گوشارێك بمانخاتە ژێر ئەو بارو ئەو كێشەیەوە.
دەكرێت ئێمە بەشێك بین لە چارەسەر، لێتان ناشارمەوە هەندێك بەرپرسی ئێرانی لێرە بوون، وتم ئەگەر دەویسترێت ئەوە چارەسەر بكرێت با نوری مالیكی و حكومەتی عێراق دانبنێن بە هەڵەكانی خۆیاندا كە بە تایبەت لە بەرانبەر سوننەی عەرەبدا كردویانە كە نەیانتوانیوە بەرگەی خۆپیشاندانی خەڵكەكەیان بگرن، دووەم با ئیعتوبار بگێڕدرێتەوە بۆ ئەو سەركردە سوننە مەزەبانەی كە بەهۆی نزیكیان لە حكومەتی ناوەندی مالیكیەوە لە نێو شەقامی خۆیاندا متمانەی خەڵكیان لە دەست داوە، داواشم لێكردن كە بە هیچ شێوەیەك با ئێران نەیەتە ناو ئەو شەڕەوە چونكە بە یەكجاری و ئاشكرا دەبێتە شەڕی تایەفی نێوان سوننەو شیعەو شتی خراپتر دەقەومێت، رەنگە خوێنێكی زۆر بڕێژرێت، رەنگە سەرەتاكەی بە دەست خۆت بێت چۆن بچیتە ناوی، بەڵام كۆتاییەكەی بە دەست خۆت نابێت چۆن لێی دەردەچیت.
ئەگەر بوترێت ئەم شێوازی حوكمڕانییە هەموو تایەفەی شیعە لێی بەرپرسیارە زوڵم دەرهەق بە شیعە دەكەین، بە پلەی یەكەم مالیكی وەك شەخسی خۆی بەرپرسیارە دواتر حزبەكەشی وەك حزب.
* وەك جەنابت ئاگادار بیت ماوەی پێشوو لەسەر ئەم قەیرانە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی چوونە ئێران و لەگەڵ راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆبوونەوە، لەسەر ئەو بابەتە هیچ ئاگادارییەكت هەیە؟
- لەگەڵ باسیان كرد وتیان چوون بۆ ئێران هەندێ دڵم ترسا، ئێرانییەكان تەكلیف و داوایەكیان لێ بكەن كە بۆ كورد زۆر بە قورسیی بوەستێتەوە، لە وردەكاریی ئەو سەردانە ئاگادار نیم.
* ئەمڕۆ پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە سەنگەردان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، پرسیارەكەم ئەوەیە ئەمڕۆ بەشێكی زۆر لە خاكی كوردستان لەلایەن كوردەوە گەڕاوەتەوە دەست هێزی پێشمەرگە بەمەرجێ ماوەیەكی زۆرە بە ئاشتیانە داوا دەكرێتەوە، ئايا بە بۆچوونی بەڕێزت چ دیدێكی نیشتمانیت لەم بارەیەوە هەیە بۆ پارێزگاری كردنی خەڵكانی ئەو ناوچانە؟
- پێموایە ئەگەر لە رووی سیاسییەوە پێمان بكرێت ئێستا دەرفەتێكی باش هاتۆتە پێش تا ئەو حەقەی كە قۆرخ كرابوو لێمان چەندین ساڵە داوای دەكەین و كەس هاوكارمان نەبووە بۆ وەرگرتنەوەی، پێش هەمووانیش ئەمریكا رێگر بوو لە وەرگرتنەوەی ئەو هەقە زایەعبووە، ئێستا دەرفەتێكی باش لە ئارادایە و پێویستە هەموومان لەسەری یەكدەنگ و كۆدەنگ بین كە پارێزگاری لەم حەقە بكەین كە هاتۆتەوە دەستمان، بە مەرجێك دۆخی سیاسیش هاوكارمان بێت و ئێمەش رێنماییمان داوەتە پێشمەرگە دێرینەكانی خۆمان كە بۆ پارێزگاریلێكردنی وڵاتی خۆمان و دەسكەوتەكان و میللەتی ستەمدیدەمان ئامادەی هەموو فیداكارییەك بین و لەو رووەو بەیانی مەكتەب سیاسیمان روونە نەك وەك دژایەتیكردنی هیچ كەس و لایەنێك، بەڵكو وەك دڵسۆزی بۆ میللەت و وڵاتی خۆمان.
* كەواتە ئێوە پشتیوانی لەو داواكارییەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن كە تیایدا هاتووە تەنانەت پێشمەرگە خانەنشینكراوەكانیش پشتگیری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.
- هەر وەك وتم ئێمە لەسەر هەموو شتێكی حەق پشتگیری دەكەین و جەنابی كاك مسعود كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، پێش ئەو داوایەی سەرۆكی هەرێمیش تەوجیهم داوەتە مەكتەبی سیاسی خۆمان و پێشمەرگە دێرینەكانیشمان كە بەیانێكیان دەركردو ئامادەییان دەربڕی كە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەو ناوچانەی كە بۆ سەر هەرێمی كوردستان گێڕدراونەتەوە، پێداگیرییان لەسەر بكەین و داكۆكییان لێ بكەین كە بە یەكجاری بگێڕدرێنەوە سەر سنووری هەرێمی كوردستان.
* لە هەموو قەیرانێكدا بەڕێوەبردنی قەیرانەكە زۆر گرنگە، ئەمڕۆ ئیدراەدانی ئەم قەیرانە دەكەوێتە ئەستۆی حزبە كوردستانییەكان و بەڕێز مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێتانوایە بەڕێوەبردنی ئەم تەنگژەیەی ئێستا دەبێت چۆن بێت؟
- بە پلەی یەكەم كاك مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەك باڵادەستترین دەسەڵاتی ئەم هەرێمە لە پرس و راو راوێژی بەردەوامدا بێت بە هەموو لایەك تا هەوڵ بدات هەموو لایەنە سیاسییەكان بگەیەنێتە حاڵەتێكی كۆدەنگی كە هەموومان یەكهەڵوێست بین، ئێستا هیچ شتێك وەك یەكدەنگی و یەكسەنگی و یەكڕەنگی خزمەت بەو میللەتەی ئێمە ناكات، چونكە دوژمن و ناحەز و هەڕەشەی زۆرمان لەسەر هەیە، ئەوەی پاش خوای پەروەردگار پشتی پێ ببەستین ئەو یەكدەنگی و یەكڕەنگیەی خۆمانە.
