ژنانی كۆچبەر لە كەمپەكاندا بەرەوڕووی دەستدرێژی دەبنەوە

ژنانی كۆچبەر لە كەمپەكاندا بەرەوڕووی دەستدرێژی دەبنەوە
رۆژانە سووكایەتیم پێدەكرا و هەرگیز بە ئارامی نەدەخەوتم"، ئەمە گوتەی ژنێكی كۆچبەرە كە لە یەكێك لە كەمپەكانی سوێد بووە و دوای ئەوەی لەلایەن چوار گەنجی كورد و فارسەوە دەستدرێژیی كرایە سەر، لە كەمپەكەی دوورخرایەوە و ئێستا لە شەڵتەرێكی ژنانە.

سوها ناوی خوازراوی كچێكی كۆچبەرە و نۆ مانگە گەیشتووەتە سوێد، بەڵام ئەگەر بیزانیایە بەو رۆژگارە دەگات، هەرگیز بیری لە جێهێشتنی وڵاتێكی پڕ لە كێشەی وەكو عێراق نەدەكردەوە. سوها گوتی "گێچەڵی قاچاخچیەكانی رێگا و دەستدرێژی و هەڕەشەی گەنجانی كەمپەكە، لاپەڕەیەكی رەشی ژیانمە و قەت لە یادی ناكەم".

سوها نموونەیەكی دیاری ژنانی كەمپەكانی سوێدە كە یەك لەسەر سێی كۆچبەرانی نێو كەمپەكان پێكدەهێنن و بەپێی چەند راپۆرتێكی جیاواز، هەندێك لەو ژنانە دەستدرێژییان كراوەتە سەر و ژیانێكی خراپ لە كەمپەكان بەسەر دەبەن.

سوها كە لە بنەماڵەیەكی دیاری شاری بەغدایە و تەمەنی 25 ساڵی تێنەپەڕاندووە، هەرگیز بەخەیاڵیدا نەدەهات دوای ئەوەی وڵاتەكەی بەجێدەهێڵێ، لە وڵاتێكی وەك سوێد هەڕەشەی لێبكرێ‌ "لە وڵاتەكەی خۆم لە ترسی شەڕ و تەقینەوە، لە رێگاش لە ترسی گێچەڵی قاچاخچییەكان، لە كەمپەكانیش لە ترسی دەستدرێژی و ئەتككردن ژیانمان نەبوو. نیوەی زیاتری ژیانم بە ترس و دڵەڕاوكێوە بەسەر بردووە، بۆیە پەشیمانم كە وڵاتەكەم جێهێشت".

سوها تاكە كۆچبەر نییە كە دەستدرێژیی كرابێتە سەر، بەڵام ئەو جورئەتی هەبووە و كارمەندانی كەمپەكەی لە كێشەكەی ئاگادار كردووەتەوە.

بەكر حەسەن كارمەندی یەكێك لە كەمپەكانی سوێد دەڵێت "ژیانی ژنان لە كەمپەكاندا زۆر زەحمەتە، بە تایبەتی ئەو كەمپانەی بچووكن و ژمارەیەكی زۆر كۆچبەریان تێدایە".

ئەو كەمپەی بەكر كاری تێدا دەكات نزیكەی 13 نەتەوەی جیاوازی تێدایە و نەیشاردەوە كە هەوڵی دەستدرێژی بۆ سەر ژنە كۆچبەرەكان هەبووە "زۆربەی ئەوانەی تۆمەتبار دەكران بە هەڕەشە و دەستدرێژی زیاتر لەوانە بوون كە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون". گوتیشی "زۆربەی ژنە كوردەكانی كەمپەكە لە ترسی دەستدرێژی ئێرەیان جێهێشتووە و چوونەتە لای كەسوكار و هاوڕێ و ناسیاوەكانیان".

شەهرام بەكر، خەڵكی باشووری كوردستانە و لەهەمان ئەو كەمپەدایە كە بەكر كاری تێدا دەكات و بە وردی ئاگاداری كەیسی سوهایە. شەهرام بە (رووداو)ی گوت "بێزم لەخۆم دەكردەوە كە هەڵسوكەوتی هەندێك گەنجم دەبینی. لە كەمپ و لە رێگاكان، گەنجەكانی ئێمە هەڵسوكەوتی زۆر ناشرینیان دەكرد بەرامبەر بە ژنە كۆچبەرەكان".

ئەو قەت چیرۆكی ئەو ژنانە لەبیر ناكات كە لە رێگە لەگەڵی بوون و ببوونە قوربانیی دەستی كوڕە گەنجە كۆچبەرەكان و قاچاخچییەكان "ئەو نەگبەتانە لە كەمپەكانیش هەمان چارەنووسیان هەیە و ژیانێكی خراپیان بەسەر دەبرد".

