رانی : بەرنامەیەكی وەك ئۆپیرا بۆ من زۆر باشە

رانی : بەرنامەیەكی وەك ئۆپیرا بۆ من زۆر باشە
ئەستێرەی سینەمایی هیندی رانی مۆخرجی دووپاتیكردەوە كە ئەو بیر لەوە دەكاتەوە بەشداریی لە كارێكی تەلەفزیۆنیدا بكات و پڕ بە دڵیش حەز دەكات بەرنامەیەكی كۆمەڵایەتی گشتی هاوشێوەی بەرنامەی میدیاكاری ناوداری جیەانی ئۆپیرا وینڤری بێت كە بە یەكێك لە پڕ بینەرترین بەرنامە تەلەفزیۆنییەكان دادەنرێت و خاوەنی زۆرترین بینەرە.
رانی لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی firstpost كە یەكێك لە ماڵپەڕە جیەانییە ناداودارەكانە وتی: من خۆم بە كەسێكی زۆر كراوە دەبینم بەرامبەر بە تەلەفزیۆن و حەز دەكەم بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی پێشكەش بكەم كە لە شێوەی بەرنامەی ئۆپیرا وینڤری بێت كە باس لە هەموو شتێك دەكات، خەڵك كۆ دەكاتەوە لە بوارە جیاجیاكان، گفتوگۆ دەكەن دەربارەی كێشە و گرفتە جۆراوجۆرەكان لەسەر ئاستی جیەان، من پێموایە ئەگەر بەرنامەیەكی لەو شێوەیە پێشكەش بكەم بۆ من زۆر باش دەبێت.
ئەو ئەكتەرە تەمەن 36 ساڵە زیاتر وتی: بەرنامەیەكی لەو جۆرە كاریگەریی زۆری دەبێت بەتایبەتی لە نێو ئافرەتان، چونكە ئاراستەی خەڵك دەكرێت بۆ زانینی ئاستی وشیاری و رۆشنبیریی خەڵك.
رانی وتیشی: بەداخەوە من لە كاتی پشوو، یان ئەگەر لە دەرەوە بم سەیری تەلەفزیۆن ناكەم، بەڵام پێموایە زۆر گرنگە سەیری تەلەفزیۆن بكەین بۆ ئەوەی بزانین لە دەوروبەرماندا چی روودەدات.
Top