مههناز: ناكرێ كەسانی ناشارەزا مەقام بڵێن

مههناز: ناكرێ كەسانی ناشارەزا مەقام بڵێن
كچێكی به توانایه له بواری میدیادا، بەتایبەتی میدیای بینراو، بەڵام لە میدیاوە رووی لە گۆرانی گوتن كرد، ئەمەش لەوانەیە لەبەر ئەوەی بێت كە راگەیاندن و هونەر لە یەكترییەوە نزیكن و پەیوەندییەكی باشیان بە یەكەوە هەیە، مەهناز كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ئێستاش لە ئەوروپا ژیان بەسەر دەبات، خۆشەویستییەكی زۆری بۆ هونەر هەیە و حەز دەكات تواناكانی لەم بوارەشدا بخاتەگەڕ.
مەهناز شارەزابوونی هونەرمەندان بۆ مەقام گوتن بە پێویستی دەزانێ، ئەوەش دەخاتەڕوو كە ناكرێ هەر كەسێك هاتە نێو بوارەكە یەكسەر دەست بە مەقام بكات و لەم بارەیەوە دەڵێ: بێگومان مەقام قوتابخانەیەکی ئێجگار گەورەیه، رابردوویەکی زۆری هەیە، هونەرمەندە گەورەکانمان توانیویانە ئەو قوتابخانەیە دروست بکەن، بۆیە گوناهه ئەو کەسانەی کە لە سەرەتای كاروانی هونهریدان بەشێوەیەکی ناشارەزاییانە بێنە ناو مەیدانەکەوە و مەقام بڵێن و مەقامەکەیان تەنیا ناوێک بێت بەبێ ناوەڕۆک، بۆیە من زۆر بە وردی خۆم له مەقام دهدهم، چونکە وتنی مەقام چەندین مەرجی هەیە، بۆیە لە ئێستادا ناتوانم بڵێم من مەقام بێژم، بەڵکو مەقامات قوتابخانەیەکی گەورەیە و پێویستە هەموومان زۆر بە وردی کاری لەسەر بکەین.
ژیانی ئاوارەیی و دوورە وڵات زۆر جار مرۆڤ ناچار دەكات كە واز لە زۆر لە حەز و ئارەزووەكانی خۆی بهێنێت بۆ ئەوەی بژێوی ژیان پەیدا بكات و خۆی لەگەڵ ژینگە و كەسانی دیكە بگونجێنێت، لەو بارەیەوە مەهناز دەڵێ: راستە من خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانم، بەڵام لە ئاوارەیی چاوم بە دنیا هەڵهێناوە، لە کامپ تەمەنی منداڵییم بەڕێ کردووە، چەند ساڵیکیش ژیانمان لە وڵاتی تورکیا بردۆتەسەر، ماوەی چەند ساڵێکیشە لە وڵاتی سوید دەژیم، بۆیە دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخساوە لە بواری هونەری گۆرانی و موزیک بخوێنم و ئەکادیمییانە بێمە بوارەکەوە، بەڵام ئەمە بەرنامەی داهاتووی ژیانمە و بەپێویستم زانیوە هەوڵی بۆ بدەم .
Top