سەرنجڕاكێشترین ئەستێرەكانی هۆڵیۆد
بەشداری كردنی جەماوەر لەم جۆرە راپرسییانەدا دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستی ئەم خەڵكە بۆ ئەستێرەكانیان، بەم دواییەش كەناڵی (CBS) لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆیدا راپرسییەكی ئەنجامدا دەربارەی سەرنجڕاكێشترین ئەستێرە سینەماییە پیاوەكان بە لای جەماوەرە، لەو راپرسییەدا زیاتر لە چوار سەد هەزار كەس بەشدارییان تێدا كرد. ئەنجامی كۆتایی راپرسیی سەرنجڕاكێشترین ئەستێرەكانی هۆڵیۆد بەم شێوەیە بوو:
* براد بیتی ئەستێرەی سینەمایی بە سەرنجڕاكێشترین ئەستێرە لە مێژووی هۆڵیۆد هەڵبژارد، براد بێت ساڵی1963 لە وێلایەتی ئۆكلاهۆما لە دایك بووە و زۆربەی تەمەنی خۆی لە ویلایەتی میزۆری بەسەر بردووە و بە یەكێك لە بەناوبانگترین و خاوەن زۆرترین جەماوەر دادەنرێت، ئەمەش لەبەر لێهاتوویی و بەرزیی ئاستی ئەو فیلمانەی كە بەشداری تێدا كردووە و زۆربەی ئەو فیلمانە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسكار پاڵێوراو بوون.
جگە لەمە براد بێت بەوە ناسراوە كە توانای بەرجەستە كردنی رۆڵی جیاجیای هەیە و لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە خاوەن كەسایەتییەكی بەهێزە، دوای ئەوەی لە جنیڤەر ئەنیستۆن جیابۆوە، پەیوەندییەكی نوێی لەگەڵ ئەنجلینا جۆلی بەست و لەبەر ئەوەی ئەنجلینا باڵیۆزی نیازپاكییە بۆیە براد زۆر هاوكاری دەكات و بەشداری لە زۆربەی كار و چالاكییە خێرخوازییەكانیدا دەكات لە سەرتاسەری جیهان، لە دوای ئەم هاوسەرگیرییەی لەگەڵ ئەنجلینا زیاتر ناوبانگی دەركرد و بوون بە باسی میدیاكان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەنجلینا بە نەشتەرگەری هەردوو مەمكی بڕیەوە و براد بیتیش پاڵپشتی و پشتیوانییەكی زۆری كرد و بە رەسمی پەیوەندیی هاوسەرگیریی خۆیان راگەیاند.
* لە پلەی دووەم ویڵ سمێسی رەش تاڵە هات، ویڵ سمێس ساڵی 1968 لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە خێزانێكی چینی ناوەندی لەدایكبووە، ژیانی هاوسەری لەگەڵ جادا پیكیت پێكهێناوە و دوو منداڵیان هەیە، سمێسی روج جگە لە كاری نواندن یەكێكە لە ئەستێرەكانی موزیكی پۆپ لە ئەمریكا و چەندین جار خەڵاتی بەدەستهێناوە و خاوەن توانا و بەهرەیەكی زۆرە، ئەمەش وای لێكردووە بە بەردەوام فیلمەكانی داهاتێكی خەیاڵییان هەبێت، جا فیلمەكانی دراما، یان كۆمیدی، یان ئەكشن بن.
* ماسیۆ ماكۆنی بە پلەی سێیەم هات، ماسیۆ ساڵی 1969 لە ویلایەتی تكساس لەدایكبووە، باوكی بەنزینخانەیەكی هەبوو، سەرەتا بەشداری لە ریكلامە بازرگانییەكاندا كرد و بە لەش و ماسوولكەكانی ناوبانگی دەركرد بوو، هەر ئەمەش وای لێكرد روو لە تەلەفزیۆن بكات و لەوێشە بچێت بۆ شاشەكانی هۆڵیۆد و ببێت بە یەكێك لە پاڵەوانەكان، ماسیۆ بەشداری لە چەندین فیلمدا كردووە كە زۆربەیان فیلمی ئەكشن بوون، بەناوبانگترینیان فیلمی (بیابانەكان و چۆن پیاوێك لە دەست دەدەی و مافی كوشتن) لەگەڵ ژمارەیەك لە زنجیرە و فیلمی تەلەفزیۆنی.
*بە پلەی چوارەم ریچارد گیری تەمەن 64 ساڵ هات، گیر لە فیلادیلفیا لە دایكبووە سەرەتا لە رێگەی موزیكەوە چووتە نێو جیهانی هونەرەوە، لە ساڵی 1974 بە رۆڵێكی بچووك رووی لە كاری نواندن كرد، هەرچەندە رۆڵەكەی بچووك بوو، بەڵام دواتر بوو بە یەكێك لە گرنگترین و بەناوبانگترین ئەستێرەكانی هۆڵیۆد و رۆڵەكانی كاریگەرییەكی زۆریان بەسەر جەماوەرە هەبوو. جوانی و سەرنجڕاكێشی گیرو فیلمە رۆمانسییەكانی زۆرترین داهات و ناوبانگیان هەبوو لەوانەش فیلمی (ئافرەتێكی جوان) لەگەڵ جۆلیا رۆبێرتس.
گیر ژیانی هاوسەری لەگەڵ كاری لویل پێكهێناوە و خاوەنی منداڵێكن، ئەمە بەر لەوەی لە نمایشكاری پێشووی جلوبەرگ سیندی كراوفۆرد جیا ببێتەوە، گیر بەوە ناسراوە كە چەندین هەڵوێستی سیاسی هەبووە دژی سیاسەتەكانی حكومەتی چین و یەكێكە لەو كەسانەی پشتگیری لە كێشەی تبت دەكەن و زۆریش نزیكە لە دلای لاما، هر بۆیەش هەندێك كەس پێیانوایە بە رەچەڵەك خەڵكی تبتە.
* توم كروزیش بە پلەی پێنجەم هات، كروز یەكێكە لە ئەستێرە هەر ناودارەكانی هۆڵیۆد بەتایبەتی لە فیلمەكانی ئەكشن و یەكێكە لەو ئەكتەرانەی هۆڵیۆد كە خاوەنی زۆرترین داهاتە.
كروز ساڵی 1962 لە نیویۆڕك لەدایكبووە، ئەویش لە ساڵی 1981 بە رۆڵێكی ناوەندی بەشداری لە فیلمێكی سینەماییدا كرد، دواتر بوو بە یەكێك لە ناودارترین ئەستێرەكانی هۆڵیۆد و هەمیشە ناوی لە سەرووی ئەو راپرسییانە دەهات كە سەبارەت بە سەرنجڕاكێشترین ئەستێرەكانی هۆڵیۆد ئەنجام دەدران.
