كەتایون ریاحی: كارێك ناكەم كاریگەریی سلبی لەسەر كاروانەكەم بكات

سەرەتا گفتوگۆكە لەبەر ئەوەی كە پیشانگای كتێب كۆی كردبوونەوە ئاساییە ئەگەر بە باس كردنی خوێندنەوە دەست پێبكات، بۆیە كەتایۆن نەیشاردەوە كە كتێب خوێندنەوە بەشێكی گرنگی كاتی داگیركردووە و لەم بارەیەوە زیاتر وتی: هەركەسێك ئەگەر خوازیاری ئەوە بێت پەند وانە لە ژیان وەربگرێت پێویستە زانیاریی هەبێت لە هەموو بوارەكانی ژیان و جگە لە نەتەوە و میللەتی خۆی پێویستە زانیاری دەربارەی نەتەوە و میللەتانی دیكەش هەبێت، دیارە باشترین و پڕ سوودترین سەرچاوەش بۆ ئەم زانیاریانە كتێبە، بۆیە من یەكێكم لەو كەسانەی زۆربەی كاتەكانی خۆی بۆ خوێندنەوە تەرخان دەكەن، هەر كتێبێك ئەگەر بزانم زانیاری نوێی تێدایە و زانستم پێدەبەخشێت، بەڵام بە حوكمی ئەوەی خۆم هونەرمەندم، بێگومان ئەو كتێبانەی كە پەیوەندییان بە هونەرەوە هەیە گرنگییەكی تایبەتییان پێدەدەم لەوانەش دەقە شانۆییەكان و سیناریۆی فیلمە جیهانییەكان بۆ ئەوەی لە بواری هونەریدا دەوڵەمەندتر بم بە زانیاری.
زولەیخای هاوسەری پادشای میسر و عاشقەكەی یوسف پێغەمبەر یەكێك بوو لەو روڵانەی كە كەتایۆنی زیاتر بە جیهانی ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران ناساند و بەو هۆیەوە بووە خاوەن ناوبانگێكی زۆر، لەم بارەیەوە كەتایۆن دەڵێ: رەنگە لەرووی چیرۆك و بەسەرهات و كاریگەریی بەسەر خەڵك رۆڵی زولەیخا جیاواز بێت، بەڵام لەرووی هونەرییەوە بۆ من هیچ جیاوازییەكی نەبوو لەگەڵ ئەو رۆڵانەی پێشتر بینیومە، بەڵام وەك كەتایۆن بە حوكمی ئەو سەركەوتنەی دراماكە بەدەستی هێنا و منی زیاتر ناساند ئەمە تا رادەیەك ئەركی منی قورستر كرد، بۆیە رێگا بە خۆم نادەم كە رۆڵێكی دیكە ببینم ئەگەر بزانم كاریگەریی دەبێت لەسەر ئەو سەركەوتنە و ئەو ناوبانگە لە رۆڵی زولەیخا بەدەستم هێنا، لەبەر ئەوەشە هەر كارێكم پێشكەش بكرێت زۆر بە وردی لێی دەروانم و چەند جارێكیش دەیخوێنمەوە و بە قوڵی بیری لێدەكەمەوە ئینجا بڕیاری لەسەر دەدەم.
خۆشەویستیی كەتایۆن بۆ هونەر وەك خۆی دەڵێت بێ سنوورە و بەردەوامی لە كاری هونەری بە مانەوە و ژیانی خۆی دەبەستێتەوە و ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ئەو لە وڵاتێكدا دەژیت كە هونەری نواندن تێیدا لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و ئەویش سوودی لەوە بینیوە، بۆیە دەڵێ: تا لە ژیاندا مابم لە كاری هونەریش بەردەوام دەبم و هەوڵ دەدەم خزمەتێك بە بواری هونەر بگەیەنم بەتایبەتی لە سینەمای ئێرانی كە لە ئاستێكی بەرزدایە و نەك تەنیا بۆ خۆمان بەڵكو میللەت و وڵاتانی دیكەش سوود لە ئەزموونی ئێمە وەردەگرن.
