پرۆفیسۆر سكۆت مەینوارین بۆ گوڵان:پارتەكان سیاسەتی دیموكراتی بە دامەزراوەیی دەكەن و بێ بوونی پارتە سیاسییەكان سیاسەت دەگۆڕێت بۆ ململانێی شەخسی
August 21, 2013
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر سكۆت مەینوارین ئوستادی زانستی سیاسەتە لەزانكۆی ئۆكسفۆرد و تایبەتمەندە لەسەر پارتی سیاسی لەپرۆسەی دیموكراتی و لەسەر ئاستی جیهان وەك یەكێك لە بیرمەندانی سیاسەتی دیموكراتی سەیر دەكرێت و توێژینەوەكانی وەك سەرچاوە ئاماژەی پێدەكرێت، بۆ بەدواداچوونی رۆڵی پارتە سیاسییەكان لە كۆمەڵگەی دیموكراتی، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر مەینوارین كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.* زۆربەی پسپۆرانی بواری دیموكراتی باس لەوە دەكەن دیموكراتی بەبێ حزبی سیاسیی بوونی نابێت، ئایا بۆچی بەبێ حزبی سیاسی دیموكراتی بوونی نییە؟
- رەنگە گرنگترین هۆكار ئەوەبێت كە بە شێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو پێشنیارەكانی خۆیان لەبارەی چۆنیەتی حكومڕانیكردنەوە بۆ دەنگدەران دەگوازنەوە. و لە غیابی سیستمێكی پارتایەتی بە دامەزراوەییكراودا، كەسایەتیگەلێكی گەورە دێنەئاراوە كە بە زۆری پەیوەست نین بە پەرەپێدانی دیموكراسیەوە. پارتەكان سیاسەتی دیموكراتی بە دامەزراوەیی دەكەن و رێكی دەخەن. رەنگە كەسێك رەخنە لە پارتگەلێكی دیاری كراو بگرێت و راستیش بێت لە رەخنەگرتنەكەیدا، بەڵام لە غیابی پارتە سیاسیەكاندا سیاسەت دەگۆڕێت بۆ ململانێی شەخسی.
* بەڵام وێڕای ئەم گرنگیە زۆر جار پارتە سیاسییەكان بەتایبەتی لەوڵاتانی تازە پێگەیشتوو ناتوانن هاوسەنگی نوێنەرایەتیكردن و وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵك بن، ئایا لەم كاتەدا پارتەكان نابنە ئاستەنگ بۆ دیموكراتی؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر باشە، پارتەكان ناتوانن وەڵامدەرەوەی داخوازی خەڵك بن، چونكە داخوازی خەڵك بەشێوەیەكی روون گوزارشتی لێنەكراوە، پێویستە پارتە سیاسییەكان مومارەسەی سەركردایەتی بكەن، لە پاڵ وەڵامدانەوەی خەڵكدا. من دڵنیانیم لەوەی وەڵامێكی گشتی و موجەڕەد هەبێت بۆ پرسیارەكەی ئێوە، جگە لەوەی بڵێین هەردوولایان گرنگن، دەبێت پارتەكان مومارەسەی سەركردایەتی بكەن و هەروەها وەڵامدەرەوەش بن. لەڕاستیدا مومارەسەكردنی سەركردایەتی پرسێكی بایەخ و تەركیزێكی كەمی لەسەركراوە لە دیموكراسیەتە سەركەوتووەكاندا.
* بەڵام كە كێشەی لەوجۆرە دێتە ئاراوە، جۆرێك لە نامتمانەیی بە پارتەكان دروست دەبێت، ئەمەش زەمینە بۆ ئەوە دروست دەكات پۆپۆلیزم دەربكەوێت، ئایا ئەمەش مەترسی نییە بۆ دیموكراتی؟
- من هاوڕام لەگەڵتاندا، زۆربەی كات پۆپۆلیزم مەترسیە بۆ سەر دیموكراسی. لەبارەی ئەوەی چۆن خۆمان لە پۆپۆلیزم لابدەین، ئەوا بەشێكی گرنگی وەڵامەكە پەیوەستە بەوەی دەبێت پارتی حكومڕان حكومڕانیەكی باش بكات، مەرج نییە لە هەموو شتێكی ئەدایان باش بێت، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ شكست بهێنن، ئەوا ئەوانی دیكە روودەكەنە كەسانی دەرەوە. كەواتە ئەمە بەشێكی گرنگی وەڵامەكەیە، پێویستە حكومەت تا راددەیەك ئەدایەكی باشی هەبێت.
