ساڵح قەلاب بۆ گوڵان: بەڕێز مسعود بارزانی دووربینانە هەنگاوی مەزنی بۆ ئامانجی نەتەوەكەی هەڵگرتووە، ئاسۆی سەربەخۆیی كوردستانی لێ دیارە

ساڵح قەلاب بۆ گوڵان: بەڕێز مسعود بارزانی دووربینانە هەنگاوی مەزنی بۆ ئامانجی نەتەوەكەی هەڵگرتووە، ئاسۆی سەربەخۆیی كوردستانی لێ دیارە
لەناو گەرمەی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەریكە كێشەی كورد دەبێتە توخمی سەرەكی نێو هاوكێشەكان و هەرێمی كوردستان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر بنەماكانی دەوڵەتی سەربەخۆی لێدەردەكەوێت و كێشەی كوردیش بەشێوەیەكی گشتی بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵدەگرێت، هەر لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا عێراق بەرەو ئایندەیەكی نادیار هەنگاو هەڵدەگرێت و رۆژ لەدوای رۆژ بارودۆخی خراپتر دەبێت، ئەمە وێڕای ئەوەی لە دیوی رۆژئاواشەوە سوریا بۆتە كێشەیەكی دیكە و زۆر لە چاودێران هەڵكشانی توندوتیژییەكانی عێراق لەگەڵ رەوشی ئاڵۆزی سوریا پێكەوە دەخوێننەوە و وای دەبینن بارودۆخی سوریا كاریگەری گەورەی لەسەر رەوشی عێراق هەیە و كادرانەوەی پاڵپشتی حكومەتی عێراقن بۆ مانەوەی رژێمی ئەسەد لە دەسەڵاتدا، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە و تاووتوێی ئاڕاستەی رەوتی گۆڕانكارییەكان، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ نووسەر و رۆژنامەنووس بەڕێز ساڵح قەلاب وەزیری راگەیاندن و رۆشنبیری پێشووی شانشینی ئەردەنی ئەنجامداو بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.
گوڵان: عێراق لەناو ئەم كەشی تایەفەگەری و ململانێ بێ بڕانەوەی كە تێی كەوتووە، بەرەو كوێ مل دەنێت، بە تایبەتی لە چوارچێوەی بوارە سیاسییەكەدا، چ گۆڕانكارییەك لە داهاتووی عێراقدا دەبینن؟!
ساڵح قەلاب: ئەستەمە بۆ هەر كەسێك بە ئاسانی بتوانێت پێشبینی ئەوە بكات چارەنووسی عێراق بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرێت، چونكە بە ئاشكراو روون دەستێوەردانی نابەرپرسانە لە ناو عێراقدا هەیە بۆ قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان، ناوچەكەش بە بارێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، گۆڕانكاریی فرە ئاڕاستەو فرەجەمسەر دروست بوون، لەبەر ئەوە زۆر زەحمەتە بۆ كەسێكی شرۆڤەكار بە یەك دیودا یان بە تاك رەهەندییانە بتوانێت دۆزەكانی ناو عێراق تاووتوێ بكات..
