دەزگای روانگە بانگهێشتی ئەكۆن دەکات بۆ کوردستان

دەزگای روانگە بانگهێشتی ئەكۆن دەکات بۆ کوردستان
بڕیار وایە هونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکی سەردانی کوردستان بكات بەمەبەستی ئامادەبوون و سازدانی کۆنسێرتێکی مرۆیی و کۆمەک کۆکردنەوە لە مانگی ئاداری ٢٠١٥ لە رێورەسمی کۆتایی هاتنی خولی راپەرین كە بەشی وەرزشی دەزگای روانگە ساڵانە سازی دەكات
ئەكۆن ناسراوە بە کەسێکی مرۆیی و خێرخواز و بەشداریکردنی ئەمجارەشی هەر بەردەوامیەتە بە کارە مرۆییەکانی، بۆیە ئامانجی بەشداری کردن و سازدانی کۆنسێرتێک لە کوردستان هەڵمەتێکی کۆمەک کۆکردنەوەیە بۆ خێزان و کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان و کەسانی ئاوارە و لیقەوماو بە هۆی فرۆشتنی بلیتی کۆنسێرتەکەیەوە.
دەزگای روانگە هیواخوازە ئامادەبوونی ئەكۆن ببێتە هۆکارێک بۆ دەرخستنی ئەو بارودۆخە هەنوکەییەی ئێستای کوردستان بە رووی جیهاندا و پەیامی ئاشتی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.
ئەكۆن دەزگای روانگەی وەک دەزگایەکی نێودەوڵەتی هەڵبژارد بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی هەردوو لایەن بەیەکەوە چالاکی مرۆیی و خێرخوازی بکەن. ئەمەش بۆ یەکەمین جارە کە هونەرمەندێکی بەناوبانگی ئەمریکی لە کوردستان نمایشی هونەری بەم چەشنە سازبکات و هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە بەرواری ٥/٢/٢٠١٥ پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردۆتەوە تیادا خۆشحالی خۆی و تامەزرۆیی خۆی دەردەبڕێت بەمەبەستی سەردانی کردنی بۆ کوردستان و ئەنجامدانی کۆنسرێتێک بەشێوەی زیندوو لە شارێک کە تەمەنی نزیکەی ٨٠٠٠ ساڵ دەبێت.
Top