* لە سیستمی دیموكراسیدا، پێویستە پارتە سیاسییەكان ئەڵقەی پەیوەندی نێوان حكومەت و خەڵك و نێوان حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بن، تا چەند بوونی پارتەكان گرنگە بۆ دروستكردنی ئەو هاوسەنگیە؟
- پارتەكان یەكێكن لە ئەڵقەكانی پەیوەندی نێوان خەڵك و حكومەت، بەڵام گرنگترین ئەڵقەن، لەبەر ئەوەی لەڕێی پارتەكانەوە ئەو كەسانە هەڵدەبژێردرێن كە حكومڕانی دەكەن. هەندێ جاریش- نەك هەمیشە- رێكخراوەكان و بزووتنەوە كۆمەڵایەتیەكان خەڵك بە حكومەتەوە گرێدەدەنەوە، ئەوان هەمیشە نوێنەرایەتی خەڵك دەكەن، بەڵام هەمیشە خەڵكی بە حكومەتەوە گرێنادەنەوە. بەشەكەی دیكەی پرسیارەكەتان لەبارەی رۆڵی پارتەكان لە دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنیدا. بە زۆری پارتەكان میكانیزمێكی زۆر گرنگن بۆ گرێدانی حكومەت بە كۆمەڵگەی مەدەنیەوە. دەكرێت وێنای بەدیلێك بكەین كە میكانیزمێكی راستەوخۆتر بێت، و هەندێ جار و لە هەندێ وڵاتدا و بە تایبەتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە هەندێ وڵاتدا گرنگن، هەروەها پێموایە پەیوەندی پارتە سیاسییەكان بە كۆمەڵگەی مەدەنیەوە لاوازترە، بە بەراورد بە رابردوو. ئێستا بە زۆری دەبینیت كە پارتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لێكدابڕاون و میكانیزمی گوزارشتكردن نین كە خەڵكی بە حكومەتەوە پەیوەست بكەنەوە، یاخود گوزارشت لە داخوازی خەڵك بكەن، بەڵام هەمیشە حاڵەتەكە ئەوەنەبووە كە پارتەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی بەو شێوە بەهێزە پێكەوە پەیوەست بن.
* لە كۆمەڵگەی دیموكراتی موعارەزە فاكتەرێكی گرنگە بۆ بەرەوپێشەوەبردنی دیموكراتی، ئایا چۆن موعارەزە دەتوانێت وا لە حكومەت بكات بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە كار و حكومڕانی بكات؟
- پێموایە ئەوەی ئێوە دەیڵێن راستە، بەشێكی ئەوەی موعارەزە بتوانێت رۆڵێكی ئیجابی ببینێت لەڕێی چاودێریكردنی كارەكانی حكومەتەوەیە و مومارەسەكردنی موعارەزەیەكی بەرپرسیارانە و پاراستن و بنیاتنانی دیموكراسی بە ئامانجێكی باڵا بزانێت، نەك بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی. ئەوانە هەندێكن لەو كارانەی پێویستە موعارەزەی بەرپرس بیكات. پارتەكانی موعارەزە دەتوانن رۆڵێكی گرنگ ببینن كاتێك بەرپرسیارانە رەفتار دەكەن، پێویستە لە قۆناغێكدا پارتە سیاسییەكان بەرژەوەندی گشتی بخەنە پێش بەرژەوەندیە حزبیەكانەوە، ئەمەش لە سەرووی هەموو شتێكەوە بە مانای ئەوە دێت كە پرسی پاراستن و بنیاتنانی دیموكراسی بخەنە پێش بەرژەوەندیە حزبیەكانەوە. كەواتە چەند بیرۆكەیەك هەیە لەم رووەوە.
* بەرای تۆ تاچەند پرۆسەی بەدیموكراتیكردنی ناوخۆی پارتە سیاسییەكان بۆ بونیادی دیموكراتی گرنگە؟
- لەڕووی مێژووییەوە، نموونەی ئەو پارتانە هەبووە كە لە ناوخۆدا دیموكراتی نەبوونە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەشداریەكی مەزنیان لە هێنانەئارای دیموكراسیدا كردووە. لەڕووی مێژووییەوە هیچ پارتێكی سیاسی نەبووە كە بە راستی دیموكراسی بێت لە ناوخۆدا. ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ مێژووی پارتە سیاسییەكانی بەریتانیا یان ئەمریكا، ئەوا لە ناوخۆدا دیموكراتی نەبوون. بەڵام لە جیهانی ئێستادا داواكاریەكی بەربڵاو هەیە بۆ هێنانەدی ئاستێك لە دیموكراسی لە ناوخۆی پارتەكاندا. هەڵبژاردنە سەرەتاییەكان گرنگترین رێگاچارەیەك وەك یەكێكە لە رێگاكان، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شەفاف و رێكخراو بۆ هەڵبژاردنی سەركردەكانی پارتەكە، رێگایەكی دیكەیە. كەواتە ئەوانە گرنگترین میكانیزمەكانن بۆ هێنانەئارای ئاستێك لە دیموكراسی لە ناوخۆی پارتەكاندا.
