دیمانه‌ی تایبه‌تی گوڵان مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان:پارتی خوازیار بوو تا سه‌ری ساڵ مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت یه‌كلایی ببوایه‌وه‌و ئێستاش ئومێد ده‌خو

دیمانه‌ی تایبه‌تی گوڵان مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان:پارتی خوازیار بوو تا سه‌ری ساڵ مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت یه‌كلایی ببوایه‌وه‌و ئێستاش ئومێد ده‌خو
پرۆسه‌ی دانوستاندنه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین پرسه‌كانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌و سیفه‌ته‌ی كه‌ زۆرترین ژماره‌ی كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست هێناوه‌و ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ راده‌سپێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌م پێكبهێنێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی خۆیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی وه‌ك كاندید ده‌ستنیشانكرد، ئه‌وا هه‌مان كات لیژنه‌یه‌كیش به‌سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی بۆ دانوستاندن پێكهاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن وتووێژ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیيه‌كی سیاسی دروست بێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ هەرێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی گرنگی نیشتمانی ده‌بێته‌وه‌، پێویستی به‌ یه‌كڕیزی نیشتمانی و حكومه‌تێكی به‌هێز هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م بتوانێت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆيی هەرێم وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواسته‌كانی خەڵكی كوردستان بێت، هه‌میش له‌سه‌ر ئاستی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هەرێم و به‌غدا كه‌ ئێستا ته‌نگژه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینی به‌ یه‌كڕیزی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش كه‌ ئێستا هەرێمی كوردستان بۆته‌ ئومێد بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكی دیكه‌ی نیشتمانی قورسه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌م حكومه‌ته‌ تازه‌یه‌ ده‌بێته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م و پێوه‌ندیيه‌كانی هەرێم و به‌غداو پێگه‌ی هەرێمی كوردستان له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌، بەڕ‌ێز مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامی شاندی دانوستاندكاری پارتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی گوڵاندا به‌مجۆره‌ له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كان هاته‌ ئاخاوتن.
گوڵان: بەڕێزت وەك ئەندامێكی شاندی دانوستاندنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهاتنی كابینەی هەشتەم، چەندین جار لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییه‌كان كۆبوونەتە‌وه‌، تەنانەت لەگەڵ ئەو حزبانەش كە بە تەنیا یەك كورسی پەرلەمانیشیان هەیە، ئایا دەكرێت بە شێوەیەكی گشتی بۆ خوێنەرانی گوڵان هێڵەگشتیەكانی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ باس بكه‌یت؟
مەحمود محەمەد: ئەو خوێندنەوە نوێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بارودۆخی ئێستای كوردستان و كۆمەڵگەی كوردستانی هەیەتی، ئەوەمان پێ دەڵێت كە پێكەوەبوون و یەكڕیزی نیشتمانی و یەكترقبوڵكردن لەم وڵاتەدا زۆر پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانین حكومەتێكی وا دروست بكەین، بۆ چوار ساڵی داهاتوو زیاتر هێمنی باڵ به‌سه‌ر كوردستاندا بكێشێت، بۆ ئەوەی بوارێكی زۆر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بدرێت، تا ئەو پرۆژەو بەرنامانەی هەیەتی جێبەجێی بكات، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئەو پڕۆژە ستراتیژی و گرنگانەی لە بوارە جیاجیاكاندا هەن؛ جێبەجێیان بكات، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا كه‌ ئامانجمان ئه‌وه‌بێت به‌م ئاڕاسته‌یه‌ پێكه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵبگرین، ئه‌وا پێویست بەوە دەكات له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ كۆبوونه‌وه‌ بكه‌ین كه ‌كورسی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ست هێناوه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌شی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینیه‌كی ئەو‌تۆ بڕه‌خسێت له‌به‌ر رۆشنایی تێكڕای بیربۆچوونه‌كان نه‌خشه‌یه‌كی رێگه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م دابڕێژین، له‌ روانگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ حزبەكانی‌ دیكە، زۆرتر‌ كورسی لە په‌رله‌مانی كوردستانی به‌ ده‌ستهێناوه‌و ته‌كلیف ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنێت، ئه‌وا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی لیژنه‌یه‌ك به‌ سه‌رۆكایه‌تی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی پێكهێنرا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بكات، لە یەكێتی نیشتمانی دەستمان پێكردو تا حزبەكانی دیكەش بە حزبەكانی گۆڕان و یەكگرتوو و حزبی شيوعی و كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی و سۆسیالیستی كوردستان و حزبە مەسیحیەكان و توركمانەكان و هەرهەموویان بەسەر كرانەوەو، له‌ ئاكامی ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێك بیربۆچوون لای ئێمه‌ش و لای ئه‌وانیش لەسەر چۆنیەتی بەشداری كردن و چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەت گه‌ڵاڵه‌ بووه‌، ئێستاش بەرچاو ڕوونییەكی باش لەسەر ئەو بابەتە دروست بووە.
گوڵان: لە كۆبوونەوەكانی یەكەمجارتان كە سەردانی هەموو لایەنەكانتان كرد، لە سەرەتاوە خەڵك كه‌ گوێبیستی كۆنگرە‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانی دوای كۆبوونه‌وه‌كان ده‌بوون، به‌گشتی گه‌شبین بوون به‌وه‌ی لە ماوەیەكی كورتدا پەرلەمان كۆبوونەوەی دووەمی دەكات، بەڵام كە گەیشتنە وردەكارییەكان هەندێك خاوبوونەوە لە دەرئەنجامدا بەدی دەكرێت، بەڕێزتان چۆن باس لەو بەربەستانە دەكەیت كە وای كردووە پرۆسەكە بە هێواشی بچێتە پێشەوە؟
مەحمود محەمەد: لە ڕاستیدا وەك ئاستەنگ و بەربەست هیچ جۆرە ئاستەنگێك نەهاتۆتە پێش گفتوگۆكان، بەڵام خودی پێكهێنانی كابینەی هه‌شته‌م جیاوازە لە چاو كابینەكانی پێشووتر، هه‌ربۆیه‌ ئەگەر كاتێكی زیاتریش بخایەنێت هیچ زه‌ره‌رێك ناكه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌موو لایه‌كمان ده‌مانه‌وێت ئه‌م كابینه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و ئامانجانه‌ به‌دیبهێنێت، كه‌ هه‌موولایه‌ك ئومێدی بۆ ده‌خوازین، دیاره‌ بۆگه‌یشتن به‌م ئاكامه‌ش، ئه‌وا پێویستمان بەوەیە لەسەر كۆمەڵێك شت لەگەڵ ئەو حزبانە ڕێكبكەوین، یەك لەوانە بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەرنامەی داهاتووی چی دەبێت، چونكە ئەوان كە لە كابینەكە بەشداردەبن و وەزیریان لە وەزارەتەكاندا دەبێت و دەسەڵاتیان پێ ڕادەسپێردرێت، پێویستە جێبەجێكاری ئەو بەرنامەیە بن كە لەسەری پێكەوە ڕێكدەكەوین، هەوڵەكەش بۆ ئەوەیە كە هەموو لایەكمان پێكەوە بەرنامەیەكی ڕێك و پێكی سەردەمیانەمان هەبێت، لەگەڵ ئەمانەشدا ڕەنگە هەندێك گازندەو گلەیی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت سه‌باره‌ت به‌ مانه‌وه‌ی دیارده‌ی دوو ئیدارەیی و پاشماوەكانی كاریگەرییەكانی شەڕی ناوخۆ بۆ ئەوەی چارەسەری ئەوانەش بە شێوەیەكی ڕیشەیی بكرێت، پێویست بەو گفتوگۆیانەو هەروەها پێویستی بەو ماوە زەمەنیە هەیە تا بدرێت بە لیژنەكان و چارەسەری گونجاو بۆ هەر پرسێك بدۆزنەوە.
