ئەلیكسندەر تریچل بۆ گوڵان:ئەو حزبە سیاسیانەی تا دوا رادەتوندن و ناتوانن سازش بكەن بۆ هاوپەیمانی، باشترەلە ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە و بەشداری حكومەت نەكەن
October 24, 2013
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر ئەلیكسەندەر تریچل سەرۆكی بەشی سویسرایە بۆ فیدرالیزم و دیموكراتی لە(European University Institute) لە فلۆرەنسا و هەروەها ئوستادی زانستی سیاسەتیشە لە هەمان زانكۆ، بۆ قسەكردن لەسەر پرسی دروستكردنی هاوپەیمانی دوای پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی چالاك و بەهێز، گوڵان هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ پرۆفیسۆر ئەلسكەندەر تریچل ئەنجامداوە كە ئەمە دەقەكەیەتی.* لە زۆربەی دیموكراسیەكاندا، سیستمی فرەحزبی هەیە، كەزۆرجار دوو پارتی سیاسی بەهێز بونیان نییە، و زۆربەی كات پارتێك بە تەنیا ناتوانێت دەنگی پێویست بهێنێت بۆ ئەوەی حكومەت پێكبهێنێت، بۆیە ناچار دەبێت هاوپەیمانێتی پێكبهێنرێت، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك سازش پێویستە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی هاوپەیمانی چالاك؟
- بە دڵنیاییەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتیەكی سەقامگیرت هەبێت، دەبێت توانای هێنانەدی سازشێكت هەبێت كە لەلایەن لایەنەكانی هاوپەیمانێتیەكەوە قبوڵ بكرێت، لە بنەڕەتدا و لە زۆرێك لە حاڵەتەكاندا جۆری سازشەكە ژیانی هاوپەیمانێتیەكە دیاری دەكات، تاوەكو سازشەكە بەفراوانتر بێت و تاوەكو زیاتر لەلایەن لایەنە جیاوازەكانی نێو هاوپەیمانێتیەكەوە قبوڵبكرێت، ئەوا ئەگەری كارابوونی هاوپەیمانێتیەكە زیاتر دەبێت لە حكومڕانیدا و لە هێنانەدی ئەگەری سەقامگیریدا.
* لە كاتی پێكهێنانی حكومەتێكی هاوپەیمانێتیدا، پێویست دەكات پارتە هاوبەشەكان بەرنامەیەكی هاوبەشیان هەبێت بۆ كابینە نوێیەكە، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن دەتوانرێت لە نێو پارتە سیاسییە جیاوازەكاندا بەرنامەیەكی هاوبەش دابڕێژرێت، ئەمە لە كاتێكدا هەر پارتێك لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بانگەشەی بۆ بەرنامەیەكی جیاواز كردووە؟
- هەندێ جار پێكهێنانی هاوپەیمانێتی كاتێكی زۆری دەوێت و پێویستی بە گفتوگۆی پێشوەختی لایەنە بەشداربووەكان دەبێت و هەندێ جاریش سەركەوتوو نابێت و رووناكی نابینێت، هەربۆیە كاتێك پارتەكان روودەكەنە یەكتر و ئەوە بە یەك رادەگەیەنن كە ئێمە ئەم بەڵێن و ئەو بەڵێنەمان بە خەڵكی داوە ئەگەر زۆرینە بەدەست بهێنین، بەڵام ئێستا كە زۆرینەمان نەهێناوە، ئەوا دەبێت كار بۆ بەرژەوەندی وڵاتەكە و بەرژەوەندی پارتەكەمان بكەین و دەبێت قوربانی بدەین و سازش لەو ئامانجانە بكەین كە لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بەرزمان كردبوونەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە حكومەتەكەدا بكەین. هەندێ لە پارتەكان تا دوا راددە توندن و رایدەگەیەنن كە ئێمە هیچ سازشێك ناكەین و ئەوەی ئێمە لەگەڵ دەنگدەراندا هەمانبووە وەك گرێبەستێك وایە و هەرچیەك لە دوای هەڵبژاردنەكانەوە رووبدات- واتە دەرئەنجامەكانی هەرچیەك بن- ئەوا ئێمە بەڵێنەكانی خۆمان ناگۆڕین، لە حاڵەتی لەم شێوەیەدا پارتەكان ناتوانن هاوپەیمانێتی پێكبهێنن و لە دەرەوەی حكومەتدا دەمێننەوە و دەبنە موعارەزە.
