نارین فەقێ:لەبەر نەبوونی سانسۆری هونەری هەر كەسێك مایكرۆفۆنێكی بەدەستەوە گرت خۆی ناودەنێ هونەرمەند
• ماوەیەكە بێدەنگی و هەستدەكرێ لە كاری هونەری دووركەوتوویتەوە، هۆكارەكانی دووركەوتنەوەت چی بووە؟
- هۆكاری دووركەوتنەوەم زیاتر ئەوەیە كە بوومەتە دایكی منداڵێكی جوان بە ناوی (رۆنژا) كە ئێستا تەمەنی یەك ساڵە، هەروەسا كارێكی نوێم لە بواری یاسایی لەلایەن حكومەتی سویدی هەبوو كە پەیوەندی بە پەنابەرانی هەموو جیهانەوە هەیە.
• هەر كەسێك عاشقی هونەرەكەی بێت، دووركەوتنەوە لە هونەر بۆی زەحمەت دەبێت، تۆ چۆن توانیت ئەو ماوەیەت دوور لە هونەر بەسەر بەی؟
- هەڵبەت زۆر ناخۆشە كاتێك هونەرمەند لە هونەرەكەی دووردەكەوێتەوە، بەتایبەتی دوای 10 ساڵ بەردەوام بوون لە كاری هونەری، بەڵام دوای ئەم دوو ساڵەی كە بێدەنگ بووم بە بەر هەمی جوانتر و بەپێزتر دەگەڕێمەوە مەیدانی هونەری كوردی و پێشكەشی جەماوەری دەكەم.
• لەو ماوەیە هەڵوێستی جەماوەرەكەت بەرامبەر بە دووركەوتنەوەكە چۆن بوو؟
- هەڵوێستی جەماوەر بۆ من ئەوەیە كە زۆر دڵخۆشن، چونكە مافی هونەرمەندیشە وەكو هەر مرۆڤێكی ئاسایی ژیان و خێزانی خۆی ئاوەدان بكات، ئەمەش مایەی خۆشحاڵی و سوپاسگوزاری منە، زۆر كەس پیرۆزباییان لێكردم بۆ لە دایكبوونی رۆنژا، هەروەها سەردانیان كردم، یان لە رێگەی فەیسبوك و تویتەرەوە پیرۆزباییان لێكردم. بە بۆچوونی من هونەرمەند ئەگەرچی پێویستە رۆڵی لە كۆمەڵگەدا هەبێت، بەڵام دەبێ وەك هەر مرۆڤێكیش ئاسایی بژی.
• ئێستا بوویتە دایك، ئایا ئەمە نابێتە هۆكارێك بۆ دووركەوتنەوەی زیاترت لە هونەر؟
- نەخێر، چونكە ئامانجی من ئەوە بوو دوای چەندین ساڵ خزمەتكردن لە بواری هونەریدا ساڵێكی ئارام و هێمن بە رۆنژا ببەخشم، چونكە منداڵ لە ساڵی یەكەمی تەمەنیدا زۆر لە دایكییەوە نزیكە، هێواش هێواش دووبارە بە پڕۆژەی نوێی هونەری دەگەڕێمەوە.
• ئێستا كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی لە باشوور كە سەربەخۆیی كوردستان نزیكە بووەتەوە و پێویستە هونەرمەندێن كوردستان بوونیان هەبێت، بیرت لە بڵاوكردنەوەی بەر هەمێكی هونەری نیشتمانی نەكردۆتەوە؟
- بەڵێ كارێكی نیشتمانی نوێ ئامادە دەكەم تایبەت بۆ رۆژئاوا و پێشمەرگە، دیارە رۆڵی هونەرمەند زۆر گرنگە و هەر هونەرمەندێك بتوانێت بە ستایلی تایبەتی خۆی تێكست و ئاوازی نوێ و جوان ئامادە بكات، من وەكو نارین فەقێ هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.
• بەر لە 11 ساڵ دەستت بە كاری هونەری كردووە، ئایا تا ئێستا شوێنی خۆت لە نێو هونەری كوردی كردۆتەوە، یان نا؟
- بە دیتنی خۆم و جەماوەر، من ناوێكی هونەری جوان و رەسەنم بۆ خۆم درووستكردووە بە ستایلێكی جیاواز و پێموایە ستایلی وەكو ئەو ستایلەی من كەمە لە گۆرانی وتن.