گوڵان: با بێینە سەر باسی پارتی و یەكێتی تا ئێستا هه‌ردوولاتان بە فەرمی ڕایدەگەیەنن به‌ ڕێكەوتنی ستراتیژی نێوانتانه‌وه‌ پابه‌ندن و، لە هەمان كاتیشدا هەوڵ بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی فراوان دەدەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بنكە فراوان، ئایا ڕێكەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی لەناو ئەو هاوپەیمانیەدا چۆن پێناسە دەكەنەوە؟
مەحمود محەمەد: لە ڕاستیدا ڕێكەوتنی ستراتیژی لە هەلومەرجێكدا دروست بووە كە بۆ كوردستان زۆر پێویست بووە، ئه‌وكاتانەدا‌ پێویست بوو كە ئێمەو یه‌كێتی لەسەر كۆمەڵێك بابەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسی و پەرلەمانی و حكومەتداری ڕێك بكەوین بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە ئەو قۆناغە دەربازبكەین، لە ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكەشدا ئەمە هاتووەو لە بەندێك لە بەندەكانیدا نووسراوەتەوە تاوەكو دەگەینە قۆناغێكی پێشكەوتووتر لەمەی ئێستا كە لە ئارادایە، ڕێكەوتنی ستراتیژی توانی متمانە لە نێوان هه‌ردوولا پارتی و یه‌كێتی دروست بكات تا پێكەوە بتوانن كابینەی حكومەت پێكبهێنن و پێكەوە كاربكەن، ئه‌مه‌ كارێكی ئاسان نه‌بوو له‌دوای دابڕان و دووئیداره‌یی، بۆیە ڕێكەوتنی ستراتیژیی كاریگەرییەكی زۆر ئیجابی هەبوو لە دروست كردنی ڕەوتێكی تەندروست بۆ بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە، لەوانەیە بێ كەموكوڕی نەبووبێت، بەڵام بە لای كەمەوە ڕەوتێكی دروست و تەندروست بوو، ئێستاش ئەم ڕێكەوتنە وەك خۆی ماوەتەوە.
بەڵام ئەم هاوپەیمانێتیەی ئێستا دەمانەوێت ئه‌نجامی بده‌ین، ئەمە بۆ ئەوەیە كە كابینەی هەشتەم، كابینەیەك بێت ڕەنگدانەوەی دیدو بیروبۆچوونی هەموو حزبەكانی ناو پەرلەمانی تێدا بەدەر بكەوێت، بۆ ئەوەی هەر هەموویان لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیەدا شەریك بن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن، لەبەر ئەوە ڕێكەوتنی ستراتیژی وەك خۆی دەمێنێتەوەو ئەوەی تری ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستانیە، ڕێكەوتنی ستراتیژیش لە ناو ئەو ڕێكخستنەوەیەدا سەنگ و بەهای خۆی هەر دەمێنێت..
گوڵان: ئەی ئەو هاوپەیمانێتیەی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م دروستی دەكەن جێی ئەو ڕێكەوتنەی نێوان پارتی و یەكێتی ناگرێتەوە؟
مەحمود محەمەد: ئێمە هیچ هاوپەیمانێتیەك بەو مانایە دروست ناكەین، بەڵكو لەسەر بەرنامەیەك ڕێكدەكەوین كە بۆ چوار ساڵ و بۆ دروست كردنی كابینەو پێكەوە كاركردنە تا ئەم وڵاتە بەڕێوەبەرین، ئه‌مه‌ش واته‌ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ جێگه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو دەتوانین بڵێین ڕێكەوتنێكی نێوان لایەنەكانە كە دەیانەوێت كابینەی هەشتەم پێكبهێنن تا پێكەوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئیدارەی ئەم وڵاتە بكەن..
گوڵان: ئەوەی تا ئێستا لایەنەكان لەسەری پێكهاتوون كاندیدكردنی كاك نێچیرڤان بارزانی یه‌ كە پارتی كاندیدی كردووەو هەمووان ڕازین بەوەی وەك سەرۆكی كابینەكە بێت، به‌ڵام دابه‌شكردنی پۆستەكانی تر لەوانەیە لە كۆبوونەوەكان باس كرابن، دەتوانیت سیمایەكی گشتیمان بۆ باس بكه‌یت لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی تر، بە تایبەتی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی و جێگری سەرۆكی حكومەت و پۆستە سیادیەكانی تر؟
مەحمود محەمەد: لە ڕاستیدا لەسەرئەم پۆستانە هێشتا نەچووینەتە ناو وردەكارییەكانی ئەو گفتوگۆیانەوە، چونكە ئەمانە هەندێكیان دەكەونە دوای ئەوەی بەرنامەی حكومەت و یەكخستنی دیدو بۆچوونی لایەنەكان كه‌ هەیانە بۆ كابینەو دوای ئەوە چۆنیەتی ئه‌و دابەشكردنه‌ی لایەنەكان هەیانە بۆ وەزارەتەكان و پۆستەكانی تر دێنە پێشەوە، ئەوەی كە دیارە، سەبارەت بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانیش دیارییان كردووە كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم چوار ساڵەی داهاتوو كابینەكە بەڕێوە دەبات، سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و پۆستەكانی دیكە، بە پێی ئه‌و پێوەرانە دەبێت كە دیاری دەكرێن و ڕێكەوتنی لەسەر دەكرێت،له‌ ئێستاشدا ماوەتەوە سەر ئەوەی كۆبوونەوەی كۆتایی بكرێت سەرەتا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی دەستپێدەكاتەوە، دوای ئەوە لەگەڵ لایەنەكانی تر تا دواجار ئەم بابەتە ڕابگەیەنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر ئیشەكانی تری كە پێویستە پەرلەمان ئەنجامی بدات جێبەجێ بكرێت، وه‌ك هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، به‌فه‌رمی ده‌سنیشانكردنی كاندید بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كه‌ دوای ئه‌مه‌ سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان به‌ فه‌رمی رایده‌سپێرێت. بۆ ئه‌مه‌ش ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان حەزمان دەكرد بۆ سەری ساڵ ئەم بابەتە بە ئەنجام بگەیشتایە ئێستاش بە ئومێدی ئەوەین تا سەری ساڵ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و كارە یاساییەكانی كە پێویستن بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم ئەنجام بدرێن.
گوڵان:سەبارەت بە گه‌ڵاڵه‌ كردنی بەرنامەی كابینه‌ی هه‌شته‌م ، ئایا ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی پارتی دیموكراتی گه‌ڵاڵه‌ ده‌كرێت و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كرێت، یان لیژنه‌یه‌ك بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی به‌رنامه‌ی تازه‌ پێكهێنراوه‌؟
مەحمود محەمەد: لە ڕاستیدا لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆكراوەو دوو ڕا هەبوون یەكەمیان ئەوەیە: كە لیژنەیەك لە هەموو لایەنەكان پێكبێت و بەرنامەیەك بنووسرێت، ڕای دووەمیش ئەوەیە مادام پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی كاندید كردووه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ ئه‌وا ده‌كرێت بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆی به‌رنامه‌یه‌ك ئاماده‌بكات و پاشان ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بدرێتە هەموو ئەو لایەنانەی بە نیازی بەشداربوونن له‌ كابینه‌كه‌، ئەوەی جێی باس بێت ئەوەیە زۆربەی زۆری لایەنەكان دیدو بۆچوونەكانیان بۆ بەرنامەكە ناردووە، كەوتۆتە بەردەستی ئەو لیژنەیەی بەرنامەكە ئامادە دەكات تا دیدو بۆچوونی ئەوان لەگەڵ دیدو بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان تێكەڵاو بكرێت بۆ ئەوەی بەرنامەی هاوبەش دیاری بكرێت، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ی ته‌واو بوو گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر تێبینیه‌كی دیكه‌ ئەگەر هه‌بێت له‌به‌رچاو بگیرێت.
گوڵان: ئێستا ئێوە لە هەوڵی پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراواندان، ئایا ئەمە دوایەمین ڕێگەچارەیە یان ئەلتەرناتیڤی دیكه‌ش لە ئارادایە،بۆ نموونە ئەگەر له‌گه‌ڵ دوو لایەنی ناو پرۆسەكە نەگەیشتنە دەرئەنجامێك، ئایا په‌نا بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ ده‌به‌ن؟
مەحمود محەمەد: هه‌وڵی ئێمه‌ له‌م دانوستاندندا بۆ ئه‌وه‌یە هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداربن بێ ئاوارتە، بەڵام ئەمەش پرۆسه‌ی ڕێكەوتنە، ئاخۆ لەگەڵ چەند لایەن دەگەینە ره‌شنووسی كۆتایی بەرنامەكەو لەسەر بابەتی دابەشكردنی ئەو پۆستانەی كە هەیە بۆ خۆی، ئەمە دەمێنێتەوە بۆ پاشتری دیدارەكان و قسەی لەسەر دەكەین.. سه‌باره‌ت به‌ مه‌فهومی حكومه‌تی بنكه‌ فراوانیش ئەوەیە چەند كیانی سیاسیی له‌به‌ر رۆشنایی ئاكامی هەڵبژاردن بەشداری لە پەرلەمانی كوردستان دەكات، لەوانە پێنج كیانی سیاسی كورسی زیادیان هێناوە چەند كیانێكیش تایبەتە بە توركمان و كلدۆ ئاشوور كە كورسی بەرچاویان هێناوە، چەند لایەنێكی كوردستانیش كورسییەكانیان كەمە كەواتە، ئه‌وجا له‌م حاڵه‌ته‌ ئه‌گه‌ر كیانێكی سیاسی له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌ك پێی وابێت دیدوبۆچوونه‌كانی ئه‌و كه‌متر له‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌و به‌شداری نه‌كات ئه‌وه‌ شتێكی ئاساییه‌و ئه‌و كاته‌ش هه‌ر حكومه‌تی بنكه‌ فراوان دەبێت، چونكە زۆربه‌ی زۆری لایه‌نه‌كان به‌شدارییان كردووه‌.
گوڵان: ئێوه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مجاره‌ش هه‌ر بەڕێز نێچیرڤان بارزانیتان بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت كاندید كردۆته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆشت ئاماژه‌ت پێكرد، پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م جیاوازه‌ له‌ كابینه‌كانی پێشتر و بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش به‌وه‌ ناسراوه‌ بڕیاری قورس و گرنگ ده‌دات، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ حكومه‌تیكی به‌هێز هه‌یه‌، ئایا پێت وایه‌ له‌ حكومه‌تی بنكه‌ فراواندا ئه‌م ژینگه‌یه‌ دروست دەبێت؟!
مەحمود محەمەد: لە ڕاستیدا ئەو ئەزموونەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەیەتی وەك كەسێك كە شارەزایی باشی لە هونەری بەڕێوەبردنی وڵات و چۆنیەتی پێوەندیكردن لەگەڵ دەوروبەرو وڵاتانی دەرەوە پەیدا كردووە، وەك كەسێكی تەكنۆكراتیی بە ئەزموون لە پێڕەوكردنی كاری حوكمڕانی بۆ ئەو ئەركە قورسانەی كە پێی سپێردراوە، بۆیە تێیدا ڕا دەبینرێت كە بتوانێت ئەم ئەركە بە شێوەیەكی زۆر باش ئەنجام بدات، بەڵام دیارە مەبەستی پرسیارەكەی بەڕێزتان ئەوەیە ئایا دەكرێت لە حكومەتێكی بنكە فراوانی وەهادا بڕیار بۆ كۆمەڵێك خاڵی زۆر هەستیار بدرێت لە تەك دیدو بۆچوونی زۆر جیاواز كە لە ئارادا هەبن؟ ئەوەی جێی خۆشحاڵییە لەسەر زۆربەی بابەتە هەستیارەكان كە پێوەندی بە بابەتی وزەوە هەیە یان پێوەندی بە بابەتەكانی نەتەوەیی و نیشتمانیەوەیە، یان پێوەندی بە كێشەكانی نێوان ئێمەو حكومەتی ناوەندی عیراقەوەیە، تەنانەت ئەوەی پێوەندی بە پێوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی تردا هەیە، یان لەگەڵ لایەنەكانی تری سیاسی بەشدار لە ناو پرۆسە سیاسییەكەدا زۆر لەیەكتر دوور نین، لەوانە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردن و چارەسەری هەندێك بابەت، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك جیاوازی هه‌بێت به‌ڵام لێكنزیكین، له‌لایه‌كی دیكه‌ش دروشمی ئەم كابینەیە، دروشمێك دەبێت بۆ دامەزراندنی دامودەزگاكان، توندوتۆڵكردنی بنچینەیی دامودەزگاكانی حكومەتییە، كەواتە دامودەزگاكانیش بە پێی ڕێساو یاسا بەڕێوەدەچن، بۆ هەرشتێك لەوانەی باسم كردن یان ڕێساو یاسای خۆی هەیە یان دەبێت بۆی دابنرێت، ئینجا ئەو كاتە بەربەست دروست نابێت ، كەواتە هەر دەزگایەك كە پێویستی بەوە بێت تازە دابمەزرێت یان پێویستی بە چاككردنی هەبێت تا بە شێوازێكی كاراو كراوە بتوانێت كارەكانی بكات بتوانرێت یاسای بۆ دابنرێت یان تا بتوانرێت كارەكان بەو شێوەیە ئەنجام بدات كە ئێستا پێویستن بە گوێرەی ئەم سەردەمەو بە گوێرەی پێویستیی ڕۆحی سەردەم بە گوێرەی پێویستی بۆ باشتركردنی بەڕێوەچوونی حكومەتی هەرێم داڕێژرێت.
گوڵان: تۆ وەك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی و ئه‌ندامی شاندی دانوستاندی پارتیت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م، بیگومان ده‌زانن دیدو بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ كابینه‌ی هه‌شته‌م تا راده‌یه‌كی زۆر چۆنه‌،ئایا له‌ دید و بۆچوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ كابینه‌ی هه‌شته‌م چی ده‌خوێنێته‌وه‌؟
مەحمود محەمەد: ئەوەی ئەو دەیەوێت هەمان ئەو ویستەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی تریش دەیانەوێت، چونكە به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كی كابینه‌ی هه‌شته‌م بریتی دەبێت له‌ دامەزراندنی بنچینەكانی حكومەتی موئەسەساتی و پڕكردنه‌وه‌ی هەموو ئەو كەلێنانەی دیكه‌ دەبێت كه‌ لە دوو ئیدارەیی ماونەتەوە، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كابینەی هەشتەم كابینەی سەرتاسەری كوردستان دەبێت لە هەموو بوارەكانەوە لە ڕووی دارایی و هێزی ناوخۆو پێشمەرگەو لە ڕووی پێوەندییەكانیشەوە، ئەمانە یەكێكن لەو خاڵە گرنگانەی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی بەلایەوە گرنگە، ئەوانی تریش دابین كردنی كەشوهەوایەك و سەقامگیرییەكە لە كوردستاندا تا پەرلەمانی كوردستان بتوانێت بڕیاری باش و یاسای باش دەربچوێنێت كە پێویستی ئەم سەردەمەی ئێستای كوردستان بێت و هاوكاری باش بێت. لایه‌نێكی دیكه‌ كه‌ من ئاگاداربم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بەڕێزی هه‌ر له‌ئێستاوه‌ هانی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی داوه‌ زۆر به‌ جدییەتەوە بەدواداچوون لەسەر جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی كە لە لایەن پەرلەمان دەرچوون وهەروەها بۆ بەدواداچوون لەسەر ئیشوكاری حكومەت بكه‌ن، ئەمەی لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاندووه‌، پێی وتن ئێوە دەبێت ڕۆڵی خۆتان لەبیر نەچێت كە بە تەنیا ڕۆڵتان لە دروست كردنی یاسادا كورت ناكرێتەوە، بەڵكو ڕۆڵێكی چاودێریكاریتان هەیە بۆ بەدواداچوون بە شێوازێكی سەردەمیانە بۆ ڕێنیشاندانی ئیشوكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەواتە لێكنزیك خستنەوەی لایەنەكان و هاوكاری كردنیان و دامەزراندنی بنچینەكانی كاری موئەسەساتی ئەمە كۆمەڵێك ئەركن كە ئەم هەڤاڵەمان دەیەوێت لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا لە ناو حكومەتدا بە شێوەیەك دابڕێژرێت كە بۆ ئایندەش بە شێوازێك بمێنێتەوە بتوانرێت بوترێت كاری حوكمداری بەو شێوازە بووە كە لەگەڵ سەردەمی ئێستاو لەگەڵ تێگەیشتنی لە هەموو ڕووەكانەوە بگونجێت.
گوڵان: لە سەروبەندی ئەوەدا ئێوە خەریكن لەگەڵ حزبەكاندا وتووێژدەكەن، جووڵەیەكی ژنان دروست بووە لەسەر بەشداریپێكردنیان لە حكومەت ئاخۆ ئەم جارەش كاندیدی ئافرەتتان بۆ حكومەت نابێت ؟ ئایا وه‌زیره‌كانی ئه‌م كابینەش هەر پیاو دەبن یان چەند ژنێكیشی تێدا دەبێت؟
مەحمود محەمەد: كێ دەڵێت پارتی كاندیدی نابێت، بە پێچەوانەوە ئێمەش لەگەڵ ئەوەین وەك پارتی چەند كاندیدێكی ئافره‌ت هەبن، بەڵام تا ئێستا بۆ ئێمە وەك پارتی ساغ نەبۆتەوە چەند وەزارەت بەر ئێمەیش دەكەوێت، وا لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەموو لایەنەكانداو چاوەڕوانی بڕیاری ئەوانیشین و جۆری وەزارەتەكانیش دیاری نەكراوە، به‌ڵام لە ڕووی مەبدەئیەوە لەگەڵ ئەوەین دەبێت ئافرەت بەشدار بێت لە پێكهێنانی كابینەكەدا، چونكە بەشدارییان هاندەرێكە بۆ ئەوەی زیاتر ئافرەت هەم لە كاری سیاسی و هەم لە كاری ئیداری زیاتر بچێتە پێشەوە، بە خۆشحاڵیەوە دەیڵێم لە كوردستانیش ئافرەتی زۆر شیاوو بە توانامان هەیە، پێگەیشتون و ئێستا دەزانن چۆن ئیدارەی دەزگایەكی زۆر گه‌وره‌ بكەن، لەوەدا ناتوانین بڵێین هەژارین و كەسمان نییە، ئەم بیانووە نەماوە، هەوڵ دەدەین وەك پارتی ئافرەتمان بۆ ئەو پۆستانە هەبێت و لەو بوارەشدا ڕۆڵی شیاوی خۆیان وەربگرن، بێجگه‌ له‌مه‌ش ئەگەر ئاوڕێك لە ڕابردوو بدەینەوە دەبینین كاك نێچیرڤان بارزانی وەك خۆی، چەند پشتیوان بووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی ئافرەت هەیەتی، چەند پشتیوان بووە بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم هاتنە پێشەوەی ئافرەتدا هەبوون هەڵیانبگرێت و ڕێوشوێنی یاسایی و موئەسەساتی بۆ دابنێت تا چارەسەر بكرێن، ئێمە لێرەدا دەگەینە ئەو ئاكامەی كە خودی بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش حەزو قەناعەتی بەوەیە ئافرەت ڕۆڵ ببینێت و كە بتوانێت ڕۆڵەكەی گرنگ بێت لە ناو كۆمەڵگەی كوردستانی و لە ناو ئیدارەكانی هەرێمی كوردستان و لە ناو كابینەدا شان بە شانی پیاوو لە پیاویش كەمتر نەبێت.
گوڵان: لایەنێكی دیكە كە دەمانەوێت باسی بكەین، مەسەلەی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستانە، ئێستا لەم هاوكێشەیەدا شەخسی سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبی سەرەكی لە ناوچەكە، رووبەڕووی ئەركێكی گەورە بوونەتەوە، هەتا ئێستا توانیوتانە هۆكاریكی باش بن بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، هەروەها سەردانی سەرۆكی كوردستان بۆ ئامەد وەرچەرخانێكی نەوعی بوو، بەردەوامیش پێوەندیتان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی باكووروئەندام پەرلەمانە كوردەكانی پەرلەمانی توركیا هەیە، ئایا تا چەند پارتی شانی داوەتە بەر ئەم ئەركە نەتەوەییە؟
مەحمود محەمەد: ناچارین دیسان ئاوڕێك لە رابردوو بدەینەوە، چ لەسەردەمی بارزانیی نەمرو پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵانی پێشوو، هه‌روه‌ها بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كۆنگره‌كانی پارتی، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و مێژووه‌دا روانگەی پارتی و بارزانیی نەمر دیاربووە لەسەر مافی هاونیشتمانیبوون و هاوزمانەكانمان لە پارچەكانی دیكەی كوردستان،زۆریش بە راشكاوی لە هەموو پەیڕەوو پڕۆگرامەكاندا باسمان لەوە كردووە كە كوردستان پارچەپارچەكراوە، هه‌رگیز ئەوەمان نەشاردۆتەوە هه‌روه‌ها هەوڵیشمانداوە لە ناو خەڵكیشدا وەكو تێگەیشتنێك بەردەوام هەبێت.
