هێمن هەورامی بۆ (گوڵان):ئەم سەردانەی ئامەد دەرخەری ئەو راستیەیە سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی پرسی كورد لەسەر ئاستی ناوچەكە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت

هێمن هەورامی بۆ (گوڵان):ئەم سەردانەی ئامەد دەرخەری ئەو راستیەیە سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی پرسی كورد لەسەر ئاستی ناوچەكە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت
لەم قۆناخەدا كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانكارییەكی گەورە تێدەپەڕێت و پرسی گەیشتۆتە ئاستێك كە چیدیكە بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، لەنێو ئەم هاوكێشە سیاسییەدا بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە ناوچەكە پەیامی ئاشتی و دیموكراتی هەڵگرتووە و ئەو وای دەبینی كێشەی كورد پێویستە بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بكرێت، هەربۆیە ئەم هەڵوێست و لۆژیكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆتە نەخشەی رێگە بۆ چارەسەری كێشەی كورد نەك تەنها لە كوردستانی باشور، بەڵكو لەسەر ئاستی پارچەكانی دیكەش، سەردانی ئەمجارەشی بۆ شاری ئامەد بە داوەتی فەرمی حكومەتی توركیا، هەنگاوێكی دیكەیە بۆ هاندان و بەردەوامی پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا، بۆ هەڵسەنگاندن و قسەكردن لەسەر ئەم سەردانە مێژووییە و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی بەڕێز هێمن هەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە داوەتی فەرمی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ ئامەد كە گەورەترین شاری كوردە لە توركیا، رووداوێكی دەگمەنە لە مێژووی توركیادا، ئایا ئەم سەردانە فەرمیەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئامەد چ مانا و مەدلولێكی سیاسی هەیە؟
- سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ئامەد كۆمەڵێك رەهەند و مانای سیاسی و ئاماژەی گرنگی تێدایە، لەوانەش سەرۆك بارزانی بە سیفەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو سەردانە دەكات، هەربۆیە بۆ سەردانێكی مێژوویی وەها (كەسەكان، شوێن، كات و سیاقی گشتی رۆڵی گرنگ لە بەخشینی مانا سیاسییەكان دەبینن. سەردانی سەرۆك بارزانی بە سیفەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، واتە قوڵتر بوونەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی لایەنێكی ئاكتیڤی ناوچەكەیە كە هێزە هەرێمایەتییەكان نەك ناتوانن رۆڵی هەرێمی كوردستان نادیدە بگرن، بەڵكو دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بكەن و بەرژەوەندی و سەرنج و روانگەو ئەولەویەتەكانی لە بەرچاو بگرن. ئەم سەردانە، بەو مانایەیە كە پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پێشەوە دەچێت و پاشەكەشە ناكات. دەرخەری ئەو راستییە كە سەرۆك بارزانی، وەك مەرجەعی پرسی كورد لە سەر ئاستی پارچەكانی دیكە و حكومەتی ئەو وڵاتانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. دەرخەری سەركەوتووی ئەو ستراتیژەیە، كە سەرۆك بارزانی داڕێژەریەتی بەوەی كە پرسی كورد بە رێگا چارەی سەربازی چارەسەر ناكرێت و كورد بەهێز لە ناو ناچێت و ئەگەر هەر لایەنێك ئامادەی گفتوگۆ و رێگا چارەی ئاشتی بێت، ئەوا كوردیش ئامادەیە. ئەم سەردانە بە مانای سەركەوتنی ئەو لۆجیكە سیاسییەیە كە سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتاوە بۆ مامەڵە لەگەڵ پرسی كورد لە باكور كردویەتی.
گرنگی سەردانەكە لەڕووی كاتەوە ئەوەیە، كە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا لە هەنگاوە سەرەتاییەكانی خۆیدایە و جێگای خۆیەتی كە هەم حكومەتی توركیا زیاتر هان بدرێت كە دەستكراوەتر بێت لە ناسینی مافە نەتەوەیی و دیموكراسییەكانی كورد لە باكوری كوردستان، هەوڵ بدرێت پرۆسەی ئاشتی بۆ پێشەوە بچێت نەك بوەستێ یان پاشەكشە بكات. بواری فراوانتر بۆ گفتوگۆی نێوان حكومەتی توركیا و نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی توركیا و بەڕێز ئۆجەلان زیاتر بڕەخسێنرێت و ئاستی گفتوگۆكان بۆ ئاستی دانوستاندن بەرز بكرێتەوە. لایەنێكی دیكەی گرنگی سەردانەكە لەڕووی كاتەوە، مەسەلەی بەرەو ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان توركیا و عێراق و سەردانی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بوو بۆ لای یەكتر و ئەگەری سەردانی مالیكی بۆ توركیایە. ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی دەرخەری ئەوەیە، كە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی توركیا و عێراق، لە سەر حسابی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان نابن، چونكە هەردوو لایەنی توركی و عێراقی ناتوانن بەرژەوەندییەكانی خۆیان و پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو ئەو پەیوەندییانە نادیدە بگرن یان بە پێچەوانەی كار بكەن یان ئیحتیوای بكەن.
