سامۆیل برانێن تۆژەرەی باڵای CSIS بۆ گوڵان:ئێستا بارزانی وەك رێبەری كورد سەیر دەكرێت بۆیە كوردانی پارچەكانی دیكەش ئومێدیان پێیەتی

سامۆیل برانێن تۆژەرەی باڵای CSIS بۆ گوڵان:ئێستا بارزانی وەك رێبەری كورد سەیر دەكرێت بۆیە كوردانی پارچەكانی دیكەش ئومێدیان پێیەتی
سامۆیل جەی برانێن كە ئێستا تۆژەری باڵایە لە سەنتەری ستراتیژی بۆ دیراساتی ئاسایشی نێودەوڵەتی (CSIS)، تایبەتمەندە لەسەر سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی ئەمریكا لەسەر توركیا و عێراق و پێش ئەوەی ببێتە تۆژەر لە ساڵی 2013 لە سەنتەری (CSIS) برانێن یاریدەرەری تایبەتی جێگری وەزیری بەرگری ئەمریكا بووە، دوای ئەم كارانەشی دیسان یاریدەدەری تایبەتی جێگری وەزیری بەرگری ئەمریكا بووە بۆ كاروباری ستراتیژی و دانانی پلانی بەرگری.بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای عێراق و كاریگەری ئەم رەوشە لەسەر سیاسەتی ئەمریكا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ بەڕێز سامۆیل برانین ئەنجامداو بەڕێزی بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.
* عێراق بە دۆخێكدا تێدەپەڕێت كە پێشبینی ئەوە دەكرێت لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت و رۆژ بە رۆژ بارودۆخەكە خراپتر دەبێت و تەقینەوەی زیاتر روودەدات، ئایا عێراق بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟
- بە دڵنیاییەوە ئەو توندوتیژیەی لە ئارادایە هۆكارێكی گەورەی نیگەرانیە لە عێراقدا. ئێمە لەدوای زیادكردنی هێزەكانی ئەمریكا و لە ساڵی 2007 ئەم ئاستی توندوتیژیەمان نەبینیوە و ئەمەش پاشەكشەیە لە رەوشی ئاسایشی عێراقدا. لە راستیدا زەحمەتە بزانین بە چ ئاراستەیەكدا پەرە دەسێنێت. ئەمە هەڵمەتێكی توندوتیژیە كە لەلایەن گرووپە رادیكاڵەكانەوە بەرپاكراوە كە هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی دەدەن. پرسیارەكە ئەوەیە كاردانەوەی مالیكی چیە و ئایا توانای هێنانەئارای سەقامگیری هەیە و یاخود ئایا هێزە ئەمنیەكان توانای ئەوەیان هەیە رێگری لە هێرشی دیكە بكەن و ئایا توانای ئەوەیان هەیە پێكهاتەكان هانبدەن بۆئەوەی دان بەخۆیاندا بگرن لە عێراقدا. كەواتە بە دڵنیاییەوە هەر كەسێك بایەخ بە عێراق بدات و چاودێری عێراق بكات زۆر نیگەران دەبێت.
* ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دۆخێكی ئاڵۆز دەڕوات، بە تایبەتی دوای رووداوەكانی میسر و كارە توندوتیژییەكانی بەشار ئەسەد و مەترسیەكە ئەوەیە عێراقیش بخزێتە دۆخێكی هاوشێوەوە، ئەو كاتە مەترسی ئەوە درووست دەبێت كە بارودۆخی ناوچەكە لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت، ئایا مەترسی ئەوە درووست نابێت كە شەڕی شیعە و سوننە- نەك تەنیا لە عێراق- بەڵكو لە تەواوی ناوچەكەدا بێتە ئاراوە؟
- رۆژ بە رۆژ ئەم نیگەرانیە زیاتر دەبێت، نەك هەر تەنیا لە نێوان شیعە و سوننەدا، بەڵكو لە نێوان كورد و تورك و عێراقی و سوریەكانیشدا، واتە چەندین رێگا هەیە بۆ ئەوەی شەڕ هەڵبگیرسێت و بەلای منەوە مەترسیەكەش لە گەورەبووندایە، بەتایبەتی بەهۆی ئەو رۆڵەی زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە دەیبنن لە پشتیوانیكردنی لایەنێكی شەڕەكەی سوریا، ئیتر پشتیوانی ئەسەد بن، یان دژی ئەسەد و پێدانی چەك بە هەموو جۆرە گرووپەكان، كە رەنگە بڕیار بدەن لە سوریادا بەكاری نەهێنن، بەڵكو لە شەڕێكی گەورەتری ناوچەكەدا بەكاری بهێنن. و ئاشكرایە هەندێ گرووپ هەن كە پێیان خۆشە شەڕێكی بەربڵاوتر لە ناوچەكەدا دروست بێت. هەروەها ئێستا رێكخراوی ئەلقاعیدە لە عێراق و سوریا بوونێكی بەرچاوی هەیە، بۆیە بە تێڕوانینی من ئەمە بەڕاستی رۆژگارێكی مەترسیدارە و بە دڵنیاییەوە ئەوەی لە عێراقدا روودەدات، كاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەكە دەبێت.