كه‌واته‌ مه‌سه‌له‌ی دابه‌شكردنی كوردستان بۆ چوار پارچه‌ ئه‌مه‌ واقیعێكه‌، لە هه‌ر چوار پارچەكه‌دا مافه‌كانمان پێشێلكرابوو. له‌دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 هه‌تا ئێستا له‌ باشووری كوردستان كۆمه‌ڵێك ده‌سكه‌وتی گرنگ به‌ده‌ست هاتوون و ئومێدی زیاتریش ده‌كرێت، له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ش جووڵه‌یه‌ك دروست بووه‌ كه‌ ده‌كرێت بڵێین سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌ بۆ به‌دیهێنانی ده‌سكه‌وت له‌و به‌شانه‌ی دیكه‌شدا
له‌ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دا جێگەی خۆشحاڵییە،سەرۆك مسعود بارزانی وەكو پێشمه‌رگه‌یه‌ك باوەڕی بە مافی نەتەوەكەی و مافی هەموو نەتەوەكانی دیكە هەیە،باوەڕی بە پێكەوە ژیانی ئایینی ونەتەوەیی هەیە، باوەڕی بەوە هەیە كە گەلی كورد لەهه‌موو پارچه‌كاندا مافەكانیان بەدەست بێننەوەو هەوڵی جددیش لەم رووەوە دەدات، لە چاوپێكەوتن و دانیشتنەكانیدا لەگەڵ لایەنەكانی كە پێویستە قسە لەسەر ئەم بابەتە بكرێت و كردوویەتی، چ لەگەڵ توركیا یان لەگەڵ ئێران و كاتی خۆیشی هەتا لەگەڵ سوریا، هەروەها لەگەڵ حزبە كوردستانییەكان ئەم بابەتە باسكراوە، بۆیە رۆڵی سەرۆك بارزانی لە بواری نەتەوەیی دیارو بەرچاوەو ئەوە بە ئەركی خۆی دەزانێت، مەسەلەی كوردستانی باكوورو سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی بۆ ئامه‌د، به‌راستی سەردانەكەی سەردانێكی مێژوویی بوو، سەردانێك بوو كە كۆمەڵێك دەستكەوتی بەدوادا هات، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و توركیاش ئه‌م سه‌ردانه‌ به‌ گرنگ و مێژووی له‌ قه‌ڵه‌مدرا.
سەرۆك بارزانی وای كرد كە لەگەڵ چوونی ئەو و دوای ئەویش وشەی(كوردستان) قەدەغەی لەسەر هەڵبگیرێت لە توركیا، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌ ناو په‌رله‌مانی توركیا ناچار بوو بڵێت
تەماشای وتوێژو پرۆتۆكۆلی توركیا بكەن لەسەردەمی كۆن و ئەتاتوركدا بۆ ئەوەی كە بزانن وشەی (كوردستان) بەكارهاتووە یان نا، كه‌واته‌ سه‌ردانی سه‌رۆك بۆ ئامه‌د بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی و له‌سه‌ر ئاستی دانپێدانانی ده‌وڵه‌تی توركیا وشه‌ی كوردستان قه‌ده‌غه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت، بۆیه‌ ،ئێستاش زۆر بە سادەیی خەڵك ناوی كوردستان دێنێت ولە چاوپێكەوتنەكانی تەلەفزیۆنیشدا ئەم بابەتە رەنگی دایەوە، بابێینه‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئاڵای كوردستان، چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا رۆژی ئاڵای كوردستان به‌رێوه‌چوو، چۆن له‌ باشووری كوردستان بایه‌خی پێدراو به‌رز راگیرا، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌زۆربه‌ی شاره‌كانی باكووریشدا بایه‌خیان پێداو به‌رز راگیرا، بۆیه‌ له‌م رووه‌وه‌ سه‌ردانی سه‌رۆك بۆ ئامه‌د رووداوێكی مێژوویی بوو ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بوو سه‌ردانێك بووبێت به‌ جلی كوردییه‌وه‌ بۆ ئامه‌د، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك ده‌سكه‌وتی به‌دوای خۆیدا هێنا، ئەمە بۆ ئێمەی كورد گەلێ گرنگ بوو،چونكە چەند كوردستانی توركیا نزیك بێتەوە لە مافەكانی خۆی، رەوشی كوردستانی عیراقیش ئاڵوگۆڕی بەسەردادێت، بەهەمان شێوە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش،كاریگەریی راستەوخۆی بۆسەر ئێرە و كوردستانی سوریاو ئێرانیش هەیە،بۆیە پێمانوایە ئەمە هەنگاوێكە بۆ ئەوەی كورد لەهەموو پارچەكان بگەن بەو مافانەی لێیان زەوتكراوە.
گوڵان: ماوەیەك پێش ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ پەیەدە جۆرێك لێكتێنەگەیشتن لە نێوانیاندا هەبوو، بەڵام ماوەیەكە باس لەوە دەكرێت لایەنەكانی رۆژئاوا بە پەیەدەشەوە ئامادەن لەگەڵ پارتی دابنیشن و لێكتێگەیشتنیك دروست بكەن، ئایا دەكرێت باسی وردەكاريی ئەم پرسەمان بۆ بكەیت؟
مەحمود محەمەد: من جارێ باسی بڵاوبوونەوەی هەندێ هەواڵی چه‌واشه‌ ده‌كه‌م كە لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی بڵاو ده‌بێته‌وه‌، به‌وه‌ی گوایە ئێمە دژی ئەو ئیدارەیەین كە لە رۆژئاوای كوردستان درووست بووە، ئەمە هیچ بنەمایەكی نییە به‌ڵكوهەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەبوو كە لە كوردستانی رۆژئاوا ئەزموونی ئێمەی كوردستانی باشوور لەسەرەتاوە دەست پێنەكاتەوە، راشكاوانه‌تر لە ئاكامە باشەكانی ئەزموونی ئێمەوە دەست پێبكەن، هه‌ر بۆنموونه‌:
یەكەم:كێشەی ناوخۆیی وەلابنێن.
دووەم: یەكتر قبوڵكردن و پێكەوە ئیشكردن هەبێت.
سێیەم: هەوڵ نەدەن،یان لایەنەكانی دیكە هەوڵ نەدەن كوردستان ببێتە گۆڕەپانی شەڕو پێكدادان.
