دارا هه‌ورامی: هه‌موو كورد پێشمه‌رگه‌یه‌

دارا هه‌ورامی: هه‌موو كورد پێشمه‌رگه‌یه‌
مامۆستای هونه‌رمه‌ند دارا هه‌ورامی له‌ په‌یامێكیدا كه‌ له‌ رێگای گۆڤاری گوڵان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ رای خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌ جه‌نگی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ دژی تیرۆریست و دوژمنانی كورد: له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ به‌شی ئێمه‌ هه‌ر كوشتن و بڕین بووه‌ و دوژمنان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی له‌ناوبردنی ئێمه‌یان داوه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك، به‌ڵام هه‌میشه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌ و دوژمنان كۆتاییان هاتووه‌، بێگومان ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ی كه‌ ئێستا دژی كوردستان به‌رپایان كردووه‌ دژی هه‌موو بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسیه