شەهرام عەلیدی:پێویستە رێچكەیەك بۆ سینەمای كوردی دابنێین و ناوبانگیشی لە دەرەوە بپارێزین

شەهرام عەلیدی:پێویستە رێچكەیەك بۆ سینەمای كوردی دابنێین و ناوبانگیشی لە دەرەوە بپارێزین
لە دوای راپەڕین و ئازادكردنی باشووری كوردستان، یەكێك لەو بوارانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری پێداو و لە رووی ماددییەوە پارەیەكی زۆری بۆ تەرخان كرد، بواری سینەما و فیلمسازی بوو لە كوردستان، هەر بۆیەش دەیان فیلمی سینەمایی بە ناوی كوردستان، یان بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیكە بەرهەمهاتن و بەشدارییان لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا كرد و جگە لە سینەماكارانی باشووری كوردستان سینەماكارانی پارچەكانی دیكەش سوودیان لەم ئاوڕلێدانەوەیەی حكومەتی هەرێم وەرگرت، بەتایبەتی سینەماكارانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە حوكمی ئەوەی لە ئێران گرنگییەكی زۆر بە هونەری حەوتەم دەدرێت و ئەوانیش ئەزموون و شارەزاییەكی زۆریان وەرگرتووە. شەهرام عەلیدی یەكێكە لە گەنجەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بە یەكەم فیلمی درێژی خۆی (سرتە لەگەڵ با Whisper With the Wind ) توانی بگاتە فیستیڤاڵی (كان)ی سینەمایی جیهانی و چەند خەڵاتێكیش بە دەست بهێنێت.