ئەمە ئەو خاڵانە بوون كە سەرۆك بارزانی بە هەموو لایەنەكانی كوردستانی رۆژئاوای وتووە بە(پەیەدە)شەوە،هەروەها هەوڵدراوە رێكیان بخەین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حزبیان زۆرەو پەرت وبڵاون، ئەوەبوو لە هەولێر كۆبوونەوەیەك كراو لێرە به‌سه‌رپه‌شتی خودی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی رێككەوتنێك ئیمزاكراو ناوی نرا( رێككەوتنی هەولێر) ،لەم رێككەوتنە كۆمەڵێك خاڵی زۆر باشی تێدایە بۆ پێكەوە كاركردن و یەكتر قبوڵكردن، هەروەها چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ دراوسێكانیان و رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆن، بەڵام لە كوردستانی سوریا پەیەدە وەكو ئەوەی كە لێرە لەسەری رێككەوتبوون نەجووڵایەوە، بەڵكو هەوڵیدا دەست بەسەر هەموو جومگەكانی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدا بگرێت و بیسەپێنێت بەسەر هەموو ئەو شوێنانەی كە كوردیان تێدایە،ئەمە وای كرد كە لەنێوخۆیاندا كێشە پەیدا ببێت تا گەیشتە ئەوەی هەندێ كەس بگیرێت،تەنانەت دەستی تیرۆر گەیشتە ناو خاكی كوردستانی سوریاو هەوڵدرا بەشێك لە شەڕی ئەوێ بگوازنەوە بۆ كوردستان، بە راستی ئێمە لەو سیاسەتەی راكێشانی دەستی شەڕ بۆ ناو كوردستانی رۆژئاوا ناڕازی بووین، هەتا لایەنەكانی زۆری ئەوێش بەرامبەر ئەو سیاسەتە ناڕازی بوون، ئەمەمان لەگەڵ باسكردن، بەداخەوە په‌یه‌ده‌ ئەوەندە زۆر بەدەم بانگەوازوجەختكردنەوەی هەموولایەنەكان نەهات لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەولێر، تەنانەت پێیانوابوو كە ئەوان پێویستیان بە هیچ نییە، ئه‌مه‌ لەكاتێكدا باشووری كوردستانی ئەوەندەی لەدەستی هاتبێت بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردن و ناساندن و رێ خۆشكردن بۆ رۆژئاوا ئه‌نجامیداوه‌،هەر سەرەتا سەرۆك مسعود بارزانی بوو هەوڵیدا تا ئەوان لە چەندین كۆڕو كۆبوونەوە بەشداربن و لەچەند شوێنی دنیادا چاویان بە سەركردەی حزبەكانی كوردستانی رۆژئاوا بكەوێت،ئەمە هەوڵێك بوو بۆ ئەوەی زەمینەیان بۆ خۆش بكەن زیاتر بچنە نێوپرۆسەی سیاسی و بەشدارییان پێبكرێت لە پرۆسە سیاسییەكەدا،هەتا كە ئەو كاتە بورهان غەلیون سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوو،دوای ئەویش سەیدا بووه‌ سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، سەرۆك بارزانی لە پێوەندیی راستەوخۆ بوو كە لە ئێستاوە هەندێ بابەت هەیە لەناو ئۆپۆزسیۆندا دانی پێدابنرێت، نموونەی رێككەوتنەكەی ئۆپۆزسیۆنی سەڵاحەددینی خۆمانی دەهێنایەوە ئەوەی كە لە لوبنان و لە لەندەن كردبوومان لە پێش رووخانی رژێم،هەتا ئەگەر لایەنێك هەبووبێت پێی خۆش بووبێت كە رژێمی سوریا دەتوانێت هەندێ شت بكات، پارتی ئه‌مه‌شی پێناخۆش نه‌بوو، بۆچوونی پارتی به‌و جۆره‌ بوو با رژێمی سوریا بە فەرمی بیكات،بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگەنامەیەك،چۆن ئەوەی كە ساڵی 1970 رژێمی بەعس لەژێر گوشاری پێشمەرگەو پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزی هەموو كوردستان ناچاربوو دان بە ئۆتۆنۆمی بنێت لە كوردستان لەدوای چوارساڵیش كە لێشی پەشیمان بووەوە، بەڵام نەیتوانی ئەو بەڵگەنامەیە بە یەكجاری هەڵوەشێنێتەوە، بۆیە ساڵی نەوەدویەك كە راپەڕین كرا لەسەر بنەمای ئەو بەڵگەنامەیەش ئەوان دەیانویست پەرە بە به‌ناوه‌ڕۆكی ئه‌و بەڵگەنامەیە بدرێت و بەرەو پێشەوەی بەرن،كەواتە شتێك هەیە لای ئێمە كە وەكو ئەزموون دەمانویست بە ئەوانی بڵێین، بەڵام ئەوان زۆرگوێڕایەڵی ئەم بابەتانە نەبوون، تاكو ئەو ئەزموونانە بۆ خۆیان بەكاربێنن و سوودی لێوەربگرن، دواتر لەبەر حوكمی ئەو تێكەڵییەی كە هەمانە، هەم لەرووی سنوور و هەم لەرووی نەتەوایەتی و سیاسییەوە،لەوانەیە كۆمەڵێك لایەن هەبن ناڕەزاییەكانیان بێننە ئێرە،بۆیە دەبێ بە دەم ئەو ناڕەزاییانەوە بچین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە،بۆیە خۆشبەختانە لەم چەند رۆژە دانیشتن و كۆبوونەوە هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە و هەرچەندە من لە شاندی دانوستاندنی ئەوێ نیم،بەڵام وەكو زانیومە خەریكە رێكدەكەون لەسەر نوێنەرایەتیی كورد بۆ كۆنگرەی جنێڤ2 بە رەزامەندیی هەموو لایەنەكان دیاری بكرێت،نەك لایەنێك خۆی بەهەموو شتێك بزانێت و لایەنەكانی دیكە پەراوێزبكات،ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە كە ئێمە دەمانەوێ كوردستانی رۆژئاوا هەندێ بەڵگەنامە بە ئۆپۆزسیۆن یان بە رژێم ئیمزابكات بۆ ئەوەی دیاربێ چی دەكەن،چونكە هەندێ شت لەسەر زەوی روویدا بۆ نموونه‌ له‌ ته‌لكۆچه‌روئەو شوێنانە كە گومان دروست دەكات و ئێمەش نیگەرانین بەو گومانانە.
گوڵان: ئایا تاچەند ئەم لێكتێگەیشتنەی نێوان پەیەدە و پارتی، هەروەها پەكەكە و پارتی، زەمینیەكی نوێ دەڕەخسێنێتەوە بۆ گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیی، كە ئێستا بۆ كاتی نادیار دواخراوە؟
مەحمود محەمەد: رۆژی 19/12/2013 لیژنەی ئامادەكاری كۆبوونەوەی هەبوو بۆ ئامادەكارییەكان و رەنگە ئەگەر لەپێشدا هەندێ لێكحاڵینەبوون هەبووبێت لەسەر بابەتەكان،زۆر بە ئاسانتر ئێستا خەریكە گفتوگۆدەكەن،لیژنەی ئامادەكاریش خەریكی داڕشتنی بەرنامەكانیەتی،پێویستە ئێمە بە شێوەیەك ئەم كۆنگرەیە ببەستین،كە دەوڵەتەكانی دەوروبەری ئێمە هەستیارنەكەین بەرامبەر بەو حزبانە و وایان لێ نەكەین لەدژیان بوەستن،كە ئەمەش گرنگە، لەلایەكی دیكەوە واقعی ئێستای خەبات بۆبەدەستهێنانەوەی مافەكان دەبێ لەبەرچاوبگیرێت،ئەم واقعە لەگەڵ ساڵانی هەشتاكان ونەوەدەكان جیاوازە،كەواتە لە ناوەندە دەوڵەتییەكان و لەو شوێنانەی كە كاریگەرییان لەسەر دروستكردنی بڕیار هەیە بۆ ئەوەی چۆن ئەو ناوچەیە بەڕێوەبچێت،پێویست بەوەدەكات خوێندنەوەی تەندروست و راستمان هەبێت بۆ ئەوەی ئێستا شێوازی خەبات بەو شێوەیە بێت كەلای ئەوانیش پەسند بێت.
