داوای كشانەوەی ئەلبوومی ئەلیسا دەكەن

داوای كشانەوەی ئەلبوومی ئەلیسا دەكەن
میراتگرانی هونەرمەند و ئاوازدانەر مونیر موراد سكاڵایەكیان دژی كۆمپانیای رۆتانا بۆ دەنگ و رەنگ پێشكەش بە دادگا كرد، هۆكارەكەشی یەكێك لە گۆرانییەكانی ئەلبوومە نوێیەكەی خانمە هونەرمەندی لوبنانی (ئەلیسا)یە كە یەكێك لە گۆرانییەكانی (مونیر موراد)یش لە خۆ دەگرێت.
ئەلبوومە نوێیەكەی ئەلیسا (حالە حب) گۆرانییەكی مونیر مورادی تێدایە بە ناوی (اول مرة تحب یا قلبي)، بەڵام ئەلیسا بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ خانەوادەكەی گۆرانییەكەی گوتووە و پێشتر لەلایەن هیچ یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەی رێگەی پێ نەدراوە گۆرانییەكە دووبارە بكاتەوە، ئەمەش لە رووی یاساییەوە بە سەرپێچی دادەنرێت و پێویستە ئەلبوومەكە لە بازاڕەكاندا بكشێنرێتەوە بۆ ئەوەی تووشی سزای یاسایی نەبنەوە .
دوو كەس لە خانەوادەی مونیر موراد دوو پارێزەریان راسپاردووە بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی دژی رۆتانا بگیرێتەبەر و بڕی 200 هەزار جونەی میسری وەك قەرەبوو لە كۆمپانیای ناوبراو وەربگیرێت، ئەلبوومەكەش لە بازاڕەكاندا بكشێنرێتەوە، بۆیە لەسەر داوای دوو پارێزەرەكە دادگای قاهیرە بڕیاریداوە لە رۆژی 12ی ئەم مانگە دانیشتنێكی تایبەت بەم كێشەیە ئەنجام دەدات، كۆمپانیای رۆتانا بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەلبوومەكە پرسیان بە خانەوادەی ئیسماعیل حەبروك كردووەو پرسی بە خانەوادەی مونیر نەكرد، ئەمەش بووە مایەی تووڕەبوونی زیاتریان. شایەنی وتنە پێشتر هونەرمەندی ناوداری میسری عەبدولحەلیم حافز بۆ یەكەم جار گۆرانییەكەی وتووە كە ئاوازەكەی لەلایەن مونیرەوە دانراوە و دواتریش چەندین هونەرمەندی دیكە لە بۆنە جیاجیاكاندا گۆرانییەكەیان دووبارە كردۆتەوە.
Top