بەبیانووی نامووس بەدەمانجە خوشكەكەی خۆی دەكوژێت

بەبیانووی نامووس بەدەمانجە خوشكەكەی خۆی دەكوژێت
لەگوندی حەسارۆك پشت ماجدی مۆڵ، ئافرەتێكی تەمەن 27 ساڵە، بەگووتەی دایكی لەسەر كێشەی زەوی لەلایەن براكەیەوە كوژراوە بەناوی (ل)، مامیشی بەناوی (ر.ج) دەڵێت كێشەكە كێشەی شەڕەفە نەوەك كێشەی زەوی.
(د) كچێكی باڵە بەرزو چاو كاڵی قژ قاوەییە و ژیانی هاوسەری لەگەڵ كوڕەمامەكەی پێكهێناوەو خاوەنی چوار منداڵە، لە هاوسەركەی زوێر دەبێت دەچێتەوە ماڵی دایكی لەبەر ئەوەی داوای ماڵی جیایی لەهاوسەرەكەی دەكات و ئەویش بۆی ناكات، لەڕۆژی 25/3/2012 كاتژمێر 11:30 شەو خەریكی دروینی كراسەكەی خۆی دەبێت كاتێك لەپڕ براكەی خۆی بەژوور دادەكێشێت حەوت گولەی لەسینگی دەدات و و كۆتایی بەژیانی دەهێنێت، بەڵام تا ئێستا تاوانبار دەستگیر نەكراوە، لەبەر ئەوەی كێشەكە بەتەواوەتی ئاشكرا نەبووە.
چۆنیەتی ڕوودانی كوشتنەكە
بەگوتەی دایكی كە بەڵگەی تاوان داویەتی بەناوی (م.ا) و دەڵێت «بەتەواوی ڕێكەوتەكە نازانم كچكەم (د) نەخەوتبوو خەریكی دروینی كراسەكەی خۆی بوو، منیش لەژووری دواوە خەوتبووم لەپڕ لەگەڵ دەنگی تەقە بەخەبەرهاتم، ناو ماڵی ئێمە پڕ ببو لەخەڵك چاوم جوان نەی ئەبینی، كەیەكێك كەتبوو لەسەر زەوی كەچوومە پێش و بینیم كچەكەمە كوژراوە، بەڵام نازانم كێ كوشتبووی.
من ئاگارداری كێشەكانیان نەبووم
باوكی كوژراو بەناوی (ت.ج) كە ماوەی 15 ساڵە ژنی دووەمی هێناوەو لەدایكی (د) خاوەنی 12 منداڵە و دەڵێت «لەژنی گەورەم زۆر نزیك نەبووم، واتا دایكی (ل) بۆیە ئاگارداری كێشەكانیان نەبووم ئەوەندە، ئەو شەوەی كە ئەم ڕووداوە ڕوویدا من لەماڵی ژنی بچووكم بووم لەگوندی سێبیران، بۆ بەیانی خزم و كەس ئاگاداریان كردمەوە كەوا كچەكەم كوژراوە، ئەو كات چووم شاردمانەوەو تازیەمان بۆدانا، بەڵام تا ئێستاش نازانم كێ كوشتوویەتی، بۆیە سكاڵام لەسەر كەس نییە.
لەسەر شەڕەف كوژراوە
بەگووتەی مامی (د) كە بەناوی (ر.ج) لەشەوی ڕووداوەكە بەشێوەیەكی ناڕاستەخۆ بە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگە و تاوانی وت «ئەم كچە لەسەر كێشەی شەڕەف كوژراوە نەوەك لەسەر كێشەی زەوی و موڵك، چونكە مۆبایلیان لەدەست بینیوە كە قسەی پێكردووە، بەڵام دایكی دەڵێت «دەزانم كوڕەكەم (ل ) كێشەی هەبوو لەگەڵ براكەی كە دەی ویست براكەی خانوو دروست بكات لەنێو حەوشە، ئەو كات بوو بەشەڕیان بۆیە وامزانی ئەو كوشتوویەتی، بەڵام كە لێمان پرسی وتی من نەم كوشتووەو ئاگاداری هیچ نیم. هەروەها من كردەوەیەكی بەدڕەوشتم لەكچەكەی خۆم نەدیووە، بەڵكو مامیشی لەقسەی خەڵك گوێی لێبوە، ئەو لەماڵی ئێمە ناژیت لەكاتی ڕووداوەكەش لەوێ نەبووە. باوكی (د) هەمان ڕای دایكی (د) هەیەو دەڵێت «من هیچ شتێكم لەكچەكەی خۆم نەبینیوە بۆئەوەی بڵێم كچەكەم لەسەر كێشەی شەڕەف كوژراوە، بەڵام بەداخەوە لەكۆمەڵگەی ئێمە هەر ئافرەتێك بكوژرێت دەڵێن لەسەر شەڕەف كوژراوە و بەوە تاوانباری دەكەن.
Top