* هەندێ لە شارەزایان پێیانوایە چیتر كێشەكانی عێراق پەیوەندیان بە عێراقەوە نەماوە، بەڵكو پەیوەستن بە هێزە دەرەكیەكانەوە كە دەستێوەردان دەكەن لە عێراقدا، لەم بارودۆخەدا كە عێراقیەكان ناتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئایا مەترسی روودانی شەڕی ناوخۆیی ناكرێت لە عێراقدا؟
- بە دڵنیاییەوە هەندێ لایەنی دەرەكی تێوەگلاون لە عێراقدا، بەڵام لە رووی مەبدەئیەوە، ئەمانە كێشەگەلێن دەبێت عێراقیەكان خۆیان چارەسەری بكەن، من ناتوانم پێشبینی ئەوە بكەم ئەمریكا یان هەر وڵاتێكی دیكە دووبارە بێنەوە ناو عێراق، ئەمە لەڕووی سیاسییەوە مەحاڵە لە واشنتۆندا. ئەگەر حكومەتەكەی مالیكی و سەرۆك بارزانی نەتوانن رێگایەك بدۆزنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئەوا ئەنجامی زۆر خراپی لێدەكەوێتەوە بە خێرایی وەك سوریای لێدێت.
* ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان، دۆخی عێراق پەردەپۆش دەكەن بۆئەوەی رای گشتی نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەو هەڵانە نەبن كە لە عێراقدا كردویانە، بۆ ئەوەی خۆیان لەو بەرپرسیارێتیە لابدەن لەو بارودۆخە خراپەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، ئایا بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆكارێك نییە بۆئەوەی حكومەتی عێراق هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان نەدات؟
- بەڵێ، ئێوە بارودۆخەكە لەمن باشتر دەزانن، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەی و ستراتیژی سەرنجی پێویست لە بارودۆخی عێراق نادرێت و هەموو لایەك سەرقاڵن بەوەی لە میسردا روودەدات و ئەوەی لە سوریادا روودەدات، واتە ئەوان لە بارودۆخی عێراق ناڕوانن، كەواتە بارودۆخەكە خراپتر و خراپتر دەبێت و فشاری پێویست لەسەر –حكومەتی- بەغدا ناكرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم كێشانە.
* عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە نەوت و داهاتێكی زۆر بەدەست دەهێنێت، بەڵام لە واقیعدا نەك هەر خزمەتگوزاریەكانی ئاو و كارەبا دابین نەكراون بۆ خەڵكی عێراق، بەڵكو هەست دەكەن هەموو ساتێك هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، ئایا مەترسی ئەوە نییە عەرەبی سوننەی عێراق كاردانەوەی خراپیان هەبێت؟
- من هاوڕام لەگەڵتاندا، ئەمە كێشەیەكی گەورەیە، پەرۆشیەكی سیاسی نییە لە ئەمریكا بۆ تێوەگلان لە ناكۆكیە ناوخۆییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش بەرپرسیار بێت لێی. ئەگەر عێراق خۆی چارەسەرێك بۆ كێشەكانی نەدۆزێتەوە، ئەوا بەردەوام وەك كێشەیەك دەمێنێتەوە و چارەسەرێكێش لە ئارادا نابێت، ئەمە كاتێكی مەترسیدارە بۆ بەڕێز بارزانی و هەروەها بۆ بەڕێز مالیكی، پێویستە چارەسەرێك بدۆزنەوە پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت.
