بە بەشداری كورد فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی دەستی پێكرد

بە بەشداری كورد فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی دەستی پێكرد
بە ئامادەبوونی سینەماكارانی كورد "شەوكەت ئەمین كوركی"، بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی كورد "مەمەد ئەكتاش"، دەرهێنەری كورد "هیشام زەمان" و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆك "ئەیووب ڕەمەزان"، كەسایەتییەكانی بەرچاوەكانی كەلتووری و هونەری وڵاتی ئیماڕات،
"عەلی ئەلجابری" بەڕێوەبەری هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، ئەكتەرە ناودارەكانی سینەما و تەلەڤیزیۆنی ئیماڕات و وڵاتانی عەڕەبی و هەروەها بە نمایشی فیلمی سینەمایی "لە ئەلفەوە تا بێی" From A To B لە دەرهێنانی سینەماكاری ئیماڕاتی "عەلی مستەفا" و بەرهەمی وڵاتی ئیماڕات، هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی كاتژمێر 9ی شەوی هەینی 23ی تەشرینی یەكەم / ئۆكتۆبەری 2014 لە هۆڵی گەورە و بەشكۆی كۆشكی ئیماڕات لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات دەستی پێكرد.
لە دەستپێكی ئەم ڕێوڕەسمەدا سەرەتا كاتژمێر 6ی ئێوارێی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لەبەر چاوی كەناڵە جۆراوجۆرەكانی دەزگاكانی ڕاگەیاندنیی جیهانەوە چوونە سەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵە و لە درێژەدا دەستەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرەكانی فیستیڤاڵ لەوانە: سینەماكاری كورد "هیشام زەمان" وەكوو دەستەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی فیلمە ئیماڕاتییەكان و پاشان دەرهێنەر، ئەكتەر و هونەرمەندانی وڵاتانی جۆراوجۆر، لەوانە:
سینەماكاری كورد "شەوكەت ئەمین كوركی" دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد"، بەرهەمهێنەری كورد "مەمەد ئەكتاش" و سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" و هەروەها "ئەیووب ڕەمەزان" بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆك و یەكێك لە بەرهەمهێنەرانی ئەم فیلمە بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستان چوونە سەر مافووری سووری ئەم فیستیڤاڵە.
لە درێژەی ئەم ڕێوأەسمەدا، سەرەتا "عەلی ئەلجابری" بەڕێوەبەری هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی ناو هۆڵی كۆشكی ئیماڕاتی كرد و لە درێژەدا داوای لە ستافی ئامادەكردنی فیلمی سینەمایی "لە ئەلفەوە تا بێی" بەرهەمی وڵاتی ئیماڕات و لە دەرهێنانی "عەلی مستەفا"ی كرد تاكوو بێنە سەر تەختەی شانۆ و دوای ناساندنی ئەوان، سەبارەت بە گرینگیی كردنەوەی ئەم فیستیڤاڵە بە فیلمێكی ئیماڕاتی چەند وتەیەكی پێشكەش كرد و لە درێژەشدا هەر كام لە ستافی ئامادەكردنی ئەم فیلمە وتەیەكی كورتیان پێشكەش كرد و لە كۆتایی یەكەم شەوی فیستیڤاڵدا، فیلمی سینەمایی "لە ئەلفەوە تا بێی" چووە سەر پەردەی سینەما.
Top