گوڵان: مەسەلەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان مەسەلەیەكی تا دوا رادە گرنگە، ئێستا ئەم پەیوەندییانە زۆر ئاڵۆزن و جۆرێك لێكتێنەگەیشتن لەنێوان هاوپەیمانیی كوردستانی و لیستی دەوڵەتی یاسا و شەخسی نوری مالیكی و حكومەتی عیراق هەیە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئێوە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان چ ئومێدێكتان بەوە ماوە كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ و لەرێگەی لیژنە و لیژنەكارییەوە چارەسەر بكرێت؟
مەحمود محەمەد: یەك لە بۆچوونەكانمان بۆ دروستكردنی كابینەیەكی بنكەفراوان ئەوەیە كە دەست بەتاڵ بین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە ماونەتەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا،ئەگەر قۆناغ بەقۆناغ سەیری ئەو هەنگاوانە بكەین كە لە كوردستان نراون بۆئەوەی كە چارەسەری ئەو كێشانە بكەین و سەیری وەڵامدانەوەی حكومەتی فیدراڵ بكەین،دەبینین ناهەوسەنگییەكی زۆری تێدایە،بەپیرەوەهاتن لەلای ئەوانەوە كەم بووە،هەوڵیانداوە سوود لە كات وەربگرن و تێیپەڕێنن،ئەوان وادەزانن كە بەتێپەڕبوونی كات ئێمە لەبیرمان دەچێتەوە یان وازی لێدێنین یاخود ماندوودەبین،بەڵام زۆرجار پێمان گوتوون و جەنابی سەرۆك ڕاشكاوانە پێی گوتوون ئێمە نەماندوودەبین و نە لەبیرمان دەچێتەوە نە وازیشی لێدێنین،بۆیە لەدوا كۆبوونەوەدا،پێش سەردانەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا،شاندێك هات و دیداریان لەگەڵ جەنابی سەرۆك هەبوو،سەرۆك پێی وتن: یا ئەوەتا پێكەوە چارەسەری ئەم كێشانە بكەین كە دەبێ بە قەناعەت بێت،یان ئەوەتا لێك جیاببینەوە یان شەڕبكەین،بێجگە لەوە بژاردەی دیكەمان نییە،بەڵام ئەوان وتیان نابێ باسی بژاردەی سێیەم بكرێ كە مەسەلەی شەڕە، ئەگەر لێك جیابوونەوەش بێت با بە رێككەوتن بێت، بەڵام ئێمە لەسەر خاڵی یەكەم بووین بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكان بكەین، بۆیە تەسەوڕدەكەین كە ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان وخودی جەنابی سەرۆك زۆر راشكاوانە لەگەڵ حكومەتی فیدرال و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و سەرۆكی كوتلەكانی بەشدار لە پەرلەمانی عیراق و ئەندامانی پەرلەمان قسەمان كردووە لەسەر ئەو بابەتانە كە ئێمە سوورین لەسەرچارەسەركردنی كێشەكان،ئەم چارەسەركردنە بەشێك گرفتی بۆ دروستبووە، بەشێك لەو خەڵكەی كە عەقڵییەتی هەر ئەوە بووە كە دەبێت هەموو شتێكی لەدەستدا بێت،لە بچووكترین شتەوە تا گەورەترین شت هەردەبێ ئەوان بڕیاری لێبده‌ن و ئەوی دیكە دەبێ جێبەجێكاربێ، بەڵام جێبەجێكاری باشیش بێت!!ئەگینا سزای دەدەن، چۆن پێشتر كە لە كوردستان بڕیاری ئەوان جێبەجێدەكرا بەڵام هەر كوردیان سزادەدا و گوندەكانیان وێران دەكردو خەڵكیان رادەگواست و دەربەدەریان دەكردو لەسێدارەیان دەدا، بڕیارو یاسای تەواڕییان بۆ دادەناو لە ژیانی سروشتی قەدەغەیان دەكرد، ئێستا ئەگەر رێگەی ئەوەشیان نییە بەڵام بەشێك لەوانەی لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدارن، عەقڵییەتیان هەمان ئەو عەقڵییەتەیە كە دەبێ لە عیراق هەموو شتێك هی عەرەب بێت،وا مەزەندە دەكەن ئەگەر بوترێت هەموو شتێك هی كوردو عەرەب پێكەوەیە، ئەوان نیشتمانی عەرەبییان لێ بچووك بۆتەوە هاووڵاتی عەرەبیان لێ كەمبۆتەوەو غەدرێك لە عەرەب كراوە،ئەوە هەڵەیەكی مێژووییە كە چەند ساڵە دەیكەن و خۆشیان و ئێمەشیان تووشی كێشە كردووە،هەموو وڵاتیشیان بەم ئاستە گەیاند كە بینیتان سەربازی عیراقی پۆستاڵی سەربازی ئەمریكی ماچ دەكرد،ئەمەش ئەنجامی ئەو بیروبۆچوونە چەوتە بوو كە هەیانبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ، تۆ دەبینی لە ساڵی 1975 ئامادەبوون بەشێك لە خاك و ئاوی عیراق بدەن بە وڵاتێكی دیكە بەڵام نەیەن لەسەر كەركوك له‌گه‌ڵ نەتەوەی دووەمی خۆیان رێكبكەون كە هەرلە عیراقیشدا دەمایەوە،ئامادەبوو نیوەی شەتولعەرەب بدات بە ئێران و كۆمەڵێك زەوی سەرسنووركە بەشێكی پڕە لە نەوت بیدات بە ئێران بەڵام ئامادەنەبوو كە لەسەر ئۆتۆنۆمی لەگەڵ كورد رێكبكەوێت،ئەم عەقڵییەتە هەر ماوە، بەڵام كوردو سەركردایەتییەكەی و جەنابی سەرۆك رێگەی دەستووری و یاساییان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئەم كێشەیەدا بكەن،لەو روانگەیەوە كە دەبێ گفتوگۆ و مێزی دانیشتن چارەسەری كێشەكان بكات،چونكە ئەوان هەموو دژایەتییەكی ئێمەیان بەكارهێنا،بەڵام كورد ماوەوهەردەشمێنێت،كەواتە ئەم كێشانە گەورەن، بەڵام لە كۆتاییدا دەبێ چارەسەربكرێن،ئێمەش هەوڵی جددی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی ئەم كێشانە چارسەربكرێن،چونكە هەم قازانجی ئێمەیەو هەم هی عەرەبەو لە رووی ئابووریشەوە قازانجی كوردستان و عیراقی تێدایەو قازانجی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی عیراقی بە گشتی تێدایە لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەرو دەوڵەتانی دوورتریش.