عێراق بووەتە مەیدانێكی كراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تایەفیی و بەرەنگاربوونەوەی توندی مەزهەبگەرایی كە سامناكترین جۆرەكانی بەرەنگاربوونەوەو ململانێیە لە دنیادا، ئەمەش لەبەر دوو فاكتەری سەرەكی:
یەكەمین فاكتەریان بریتییە لە دەستوەردانی راستەوخۆی ئێران بۆ ناو كاروباری عێراق، تەنانەت تا پێش كشانەوەی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكاش تارماییەكانی ئەم ئامادەگییە بوونی هەبووەو ئێستاش هەر ماوە، ئینجا تێكچوونی بارودۆخی ناو سوریاشی هاتۆتەسەرو، لەسوریاش ئەمە وایكردووە ناڕاستەوخۆ نفووزی حزبوڵڵاو دەسەڵاتی هێزەكانی ئێران لە ناو فەیلەقی قودسەوە رۆڵی كارا بگێڕن، ئەمانە كەشی گرژی تایەفەگەرییان لە ناو عێراقدا گرژتر كردۆتەوە، رەنگە بە هۆی ئەو پاشخانە لە مێژینە دوژمنایەتییەوە بێت كە لە كۆنەوە لە نێوان سوننە و شیعەی عێراقدا رەگی داكوتیوەو دواتر بە هۆی تێكچوونی رەوشی سوریاوە پەرەی زیاتر سەندۆتەوە، كەواتە دەستێوەردانێكی تایەفەگەرییانەی بەردەوام هەیە بۆ زیاتر تێكچوونی رەوشی عێراق، لەو بڕوایەشدام دەسەڵاتی فەرمانڕەوا كە بە نوێنەرایەتی نوری مالیكی بەڕێوە دەچێت، ئاسانكاریی دەكات یان رێگەكان چۆڵ دەكات بۆ هاتنە ناوەوەی هەموو شێوازێكی دەستوەردان لە كاروباری وڵاتەكەدا، تەنانەت ئاسمان و خاكی عێراقی كردۆتە پردێكی گواستنەوەو گەیاندنی هەموو جۆرە هاوكارییەكی سەربازی و لۆجیستی بۆ رژێمی ئەسەد تا ئەو رژێمە نەڕووخێت، كاردانەوە خراپەكانی دروست بوونی ئەم پردەش باجێكی قورسە، خەڵكی عێراق رۆژانە ئەو باجە بە خوێنی نەوەكانیان دەدەنەوە، چونكە وەك هەمووان دەزانن سوریا بۆتە گۆڕەپانێكی لەبارو بە پیت بۆ یەكلاخستنەوەی ململانێیەكی خوێناوی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ئەم ململانێیەی ناو گۆڕەپانی سوریا پریشكەكانی بۆ ناو عێراقیش پەڕیونەتەوە، رۆژانە بە سەدان هاووڵاتی لە ئەنجامی كارە تیرۆریستیەكان خوێنیان بەسەر شەقامەكانی عێراق دەڕژێنرێن، تەنانەت لە هەندێ رۆژدا ژمارەی قوربانیانی ناو شارەكانی باشوور و ناوەندی عێراق لە هی جەنگی ماڵوێرانكاری ناو شار و شارۆچكەكانی سوریاش زیاتر بووە، بە هەموو پێوەرەكان ئەوەی لە سوریا روودەدات جەنگێكی وێرانكار و كوشتارگەیەكی بێهوودەیە، ئەگەرچی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە دەرەوەی بازنەی ئەو ململانێ خوێناوییەی سوریاو شەڕە تایەفەگەرییەی عێراقەوە، بەڵام كەسان و لایەنانێك لە هەوڵدا بوون ئەم ململانێیەی سوریا راستەوخۆ بگوازنەوە بۆ ناو هەرێمی كوردستان، بەڵگەش بۆ ئەمە، ئەو كردەوە تیرۆریستیە بوو كە لەبەردەم دەزگای ئاسایشی هەولێر ئەنجام درا، بە گشتی دیمەنەكە لە عێراق دیمەنێكی قەترانی و تاریك و سامناك و پڕ لە دڵەڕاوكێیە..
گوڵان: عێراق لە رووی سیاسی و ئاسایش و ئارامییەوە تووشی شكست بووەتەوە، باشە لە پاش ئەم شكستەی عێراقەوە ئایا داهاتوو نادیارە یان چاوەڕوانییەك هەیە بۆ گۆڕانكاری؟!
