عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (گوڵان):بۆ گەیشتن بە ئاییندەیەكی باشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستاوە سیاسەتی بۆ ساڵی 2020 داڕشتووە

عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (گوڵان):بۆ گەیشتن بە ئاییندەیەكی باشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستاوە سیاسەتی بۆ ساڵی 2020 داڕشتووە
دكتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵاندا باس لەدوا وردەكارییەكانی پرۆژە یاسای بودجەی 2014ی هەرێمی كوردستان دەكات كە سەرەڕای كەمبوونەوەی بەشە بودجەی هەرێم بەهۆی زیادبوونی بودجەی سیادیی و حاكیمەوە بۆ 40 تریلیۆن دینار، بەڵام وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم بەشێوازێكی نوێ و میكانیزمی جیاواز لەساڵانی دیكە بودجە بۆ وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم و پرۆژەكانیان تەرخان دەكات، وەزیری پلاندانان لەم دیمانەیەدا وەڵامی چەندین پرسی دیكەی پێوەندار بە ژێرخانی هەرێمی كوردستان و پلانی ستراتیژیی پەرەپێدان و پرۆسەی سەرژمێری و بەرنامەو كاری داهاتووی وەزارەتەكەیانی دایەوە.
* وەزارەتی پلاندانان یەكێكە لەو وەزارەتانەی كە پلانی حكومەت دادەڕێژێت، ئایا پرۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2014 بەكوێ گەیشتووە، ئەی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان چۆنە؟
- بۆ پرۆژەی بودجەی ساڵی 2014، وەك وەزارەتی پلاندانان ئامادەكاریمان بۆ بودجەی وەبەرهێنان كردووەو وەزارەتی داراییش وەك لایەنی پەیوەندیدار ئامادەكاری بۆ بودجەی بەكارخستن كردووە، سەبارەت بە بودجەی وەبەرهێنانیش ئێمە بە شێوازێكی نوێ و مودێرن كارمان لەسەر بودجەی 2014 كردووە، میكانیزمێكی سەردەمیانەمان پەیڕەو كرد ئەویش بە دانیشتن و گفتوگۆكردن لەگەڵ گشت وەزارەتەكان و دانانی سەقفێك بەپێی پێداویستیی خزمەتگوزارییەكان و چەندین رێنمایی دیكە، بێگومان وەزارەتی پلاندانان لە مانگی 7-8ی ساڵی رابردوو دەستی بە ئامادەكارییەكانی بودجەی ساڵی 2014 كرد، تا كۆتایی مانگی 10ی 2013 ئێمە بەردەوام كارمان لەسەر ئامادەكاریی بودجەی ئەمساڵدا كرد، ئێستا جگە لە هەندێك نوێ كردنەوەی زانیارییەكان و چەند وردەكارییەكی تر زۆرینەی ئامادەكارییەكانی بودجە كۆتایی هاتووە، چاوەڕێ دەكرێت پێشكەش بە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ بودجەی وەزارەتی دارایی هەموار بكرێت، پاشانیش حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی دەكات تاكو دواتر ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەربكەن. سەبارەت بە بودجەی پارێزگاكانیش كە لەلایەن بەغداوە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان بڕیاری لەسەر دەدرێت، بڕی ئەو پارەیەی بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ دیاریكراوە، یەك تریلیۆن و 100 ملیار دیناری عێراقییە، ئەو پارەیەش بەپێی رێژەی دانیشتوان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكرێت بە هەر دوو ئیدارەی رانیە و گەرمیانیشەوە، بێگومان ئەم میكانیزمەی ئەم ساڵ وەزارەتی پلاندانان بەكاری هێناوە جیاوازە لەساڵانی رابردوو، ئەمەش ئەزموونی چەند ساڵی رابردووی وەزارەتی پلاندانانە، لە ئەزموونی ساڵانی رابردوودا بۆمان دەركەوت كە چۆن و چ پرۆژەیەك لەلایەن چ وەزارەتێكەوە تەمویل بكرێت، هەروەها تەرخانكردنی بودجەی وەزارەتەكان بەپێی پێویستیی پرۆژەكان و ئاستی جێبەجێكردنی پرۆژەكان و دیدگای 2020ی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو گیراوە.