جگە لەوانەش لەڕووی كاتەوە، گۆڕانكارییە خێراییەكانی ناوچەكە، پرۆسەی جنێڤ ٢ لە سەر پرسی سوریا و كۆمەڵێك بابەتی دیكەی هەنوكەیی هەن، كە وا دەكات ئەم سەردانە لەڕووی كاتەوە بایەخێكی مێژوویی، جیۆپۆلەتیكی گرنگی هەبێت.
لەڕووی شوێنەوە، ئامەد وەك چەقی پرسی كورد لە باكور و پرۆسەی ئاشتی پێگەیەكی جوگرافی، مێژوویی و سیاسی گەورەی هەیە، بۆیە ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی لە سەر ئاستی پێگەی نەتەوەیی كورد لە ناو هاوكێشەكان، لەڕووی كات و سیاقی گشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بایەخێكی یەكجار گەورەی هەیە.
* لەم كاتەدا كە كرانەوەیەك بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا لە ئارادایە؛ ئایا تاچەند ئەم سەردانە پرۆسەی ئاشتی كورد لە توركیا هاندەدات؟
- پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بۆ ئێمەی كورد، لە هەموو پارچەكانی كوردستان پرسێكی ستراتیژییە. چونكە هەرجۆرە پێشكەوتنێكی سیاسی، دەستووری و ئاشتی و رێگا چارەی دیموكراسییانە بۆ پرسی كورد لە باكور، پێگەی ئێمە لە هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات، ئاسۆی چارەسەر بوونی پرسی كورد لە رۆژهەڵات ئاوەڵاتر دەكات و لە رۆژئاواش تەكانێكی باشتر بە پرسی كورد دەدات، بۆیە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی وێڕای پەیوەندی دوولایەنەی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و هەڵسەنگاندنی قۆناغی ئێستا و ئاستەنگەكانی بەردەم زیاتر بەرەوپێشچوون و دوایین هەڵوێستی هەریەك لە حكومەتی توركیا و نوێنەرانی كورد، بەشێك دەبێت لە گفتوگۆكان، رۆڵی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە رۆڵێكی میحوەری بووە لەوەی كە باوەڕ بە حكومەتی توركیا بهێنێت كە دیدگای ئەمنی و سەربازی ئەوان بۆ پرسی كورد و ئینكار و چەوساندنەوەی كورد و نەبوونی مافی یاسایی و دەستووری، سیاسەتێكی شكست خواردوو بووە. بە هەمان شێوە پەیامی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی هەرێمی كوردستان بۆ برایانمان لە باكور ئەوە بووە، كە ئێستا قۆناغێكی نوێیە، رێگای ململانێی چەكداری سوود بە دۆزی كورد ناگەیەنێت، بۆیە بۆ هەردوولا هیچ ئەلتەرناتیڤێكی باشتر لە پرۆسەی ئاشتی و دیالۆگ و چارەی دیموكراسی نییە.
* حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا وەك مەهەبە و چەهەبە، ئەم سەردانەی بارزانی بۆ دیاربەكر بە دابەشكردنی توركیا دەزانن، ئایا بۆ نەتەوە پەرستەكانی توركیا هێندە مەترسییان لەم سەردانەی بارزانی هەیە؟
- رەنگە جیاوازییەك هەبێت لە هەڵوێستی جەهەپە و مەهەپە. هەفتەی پێشوو ئێمە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال بووین كە بە میوانداریی جەهەپە لە ئێستانبوڵ بەڕێوچوو. بەرپرسانی باڵای جەهەپەمان بینی، رەخنەی وامان لەوان گوێ لێ نەبوو. هەڵوێستی شۆڤێنییەكانی مەهەپە كە نەتەوە پەرستییەكی راستیانە دەكەن، بایەخێكی ئەوتۆیان نییە، چونكە لەناو رای گشتی توركیادا كەمینەیەكی كەمن. ئەمانە گیرۆدەی هەستی نەتەوەپەرستییەكی نەفەس كورتن كە جگە لە تورك بوونێكی توندڕەوانە، نایەنەوێت ئەسڵەن گوێ لەناوی كوردیش بگرن. ئەمانە پاشماوەی ئەو عەقڵیەتە شكستخواردووەن كە لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا بە ئاگر و ئاسن كوردقڕانیان دەكرد و خاكی كوردستانیان سوتماك دەكرد و ئینكاری بوونی نەتەوەی كوردیان دەكرد. بۆیە هەر لەو روانگەیەوە، هەرجۆرە ئاسایی بوونەوەیەك بە هەڕەشە لەسەر خۆیان دەزانن. ئەمانە بە جێماوی شەمەندەفەری مێژوون، بۆیە لە راستیدا هەڵوێست و بۆچوونەكانیان هیچ جێی بایەخ نین.
* ئەم سەردانە گرنگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئامەد، راستەوخۆ دوای سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیایە بۆ بەغدا، ئەمەش مانای ئەوەیە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا، بە تەنگژە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و بەغدا گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، راشكاوانەتر هەولێر ئەمڕۆ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی ئەو توخمەیە كە زیاتر رۆڵی سەقامگیری و ئاشتی دەگێڕێت، ئایا تۆ چۆن سەیری پێگەی هەولێر دەكەیت وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان لە سایەی سەركردایەتی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی؟
- هەروەك لە وەڵامی پرسیاری پێشووتریش وەڵامم دایەوە، ئەمڕۆ هەولێر رۆڵی میحوەری پرسی كورد لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەبینێت. فاكتەری كوردی، لە رێگای هەولێرەوە كۆڵەگەیەكی گرنگی سەقامگیری هەرێمایەتی و پێشكەوتنە دیپلۆماسییەكانە و ئەوەی پێی دەگوترێ Geopolitical Weight. سەرۆك بارزانی بە لۆجیكێكی ستراتیژیانە پێگەی كورد و هەولێری بەم ئاستەی ئێستا گەیاند. هەر لە سەرەتاوە، سەرۆك بارزانی رەنگڕێژی ئەو ستراتیژەی بەوە كرد كە كورد، خاوەن ئەجیندای خۆیەتی و بەشێك نییە لە ئەجیندای (توركیا، ئێران، ئەمریكا) یان هەر وڵاتێكی دیكە، ئەسڵی مامەڵەی كورد لەگەڵ هەر كام لە بلۆكبەندییەكانی ناوچەكە لەسەر ئەو بنەمایەیە كە كامیان زیاتر لە مەسەلەی كورد دێنە پێشەوە و مامەڵەی تەندروست لەگەڵ ماف و داخوازییەكانی كورد دەكەن. ئەوەی كرۆكی ستراتیژی هەرێمی كوردستان بووە لە لۆژیكی سەرۆك بارزانیدا پرسی نەتەوەیی كورد و بەرژەوەندی كورد و بەهاكانی دیموكراسی، ئاشتی، ئازادی و دیالۆگ و پێكەوە ژیان و هاوسەنگی و دەستێوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیی و بەرژەوەندی هاوبەش بووە. ئەمەش وایكردووە، كە لایەنەكانی هاوكێشەكان، ئەگەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان و تەنانەت سەرۆك بارزانیش لە قۆناغێك یان لە پرسێك ناكۆك بووبن، بەڵام نەیانتوانیوە نە پێگەی سەرۆك و نە پێگەی هەرێمی كوردستان نادیدە بگرن، بۆیە ناچار مامەڵیان لەگەڵ كردووەو ئێستاش هەولێر سەلماندییەوە كە رووەگەی سیاسی كوردە.