ساڵح قەلاب: كێ دەتوانێت پێشبینی داهاتوویەك بكات لە وڵاتێكدا كە هەموو رەنگەكانی بەناو یەكتردا پژابن، راستە جگە لە هەرێمی كوردستان عێراق وەك حكومەت و دەوڵەتیش دوچاری شكستی جەرگبڕ بۆتەوە، ئەوەتا جگە لە هەرێمی كوردستان، هەموو بەشەكانی تری ناو عێراق لە ئاژاوەو كردەوەی تیرۆریستیدا نغرۆ بووەو جومگە سەرەكیەكانی وڵاتیش لەلایەن وڵاتێكی دراوسێوە كۆنترۆڵ كراون، مالیكی هەرگیز گوێی نەگرتووە لە خەمەكانی خەڵكی عێراق، حیساب بۆ هاوبەشەكانی خۆی لە حوكمداری ئەم وڵاتەدا ناكات، كەسێك گوێلەمستی دەوڵەتێكی تر بێت چاوەڕێی فەرمانیش لەو دەوڵەتە دەكات، جڵەوی هەموو بڕیارەكانی مالیكی بە دەست باڵیۆزێكی فەخریی ئەو دەوڵەتەی ترەوەیە، عێراق ئیفلیج بووە، هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەو دووهەڵە مێژووییە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كارانەی كە ئەمریكیەكان لە عێراقدا كردیان، یەكەمین هەڵەی ئەمریكیەكان لە ساتەوەختانی هێرشكردنە سەر ئەم وڵاتەدا رووی دا، كە ژێرخانی ئەم وڵاتەیان لە بێخەوە تەفروتونا كرد، دواتر هێنانەپێشەوەی چەند گرووپێكی ناشارەزا بە بەڕێوەبردنی وڵات بۆ جڵەگرتنەدەستی حوكمی وڵاتەكەو دەسەڵات پێدانیان، دووەمین هەڵەیان كە عێراقی رووبەڕووی كێشەی گەورەتر كردەوە، كشانەوەی هێزە چەكدارەكانیان بوو لەم وڵاتەدا بەبێ ئەوەی پلانێكیان بۆ باشكردنی رەوشی عێراق هەبێت لە پاش خۆیان، لە ئەفغانستانیش ئەم هەڵە كوشندەیەیان كردبوو، لەوێش كە سوپای سۆڤیەت شكستی خواردو لەو وڵاتە دەرپەڕێنرابووە دەرەوە، ئەمریكیەكان زەمینەیان بۆ هاتنەسەر حوكمی تاڵیبان خۆش كرد، تاڵیبان بە حوكمێكی تژی بە ململانێی توندی ئاینییەوە بارێكی نالەباری توندڕەوییان دروست كردو قەیرانیان بۆ دەوروبەری خۆشیان دروست كرد، بەتایبەتی لە پاكستان و دواتر زۆر شوێنی تری دنیای تەنییەوە، كاتێ چوونە ناو ئەفغانستان بۆ لەناوبردنی توندڕەوانی تاڵیبان و دواتر لەوێش كشانەوەو رەوشەكەیان ئاڵۆزتر كرد، لە عێراقدا دەیانتوانی لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان كە ناوچەیەكی ئارام و لەبار و خاوێنە لە رووی توندڕەوێتییەوە هەندێك لە هێزەكانی خۆیان بە ناوی هێزی فریاگوزاری بۆ باری نائاسایی بە جێبهێڵایە، بەڵام ئەوان بەو كشانەوەیەیان باری شانی هاووڵاتیانی سڤیلی ئەم وڵاتەیان قورس كردو گرەوی خۆیان لەسەر ئەسپی دۆڕاو دانا، قومارەكەیان بەجێهێشت بۆ كەسایەتیەكی ئاسۆ داخراوو بووكۆڵەی وڵاتێكی دراوسێی عێراق..
