فیلمی (من سامیم) بەردەوامە لە بەدەستهێنانی خەڵات

فیلمی (من سامیم) بەردەوامە لە بەدەستهێنانی خەڵات
فیلمی(من سامیم) لە نووسین و دەرهێنانی كەی بەهار، فیلمكاری كوردی دانیشتووی بەریتانیا، بەرهەمی جۆكا فیلمس و فوتپرینت فیلمس، لە كۆتایی ساڵی 2014 وێنەی گیراوە. بۆ ئەم بەرهەمە 15 فیلمكاری بەریتانی پڕۆفێشناڵ و یەك ئەكتەری سەرەكی، نیك كۆرت، هاتنە كوردستان، ئەمەش یەكەم سەردانیان بوو. ئەم بیانییانە شان بەشانی زیاتر لە 35 فیلمكار و چەندان ئەكتەری كورد بۆ ماوەی 6 رۆژ كاریان بۆ وێنەگرتن فیلمی (من سامیم) كرد.
ئەكتەران و كارمەندانی كورد و بیانی هەموو خۆبەخشانە كاریان كردو ئەم بەرهەمە بە سەركەوتوویی بە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا. بەتایبەتی لە بواری رەچاوكردنی ئاسایش كە بە لای بیانییەكانەوە زۆر گرنگ بوو. منداڵە كوردی بەهرەداری تەمەن 9 ساڵ، باوەڕ لەندەن رۆڵی سەرەكی لەم فیلمە بینی و ئەكتەرانی بەرزی وەك بەنگین عەلی، بێریتان یڵدزتان، بەشدارییان تیا كردو بۆ یەكەم جار لە فیلمێكی كوردی بە زمانی ئینگلیزی رۆڵیان بینی.
دوای كۆتایی هێنان بە فیلمكاری، فیلمەكە لە بەریتانیا لەلایەن تیمێكی شازدە كەسییەوە كاری لەسەر كرا لە پۆست - پرۆدەكشن لە بواری مۆنتاژ، دەنگ، رەنگ، سپێشەڵ ئیفێكت و موزیك، تاكو بە تەواوی لە كۆتایی مانگی پێنج 2014 هاتەبەرهەم. لە سەرەتای مانگی شەش بەشداری كرد لە یەكەم فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی لە هەولێر و ئەوەبوو كە لە گەورەترین هۆڵی سینەمای كوردستان نیشان درا و زیاتر لە 100 كەس لە بینەران بۆ بینینی ئەم فیلمە بە پێوە وەستان.
كەی بەهار دەرهێنەری فیلمەكە رایگەیاند: لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا فیلمی (من سامیم) ناردراوە بۆ 160 فێستیڤاڵ لە وڵاتانی جیاواز، تاكو ئێستاش حەوت خەڵات و حەوت هەڵبژاردنی سەرەكی بەدەست هێناوە لەم فێستیڤاڵانە: خەڵاتی - باشترین مۆنتاژ - یەكەم فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی هەولێر– كوردستان.
خەڵاتی - باشترین فیلم - فێستیڤاڵی ئێل پێكادۆ – ئیسپانیا هەڵبژێردراو خەڵاتی - باشترین سینەماتۆگرافی - فێستیڤاڵی سینەما دیڵ پۆڤەرۆ – ئیتاڵیا
خەڵاتی - باشترین دەرهێنان، باشترین سكریپت – باشترین فیلم - فێستیڤاڵی ئەیم . هیندستان
خەڵاتی- ئەودیانس چۆیس (هەڵبژاردەی بینەران)، فێستیڤاڵی ترینیتی. ئەمەریكا.
هەڵبژێردراو لە پێشبركێی سەرەكی - فێستیڤاڵی مانیزالێس– كۆڵۆمبیا.
هەڵبژێردراو بۆ خەڵاتی - باشترین فیلم - فێستیڤاڵی سینەمافێست. مەكسیك
هەڵبژێردراو لە پێشبڕكێی سەرەكی - فێستیڤاڵی سینێ ئێنفانسیا ئێ ئەدۆلۆسێنسیا. كۆڵۆمبیا
هەڵبژێردراو لە پێشبڕكێی سەرەكی - فێستیڤاڵی ئێنكاونتەرس . بەریتانیا.
هەڵبژێردراو لە پێشبڕكێی سەرەكی - فێستیڤاڵی تانجێر– مەغریب
هەڵبژێردراو لە پێشبركێی سەرەكی - فێستیڤاڵی سان دیێگۆ. ئەمەریكا
هەڵبژێردراو لە پێشبڕكێی سەرەكی - فێستیڤاڵی بالینال – بالی خەڵاتی سێیەم باشترین فیلم - فێستیڤاڵی بانگەلۆر – هیندستان
كەی بەهار هەروەها گوتی: ئەوەی زۆر گرنگ بێت لەم سەركەوتنانە - بەشداری كردنیەتی لە فێستیڤاڵی ئینكاونتەرس، كە لە رۆژی پێنجشەم، بەرواری 18/09/2014 لە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لە سینەمای ژمارە 3-ی وتەرشێد لە شاری بریستۆڵ، لە بەریتانیا فیلمەكە نیشان دەدرێت. ئەمەش بە ئاگاداری ئێمە، یەكەم جارە فیلمی فیلمكارێكی كورد لەم فێستیڤاڵە بەشداری بكات لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی. ئەم فێستیڤاڵە نێونەتەوەییە جگە لەوەی بە باڵاترین فیلم فێستیڤاڵی كورتە فیلمە لە بەریتانیا، هەروەها لە ژێر سەرپەرشتی خەڵات ئۆسكار، خەڵاتی بافتا و خەڵاتی فیلمی بەریتانیدایە، واتە بەشداری لە بەشی پێشبڕكێ لەم فێستیڤاڵە ماوەی ئەوەت دەداتێ كە بتوانیت فیلمەكەت بنێریت بۆ بەشداریكردن لە پێشبڕكێی خەڵاتی ئۆسكار، بافتا و خەڵاتی فیلمی بەریتانی.
Top