* كوردستان هەرێمێكی ئارامە، بەڵام لەژێر هەڕەشەی ئەو ناسەقامگیریەدایە كە لە عێراقدا بوونی هەیە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەم سەقامگیریەی هەرێمی كوردستان گرنگە و تا چەند لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بە هەند وەردەگیرێت؟
- پێموایە كوردستان شایستەی ئەوەیە بە شێوەیەكی تایبەت لەبەرچاوبگیرێت، بەداخەوە ئەوانەی سیاسەتی عێراقیان دادەڕشت لە دوایین ئیدارەدا، هێشتا هەر ئەوان سیاسەتی عێراق دادەڕێژن و تێڕوانینێكیان هەیە بۆ عێراق كە ئەو راستیە لەبەرچاو ناگرن كە چیتر هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتەدا نەماون و ئەو راستیە لەبەرچاو ناگرن كە مالیكی هاوكار نییە و نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەكانی تەواوی وڵاتەكە ناكات، و بە زۆری تەركیزیان لەسەر بەغدایە و ئیعتیراف بەوە ناكەن كە پێویستە سەركەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزرێن و ئەمە ستراتیجیەتێكی خاووخلیچكە لەلایەن ئەمریكاوە، من بە تەواوەتی هاوڕام لەگەڵ ئەوەدا كە تێڕوانینێكی ستراتیجیانەی هەبێت لە ئاست ئەوەی هەرێمی كوردستانی عێراق چ مانایەكی هەیە بۆ ئەوان.
* ئەگەر دوایین پرسیارمان سەبارەت بەو سەركەوتنانەی هەرێمی كوردستان بێت لەڕووی پەرەپێدانەوە، ئایا چۆن ئەو پەرەپێدانە سەیر دەكەن؟ هەروەها ئێستا ژمارەیەكی زۆر كوردی سوریا روویان كردۆتە ئەم هەرێمە ئایا رای ئێوە لەسەر ئەم لایەنە چییە؟
- ئاشكرایە بەڕێز بارزانی كارێكی باشی كردووە لەوەی پێشەنگی كوردستانی كردووە بەرەو سەركەوتنی ئابووری. بەڵام چەندین تەحەددیشی رووبەڕووبۆتەوە بۆ زامنكردنی ئاییندەی هەرێمەكە، یەكەمیان پەیوەندیەكانیەتی لەگەڵ بەغدا، پرسیار ئەوەیە ئایا تا چەند دەتوانن بگەنە رێككەوتنێك لەسەر یاسای نەوت و غاز؟. كێشەی دووەم بریتییە لە چارەسەركردنی گەندەڵی، لەبەر ئەوەی گەندەڵی كێشەیەكی گەورەیە لە كوردستاندا و سەركەوتنی دوورمەوداش پێویستی بەوە هەیە ژینگەیەكی باشتری وەبەرهێنان هەبێت بۆ ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی دەیانەوێت بێنە كوردستانەوە، جگە لە كەرتی وزە و ژێرخان. تەحەددیەكی دیكە بریتییە لەوەی لە ناوچەكەدا روودەدات، كەواتە لەم بارودۆخەدا و لەناو ئەم هەموو تەحددیەدا بۆ بارزانی ئاسان نییە لەڕووی سەربازییەوە دەستێوەردان لەسوریا بكات، بە بۆچوونی منیش بارزانی دەستێوەردانی سەربازی لەسوریا ناكات، لەبەر ئەوەی نایەوێت خۆی دووچاری كێشەی نەخوازراو بكات، راستە بەڕێز بارزانی وەك رێبەری كورد لە ناوچەكە سەیر دەكرێت نەك تەنیا سەرۆكی كوردی عێراق، بۆیە كوردانی پارچەكانی دیكەش ئومێدیان بە بارزانی یە، من ئەم راستیە دەزانم، بەڵام هەڵەیەكی گەورەیە هەرێمی كوردستان بەشێوەی سەربازی لە كێشەی كوردی پارچەكانی دیكە تێوە بگلێت، بەڵام دەتوانن سنورەكانتان بكەنەوە و پێشوازیان لێ بكەن و هاوكاری مرۆییان پێشكەش بكەن، ئەمە كردووتانە و كارێكی باشیش دەكەن، بەڵام هاوكاری سەربازی تەنیا بارودۆخەكە خراپتر دەكات و بۆی هەیە ببێتە مایەی راكێشانی توندوتیژی بۆ كوردستانی عێراق.
Top