سەبارەت بە فیستیڤاڵە سینەماییەكان كە تا ئێستا لە كوردستان ئەنجامدراون شەهرام عەلیدی دەڵێت: لە زۆر لایەنەوە فیستیڤاڵە سینەماییەكانی كوردستان پێشڤەچوون و ئەو كەسانەی كاری سینەما دەكەن، بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو رەنگ و هەستێكی دیكەیان هەیە، توانا و وزەیەكی زۆریان لێ بەدی دەكرێ و بەو وزە و توانایەوە كار دەكەن و هەر یەكە كاری خۆی زۆر بە سەركەوتوویی ئەنجام دەدات بۆ سەركەوتنی.
شەهرام عەلیدی پێیوایە كە كوردستان لە رووی جوگرافییەوە زۆر گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم ئەگەر بتوانی سوودی لێ وەربگیرێت و لەم رووەوە بە نموونە باس لە شارێكی وەكو رواندز دەكا و دەڵێ: كوردستان هەم وەك جوگرافیاو ئاو و هەوا، هەم وەك مرۆڤەكانی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، پاكی شوێنەكانی، بەرد و دار و شاخ و دۆڵ و كانیاوەكانی، جوانییەكی ئێجگار زۆری بەخشیوەتە سروشتی كوردستان. ئەو سادەیی و بەخشندەییەی خەڵكەكەی پێدەناسرێتەوە، ئەو كەلتوورو فەرهەنگەی هەڵگریانن، هەموو ئەم تایبەتمەندیانەش لە شاری رواندزدا رەنگی داوەتەوە. واتە رواندز ناوچەیەكی هەرە گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی سینەما و تایبەتمەندییەكی دیكەشی كە بۆ هەندێ كاری سینەمایی پێویستە، بریتییە لە بوونی دەڤەری خەیاڵ ئامێز، ئەمەش لە رواندزو دەوروبەریدا زۆر بەرچاوە».
هەمیشە سینەماكاران دەڵێن ئەو كەسەی بیەوێ لە سینەمادا كار بكات و سەركەوتوو بێت، پێویست سەرەتا لە كورتە فیلمەوە دەست پێبكات بۆ ئەوەی ئەزموونێك لە بواری خۆی وەربگرێت ئینجا دەست بكات بە فیلمی درێژ یان بڵند، لە كوردستاندا كورتە فیلمی هەنگاوی زۆری بڕیوە، شەهرام عەلیدی سەبارەت بە بەرزبوونی ئاستی كورتە فیلمە كوردییەكان لە چەند ساڵی رابردوودا بە بەراورد لەگەڵ فیلمە درێژەكان دەڵێت: ئێمە كارێك ئەنجام دەدەین ئینجا جارێكی دی دێین دووبارەیان دەكەینەوە، ئەوەی ئێستا دەكرێت كارێكی بە پلان نییە، بەڵكو پاشەكشێیە، لە چەند ساڵی رابردوودا پارە دراوە بە كەسانێك كە فیلمی كورتیشی نەكردووە، كەچی دەچێت فیلمی درێژ دەكات، لە كاتێكدا پێویستە ئەو كەسەی فیلمی درێژ بكات بەلایەنی كەم چوار كورتە فیلمی سەركەوتووی هەبێت و زیاتر لە دە خەڵاتی بەدەستهێنابێت و لە چەندین فیلمی درێژدا بە ناونیشانی دیكە بەشدار بووبێت جگە لە دەرهێنەری، ئەمە دەبێت ستاندار بێت و پێویستە ئەم هەموو قۆناغانەی بڕی بێت ئینجا دەتوانیت پڕۆژە پێشكەش بكات بۆ فیلمی درێژ، بەداخەوە كەسانێك بێ ئەوەی ئەم قۆناغانەیان بڕیبێت چەند فیلمی درێژی ناسەركەوتوویان كردووە و بودجەكەیان هەموو بە فیڕۆ چووە، بۆیە پێویستە سنوور و ستانداردێك دابنرێت، چونكە دەبێتە هۆی درووستبوونی ركابەرێتی و ئاستی فیلمەكانیش بەرز دەبێتەوە بە پێچەوانەوە ئەگەر نەبێت هەر كەسێك لە پڕا بێت ئەوەی هیچ توانا و وزەیەكیش سەرف بكات یەكسەر فیلمێكی درێژ دەكات ئەگەر نیگەتیڤیش بێت و بودجەیەكی زۆریش خەرج بكرێت بەبێ ئەوەی بەرهەمی هەبێت.
سەبارەت بەوەی دەرهێنەرە كوردەكان پێویستە رەچاوی بكەن بۆ سەركەوتنی كارەكانیان دەڵێ: پێویستە هەر دەرهێنەرێك سنووری خۆی بزانێت و دەستكەوتێك بەدەست بهێنێت بۆ فیلمەكەی بەو بودجەیەی بۆی تەرخان كراوە و هێزێكی زیاتر بداتە فیلمەكەی خۆی، هەروەها نابێت بودجەكەی هەمووی لە كوردستان دابین بكرێت، لە فیلمە نوێیەكەی خۆمدا كوردستان وەك بەشێكی بچووك تێیدا بەشدارە لەگەڵ چەندین وڵاتی دنیا، ئێمە پێویستمان بە توانای ئەم هونەرمەندانە هەیە لە هەمان كاتدا توانایەكی زۆریشمان لەبەردەستە و بەرپرسین لە سایكۆلۆژیەتی مرۆڤی كورد و ناكرێت لە سینەمادا هەر بڵێین دۆڕان و دۆڕان، بەڵكو دەبێ رێچكەیەك دانێین بۆ ئەوەی ناوبانگی سینەمای كوردی لە دەرەوە بپارێزین، زۆر كەسی شارەزا لە دەرەوە پێم دەڵێن بۆ سینەمای كوردی وای لێهاتووە؟ ئەوە كێیە لە كوردستان ئەم جۆرە فیلمانە دەكات و كێ لێی بەرپرسە؟ چونكە ئەوان دەزانن خەریكە ئاستی فیلمەكان زۆر دادەبەزێت.


پڕۆفایل:
لە ساڵی 1971 لە شاری سنە لە دایكبوووە، لە ساڵی 1982 چالاكی شانۆیی هەبووە، لە ساڵی 1988 چەند چالاكییەكی لە بواری شێوەكاری ئەنجام داوە، دەرچووی بەشی شێوەكاریی كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی تارانە، لە هەمان كۆلێژ ماستەری لە سینەما بەدەستهێناوە. لە سێ پێشبڕكێی شێوەكاری خەڵاتی یەكەمی بەدەستهێناوە لە ساڵانی 1991 و 1992 و 1993، چالاكی لە بواری ئەنیمەیشنی بۆ كتێبی منداڵان كردووە، ئێستا ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی نێونەتەوەیی ئەنجومەنی سینەماكارانی لاوی وڵاتی ئێرانە و ئەندامی دادوەری فیستیڤاڵی (بەندەر عەباس)ـە لە ئێران و ئەندامی لێژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە بنكەی كورتە فیلمی ئێران، دەرهێنەر خاوەنی چەندین كورتە فیلمی سینەمایی و دیكۆمێنتییە، بەرهەمە سینەماییەكانی تا ئێستا لە چەندین هۆڵی سینەمایی جیهانی و كەناڵە ئاسمانییە جیهانییەكان نمایشكراوە.
Top