* بەڵام ئەو بودجەیەی كوردستان پێوەندیشی بە بابەتی بودجەی گشتیی عێراقەوە هەیە؛ خوێندنەوەی بەڕێزت بۆ بودجەی عێراق و پشكی كوردستان چییە؟
- بەدڵنیاییەوە ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو بڕە بودجەیەین كە بۆمان دیاركراوە، ئەویش لە رێگای وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، سەبارەت بە بودجەی عێراق بە شێوەیەكی گشتی، بەداخەوە ئێمە ئەو لە 17%ی بودجەیەی كە باس دەكرێت وەك بەشی هەرێمی كوردستان، هەتا ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەم رێژەیەمان وەرنەگرتووە، هۆكاری ئەمەش بۆ خەرجیەكانی سیادیی و حاكیمە دەگەڕێتەوە كە هەموو ئەم پارانە لە بودجەی گشتی عێراق كەم دەكرێنەوە، دوای ئەوە رێژەی لە 17%ی بودجەی هەرێمی كوردستان دیاری دەكرێت، هەروەك زانیارییەك بودجەی سیادی و حاكیمە لە ساڵی 2004 كە بڕەكەی یەك تریلیۆن دیناری عێراقی بووە، بۆ ساڵی 2013 بۆ 40 تریلیۆن دیناری عێراقی زیادكراوە، ساڵ لە دوای ساڵ بودجەی سیادی و حاكیمە بەرەو زیادبوون دەچێت بە بیانووی ئەوەی كۆمەڵێك خەرجی هەن كە حكومەتی عێراقی لە بەغدا سەرپەرشتیی خەرجییەكانی دەكات، ئەوەی كە زۆر گرنگە هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لێی ئاگادار بن ئەوەیە كە ئێستا رێژەی بودجەی سیادی و حاكیمە لە عێراق لە 30%ی كۆی گشتیی بودجەی عێراق لە خۆدەگرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جارە بگرە بە بەردەوام نیگەرانیی خۆی سەبارەت بەم پرسە گرنگە لەگەڵ حكومەتی ناوەند تاوتوێ كردووە، ئێمە پێمانوایە كە هەم ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەم حكومەتی ناوەند لە بەغدا خەرجیی زیاتر بۆ پێشكەوتن و پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ژێرخانی وڵات خەرج بكات، بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی خەرجییەكانی سیادی و حاكیمە لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان و هەتا عێراقیش بە گشتی دروست كردووە، حكومەتی هەرێم لە گفتوگۆو دانوستان لەسەر ئەم پرسە بەردەوام دەبێت، چونكە بودجە راستەوخۆ وابەستەیە بە ژیانی هاووڵاتیان و داهاتووی كوردستان، دیارە ئەم گرفتە گەورە كاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان، ئەمە گرفتێكە كە بەبەردەوامیش هەموومان گوێمان لە زیادكردنی بودجەی سیادی و حاكیمە لەلایەن بەغداوە دەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆكارەیە كە بودجەی هەرێمی كوردستان لە 11%ی كۆی گشتیی بودجەی عێراق تێپەڕناكات و ئەم بڕە پارەیەش لە ئاستی داخوازیی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و دیدگای حكومەتی هەرێم بۆ ئایندەی كوردستاندا نییە.
* كەواتە ئەو بودجەیەی كوردستان ناتوانێت كۆی ئەو پرۆژانە تەمویل بكات كە خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەقەزاو ناحیەكان داوای دەكەن، هەروەكو چۆن لەم دواییەدا داواكارییەكانی خەڵك لە قەزای سەیدسادق بۆ حكومەت بەرزكرایەوە؛ ئایا بۆ جێبەجێكردنی ئەم داواكارییانەو داواكاریی سەرجەم قەزاو ناحیەكانی تر چی دەكەن؟
- بێگومان ویست و خواستی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان زۆر زیاترە لەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دابینی دەكات، بۆ نموونە وەزارەتی پلاندانان، بە هاوكاریی چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی رووپێوێكی زانستی و پسپۆری بۆ ژێرخانی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، بە تایبەتیش لە بواری تەندروستی و پەروەردەو رێگاوبان و بەنداو و ئاوەدانكردنەوە و كشتوكاڵ و كەرتی پیشەسازییەوە...تاد. بەپێی ئەم دیراسەیە هەرێمی كوردستان پێویستی بە 36 تریلیۆن دینارە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە لە ژێرخانی كوردستاندا هەن، ئەم بڕە پارەیە ئێستا پێویستە، بەڵام بەداخەوە ئەم بودجەیەی لەبەر دەستدایە ناتوانێت ئەم پێداویستیانە دابین بكات، لە واقیعی ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت ساڵانە 3 بۆ 4 تریلیۆن دیناری عێراقی لە بودجەی وەبەرهێنان لە ژێرخانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات، ئومێدەوارین بودجەكەمان بگاتە ئەم ئاستە كە بتوانین هەموو داخوازییەكانی هاووڵاتیان و بۆشاییەكانی ژێرخانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین.
