تایلۆر سوێفت بە ملیۆنێك دۆلار هاوكاری ویلایەتی تینیسی دەكات

تایلۆر سوێفت بە ملیۆنێك دۆلار هاوكاری ویلایەتی تینیسی دەكات
دوای ئەوەی زریانێكی بە هێز ڕووی لە شاری "ناشڤیڵ"ی ویلایەتی تینیسی لە ئەمریكا كرد, جگە لە زیان و كاولكارییە مادییەكەی 24 كەس لە دانیشتوانی ئەو شارە گیانیان لەدەستدا, بەم هۆیەوە بەشێك لە سەرمایەداران و هونەرمەندانی ئەو وڵاتە هەڵوێستیان نواند و هاوكارییەكانیان گەیاندە لێقەوماوان .

ئەستێرەی دیاری ئەمریكی تایلۆر سوێفت كە بەوە ناسراوە كەسێكە هەردەم حەز بە پێشكەش كردنی هاوكاری دەكات, هاوشێوەی جۆنی دیپ و لیۆناردۆ دیكاپرۆ و لەیدی گاگا..بەم هۆیەوە تایلۆر بڕی ملیۆنێك دۆلاری بەخشی لە پێناو كەمكردنەوەی ئازاری دانیشتوانی ئەو شارە, هەروەها لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئينستگرام پۆستێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا شاری ناشڤیڵ وەكو ماڵی خۆی وەسف دەكات و نیگەران بوو لەوەی كە كەسانێكی زۆر ماڵەكانیان لەدەستداوە .

ئەگەر چی تایلۆر سوێفتی تەمەن 30 ساڵ, بڕی هاوكارییەكەی لە پۆستەكەیدا ڕانەگەیاند, بەڵام لە چەند ڕۆژنامە و سەرچاوەیەكی فەرمییەوە بڵاوكراوەتەوە كە ئەو بڕی یەك ملیۆن دۆلاری بەخشیوە بۆ هاوكاری لێقەوماوانی ویلایەتی تینیسی .

شایەنی باسە.. لە 27ی مانگی ڕابردوو, تایلۆر سوێفت لە چەناڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی یوتیوب نوێترین كلیپی گۆرانی بە ناوی(The Man) بڵاوكردەوە, تایلۆر لەم كلیپەی بە شێوەیەكی جیاواز دەردەكەوێت و ڕیش و ڕووخساری پیاو بووە بە ستایڵی لەم كلیپە, گۆرانی (the man) لەم نۆ ڕۆژەی تەمەنی لە یوتیوب زیاتر لە 25 ملیۆن بینەری هەبووە .
Top