* بێگومان دەكرێت لە یەك كاتدا حكومەتێكی هاوپەیمانێتی پێكبهێنرێت و ئۆپۆزسیۆنیش بوونی هەبێت و چاودێری بەرنامەی هاوبەشی حكومەتەكە بكات، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن هاوپەیمانی فەرمانڕەوا لەم كاتەدا دەتوانێت بە شێوەیەكی گونجاو حكومەت بەڕێوە ببات؟
- لە دیموكراسیدا یان فرەحزبی هەیە، یان سیستمی دووحزبی سیاسی هەن، كە لەمەی دواییاندا هەمیشە حزبێك حكومڕان و حزبێكی دیكە موعارەزەیە، لە سیستمی فرە حزبیشدا لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پارتێك یان چەند پارتێك بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی جێبەجێكردنیان لە ئەستۆیە و لە هاوپەیمانێتیدان، و هەندێ پارتیش لە دەرەوەی دەسەڵات دەمێننەوە. لە هەندێ حاڵەتی دەگمەندا هاوپەیمانێتیەك پێكدەهێنرێت كە سەرجەم پارتەكان لە خۆبگرێت، كە ئەمە لە هەندێ كانتۆنی سویسرادا روودەدات كە سەرجەم پارتەكان بەشداری لە حكومەتدا دەكەن و ئەندامیان هەیە تێیدا، واتە حكومەت لە سەدا سەد نوێنەرایەتی پەرلەمان دەكات و موعارەزە بوونی نییە، ئەمەش زۆر دەگمەنە، عادەتەن تۆ ئەو پارتانەت هەیە كە لە موعارەزەدان و رەخنە لە هاوپەیمانێتیەكە دەگرن و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت دەدەن، حاڵی حازر ئەمە لە ئیتاڵیادا دەبینین، كە حكومەتێكی هاوپەیمانێتی هەیە و ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزیش هەیە كە شەڕی حكومەتەكە دەكات.
* هەندێ لە شارەزایان پێیانوایە باشترە لە قۆناغی ئینتیقالیدا حكومەتی هاوپەیمانێتی پێكبهێنرێت كە هەموو پارتە سیاسیەكان تێیدا بەشدار بن و ئۆپۆزسیۆن بوونی نەبێت، ئایا ئەمە رێگاچارەیەكی عەمەلی و ئایا دیموكراسی بێ بوونی ئۆپۆزسیۆن دێتە ئاراوە؟
- من دڵنیانیم لەوەی كە لە قۆناخی ئینتیقالیدا پێویستە حكومەتی بنكە فراوان پێكبهێنرێت، بەڵام واباوە لە كاتی قەیرانەكاندا حكومەتی بنكە فراوانی نیشتمانی، یان حكومەتی یەكێتی نیشتمانی دروست دەكرێت، بۆنموونە لە كاتی جەنگدا پارتەكان رایدەگەیەنن كە چیتر شەڕی یەكتر ناكەن و هەموو هێزیان دەخەنە خزمەتی وڵاتەكەوە و بۆ شەڕكردن دژی ئەو كەسانەی هاتوونەتە وڵاتەكەوە، بەڵام هەر كاتێك ئاشتی گەڕایەوە بۆ وڵاتەكە و دۆخەكەی پێشوو دەگەڕێتەوە لە نێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆندا. ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتە تازەگەشەكردووەكانەوە هەبێت، ئەوا من هیچ دیراسەتێكم نەبینیوە كە بڵێت پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەك كە سەرجەم لایەنەكان لە خۆبگرێت، بە زەرورەت كارێكی باش و سەركەوتووە و رەنگە باشتر بێت.
* لە قۆناغی راگوزەریدا ژێرخانی دەوڵەت پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوە هەیە، ئەمەش پێویستی بە توانا و سەرچاوەی گەورە هەیە كە لە وڵاتە تازەگەشەكردووەكان و لە سەرەتای پرۆسەی پەرەپێپدانی دیموكراسیدا بوونی نییە، ئایا نەبوونی سەرچاوەی پێویست نابێتە هۆی ئەوەی موعارەزە شكست بە حزبی فەرمانڕەوا و بە بەرنامەی حكومەتی دەسەڵاتدار بهێنێت؟
- من ئەم حاڵەتە بە حاڵەتێكی تەندروست دەزانم هەر بۆ نموونە بوونی دۆخێكی دژواری ئابووری دەرفەتێكی باشە بۆ ئۆپۆزسیۆن، بە دڵنیاییەوە، لە زۆربەی كاتدا كاتێك قەیرانێكی ئابووری دێتەئاراوە پێویست بە گۆڕینی حكومەت دەكات، لەبەر ئەوەی وا سەیر دەكرێت ئەو حكومەتەی لە دەسەڵاتدایە چارەسەری قەیرانەكە ناكات و لە زۆربەی حاڵەتەكاندا ستراتیجیەتێكی سەركەوتووە بۆ ئۆپۆزسیۆن كە پرسی هەلومەرجی خراپی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخان و هتد بوروژێنێت لە ئاست حكومەتدا. ئەگەرچی ئەمە هەمیشە سەركەوتوو نابێت، هەروەك ئەوەی لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئۆبامادا بینیمان لە ئەمریكا، كە ئەگەرچی دۆخی ئابووری زۆر باش نەبوو، بەڵام بەلای زۆرینەی دەنگدەرانەوە ئۆباما لە هەر كەسێكی دیكە باشتر توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەم كێشانەی هەبوو.....بە گشتی ئەگەر هەلومەرجێكی خراپی ئابووری بوونی هەبێت، ئەوا ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەركەوتوو دەبێت.