* لەهەڵبژاردنی پرۆژەو ریزبەندیی بودجەدا رەچاوی چی دەكرێت، ئایا ئەمساڵ ئەولەوییەت بەچی دراوە؟
- دیارە كۆمەڵێك پێوەر و پرسیار هەن كە سوودیان لێوەردەگرین بۆ دابینكردنی بودجەی هەر وەزارەتێك، تەرخانكردنی بودجە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وەزیفەیەی كە وەزارەتەكان هەیانە، ئەو وەزارەتانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیان پێ دەدات وەزارەتی تەندروستی و شارەوانی و كشتوكاڵ و پەروەردەو كارەبایە، ئەم وەزارەتانەی لایەنی سەرەكین بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان و حكومەتی هەرێمیش ئەم وەزارەتانەی خستۆتە لیستی ئەولەویەتەوە، بۆ ئەمساڵیش گرنگیی بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و كشتوكاڵ دراوە، ئەمە جگە لە چەند وەزارەتێكی دیكە، سەبارەت بە پێداویستیی وەزارەتەكانیش هەروەك پێشتریش باسم كرد بودجەی وەبەرهێنان لە نێوان 3 بۆ 4 تریلیۆن دیناری عێراقییە، ئێمە دەزانین ئەم مەبلەغە زۆر لە داواكاریی وەزارەتەكان كەمترە، بەڵام هیودارین كە بتوانین لە داهاتوودا ئەم رێژەیە بەرزتر بكەینەوە بۆ ئاستێكی باشتر، ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەمساڵ تێبینی ئەوە دەكرێت كە زۆرینەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویانە ئاستی راپەڕاندن و جێبەجێكردنی بودجەی وەزارەتەكانیان بۆ ئاستێكی زۆر باش بەرز بكەنەوە، ئەمەش ئاراستەیەكی ئەرێنی لە كارەكان و راپەڕاندنی پرۆژەكان دەخاتە ڕوو.
* چۆن هاوسەنگی لەنێوان ناوچە جیاوازەكانی كوردستان لەدابەشكردنی پرۆژەكان دەكرێت، هەروەها پێتوانییە پێویستە بۆ ساڵی داهاتوو بودجەیەكی زیاتر بۆ هاووڵاتیانی كوردو پرۆژەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم تەرخان بكرێت؟
- ئێمە هەموو ساڵێك بودجەیەكی تایبەت تەرخان دەكەین بۆ ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2012 بڕی 50 ملیار دینارو لە ساڵی 2013 بڕی 70 ملیار دیناری عێراقی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی هەرێمی كوردستان تەرخان كرابوو بۆ ساڵی 2014 بڕە پارەیەكی باشتر لە ساڵانی رابردوو تەرخان كراوە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاونیشتمانیانی خۆمان كە بەداخەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانن، دابینكردنی بودجە بۆ ئەم ناوچانە بێگومان فشارێك لەسەر بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شانازییەوە بە ئەركی خۆی دەزانێ كە خزمەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بكات، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدان و دابینكردنی ئەم بەشەی كوردستان كە بەداخەوە ئێستا لە هەرێم دابڕاون و لەلایەن حكومەتی مەركەزی ئیدارەیان دەدرێت، بەڵام خزمەتگوزاریی و پەرەپێدانی ئابووری لەم ناوچانە زۆر كەمە، بۆیە حكومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی بۆ ئاوڕدانەوە لەم ناوچانە بەردەوامە و ساڵ بە ساڵ بودجەی زیاتر دابین دەكات هەتا ئەو كاتەی تەواوی خزمەتگوزارییەكانیان پێدەگات.