گوڵان: بەڕێزتان وەك كەسایەتییەكی بوێر و تێكۆشەرێكی هەمیشە بە هەڵوێست لە بوارەكانی راگەیاندن و سیاسەتدا، چۆن تەماشای سەربەخۆیی گەلی كوردستان دەكەن، ئایا هەندێ جار لێرەو لەوێ گوێبیستی شتێك بوویت كە ناوی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی یان كوردستانی بێت؟
ساڵح قەلاب: لە رووی مرۆیی و بە مەبدەئەوە دەیڵێم: كورد نەتەوەیەكی دێرینە لەم ناوچەیەدا، مافی خۆیەتی لەسەر بنەمای پێكهاتەی نەتەوەیی دەوڵەتێكی سەربەخۆی هەبێت، باشتر وایە لە ئایندەیەكی نزیك یان دووردا ئەو ئامانجە ستراتیژییەی خۆی رابگەیەنێت، وەك چۆن عەرەب زیاتر لە بیست دەوڵەتدا ئەمەی رایگەیاندووەو تورك لە دەوڵەتێكی گەورەدا دایمەزراندووە، كوردیش مافی رەوای خۆیەتی شتێكی وا دابمەزرێنێت، زۆر لایەن و كەسایەتی تریش هەن هەمان رای منیان هەیە، ئەمەش هەڵوێستێكە نابێت ژێر لێو بخرێت، بەڵام لە هەندێ باردا یان دۆخی تایبەتدا پێویستە ئاگاداری زەڕوڕەتەكان بین، ئەم بە هەند وەرگرتنی زەرورەتانەیە كە وای لە سەركردایەتی حەكیمانەی هەرێمی كوردستان كردووە تا كاتی گونجاویان بۆ نەیەتە پێشەوە واقیعبینانەتر بێت و نایەوێت كۆمەڵێك بابەتی ستراتیژی پێكەوە لە یەك كاتدا بوروژێنێت، ئەوەیان پێ باشە هەرێمی كوردستان حوكم و دەسەڵاتێكی باڵاو پەرەسەندووی هەبێت لە ناو عێراقدا، چونكە خۆیان باش ئەوە دەزانن كە لە لایەن توركیاو ئێرانیشەوە تەنانەت سوریا بەم لاوازییەی ئێستایشیەوە لە بەرانبەر راگەیاندنی دەوڵەتێكی كوردی لە كوردستانی عێراقدا بێدەنگ نابن، ترسیان هەیە ئەگەر بێتو شتێكی وا لە كوردستانی عێراق رابگەیەنرێت، تەشەنە بسەنێت بۆ ناو كوردی وڵاتەكانی خۆیان و ئەوانیش هەمان هەوڵی هەرێمی كوردستان بدەن، كەواتە ئەوان، ئەمەیان بەلاوە گرنگترە لە پێناوی تێكنەچوونی باری ناوخۆیی وڵاتەكانی خۆیاندا نكۆڵی بكەن لە مافە رەواكانی گەلی كورد، لە هەموو بارەكاندا ئەم سیاسەتە واقیعبین و دادپەروەرەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز مسعود بارزانی دووربینانەیە بۆ ئەو ئامانجە مەزنەی گەلی كورد، ئاسۆكانی سەربەخۆیی لە بەریناییدا لێ دیارە بەڵام كاتی راگەیاندنی دەوڵەت، بەستراوەتەوە بە رەوشێكی گشتگیرتری نێودەوڵەتی، ئاواتمە ئەو دەوڵەتە نەتەوەییەی كورد لە داهاتووی نزیكدا ببینم..
گوڵان: وتیان بەشار ئەسەد هێندەی نەماوە بڕووخێت، بە رای تۆ چەندی تر رژێمەكەی بەرگە دەگرێت، ئایا كۆتایی نزیك نەبۆتەوە؟
ساڵح قەلاب: یەكێك لە سەركردە باڵاكانی حزبوڵڵا لەم دواییانەدا وتی ئەگەر ئێمە نەبووینایە رژێمی ئەسەد بەرگەی سێ كاتژمێری نەدەگرت، ئەوەی بەشار ئەسەدی بە پێوە هێشتەوە پێڕەوكردنی سیاسەتی تەشەنە پێدانی شەڕەكە بوو بۆ شەڕێكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ئەوەی ئێستا بەشار هەڵدەسوڕێنێت وڵاتێكی زلهێزی وەك روسیایە، ئینجا ئێرانە بە هەموو هێزی موخابەراتی و جۆرەها چەك و تەقەمەنی