شۆڕشڤان شڕۆ:كلیپیش وەك هەر كارێكی هونەری ستایلی تایبەت بە خۆی هەیە
* باوكت شاعیرێكی ناسراوە، ئایا هیچ رۆڵێكی هەبووە لەوەی روو لە كاری دەرهێنان بكەی؟
- بێگومان ئەو كەسێكی نزیكە لە من و زۆریش سروشتییە ئەگەر باوك كاریگەریی لەسەر رۆڵەكانی هەبێت لەو كارەی پێشكەشی دەكەن، بەڵام نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت كە ژینگەی دەوروبەریش كاریگەریی بەسەر مرۆڤەوە هەیە، لە هەمان كاتدا ئەو توانا و بەهرەی كە خودی مرۆڤەكەش لە بوارێكی دیاریكراو هەیەتی، ناكرێ فەرامۆش بكرێ، بۆیە رووكردنم لە بواری دەرهێنان شتێكی سەیر نییە.
* لە هونەردا هەر هونەرمەندێك ستایل و رێچكەیەكی تایبەت بە خۆی هەیە كە لەسەری دەڕوات، ئایا لە دەرهێنان شتێكی وا هەیە كە دەرهێنەر پێی بناسرێتەوە؟
- من ئەكتەر نیم تا نواندن بكەم، هەر كارێك بكەم بە قەناعەتەوە دەیكەم كە ستایلی تایبەت بە خۆمە لە بواری دەرهێنان، بێگومان هەر كارێكیش تایبەتمەندێتی خۆی هەیە لەوانە سیناریۆ، مۆنتاژ و هەڵبژاردنی شوێنی كار، كە من پێموایە هەموویان گرنگن و بە یەكەوە گرێدراون بۆ سەركەوتنی هەر كلیپێك.
* كلیپ تا راددەیەك هەستیارە و دەچێتە هەموو ماڵێك، لە كلیپەكانت چی لەبەرچاو دەگری؟
- پێموایە لە هەموو كارێكی هونەری كوردیدا پێویست دوو شت رەچاو بكرێ كە بە لای منەوە زۆر گرنگن، یەكەمیان: هەست و سۆزی كۆمەڵگەی كوردی زۆر گرنگە، چونكە ئێمە كار بۆ كۆمەڵگەی خۆمان دەكەین، دووەمیشیان زۆر حەز لە نوێ بوونەوە دەكەم كە پێموایە ئەمەش زۆر پێویستە بۆ هونەری كوردی، بەڵام نابێ هیچیان لەسەر حیسابی ئەویتریان بێت.
* زیاتر قسەی خۆت بەسەر هونەرمەنددا فەرز دەكەی، یان هونەرمەند چی بوێ تۆ ئەوەی بۆ دەكەی؟
- لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا تەنیا دەڵێم ئەگەر هونەرمەند، یان پێشكەشكار هەست بكات هەوڵمداوە خۆمی بەسەردا فەرز بكەم، ئەوا لە دڵەوە هیوای كاری جوانتر و باشتری بۆ دەخوازم.
* تا چەند لە كلیپەكانت رەچاوی تایبەتمەندیی كۆمەڵگەی كوردەواری دەكەی؟
- كۆمەڵگەی كوردی تایبەتمەندیی زۆری هەیە، من هەوڵ دەدەم ئەو شتانە لە كلیپەكانمدا نیشان بدەم كە زیاتر پێی بناسرێت، بۆ نموونە جلوبەرگی كوردی شان بە شانی شتی نوێ لە كلیپەكانمدا رەنگ دەدەنەوە.
* دەڵێن شۆڕشڤان زۆر حەز دەكات لە كلیپەكانیدا رەنگ بەكار بهێنێت، هۆكاری ئەو زۆرییە لە رەنگەكان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- بە شێوەیەكی سروشتی چاوی مرۆڤ حەز لە بینینی شتی جوان و رەنگاوڕەنگ دەكات، تێكەڵاویی ئەم رەنگانە لەگەڵ جووڵەی بەردەوام جیهانێكی خۆش و تازە بۆ چاو و مێشك دەڕخسێنن و دەبێتە هۆی راكێشانی سەرنجی بینەر.
* كلیپەكانت زیاتر نوێگەراییان پێوە دیارە، ئەمە پەیوەندی بە خۆتەوە هەیە یان بەپێی ئەو سیناریۆیەیە كە بۆت دادەنرێ؟
- دەرهێنەر بە گشتی پێویستە لە چەند لایەنێكی هونەری شارەزا بێ، من لە یەك كاتدا شێوەكارم، موزیكژەنم، هەروەها وێنەگریشم، پێویستە ئەم سێیە بە یەكەوە لە یەك كاتدا بەكاربهێنم و بە باشترین شێوە نیشانیان بدەم، چونكە جیهانی من لەو هونەرانە پێكدێت.
* بەشێك لە دەرهێنەران پشت بە تەكنۆلۆژیا و كرۆما دەبەستن، تۆ تا چەند لەگەڵ ئەو كارەی؟
- وەك لە پێشتردا باسم كرد هەر دەرهێنەرێك ستایل و جۆری كاركردنی خۆی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی من خۆم باكگراوەند هەڵدەبژێرم، بۆیە زۆر پێویستم بە بەكارهێنانی كرۆما نییە.
* تۆ زیاتر بە دەرهێنەری كلیپەكان ناسراوی، بۆ لە فیلم دەرنەكەوتی؟
- كارەكانم گەواهیدەری تواناكانمن لە بواری خۆم، بێگومان من توانای زۆرم لەو بوارەشدا هەیە، لە وڵاتە پێشكەوتووەكان فیلم بەرهەم دەهێنن كە سوودی بۆ كۆمەڵگە و ژیانی تاكەكانی هەبێت، منیش ئەو ئاواتەم هەیە، بەڵام تا ئێستا بودجەیەكی ئاوام لەبەر دەست نەبووە، ئەگەر كارێكی لەو جۆرەش بكەم، دەبێتە كارێكی كوردی مۆدێرن.
* تا ئێستا كاری دەرهێنانت بۆ چەند كلیپ كردووە؟
-ناتوانم رێك ژمارەیەك بڵێم، بەڵام تا ئێستا كاری دەرهێنانم بۆ زیاتر لە هەزار و پێنج سەد كلیپ كردووە، ئەمە جگە لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەكان و كاری دیكیومنتاری، بۆ نموونە بەرنامەی (بێ كۆنتڕۆڵ) لە دەرهێنانی من بوو كە كچە پێشكەشكار و گۆرانیبێژی بە توانا دەشنێ موراد پێشكەشی دەكرد و چەندین بەرنامەی دیكە.
* كام كلیپ زیاتر كاریگەری بەسەر تۆوە هەبووە، یان هۆكارێك بووە بۆ ناسینیت لەلایەن جەماوەر؟
- من ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونكە پرسیارێكی قورسە و رێز و سڵاوم بۆ هەموو ئەو هونەرمەندانە هەیە كە تا ئێستا كاریان لەگەڵدا كردووم.
* دوایین كاری كلیپت چی بووە؟
- ئێستا سەرقاڵی 10 كلیپی نوێم كە زۆربەیان لە قۆناغی مۆنتاژن و لە كوردستان و ئەوروپا وێنەیان گیراوە.
