دەروێش سەرحەدی:هونەری كوردی لە هەموو كوردستاندا پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە
سەرەتا دەروێش گوتی: ئاشكرایە كوردستان سەدان ساڵە داگیر كراوە و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی لە ناوبردنی كەلتوور و زمانی ئێمەیان داوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێك هونەری كوردی پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە جا گۆرانی و میوزیك یان شانۆ یان شێوەكاری بێت، جاران هونەری كوردی لە گوند لە شایی و گۆڤەندەكان زیاتر ناسرا بوو، ئێستا چووەتە شار و ئۆركێسترا و تاد، پێویستە هەوڵ بدەین ئەم پێشكەوتنە پەرە پێبدەین بەرەو باشتر و پڕۆفیشناڵتر بەتایبەتی لە بواری مەقام و گۆرانییە رەسەنە كوردییەكان كە ئێمە پێی ناسراوین بۆ ئەوەی ناسنامەی هونەری خۆمان لە دەست نەدەین.
سەبارەت بە پارچەكانی كوردستان دیارە هەر پارچەیەك بە بارودۆخی سیاسی تایبەتیدا تێپەڕیوە، ئەمەش كاریگەری بەسەر هەموو لایەنەكانی ژیانەوە هەبووە، لەوانەش لایەنی هونەری.
دەروێش جگە لە گۆرانیی وتن چەندین ئامێری میوزیكی دەژەنێت و شارەزاییەكی زۆری دەربارەی هونەر و میوزیكی كوردی زۆرە، سەبارە بە میوزیكی كوردی بە گشتی دەڵێ: سەرەتا ئامێرە میوزیكە كوردییەكان جیا بكەینەوە لە ئامێری میوزیكی میللەتانی دیكە، بە بڕوای من (رەبابە) یەكێكە لە ئامێرە هەرە رەسەنەكانی كورد كە لە دێر زەمانەوە بەكارهاتووە و هەر ئێمەی كوردیش دروستمان كردووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوەی نییە كە تەنیا لە گۆرانی و میوزیكی كوردیدا بەكاردێت، بەڵكو هەموو گەلانی دنیا دەتوانن بەكاری بهێنن، بە هەمان شێوە نەتەوەكانی دیكەش ئامێری میوزیكی تایبەت بە خۆیان هەیە كەچی لەلایەن گەلانی ترەوە بەكار دەهێنرێت.
دەروێش پشتگیری لەو كەسانە دەكات كە پێیانوایە پێویستە ناسنامەی هونەری كوردی بپارێزرێت بۆ ئەوەی لە ناو نەچێت، لەم بارەیەوە دەڵێت: بە هۆی ئەوەی ئێستا روودەدات و بە ناوی هونەری كوردییەوە پێشكەش دەكرێت، منیش زۆر جار وا هەست دەكەم كە میوزیكی كوردی ناسنامەی خۆی لە دەستداوە، چونكە دەبینین رۆژ دوای رۆژ میوزیكی راستەقینە بەرەوە كەمبوون دەچێت و ون دەبێت، هەر هەرێم و ناوچەیەك میوزیكی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام پێویستە ستایلێكی كوردی هەبێـت كە پێی بناسرێتەوە، هەروەها ئێستا ئێمە نازانین ناسنامەی هونەریمان چییە و لە چی پێكهاتووە ئەمەش كێشەیەكی دیكەی گەورەیە، ئەمەش بە ڕای من بۆ سەربەخۆ نەبوونی هونەرمەندان دەگەڕێتەوە ئەمە كاریگەری لەسەر كەسایەتیی خودی هونەرمەند هەیە، وای لێهاتووە هونەرمەند نەتوانێت بۆ خۆی كارێكی هونەری بەرهەم بهێنێت و بینێریتە بازاڕ، بۆیە قەدەری كورد لە دەست كەسانێكدایە كە ئەوانیش تواناكانیان سنووردارە، لە لایەكی ترەوە هەر هونەرمەندێك سەر بە لایەنێكی دیاریكراوە و ناتوانێت لە فەرمانی دەربچێت، پاراستنی رەسەنایەتی هونەری كوردی بەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایە كارێكی ئاسان نییە و پێویستە ئەم رەسەنایەتییەی هونەری كوردی بپارێزرێ، چونكە هەموو هونەری كوردی هونەرێكی نەتەوەییە تەنانەت گۆرانییەكانی ئاشق و ئەڤیندارانیش هەمووی بەر لەوەی راستەوخۆ بۆ كچ یان كوڕ بێت بۆ كوردستان بووە و ئێستاش هەر بەردەوامە، ئەمەش بۆ بندەستی و مێژووی پڕ لە نەهامەتی گەلی كورد دەگەڕێتەوە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هونەرمەندانی كورد لە هەموو پارچەكان چۆن دەتوانن هونەری كوردی پێش بخەن بۆ ئەوەی رەسەنایەتی خۆی لە دەست نەدات، دەروێش سەرحەدی دەڵێ:پێویستە هونەرمەندان هەوڵێكی زۆر بدەن بەلایەنی كەمەوە هەوڵ بدەن لە ئاستێكی جێگیر هونەری كوردی بمێنێتەوە واتە نەگەڕێتەوە دواوە و لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ئەم سەردەمە بڕوات، بەڵام بە پاراستنی مۆركی نەتەوایەتی بێت، دوای دەیەها ساڵ لە داگیركاری و وێرانكاری كوردستان، بە هەوڵ و خەباتی هەموو لایەك بەشێك لە وڵاتی ئێمە ئازادبوو، ئێمە سەر لە نوێ وڵاتی خۆمان ئاوەدان دەكەینەوە لە پرۆسەیەكدا كە ئاوەدانی هەموو بوارەكانی ژیانی گرتۆتەوە و پێمان ناوەتە قۆناغێكی نوێ.