* ئایا پلانی ئابووری كە ماوەیەكە وەزارەتی پلاندانان سەرقاڵێتی بەكوێ گەیشتووە و پلانەكە چی لەخۆگرتووە؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی گشتگیری داڕشتووە كە بە دیدگای 2020ی كوردستان ناسراوە، كە تەوای كەرتەكان لە خۆدەگرێت، دیارە لە 19/9/2013 لە كۆنفرانسێكی فراواندا بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی نیشاندا بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی ئەم دیدگایە، كە لە ئێستاوە هەتا ساڵی 2020، هەموو وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم پلانەكانی خۆیان بەپێی ستراتیجییەتی ئەم دیدگایە دادەڕێژن، دیدگای 2020ی كوردستان رەچاوی گشت بوارەكانی ئابووری و پەرەپێدان و بازرگانی و تەندروستی و پەروەردەی لە هەرێمی كوردستان كردووە، لە سایتی وەزارەتی پلاندانان چەندین راپۆرت هەن كە گوزارشت لە سیاسەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ داهاتوو، هیوادارم هاووڵاتیان بیانخوێننەوە و زانیاریی زیاتر لەمەڕ پێشكەوتنەكان و داهاتووی كوردستان بە دەست بهێنن.
*چۆن وەزارەتی پلاندانان بۆ رێكخستنی پلانەكان هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتەكاندا دەكات؟
- هەروەك لەسەرەتادا باسم كرد وەزارەتی پلاندانان بە بەردەوام لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ وەزارەتەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ داڕشتن و دانانی پلانی ستراتیجی و درێژخایەن بە تایبەتیش لە بواری بودجەی وەبەرهێنان، وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتەكانی تر هەماهەنگێكی زۆر باشیان هەیە لەگەڵ یەكتردا لەسەر ئاستی وەزیرە بەڕێزەكان و هەم لەسەر ئاستی بەڕێوەبەراتییە گشتییەكان، ئێستا وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە رابردوو لە پەیوەندی و هەماهەنگیدان، بە تایبەتی وەزارەتی پلاندانان كە وەزارەتێكی وابەستەیە بۆ ئەوەی ئاگاداریی پلان و پرۆژە ستراتیجییەكانی هەموو وەزارەتەكان بێت.
* وەزارەتەكەتان لەگەڵ ژمارەیەك لەرێكخراوە بیانییەكان پرۆژەو كاری جۆراوجۆری لەسەر سەرجەم سێكتەرەكان ئامادەكردووە، ئایا پێتوایە ئەو پێشنیار و راسپاردانە كە كەسانی بیانی ئامادەی دەكەن خوێندنەوەی واقیعبینانەیە بۆ هەرێمی كوردستان واتا كۆپی وڵاتان و كۆمەڵگاكانی تر نین؟
- بێگومان ئەزموونی ئێمە لەگەڵ رێكخراوە بیانییەكانی وەك ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی نێودەوڵەتی یان هەر رێكخراوێكی تر، ئەم رێكخراوانە وەك شارەزا ئامۆژگاریمان دەكەن لەسەر سەركەوتن و سەرنەكەوتنی پرۆژەكان، دەتوانم بڵێم ئەم رێكخراوانە وەك بانكێكی زانیاری وان ئەوان زانیاریمان پێدەدەن، هەروەها پێمان دەڵێن چی ئەزموونێك لەچی وڵاتێك تاقیكراوەتەوە و سەركەوتوو بووە یا سەركەوتوو نەبووە، وەزارەتی پلاندانان نزیكەی 12 راوێژكاری بیانی لەبەر دەستدایە بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزمونەكانیان، ئەم رێكخراوانە یان ئەم راوێژكارانەی كە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان كار دەكەن هەموویان شارەزاو پسپۆری لێهاتوو و بە ئەزموونن، ئێمە توانیومانە لە چەندین بواردا سوودمەند بین، لە ئەزموونی دەرەكی بەتایبەتی لە بواری داتا و رووپێوی ئابووری و كۆمەڵایەتی و چەندین بواری تر كە راستەوخۆ كاریگەرییان هەبووە لەسەر بڕیاردان و بەرزكردنەوەی ئاستی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەڵام پێویستە ئەوەش بووترێت كە هەر پرۆژەیەك لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە پێشنیاركرابێت دابونەریت و بارودۆخە كۆمەڵاتییەكانی كۆمەڵگەی كوردستان لەبەرچاو گیراوە، بە بەرگێكی كوردی خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونی دەرەكی شتێكی زۆر باشە لە دنیاشدا باوە كە وڵاتان سوود لەیەكتر وەردەگرن، بەڵام هەر ئامۆژگارییەك یان هەر پرۆژەیەك پێشنیاركرابێت