• پێتوایە جیاوازیی نێوان هونەرمەندانی ئێستا و پێش 30-40 ساڵ زیاتر لەچیدایە؟
- پێش 30-40 ساڵ تەكنیك و ستۆدیۆ وەكو ئێستا باش و پێشكەوتوو نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا كاری گەورە و جوان دەكرا. بەڵام بەداخەوە ئێستا لەبەر نەبوونی هیچ فیلتەرێكی هونەری هەر كەسێك مایكرۆفۆنێكی گرتەدەست خۆی ناو دەنێ هونەرمەند، هەڵەی زۆر گەورە لە كەناڵە هونەرییەكانی ئێمە هەیە كە هیچ فیلتەرێك دانانێن، بەو شێوەیە رەسەنایەتی ئەو هونەرمەندانەی كە خزمەتی هونەری كوردییان كردووە، هێواش هێواش ون دەبێت. ئەركی ئێمە ئەوەیە لە كاتی ئامادەكردنی هەر بەر هەمێكی هونەریدا هیچ كاتێك ئەوە لە بیر نەكەین كە ئێمە كێین وەكو كورد و رۆڵی ئێمە چییە و چۆن دەتوانین خزمەتی وڵاتی خۆمان بكەین لە رێگەی هونەرەوە، ئەو هونەرمەندانەی سەر لە نوێ دەست بە كاری هونەری دەكەن، پێویستە ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن.
• مەقام تا چەند پێویستە بۆ ئەوەی هونەرمەندی كورد شارەزایی تێدا هەبێت؟
- زۆر گرنگە، گرنگی مەقام ئەوەیە كە بەشێكە لە فۆلكلۆر و مێژووی هونەری ئێمە، هونەرمەندە لاوەكان پێویستە بزانن مەقام و لاوك چۆن دەوترێت و شارەزاییان لێی هەبێت.
• چ چالاكییەكتان هەبووە بۆ هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوای كە ئێستا روویان لە باشوور كردووە؟
- لە ساڵی 2012 من و عەلی شاكری هاوسەرم سەردانی كەمپی دۆمیزمان كرد لە شاری دەۆك، هەر لە ساڵی 2012 من چالاكیم زۆر بوو وەك ئەندام لە ئەنجومەنی كوردانی سوریا لە سوید، ئەنجومەنی كوردانی سوریا رێكخراوێكی سڤیلە و نەبەستراوەتەوە بە هیچ پارتێكی سیاسی رۆژئاوای كوردستان و هاوكاری پێشكەش بە كوردانی رۆژئاوا دەكات لە بواری مافی مرۆڤ و درووستكردنی پەیوەندی لە ئەوروپا و سوریا. دوای سەردانەكەمان بۆ كەمپی دۆمیز و رەوشی خراپی ئاوارەكانم بینی، بڕیارم دا كە چەند ئا هەنگێك ساز بكەم بۆ پشتگیریكردن لە كوردانی رۆژئاوا، لە شاری ستۆكهۆڵم دوو ئا هەنگمان بۆ پشتیوانی كوردانی رۆژئاوا رێكخست و توانیمان نزیكەی نیو ملیۆن كرۆنی سویدی كۆبكەینەوە و بیاننێرین بۆ شارەكانی رۆژئاوای كوردستان وەكو عەفرین، كۆبانی، حەسەكە، عامودە، قامیشلۆ، دێركێ، و بەرنامە و پلانم هەیە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی كوردانی رۆژئاوا بكەم.
• زۆر هونەرمەند بە زمانی بیانی گۆرانی دەڵێن، ئەوە چۆن دەبینی و ئایا جگە لە زمانی كوردی بە زمانی دیكە گۆرانیت وتووە؟
- پێویستە هەموو هونەرمەندێك ستایلێكی تایبەتی خۆی هەبێت، ئەگەر هونەرمەند بە زمانی بیانیش گۆرانی بڵێ، هیوادارم تێكست و فۆنەتیكیان راست و دروست بێت، بۆ نموونە هەموو كەسێك ناتوانێت گۆرانی بە زمانی ئینگلیزی بڵێ، پێویستە هونەرمەندان گۆرانی بە گوێرەی دەنگی خۆیان بڵێن و تەقلیدی زمانەكانی دیكە نەكەن.