من بەشێوەیەكی گشتی گەشبینم لە بارەی هونەری كوردی، چونكە هەنگاوی باشی ناوە، هەروەها ژمارەی كەسانی بەتوانا و گرووپی مۆسیقا لەزیادبووندان ئەمەش مایەی دڵخۆشییە، بەڵام پێویستە هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر لەنێوان هونەرمەندانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان زیاتر بێت بۆ ئەوەی بە هەموومان بە جیهان بڵێین كە ئێمەی كوردیش خاوەن هونەر و كولتووری نەتەوەیی و تایبەتی خۆمانین و لە كۆڕ و كۆبوونەوە جیهانییەكاندا شانازی پێوە بكەین.
سەبارەت بە مەرجەكانی سەركەوتنی هونەرمەند یان ئەو شتانەی پێویستە لە ناخی هونەرمەنددا هەبن بۆ ئەوەی لە كاری خۆیدا سەركەوتوو بێت، دەروێش سەرحەدی دەڵێ: بۆ گۆرانیبێژ دەنگی خۆش بە پلەی یەكەم دێت، هەروەها دەبێ گرنگیی زۆر بە فۆلكلۆری كوردی بدات و بە بەشێك لە ژیان و كولتووری نەمری خۆی بزانێت، ئاساییە هونەرمەند گۆرانیی نوێ و سەردەمیانە بڵێ، بەڵام با رۆحی كوردی تێدا بێت، بەتایبەتی لە میوزیك ئەمانە هەموویان دەبنە مایەی بناغەیەك بۆ دروستكردنی گۆرانی رەسەنی كوردی كە بتوانین لە هونەری گەلانی دیكەی جیایان بكەینەوە.
لە بارەی چۆنییەتی ناسینەوەی هونەر و كەلتووری كوردی و رێگا نەدان بە ون بوونی، هونەرمەندی شاری سەرحەدی باكووری كوردستان دەڵێ: پێویستە نەوەكانمان موزیكی كوردی بناسنەوە رەنگە ئەمە بۆ هاووڵاتییەكی ئەوروپی زۆر گرنگ نەبێت، چونكە ئێمە لە ناوچەیەكداین پێویستیمان بەوەیە بوون و ناسنامەی خۆمان بپارێزین تا ئەو كاتەی دەگاتە ئاستێكی بەرز، بۆ پاراستنیشی پێویستە هەر لە تەمەنێكی زوودا منداڵەكانمان بەشێوەیەك پەروەردە بكەین كە زۆر گوێ لە میوزیكی رەسەنی كوردی بگرن، دوای ماوەیەكی زۆر بەردەوام بوونم لە نێو كۆڕی هونەر و میوزیكی كوردی بە هەموو جۆرەكانییەوە بۆم دەركەوتووە هەرچەندە ئێمە و باب و باپیرانیشمان گوێیان لە موزیكی كوردی گرتووە، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی میوزیكی رەسەنی كوردی ناناسین، چونكە ئەوەندە دەوڵەمەندە بە رەنگ و جۆرەكانی، كاتێك ئەم میوزیكە رەسەنە نۆژەن بكرێتەوە و خەڵكانێكی بێگانە گوێی لێبگرن بەمە خزمەتێكی زۆر پێشكەش بە میوزیكی رەسەنی كوردی و میوزیك بە گشتی دەكەن، بەڵام كاتێك ئەگەر كۆپییەكی فارسی یان عەرەبی پێشكەش بكرێت لەسەر گۆرانییەكی كوردی ئەوا بۆ مرۆڤێكی ئەوروپی كارێكی كۆنە و نوێیەكە میوزیكی كوردییە، بۆیە پێویستە زیاتر گوێی لێبگیرێت لە قوتابخانە و ماڵەوە، تەلەفزیۆنەكان گرنگیی زیاتری پێبدەن، بەمەش بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەتوانیت كاری رەسەن پێشكەش بكەیت، لە هەمان كاتدا ئاساییە ئەگەر كەمێك فارسی یان عەرەبیشی تێكەڵ بكرێت بە مەرجێك كۆپی نەبێت رەسەنایەتیی كوردی پێوە دیار بێت.