دەربارەی نزیك و ئەو پەیوەندییەی كە میللەتی كورد و ئێران لە یەكتر نزیك دەكاتەوە بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی یەكتر وەربگرن لە بواری هونەری (زولەیخا) دەڵێ: بەو پێیەی خاوەن كلتوور و هونەرێكی هاوبەشین و مێژووێكی دێرین لە نێوان ئێمە و كورد داهەیە و لە رابردووشدا چەندین كار و پڕۆژەی هونەریی هاوبەش كراوە بۆ زیاتر برەودان بە پێوەندی نێوانمان و بەردەوامی پڕۆژە هونەرییەكانی هونەرمەندانی كوردستان و ئێران نزیكمان دەكاتەوە، جگە لەوانەیش دوو وڵاتی هاوسنووری یەكترین و لە دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكانیش زۆر لە یەكتر نزیكین، سەرەڕای ئەوانەیش خاوەن یەك ئایینین و ئاشناین بە كەلتووری رەسەنی كوردییەوە.
ساڵانە سەنتەری لانەی هونەری فیستیڤاڵێكی هونەریی سازدەكات، بۆ كۆكردنەوەی كورتە فیلمەكان لە چوار پارچەی كوردستان، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئەگەر داوەتی ئەو فیستیڤاڵە بكرێت ئامادەیە سەردانی كوردستان بكات، كەتایۆن دەڵێ:
بە خۆشحاڵییەوە، هەر كاتێك لە پڕۆژە و كارێكی هونەریی كوردستان داوەت بكرێم، بێ بیركردنەوەی دێمە هەولێر، بۆ ئەو فیستیڤاڵە هونەرییەی ئێوەیش كە لە ساڵی ئایندەدا بەڕێوە دەچێت، بێ شك ئامادە دەبم و بە خۆشەویستییەكی زۆریشەوە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەم، چونكە دەمەوێ لە رێگەی ئەو سەردانەمدا بۆ هەولێر، بە چاوی خۆم ئەو گەشەسەندنە ببینم، كە تەواوی لایەنەكانی ژیانی گرتووەتەوە، وەك هونەرمەندە هاوڕێكانم باسی لێوە دەكەن، كوردستان ئێستا خاوەن كەشێكی ئارامە و لە رووی بیناكارییەوەش گەشەسەندێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، كە ئەمەیش مایەی دڵخۆشییەی بۆ ئێمە، جگە لەوانەیش ئەو خەڵكە هونەردۆستەی كە بە خۆشەویستییەكی زۆرەوە دەڕواننە كار و بەرهەمەكانی ئێمە لە بواری هونەردا.
پڕۆفایل
كەتاوین ریاحی»، ناوی تەواوی ئەو هونەرمەندەیە،كە لە نێوەندی هونەریدا بە «زولەیخا» ناسراوە، لە 31/12/1961، لە تارانی پایتەختی وڵاتی ئێران لەدایكبووە و دەرچووی كۆلێژی ئادابە، لە یەكەم هەنگاوی بۆ هاتە نێو دنیای هونەر بەشداریی لە فیلمی «واشی»ـدا كردووە، پاشان بەشداری لە چەند بەرهەمی دیكەی درامی دەكات بە ناوەكانی «ژیانی رۆژانە»، «پێش باران بارین»، لە دیارترین ئەو بەرهەمانەی كە توانی ناوبانگێك لە دنیا دەربكات، بەشداریكردن بوو لە زنجیرە درامای پێغەمبەر «یوسف»، كە لەوێ رۆڵی «زولەیخا» دەبینێت و توانی وەك یەكێك لە ئەكتەرە بە سەلیقەكانی جیهان خۆی بناسێنێت.
