عەفاف ئەزتوتی: سینەمای عەرەبی تەنیا بە تەكنۆلۆژیا لە پێش سینەمای مەغریبی دێت
* سەرەتای چوونت بۆ نێو بواری نواندن و بەتایبەتی شانۆ، بە حەز و ئارەزووی خۆت بوو، یان بە رێكەوت بوو؟
-ئەوەی راستی بێت، زیاتر لەسەر داوای مامۆستاكانم بوو لە قوتابخانە، یەكەم جار لە ئاهەنگی كۆتایی ساڵی خوێندن بەشداریم لە شانۆگەرییەكدا كرد، دوای ئەوەی بەشێك لە مامۆستاكانم توانای منیان بینی و هانیان دام كە پەیوەندیی بە كۆمەڵ شانۆوە بكەن، دوای ماوەیەك هەستم كرد عەشقم بۆ شانۆ هەموو سنوورەكانی تێپەڕاندووە، بۆیە ئاوێتە بوونی خۆم لەگەڵ شانۆ بە سەرەتایەكی جوان دادەنێم و هەست دەكەم دووبارە لە دایكبوومەتەوە.
• ئایا سینەمای مەغریبی لە پێكاندنی ئامانجەكانی بەتایبەتی لەلایەنی كۆمەڵایەتییەوە سەركەوتوو بووە؟
- سەد لە سەد نەیتوانیوە ئامانجەكەی بپێكێت، راستە سینەمای مەغریبی توانیویەتی كە بوون و شوناسی خۆی دەربخات و ئامانجە كۆمەڵایەتییەكانی بەدەست بهێنیت بە جۆرێك كە شایەنی تێڕامان بێت لە رێگەی هەندێك لە فیلمەكانی كە بابەتی كۆمەڵایەتی واقعی چارەسەر كردووە و لە پلەی یەكەم دێت لە خستنەڕووی ئەوە بابەتانەی كە بۆ ئاشكراكردنیان جورئەتێكی زۆریان پێویست بوو، بەڵام ئێستا لە بواری هونەری سەركەوتنی باشی بەدەستهێناوە، هەروەها رەزامەندی بینەریشی بەدەستهێناوە، تەنانەت بووەتە بەشێك لە رۆتینی ژیانی رۆژانەی، چونكە بژێوی وواقعی تاڵی ژیان و ئەو كەلێنە كپ كراوانەی لە ژیانی هەر تاكێكی كۆمەڵگە هەیە، دەخاتە روو، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێشتا سینەمای مەغریبی هەموو ئامانجەكانی نەپێكاوە لەوانەش كۆكردنەوەی زۆرترین بینەر.
* زۆر جار سینەمای مەغریبی بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە بە ئەنقەست پشت بە سێكس دەبەستێت بۆ راكێشانی زۆرترین بینەر، وەك مەغریبییەك چۆن وەڵامی ئەوانە دەدەیتەوە؟
- سینەما ژیانە، ژیانیش بێ سێكس و ورووژاندن نییە، كەواتە بۆچی لە سینەما تەحەفوز هەبێت، لە كاتێكدا ژیانمان داماڵدرایە لە هەر حیكمەتێك كە رێ لەم پەتایە بگرێت.
* سینەمای مەغریبی بە چی لە سینەمای عەرەبی جیا دەكرێتەوە؟
- پێموایە ئەوەی سینەمای مەغریبی لە سینەمای عەرەبی بە گشتی جیا دەكاتەوە فرەیی ئەو بابەتانەیە كە هەوڵی چارەسەركردنیان دەدات، هەروەها ئەو سیناریۆیەی كە شێوازی نووسینی جیاوازە لە رووی دابەشكردنەوە، بەم دواییە تێبینی ئەوەی دەكەین كە جۆرە نوێكارییەك لە سینەمای مەغریبی هەیە، بە پێچەوانەی سینەمای عەرەبی كە دەبینین زۆر جار هەمان بابەت بە هەمان شێوازی بەرهەمهێنان چارەسەر دەكات، بەڵام ئەوان یەك شتیان لە ئێمە باشترە ئەویش ئەوەیە لە رووی تەكنیكەوە ئێمە هەژارترین لە سینەمای عەرەبی.
* كەی ئەكتەر دەتوانێت بە كارە هونەرییەكانی بژێوی ژیانی پەیدا بكات؟
- هیچ كاتێك ناتوانێت، چونكە هەموومان دەزانین شانۆ بە گشتی لە واقعێكی هەژار و تاڵدایە، هەندێك تیپی شانۆیی و ئەكتەری پیشەگەر هەن كە پارەیەكی زۆركەم وەردەگرن، تیپە بچووكەكانیش بارودۆخیان زۆر خراپترە، ئەگەرچی ئەو كارانەی پێشكەشی دەكەن، ئامانجێكی زۆریان لە پشتە، كەواتە دەتوانم بڵێم هونەرمەندان تەنیا هاندان و چەپڵەی جەماوەریان بۆ دەمێنێتەوە .
* مەغریبییەكان چ رۆڵێكیان لە سینەمای فەرەنسی و رۆژئاواییدا هەیە؟
- مەغریبییەكان هەمیشە رۆڵێكی پرشنگداریان لە سینەمای بیانیدا هەبووە بە سینەمای عەرەبیشەوە و چێژێكی تایبەتی پێ بەخشیوە، ئەگەر باس لە سینەمای فەرەنسی بكەین بە هیچ شێوەیەك ناكرێ رۆڵی مەغریبییەكانی تێدا فەرامۆش بكەین، ئەگەرچی ئەم بەشدارییەی مەغریبییەكان لە سینەمای فەرەنسی كەمیش بووبێت بە پێچەوانەی سینەمای عەرەبی كە رۆڵی مەغریبییەكان تێیدا دیارە.
* ئایا سینەمای لەلای لاوان بەو شێوەیەیە كە سینەماكاران دەیخوازن؟
- كەلتووری سینەمای رۆژ دوای رۆژ لە پاشەكشێ دایە و لە فەرهەنگی گەنجانی مەغریبدا جێگەی نەماوە، ئێستا ئەنتەرنێت هۆشی گەنجانی داگیر كردووە و لە جیاتی ئەوەی سەیری فیلمێك بكەن، هەموو كاتی خۆیان بە ئەنتەرنێت بەسەر دەبەن.
* بۆچی جەماوەری سینەما لە وڵاتێكی وەك مەغریبدا وەك دەیەكانی رابردوو نییە؟
- بەر لە 20-30 ساڵ هیچ بەدیلێك نەبوو بۆ سینەما و سینەماش تاكە هۆكار بوو بینەر بتوانێت هەناسەیەكی تێدا بكێشێت، بەڵام ئێستا پێچەوانە بۆتەوە، ئەگەر نەچی بۆ سینەما هۆكار و شێوازی دیكە هەن كە كاتی خۆتی پێ بەسەر بەریت، هەروەها وەك پێشتریش ئاماژەم بۆ كرد كەلتووری سینەما بۆ نەوە دوای نەوە لە پاشەكشێدایە، ئەو كاتە بەسەرچوو كە دایك و باوك هەفتانە منداڵەكانیان بۆ سینەما دەبرد.
