ئەلەم پایند بۆ گوڵان:هەتا راپۆرتی پشكنەران رانەگەیەنرێت لەسەر كەشتیەكانەوە رۆكێتی كرۆز ئاراستەی سوریا ناكرێت

ئەلەم پایند بۆ گوڵان:هەتا راپۆرتی پشكنەران رانەگەیەنرێت لەسەر كەشتیەكانەوە رۆكێتی كرۆز ئاراستەی سوریا ناكرێت
پرۆفیسۆر ئەلەم پایند بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە (MESC) لەزانكۆی ئۆهایۆ و یەكێكە لە پرۆفیسۆرە تایبەتمەندەكانی پرۆگرامەكانی دیراساتی نێودەوڵەتی لەزانكۆی ناوبراو، بۆ هەڵسەنگاندنی شێواز و قەوارەی ئەو هێرشە سەربازییەی بڕیارە بكرێتە سەر سوریا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر پایند كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* ئێستا مەسەلەی هێرشی سەربازی بۆسەر سوریا لە ئەگەر دەرچووە و باس لە كاتژمێری سفر و شێوازی هێرشەكە دەكرێت، ئایا بە بۆچوونی ئێوە ئەم هێرشە چۆن دەبێت؟
- ئەوەی ئێمە لە سەرۆك ئۆباما گوێبستی بووینە ئەوەیە كە جۆرێك لە هێرشی نەشتەرگەری ئاسایی دەبێت- واتە دامەزراوە سەربازی و فڕۆكەخانەكان و ئەو شوێنانەی لێیانەوە چەكی كیمیایی بەكارهاتووە دەكرێنە ئامانج-. لەبەر ئەوە هێرشەكە بریتی دەبێت لە بەكارهێنانی كۆمەڵێك موشەكی كروز كە لە كەشتیە جەنگیەكانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە- نزیك لە سوریا- هەڵدەدرێن. كەواتە هێرشێك دەبێت بە چەند موشەكێكی كروز و كۆشكەكان ناكاتە ئامانج و كۆكاگانی چەكی كیمیاییش ناكاتە ئامانج، چونكە ئەمە كارەساتێكی ژینگەیی لێدەكەوێتەوە، لەبەر ئەوە ئۆپەراسیۆنێكی سنوردار دەبێت. هەموو ئەمانەش دەوەستێتە سەر ئەوەی ئایا پشكنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان چی دەڵێن، ئایا بەڵگەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە ئارادایە و ئایا هەروەك سەرچاوە هەواڵگریەكانی ئەمریكا دەڵێن لەلایەن رژێمی سوریاوە بەكارهاتوون، نەك لەلایەن موعارەزە.
* هەندێك لە چاودێران دەڵێن بەكارهێنانی چەكی كیمیایی، بەزاندنی ئەو هێڵە سورەبوو كە ئۆباما ناوی نابوو، ئایا بەزاندنی هێڵی سور هەر هێندە كاردانەوەی دەوێت؟
- ئەو دەستەواژەیەی سەرۆك ئۆباما بەكاریهێنا بریتی بوو لەوەی «ئەمە دژی نۆرمە نێودەوڵەتیەكانە»- رێككەوتننامەی جنێف-، ئەمە ئەو هێڵە سورە بوو كە سەرۆك ئۆباما كێشای، بەڵام ئەمە بۆ گۆڕینی رژێمەكە و رووخاندن و راماڵینی بەشار ئەسەد نییە، بەڵكو تەنها بۆ پەكخستنی تواناكانیەتی بۆ ئەوەی نەتوانێت دووبارە چەك بەكاربهێنێتەوە. ئێمە نازانین ئاكامی ئەم هێرشانە چی دەبن و چەند شوێن وێران دەبێت. ئەو ئامانجانەی باس دەكرێت بریتین لە دامەزراوە سەربازیەكان و ئەو شوێنانەی لێیانەوە چەكی كیمیایی بەكارهاتووە، هەروەها فەرماندەیی سوپای سوریا، كە لەوێوە فەرمانی هێرشی كیمیایی و بەكارهێنانی چەكی كیمایی دراوە.