لەلایەن هەر رێكخراوێكی بیانییەوە، بڕیاری لەدەستی خۆمان بووە، كورد خۆی بڕیاردەدات كە پێشنیارەكان بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە یان نا. حكومەتی هەرێمی كوردستان سوودی زۆری لەم رێكخراوانە وەرگرتووە و كاریگەریی خۆیان هەبووە لەسەر بووژاندنەوەی كوردستان، بۆ نموونە رێكخراوی (هابیتات)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرتێكی بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە بواری نیشتەجێكردن لە هەرێمی كوردستان ئامادەكردووە، هەروەها راپۆرتی سینا كە ئێمە لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان كردوومانە لەم راپۆرتەدا كە بە (سینا) ناسراوە چەندین نیشاندەر هەن كە دەیسەلمێنن باری ئابووریی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد لە گەڵ چەندین وڵاتدا بە تایبەتیش چەند وڵاتێكی دراوسێی حكومەتی هەرێم، هاووڵاتیانی هەرێمیش بە چەندین قۆناغ لە پێشەوەن و بێجگە لە چەندین راپۆرتی تر، هەموو ئەم هاوكاریانە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە خۆشبەختانە ئێستا ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە پلەیەكی زۆر بەرز بە تایبەتی لە بواری دابینكردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان.
* پرۆسەی سەرژمێری چی بەسەر هاتووە ئایا بۆچی ئەم پرۆسەیە دوادەخرێت، سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێریی كوردستانیش بۆچی ئەنجام نادرێت؟
- بێگومان پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق بە سیاسی كراوە، هەڵوێستی ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆرمان پێخۆشە كە ئەم پرۆسەیە لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێمە رێگامان پێنادرێت تاكڕەوانە ئەم پرۆسەیە لە كوردستان بەبێ رەزامەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقی ئەنجام بدەین، چونكە بەپێی یاسا لە عێراق رێكخراوە و پێویستە حكومەتی ناوەند پرۆسەی سەرژمێریی گشتی بەڕێوەببات.
* تاچەند داتاو ئاماری وردمان سەبارەت بە رێژەی بێكاری و هەژاری و هەڵاوسانی نرخ و بوارەكانی تر هەیە؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان ئامارێكی پوختە ئامادە بكات سەبارەت بە بێكاری كە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستانی سەر بە وەزارەتی پلاندانان بەپێی ئەو سیستەم و میكانیزمانەی بۆ رووپێویەكە دانراون ئەنجامی داون، رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی تری عێراق بگرە هەندێك وڵاتی دراوسێش زۆر كەمترە، بە هەمان شێوەش رێژەی هەڵاوسانیش، هەموو داتاكان لەسەر وێبسایتی وەزارەتی پلاندانان (www.mop.krg.org) و وێبسایتی دەستەی ئاماری هەرێم (www.krso.net)، بڵاوكراونەتەوە و هەموو هاووڵاتیەكی هەرێمی كوردستان، دەتوانێت ئەم زانیاریانەی دەستكەوێت، سەبارەت بە رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستاندا لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2013دا 5،2% بووە بەهەمان شێوە رێژەی هەڵاوسان بەبەراورد لەگەڵ تشرینی دووەمی 2012 بۆ تشرینی دووەمی ساڵی 2013 رێژەی هەڵئاوسان لەهەرێمی كوردستان 3.5%یە.
* وەكو وەزیرێكی پلاندانان و شارەزایەكی ئابووری پێتوانییە رێژەی نرخ هەڵاوسان زۆرە بەتایبەتی لەبواری تەندروستی و گرانی دەرمان و نەشتەرگەریدا؟
- زۆری رێژەی هەڵاوسان دەگەڕێتەوە بۆ ویست و خواست لە هەرێمی كوردستان كە دروست بووە، بۆ نموونە ویست و خواست لە خۆراك لەلایەن هاووڵاتیان زیاد دەبێت بەهەمان شێوەش هەڵاوسان دروست دەبێت، دیسان بۆ كەلوپەلەكانی تر و هاوردەكردنی كەلوپەل و بەرزبوونەوەی مووچەش فاكتەرێكی ترن بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، بەڵام كۆنترۆڵكردنی هەڵاوسان لە دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە، بەڵكو لە دەستی بانكی ناوەندیی عێراقە، دەبێ هەڵاوسان كۆنترۆڵ بكرێت.