گوڵان: ئایا ئێوە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندیی بەردەوامتان لەگەڵ لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی شیعە ماوە، لەبەر ئەوەی لیستی هاوپەیمانیی شیعە چەند لایەنێكی گرنگ جیا لەدەوڵەتی یاسا لە خۆی دەگرێت، وەك رەوتی سەدر و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەعیراق، ئایا ئەوان چی دەڵێن و هەڵوێستیان لەسەر ئەو كێشانەی نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟
مەحمود محەمەد: لە راستیدا ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان هەیە،بەڵام زۆربەی لایەنەكان هەڵەیەكی گەورەیان كرد كە كەوتنە دوای ئەو شەپۆل و هەڵڵایەی كە دروستیانكرد كە كێ دژی بەرژەوەندییەكانی كورد بێت شەقامی عەرەبی زیاتر بۆ خۆی رادەكێشێت،بۆیە بەشێك لەو لایەنانەی كە باوەڕیشیان بەو بابەتە نەبوو بێدەنگیيان هەڵبژارد،ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و رەوتی سەدرو لایەنەكانی دیكەش بە سوننەو شیعەشەوە دەیاندیت كێ زیاتردژی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كورد بێت لە كوردستانی عیراق،خەڵك زیاتر بۆ خۆیان رادەكێشن،ئەمەیان هێشتا پێ چاك نەبۆتەوە،نەیانتوانیوە لە رووی رۆشنبیرییەوە كاریگەرییەكی چاك بكەن كە ئەمە هەڵەیەك بووە،لایەنێك یان دوو لایەنی سیاسی لەناو ماڵی شیعە كردیان و نابێت بەدوای بكەون و بەڵكو دەبێ دژایەتیی ئەم بیرۆكەیە بكرێت دەنا لە كۆبوونەوە تایبەتییەكان ئەوەی ئێمە دەمانگوت لەسەر بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە ئەوان چەند بەرابەریان هەبوو بە رەخنەوە لەسەر ئەم بابەتە،بەڵام لە راگەیاندندا ئاماژەیان پێ نەدەكرد و خۆیان دەپاراست، پێمانوایە دەوڵەتی یاسا و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و سەدریەكان و جەعفەری و لایەنەكانی دیكە وحزبی دەعوە كە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە،كە دەبێ ئەم كێشەیە بە گفتوگۆ چارەسەربكرێت،چونكە بەشێوەیەكی دیكە قبوڵ نییە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ یان نێودەوڵەتی،ئەمەش رێگەی بۆ دانراوە،كورد لە ساڵی 2003- وە خەریكی ئەوە بوو كە رێگەیەكی دەستووری بۆ ئەم بابەتە دوور لە شەڕ دابنرێت،وابوو لە پرۆژەی كاتی نووسینی دەستووری كاتی لە ماددەی 58 رەنگی پێدرایەوە دواتر به ‌(مادده‌ی 140) هاتە ناو دەستووری هەمیشەیی عیراق و لایەنەكان دانیان پێدا نا، دوایە لە دەنگداندا زۆرینەی خەڵكی عیراق دەنگی پێدا،ئەوەبوو كە ماددەیەك لە ماددە دەستووریەكان بۆتە ئەوەی كە چۆن چارەسەری ئەم كێشەیە لە نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بكرێت، بەڵام بەداخەوە حكومەت دوای حكومەت دیسان دەیانویست كات بەسەربەرن و نەهێڵن كێشەكان چارەسەربن،بەڵام پێموایە ساڵی داهاتوو دیسان تا هەڵبژاردنی پەرلەمان شتێكی ئەوتۆ و كێشەكان نەچێتەپێش تاكو پەرلەمانی تازە هەڵدەبژێردرێت،هاوسەنگییەكان رەنگە حوكم بكەن تا چەند بەرەوپیری كێشەكان دێن.
گوڵان: قسەیەك هەیە دەڵێت هەتا كورد لە چوارچێوەی عیراقدا بمێنێتەوە، ئەوا كورد هاوپەیمانیی شیعەی لاپەسەندترە لە هەر لایەنیكی دیكە، ئایا ئەم ستراتیژە هەر ماوە یان ئێستا بیر لە هاوپەیمانیی دیكەش دەكەنەوە؟
مەحمود محەمەد: لە راستیدا ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانیی شیعی بووین و ئێستاش هەین،بەڵام هەمیشە گوتوومانە نابێت ئەو هاوپەیمانێتییە لەسەر حسابی لایەنەكانی دیكە بێت،یان ببێتە هۆی پەراوێزكردنی لایەنێكی نەتەوەیی یان مەزهەبی یان ئایینی دیكە،ئەمەشمان بە برایانی شیعە وتووە،بەڵام كۆمەڵێك شت ئێمەو ئەوانی پێكەوە كۆكردەوە،ئەو مەزڵومییەتەی كە هەردوولامان لەسەردەمی بەعس هەمان بووە،هەروەها ئەو هاوسەنگەری و هاوخەباتییەی كە پێكەوە لەدژی رژێمی بەعس كردوومانە،ئەمانە وایان كردووە كە لەیەكدی حاڵی ببین،ئەوی دیكە ئەوان هەم وەكو عەرەب كە لەپێشەوە شیعەن ئینجا عەرەبن نەرمییەكی زیاتریان هەبووە بەرامبەربە مافەكانی گەلی كوردستان و لە رووی نەتەوەیی و نیشتمانیشمانەوە، ئێستاش ئێمە مەترسییەك نین بۆ سەر دەسەڵاتی شیعە، بە پێچەوانەوە لاوازیی ئێمە كاریگەرییەكی نێگەتیڤ دەبێت بۆ دەسەڵاتی ئەوان، چونكە ئەوەمان لەبیرنەچێت لەرووی مه‌زهه‌بیه‌وه‌ ئێمە لە لایەكەی دیكەوە نزیكترین،بۆیە لە كاتی لاوازبوون هیچ بەدووری مەزانە ئەگەربزووتنەوەی كورد توانای باشی نەمێنێ بۆكۆنترۆڵكردنی شەقامی كوردی لایەنە سوننیەكە بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی بتوانێ كاریگەرییەكی خراپی هەبێت لەسەر دەسەڵاتی شیعە لەعیراقدا، بۆیە ئێمە، بەڵێ ئێستاش بڕوامان بەو هاوپەیمانێتییە هەیەو رێزی دەگرین،بەڵام به‌شێك له‌ برایانی شیعە وەكو پێویست رێزیان نەگرتووە.
گوڵان: هەندێك دەڵێن ئەم كێشانەی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی شاردۆتەوە، ئایا ئێستا سەبارەت بە پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم چی دەڵێن؟
مەحمود محەمەد: ئەمە روونە،حكومەتی فیدرال نەیتوانیوە كۆمەڵێك كێشە هەن چارەسەریان بكات بۆ ئەوەی بپرژێتە سەر ئەم بابەتە، لەوانەیە لە بنچینەدا نەیەوێت ئەم مەسەلەیە چارەسەر بێت،دەنا مەسەلەی ئاساییش و كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی پێ دابین نەكراوە،ئەمە وایكردووە لەناوئەواندا ون ببێت،بۆیە چارەسەری مەسەلەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش لەپەنای ئەوەوە ئیشی باشی لەسەر نەكراوە.
گوڵان: پارتی لە لیستی كەركوك هاتە دەرەوە، هەندێك دەڵێن پارتی هۆكاری ئەوەیە كە كورد بە یەك لیست لە كەركوك دانابەزێت، ئایا بەڕاستی ئێوە هۆكارن، ئەگەر ئێوە هۆكارن لەبەرچی بە یەك لیستیی رازی نەبوون؟
مەحمود محەمەد: ئێمە لەگەڵ یەك ریزیی وهاوپەیمانێتین،لەگەڵ ئەوەین كە هەموو تواناكانمان بەگەڕ بخەین،بەڵام دەبێ حسابی ئەوەش بكرێت كە ئەم یەكڕیزییە بە هەندێ خەڵك دەپارێزرێ و بە هەندێكی دیكە ناپارێزرێ، برادەرانی ئێمە لە كەركوك،كە دەسەڵاتی تەواویان هەیەو ئەوە دەسەڵاتی خۆیانە پێیاندراوە بۆ چۆنێتی پێكهێنانی لیست و دیاریكردنی ناوەكانیش بۆ لیستەكە،ئەنجومەنی سەركردایەتی هەر پارێزگایەك ئەو دەسەڵاتەی هەیە، تەنیا ناوی كاندیدەكان بۆ مەكتەبی سیاسی دەنێرن، ئێمەش ئەوەی پێویست بێت هاوكارییان دەكەین،لە گفتوگۆكانیاندا ئەوەندەی من ئاگادارم،هەوڵیانداوە، یەك :لیستێك پێك بێنن، دوو: ناوێكی گونجاو بۆ لیستەكە بدۆزنەوە، سێ: برادەرانی ئێمە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان گوتووە ئێوە سەرۆكی لیست بن، بەڵام كە سەرۆكی لیست دادەنرێ بۆ هەموو لیستەكەیە،نابێ تەنیا سەرۆكی یەك لایەن بێت،دەبێ هەموو لایەنەكان پێی رازی بن،دیارە برادەران پێیانو?
Top