و هەموو توانای وەزارەتی دەرەوەی، بە سەدان چەكدار لە یەمەن و تا عێراق تەیاركراون و بە شێوازی جۆراوجۆر دەخرێنە ناو ئاگری ئەم جەنگەوە، حزبی بەعسی سوریا دەیان ساڵە لە كاردابووە بۆ لەناوبردنی ژیانی سیاسییانە، لەم رووەوە وڵاتەكەی وێران كردووە، هەر وەك چۆن سەدام حوسێن ژیانی سیاسی لە عێراقدا داڕماندبوو، بە بەڵگەی ئەوەی لە ساڵی 2011 كاتێك رووداوەكانی سوریا قەومان، لەو وڵاتەدا هیچ هێزێكی سیاسی رێكخراویی تێدا نەبوو، تەنیا چەند كەسایەتیەكی نیشتمانپەروەر نەبێت كە رۆژانە ئەم دەست و ئەو دەستیان پێدەكرا لە ناو زیندانەكانی بەعسدا، بێ ئەوەی هێزێكی تۆكمەی چەسپاو بوونی هەبێت تەنانەت بە كوردەكانیشەوە، تەنیا سەڵاح بەدرەدین و بیست پارتی پەرتەوازەی لەت و پەت دەنگیان هەبوو، خۆ ئەوە بزاڤی نیشتمانی سوریا هەر هیچ كە لە هەموو لایەكەوە ونجڕ ونجڕ كرابوو، ئینجا كە هێزەكان كەوتنەخۆ بۆ پێكهاتن و دامەزراندن، بە پەلەپرووزێ ئەجێنداو نفووزی هەرێمایەتیان لە دەرەوەی سنووری سوریاوە تێكەڵ كرا، رژێمیش هەموو دەروازەكانی ئاوەڵاكردەوە تا گرووپە تیرۆریستیەكان بخزێنە ناو جەنگەكەوە تا بۆ دنیای بسەلمێنێت كە ئەوە جەنگی دژ بە تیرۆرە ئەم دەیكات و تیرۆریستانن هێرشی دەكەنە سەر نەك گەلی سوریا، ئەو مەفرەزانەی لە داعش و بەرەی نووسرە دروست بوون، دەستی دەرەكی و خودی رژێمی تێدایە، وای لە خۆرئاواش كردووە بگەنە قەناعەتێك كە پشتگیری تەواوی خەڵكی سوریا نەكەن بۆ لەناوبردنی بەشار ئەسەد، ئەگینا كێ هەیە لە دنیادا بۆ مانەوەی خۆی 126هەزار هاووڵاتی خۆی لەناو بەرێت، وەك لە راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو ژمارەیەی قوربانیەكانی سوریا تۆمار كراوە، هەروەها نزیكەی 3 ملیۆن پەناهەندەو دەرەبەدەری وڵاتان لە وڵاتێكدا كە دانیشتووانی 9 ملیۆنە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە دەترسن ئەگەر بەشار ئەسەد بڕووخێت، سوریا دابەش بێت بۆ چەند زۆنێكی تایەفەگەرو گرووپە تیرۆریستیەكان دەستی بەسەدا بگرن، بۆیە لە هەوڵدان پشتگیری هێزە میانڕەوەكانی ناو سوپای ئازادی سوریا بكەن..


ساڵح قەلاب لە چەند دێڕێكدا
ساڵح حەمەد عەواد قەلاب وەزیری راگەیاندن و وەزیری رۆشنبیری پێشووی ئەردەن، بۆ چوار جار لەسەر یەكتر لەو وڵاتەدا بە ئەندامی ئەنجومەنی ئەعیان هەڵبژێردراوەتەوە، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای ئێستگەو تەلەفزیۆنی ئەردەنی و ستووننووسی رۆژانەی (الشرق الأوسط اللندنیە)و(الرأی)یە، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی كەناڵی ئاسمانی(العربیە)و لە سەرەتای پەخشیەوە بۆ ماوەیەك سەرۆكایەتی ئەو كەناڵەی پێ سپێردراوە، لە ئەنجومەنی ئەمیندارانی كۆمپانیاكانی توێژینەوەی سعودیدا ئەندامە، وەك كەسایەتیەكی ئەكادیمی و سیاسی ناسراو و بێلایەن لەلایەن مەلیك عەبدوڵڵای پاشای شانشینی ئەردەنەوە زۆرجار راوێژی پێ دەكرێت.
Top