* تاچەند توانراوە لەرووی پەرەپێدانی مرۆیییەوە پەرە بە سەرمایەی مەعریفی بدرێت، بەتایبەتی كە ئێوە خاوەنی بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتین بەو ناوەوە؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و وەزارەتی پلاندانان بە تایبەتی بە بەردەوام لە هەوڵی بەرزكردنەوەی ئاستی كارمەندانی حكومەتە، چەندین خول و وۆرك شۆپ لە نێوخۆی كوردستان و لە دەرەوە بۆ كارمەندانی حكومی كراوەتەوەو، ئەم خول و راهێنانەش رەنگدانەوەیەكی ئەرێنیان هەبووە لەسەر بەرەو پێشوەچوونی ئاستی كارمەندان، بە هەمان شێوەش حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەیەكی باشی تەرخانكردووە بۆ كارمەندانی خاوەن بڕوانامەی زانكۆ كە لە رێگای بەرنامەی تواناسازی دەتوانن لە دەرەوەی وڵات بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا بەدەست بهێنن، ئەم هەوڵانە بۆ باشتركردنی سیستەمی بەڕێوەبردن و پەروەردەكردن و ئیدارەدانی هەرێمی كوردستانە.
* دوا پرسیارمان بۆ بەڕێزت دەهێڵینەوە گەر بەپێویستی بزانیت بوارێكی گرنگ هەبێت بەتایبەتی لەساڵی نوێدا كە هەنگاوی بۆ دەنێن؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان چ لە رابردوو یان لە ئێستاو داهاتووشدا بەردەوام لە هەوڵی باشتركردنی سیستەمی حكومڕانییە، لە داهاتووشدا بە هەمان شێوە گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی رۆتین لە دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان و چەسپاندنی یاسا و پتەوكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان و ریفۆرمكردنی كەرتی پەروەردەو تەندروستی وەك ئەولەویەتێك كاری لەسەر دەكرێت، دیارە ئەم داواكاریانەش، داواكاریی هەموو لایەكە، بۆیە ئێمە زۆر بە گەشبینییەوە دەڕوانینە ئاییندەی هەرێمی كوردستان و گەشبینیشین كە كوردستانیان داهاتوویەكی پڕشنگداریان دەبێت، ئێستا هەرێمی كوردستان بە ئاراستەیەكی راست تێدەپەڕێت، ئاشتی و ئابوورییەكی بەهێزو جێگیر ویست و ئامانجی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەر بۆ گەیشتن بە ئاییندەیەكی باشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستاوە سیاسەتی بۆ ساڵی 2020 داڕشتووە كە بە دیدگای 2020ی كوردستان ناسراوە، ئەم دیدگایەمان بۆ 2020 ئەوەیە كە هەموو خەڵكی هەرێمەكەمان سوودمەندبن لە ئازادی، تەندروستی، خۆشگوزەرانی و ئاسایش و دەرفەتی ئابووری، چەندین ئامانج هەن كە لە ئێستاوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكات گرنگترین ئامانجەكانیش بریتین لە: یەكەم بەكارخستنی حكومەت لە خزمەتی خەڵكدا، دووەم بونیاتنانی هەرێمی كوردستان كە لە رووی ئابوورییەوە بەهێز و گەشەسەندوو بێت، سێیەم بونیاتنانی هەرێم لەسەر مێژووی دەرفەتەكان، چوارەم بونیاتنانی ژێرخانی هەرێم لە هەموو بوارەكاندا.
دیارە ئەم ئامانجە چەندین ئاراستە و جەمسەر بۆ پێشكەوتن و پەرەپێدانی كوردستان لە داهاتوودا لە خۆدەگرێت، لە چەند ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا پێشكەوتنێكی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، ئێستا هەرێمی كوردستان لە ناوەندە بیانییەكان وەك وڵاتێكی تازە پێگەیشتوو بە پێشكەوتووترین ناوچە ناودەبەن، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەمە سەرەتای دەستپێكردنی ئاییندەیەكی گەشدارە لە كوردستان، داهاتوومان پێویستی بە ئێستایە بۆ بنیاتنان.
Top