بەپێی راپۆرتێكی تەلەڤزیۆنی سوێد، زیادبوونی حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر ژنە كۆچبەرەكان، دامەزراوەی كۆچ و پۆلیسی هانداوە زیاتر چاودێریی كەمپەكان بكەن، گواستنەوەی ژنە كۆچبەرە قوربانییەكان و زیادكردنی چاودێر، لەو رێكارانە بوون كە وەك تەلەڤزیۆنی سوێدی دەڵێت، پۆلیس و دەزگای كۆچ لە ئەنجامی چەندبارە بوونەوەی حاڵەتەكان گرتیانە بەر.

20 هەزار كۆچبەری ژن

بەپێی ئامارەكانی دامەزراوەی كۆچی سوێد، زیاتر لە 60 هەزار كۆچبەر كە لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتدان، لە كەمپەكاندا دەژین و نزیكەی 22 هەزاریان لە رەگەزی مێن.
تۆماس ریگمان چالاكڤان و شارەزای بواری كۆمەڵایەتی دەڵێت "ژنانی كۆچبەر لە رەوشێكی ئیجگار خراپدان و بەداخەوە هێشتا ئەم بابەتە نەبووەتە ئەولەویەت".

لەگەڵ ئەوەی سوێد بە یەكێك لە وڵاتە پێشەنگەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ و بەتایبەتی منداڵ و ژنان دادەنرێت، بەڵام بەزۆر بەشوودان و دەستدرێژی و رفاندن و هەروەها كەمیی داهات و مووچەی كار لەچاو زۆر كاركردن، لەو كێشانەن كە تووشی ژنانی كۆچبەر و پەنابەر دەبنەوە.

تۆماس ریگمان دەڵێت "لە زۆر رووی تیرۆرییەوە پێشێلكاری مافی ژنە كۆچبەرەكان لە سوێد و وڵاتانی ئەوروپی، جیاوازیی نییە لە رەوشی ژنە كۆچبەرەكان لە وڵاتێكی وەكو توركیا و عێراق".
لە دوو هەفتەی رابردوودا سوێد زۆرترین چالاكی سەبارەت بە پرسی ژنانی كۆچبەر و دەستدرێژی بۆ سەریان بەخۆوە بینی.

(ئەلمێدالین) كۆڕبەندی سیاسیی هاوینە كە گەورەترین چالاكیی سیاسی و جەماوەریی ساڵە و ساڵانە لە دوورگەی گۆتلاند ساز دەكرێت، دوو بابەتی گرنگی لەسەر رفاندن و بەزۆر بەشوودانی كچانی پەنابەر تێدا پێشكەش كرا، لەلایەن دوو ژنە چالاكڤانی كوردی دانیشتووی سوێد.

هەر لەو ماوەیەدا یەكەمین دادگای سەدە لەسەر بابەتی رفاندن و بەزۆر بەشوودانی كچی پەنابەری منداڵ لەلایەن كەسوكارییەوە، بەڕێوەچوو. كەسوكاری منداڵەكە كە پەنابەرێكی رۆژهەڵاتی بوون، سزا دران.

هەروەها بۆ یەكەمینجار لەو ماوەیەدا رێكخراوی دژە گێچەڵ ئامارێكی بڵاوكردەوە كە ساڵانە 60 هەزار كەس لە سوێد كە زۆربەیان ژن و منداڵن، دووچاری گێچەڵی سێكسی دەبنەوە.

خراپیی رەوشی ژنانی كۆچبەر، بەبڕوای زۆر لە چاودێرانی مافەكانی مرۆڤ، یەكێكە لە هۆكارەكانی زیادبوونی گەڕانەوەی خۆویستانەی كۆچبەران بۆ وڵاتی خۆیان. بەپێی دوایین ئاماری دەزگای كۆچی سوێدی كە هەفتەی رابردوو بڵاوكرایەوە 9,500 كۆچبەر، لە نێویاندا 1,800 كەسی خەڵكی باشووری كوردستان و عێراق، خۆویستانە گەڕاونەتەوە.

لەگەڵ نەبوونی ئامارێكی ورد لەبارەی ژمارەی ئەو ئافرەتە كۆچبەرانەی لەسەر داوای خۆیان گەڕاونەتەوە، بەڵام رێژەیەكی دیاریان ژنن و بە ناچاری بڕیاری گەڕانەوەیان داوە. تۆماس ریگمان دەڵێت "زۆر لەو ژنانە، توانای ئەوەیان نەبووە لە دەرەوەی كەمپ، لەسەر خەرجیی خۆیان بژین و كەسیش خۆی لێ نەكردوونەتە خاوەن، بۆیە بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".





رووداو
Top