* زۆر جار كاردانەوەكانی رۆژئاوا هەستدەكرێت تەنها بۆ رازیكردنی رای گشتیە، ئەگەر سەیری كێشەی سوریا بكەین، رژێمی ئەسەد پێش بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بەچەكی تەقلیدیش كۆمەڵكوژی كردووە، بۆیە ئەم پرسە پێویستی بەیەكلایی كردنەوەی تەواو هەیە نەك هێرشێكی سەربازی سنووردار، ئایا ئەم جۆرە هێرشانە زیاتر رژێمەكەی ئەسەد بەهێز ناكەن؟
- ئەمە ئەو پرسیارەیە كە خەڵكی دەیكەن، كە رژێمەكەی ئەسەد بە چەكی تەقلیدیش دەتوانێت خەڵك بكوژێت، كەواتە تەنها چەكی كیمیایی كوشتاری لێناكەوێتەوە، نزیكەی 100 هەزار كەس كوژارون و زۆربەیان بە چەكی دیكەی-غەیرە كیمیایی-، لەبەر ئەوە ئەم كوشتارە بەردەوام دەبێت و ئەم پرسیارە لەلایەن خەڵك و ئەو شیكەرەوە و توێژەرانە دەكرێت كە دیراسەتی پەرەسەندنەكانی سوریا و شوێنەكانی دیكە دەكەن و ئەمەش رێناگرێت لەوەی رژێمەكە كوشتاری خەڵكەكەی بكات، و ئەمەش بۆتە كێشە بۆ ناوچەكە و بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هێرشەكە دەبێتەهۆی لاوازكردنی رژێمی سوریا، ئەگەر فڕۆكەخانەكان بكرێنە ئامانج، ئەوكاتە هاوكاریەكی كەمتری پێدەگات لەلایەن ئێران و روسیاوە، كە فڕۆكەكان لە ئێرانەوە و بە ئاسمانی عێراق دەگەنە -سوریا-، كەواتە هێرشەكە بەم شێوەیە بێت ئەوا هیچ گومانی تێدا نییە، دەبێتە هۆی لاوازكردنی رژێمی سوریا. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە كوشتاری خەڵكەكەوە هەبێت، ئەوا بە چەكی تەقلیدی كوژراون، لەڕێی تۆپ و تانك و بۆردومانی ئاسمانی- كە رژێمی سوریا توانای بەكارهێنانیانی هەیە-. لەبەر ئەوە هەندێ پێشنیار كراوە لەبارەی ئەوەی ناوچەی دژە فڕین دروست بكرێت لە سوریا......ترسی ئەمریكا و ئەوروپای رۆژئاوا ئەوەیە ئەگەر رژێمی سوریا بڕووخێت، ئەوا ئەو چەكە كیمیاییانە بكەونە دەستی گرووپە توندڕەوەكان، ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە نایانەوێت بە تەواوی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بڕووخێت، چونكە كاتێك سەددام حوسێن لابرا، ئەوا هێزگەلێكی دیكە هاتن كە ئەمریكا خوازیاری ئەوە نەبوو ئەم هێزانە كاریگەریان هەبێت، بەو شێوەیە عێراق كەوتە ژێر كاریگەری ئێرانەوە. و ئەمریكا و ئەوروپاش نایانەوێت ئەمە رووبدات، لەبەر ئەوە ترس هەیە لەوەی چەكی كیمیایی بكەوێتە دەستی هەندێ لەم گرووپە توندڕەوانە، بە تایبەتی بەرەی ئەل نوسرە، كە پەیوەندی بە ئەل قاعیدەوە هەیە.
* بەڵام بەمانەوەی رژێمی ئەسەدیش كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لە سوریا روودەدات، ئایا ئەمەش جێگەی مەترسی نییە؟
- ئەمە تەنگژەكەیە، لەلایەك حزبوڵڵا هەیە كە لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپای رۆژئاوا بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دادەنرێت، ئەل قاعیدە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دادەنرێت و بەرەی نوسرە بە تیرۆریست دادەنرێت، رۆژئاوا لەم رێكخراوانە نیگەرانە و بە رێكخراوگەلێكی تیرۆریستیان دادەنێت، بەڵام ئەمانە باڵادەستن بەسەر بارودۆخی سوریا، چونكە كەس لەوە دڵنیانییە كە ئەگەر بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لابرا چ لایەك بەهێز دەبێت. ئەم ترسە هەیە لە ئاست سوریا، لەبەر ئەوە هەڵناسن بە چەكداركردنی موعارەزە. هەندێ لە ئەندامانی كۆنگرێس داوا دەكەن چەكی زیاتر بدرێت بە موعارەزەی سوری، بەڵام ئیدارەی ئۆباما زۆر دوودڵە لەوەی چەكێكی زۆر بدات بە موعارەزە، لەبەر ئەوەی ترسی ئەوەی هەیە ئەم چەكانە بكەونە دەستی هەندێ لە هێزە توندڕەوەكان كە ئەمریكا و ئەوروپای رۆژئاوا ئەو هێزانەیان بەلاوە پەسەند نییە. ئەمە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆزە.
* لەم بارودۆخەدا رژێمی ئەسەد لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایش لەلایەن روسیا و چینەوە پشتگیری لێدەكرێت، ئایا ئەم پشتگیرییە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابەش ناكات لەسەر پرسی سوریا؟
- پێنج ئەندامی خاوەن مافی ڤیتۆ هەن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكاندا- لە نێویان روسیا و چین، لەنێو ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش هەندێك دەڵێن دەبێت ئەنجومەنی ئاسایش ئیدانەی بەكارهێنانی چەكی كیمایی و رژێمەكەی بەشار ئەسەد بكات، بەڵام كۆدەنگی نییە لە – ئەنجومەنی ئاسایشدا، چین و روسیا هاوڕانین لەگەڵ ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا- كە خاوەنی مافی ڤیتۆن-، لەبەر ئەوە ئەنجومەنی ئاسایش كارا نییە. لەبەر ئەوە وڵاتانی وەك فەڕەنسا و بەریتانیا چاوەڕوانی ئەو راپۆرتە دەكەن كە لەلایەن پشكنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە- كە لە سوریان- پێشكەش دەكرێت. ئەو كاتە دەڵێن كە ئەم راستیانە گرنگن. پێموایە تاوەكو راستیەكان رانەگەیەنرێن و ئاشكرا نەكرێن، پێموانیە كەشتیە جەنگیەكانی ئەمریكا موشەكەكانی كرۆز هەڵبدەن. ئەگەرچی هەندێ لە شیكەرەوەكان دەڵێن ئەمە تەنها مەسەلەی كاتە و بەم زووانە دەتەقێنرێن، بەڵام ئێمە نازانین چی روودەدات و باشترە چاوەڕێی راپۆرتی پشكنەرە نێودەوڵەتیەكان بكەین.
Top