عێراق بۆ دۆخی بەر لە ڕووداوەکانی مووسڵ ناگەڕێتەوە.. باشترە سوننەیش هەرێمی هەبێ

عێراق بۆ دۆخی بەر لە ڕووداوەکانی مووسڵ ناگەڕێتەوە.. باشترە سوننەیش هەرێمی هەبێ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە، ئەستەمە عێراق بۆ بەر لە ڕووداوەکانی بگەڕێتەوە و، باوەڕی وایە باشترین چارە بۆ دۆخەکە، ڕێدانە بە پێکهێنانی هەرێمێکی سوننە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە، ئەستەمە عێراق بۆ بەر لە ڕووداوەکانی بگەڕێتەوە و، باوەڕی وایە باشترین چارە بۆ دۆخەکە، ڕێدانە بە پێکهێنانی هەرێمێکی سوننە.

لە دیمانەیەکدا کە تۆڕی ڕاگەیاندنی بی بی سیی بەریتانیایی لەگەڵیدا سازی داوە و ئەمڕۆ سێشەممە بڵاو بووەتەوە، نێچێرڤان بارزانی دەڵێت، "ئێمە لە عێراقی پاش ڕووداوەکانی مووسڵ و دواتریش دەڕوانین، باوەڕیشم وایە کە ئەستەمە عێراق بۆ دۆخی پێشووی بگەڕێتەوە."

نێچیرڤان بارزانی هەروەها لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، چارەکردنی قەیرانەکە کە ئێستا وڵات پێیدا ڕەت دەبێ، "ڕێگەی سەربازی چارەسەر نییە، لایەنەکانی قەیران پێویستیان بە چارەی سیاسی هەیە بۆ پرۆسەی سیاسی و باشترین ڕێگاچارەیش بەشداریپێکردنی پێکهاتەی سوننەیە لەو پرۆسەیەدا کە پێیان وایە پەراوێز خراون و لێی بێبەشن."

دەربارەی سرووشتی گرووپە چەکدارەکانیشەوە گوتی "بەرهەمی سیاسەتێکی هەڵەیە کە بەغدا بەرانبەر بە سوننە پێڕۆی دەکات، ئەوان پێیان وایە کە بێبەش کراون. پێم وایە کە دەبێ بەغدا ئەو بڕوایەیان لا پێک بێنێت لە پرۆسەی سیاسییدا بەشداری بکەن، چونکە متمانەیش لە نێوان سوننە و مالیکیدا نییە هەروەک چۆن متمانە لە نێوان مالیکی و کورددا نییە، بگرە متمانە لە نێوان شیعە خۆیشیاندا نییە، بۆیە باوەڕم وایە ئەستەمە دۆخەکە هێور ببێتەوە."

دەربارەی ڕۆڵی ئەمەریکایش، سەرۆکوەزیارن ڕوونی کردەوە "ئەمەریکا دەتوانێ هاوکاریی عێراق بکات، بێئەوەی هێزی بۆ بنێرێ، بەڵکە ڕێگای دی هەن تا لە ڕێیانەوە هاوکاریی بکات، بەڵام بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئەمەریکا بڕیار بدات کە هاوکاریی دەکات"، پێیشی وایە "ئەگەر دۆخەکە بێ مالیکی وەک خۆی لێ بێتەوە ئەوکات پێویست بە هاوکاریی ئەمەریکایش ناکات."

پێوەست بەو شوێنانەیش کە پاش پاشەکشەی سوپای عێراق پێشمەرگەی لێ جێگیر کراوە، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند "کاری لەپێشینەی ئێمە پاراستنی ناوچەکانی کوردستانە و هەر بەلەپێشینەیش دەمێنێتەوە، چونکە سوپای عێراق لە ئێستادا لە توانایدا نییە ئەو ڕۆڵە ببینێت، بەڵام ئەرکیەتی کە بەرپرسارەتی لە ئەستۆ بگرێ و هاوکاریی سوننە و هۆزە سوننییەکان بکات، دڵنیام بەم کارە دەتوانن دەست بە دۆخەکەوە بگرن."

دەربارەی دابەشبوونی عێراقیش گوتی "پێم وا نییە عێراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، عێراقی بەر لە ڕووداوەکانی مووسڵ، جیاوازترە لە هیی ئێستای، پێویستە ئێمە لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ بینەوە و چارەیەک بدۆزینەوە، بەڵام سەرباری ئەوەیش بڕوامان وایە کە عێراق بۆ دۆخی بەر لە ڕووداوەکانی مووسڵ ناگەڕێتەوە."

دەربارەی پرسی بەهەرێمکردنی ناوچە سوننییەکانیش وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییەکانی، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "با ئەو بابەتە بۆ پێکهاتەی سوننە خۆیان جێ بێڵین، ئەوان دەبێ خۆیان بڕیار بدەن، ەبڵام من پێم وایە باشتر سوننەکان ناوچەیەکیان هەبێت وەک ئەوەی ئێمە هەمانە."
Top