وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر بۆ گوڵان:باڵوێزخانەی میسر لە بەغدادەستدەكات بە گواستنەوەی میسرییەكان لە عێراق
June 19, 2014
دیمانەی تایبەت
عەبدولعاتی لە چەندین لێدواندا لە قاهیرە دووپاتی كردەوە كە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە پارێزگاری كردنە لە یەكێتیی خاكی عێراق و دابەش نەكردنی لەسەر بنەمای تایفەگەریی تایبەت، هەروەها چەندین دەوڵەتی عەرەبی هەن نەك هەر تەنیا عێراق رووبەڕووی ئەو هەڵمەتە دڕندانەی مەزهەبی دەبنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە پێوەندییەكی زۆر لە نێوان میسر و لایەنە كاراكانی كاروباری عێراق لە ئارادایە بۆ پشتیوانی كردن لە یەكێتی و زاڵبوون بەسەر ناكۆكیەكاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، دووپاتیشی كردەوە كە یەكێتیی دەوڵەتی عێراق شتێك و پرسێكی زۆر گرنگە و ئامانجی سەرەكیش ئەوەیە كە عێراق بەهێز بێت تا هەموو رۆڵەكانی تێدا كۆببێتەوە.
هەروەها گوتی: لەگەڵ هەموو وڵاتانی عەرەبیدا راوێژكراوە لەوانەش دەوڵەتانی كەنداو و لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە كۆبوونەوەیەكی نوێنەرانی هەمیشەیی كۆمكاری عەرەبی ببەسترێت كە چاوەڕوان دەكرێت میسر بۆچوونی خۆی و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی عێراق بخاتەڕوو، هەروەها هەڵوێستی رەتكراوەی تایفەگەری و پشتیوانی كردن لە یەكێتیی دەوڵەتی عێراق دەرببڕێت. ئاماژەشی بەوەكرد كە ئامانجی سەرەكیی ئەم كۆبوونەوەیە گەیشتنە بە هەڵوێستێكی یەكگرتووی عەرەبی و پاراستنی یەكپارچەیی دەوڵەتی عێراق، لەگەڵ داواكردن لە هەموو هێزە سیاسییەكان و كۆمەڵگە لە عێراق بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانیان تاكو بتوانرێت رووبەڕووی هێزە توندڕۆكان ببنەوە.
ناوبراو دووپاتی كردەوە كە باڵیۆز ناسر كامل یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری عەرەبی كۆتایی بەسەردانەكەی بۆ عێراق هێناوەو تێیدا لەگەڵ بەرپرسانی عیراق و نوێنەرانی هێزە سیاسییەكان و سەرجەم لایەنەكان كۆبۆتەوەو باسی پێوەندییە دووقۆڵیەكانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەسەندنەكانی سەر گۆڕەپانی ئیقلیمی لەگەڵدا كردوون، كە بەم پێیە راپۆرتێكی تێروتەسەلی وەزیر سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی عێراق بەرزدەكرێتەوە. هاوكات لە ئێستادا دامەزراوە پێوەندیدارەكانی سەر بەوەزارەت بە نیازن لە بارودۆخەكە بكۆڵنەوە شان بە شانی سەردانەكەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە.
لە هەمان سۆنگەوە، وەزارەتی دەرەوە و نێردەی دیپلۆماسیی میسر لە عێراق و باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دەست دەكات بە گواستنەوەی میسرییەكان كە لە ناوچەكانی پێكدادان لەگەڵ رێكخستنی تیرۆریستی داعش بوونیان هەیە، هەروەها باڵیۆزخانەی میسر و نێردەكانی بەردەوام دەبێت لەسەر گواستنەوەی هەموو ئەو هاووڵاتیانەی كە لە هەر شارێكدا نیشتەجێن و مەترسی و كاریگەریی تێدایە بۆ سەر سەلامەتی گیانی هاووڵاتیانی میسری.