* لایەنێكی دیكەی ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئامەد، پیشاندانی كەسێتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە وەك سەرۆكێكی نەتەوەیی بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە ناوچەكە، بێگومان ئەمە بەو مانایەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی كەسایەتییەكی میانگیر و ئاشتیخواز لەناوچەكە دەگێڕێت، ئایا لەم قۆناخە تاچەند پێگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو كورد گرنگە؟
- سەرۆك بارزانی خاوەنی كۆمەڵێك خەسڵەت و شەرعییتی یاسایی، سیاسی، شۆڕشگێڕی و مێژوویی و پێگەی نێودەوڵەتییە كە لە رێگای سەرۆك بارزانی وەك نوێنەرایەتی كردنی كورد لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لێی دەڕوانرێت. وەك جارێك كینیس پۆلاك لە برۆكینگز لە ناساندنی سەرۆك بارزانیدا وتی((وەك چۆن هەموو رێگاكانی ئەوروپا دەچنەوە پاریس، هەموو رێگاكانی كورد لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچنەوە لای مەسعود بارزانی)). رۆڵی سەركردە، لە قۆناغی رزگاری نیشتمانی بۆ كۆكردنەوە و سەركردایەتی گەلێك، یەكخستنی وزەی نەتەوەیی و ئاراستەكردنی بە ئامانجی بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەكان و دەستكەوتی زیاتر، لە مێژووی سیاسی خەباتی گەلان بایەخێكی یەكجار گەورەی هەیە. ئێستاش لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی كوردستان هیچ كەسێك ئەو خەسڵەت و پێگە و مەشروعییەتە مێژوویی و سیاسی و یاسایی و پێگە نێودەوڵەتییەی نییە كە سەرۆك بارزانی هەیەتی، بۆیە سەرۆك بارزانی بۆ هەموو كورد مەرجەعە.
* ئێستا جموجۆڵێكی گرنگ سەبارەت بە كێشەی كورد و كۆبوونەوەی نوێنەرانی هەر چوارپاچەی كوردستان بە ئاشكرا دەبینرێت، بەڕێزت ماوەیەك لەمەوبەر نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان بوویت لە كۆنفرانسی نوێنەرانی هەر چوارپارچەی كوردستان، وا بڕیاریشە كۆبوونەوەی داهاتوو لە هەولێر بێت، ئایا لەمبارەوە دەكرێت باسێكی ئەم لایەنەمان بۆ بكەیت؟
-كۆنفرانسەكە، لەلایەن IMPR كە دامەزراوەیەكی لێكۆڵینەوەی ستراتیژییەوە رێكخرابوو. بایەخی گەورەی كۆنفرانسەكە لەوەدا بوو كە لە پایتەختی توركیا بوو، زۆربەی هەرە زۆری لایەنە كوردستانییەكان بەشدار بوون و روانگەی خۆیان لەسەر پرسی كورد لە باكور خستەڕوو. نوێنەرانی زۆرێك لە باڵیۆزخانە گرنگەكانی جیهان بەشداربوون، ژمارەیەكی گەورەی میدیای توركی ئامادە بوون. ئێمە روانگەی پارتیمان بە وردی شیكردەوە، ئەم جۆرە كۆنفرانسانە بۆ رای گشتی توركیا زۆر گرنگن، چونكە بوونی تێگەیشتنێكی باشتر لەلای رای گشتی توركیا، پاڵپشتییەكی باش دەبێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا.
* لایەنێكی دیكەی ئەم سەردانە وەك باسدەكرێت، تایبەت دەبێت بە كێشەی سوریا و پەیەدە، ئایا لەم لایەنەوە هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت؟
- پرسی سوریا بووەتە پرسێكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، بۆیە زۆر ئاساییە لە كۆبوونەوەیەكی وەها گرنگدا، پرسی رۆژئاوای كوردستان و پرسی سوریاش باس بكرێت. هەڵوێستی سەرۆك بارزانی هیچ پەیوەندی بە روانگەی توركیا بۆ سوریا یان ئێران بۆ سوریا یان ئەمریكا بۆ سوریا یان روسیا بۆ سوریا نییە. هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە روانگەی بەرژەوەندی كورد و ئایندەی دۆزی كورد لە رۆژئاواو یەكڕیزی كوردە لەم رووەوە. سەرۆك بارزانی هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستی دیاری هەبووە بەوەی كە كورد لە سوریا نەبێتە بەشێك لە ململانێی ئەجیندا دەرەكی و ناوەكییەكان و شەڕە سیاسی و مەزهەبییەكانی ناو سوریا. كورد، هەوڵی ئەوە بدات كە بە مافە دەستوورییەكانی خۆی بگات، ئیدی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوری بێت یان لەگەڵ رژێمی سوریا بێت. بۆ ئەوەش دەبێت بڕیار، بڕیارێكی هەمەلایەنی لایەنەكانی رۆژئاوای سوریا بێت، نەك بڕیاری تاكلایەنی پەیەدە بێت. بۆیە هەڵوەستەی سەرۆك بارزانی لەم رووە نەگۆڕەو جەختكردنەوە دەبێت لە سەر هەمان ستراتیژ.
Top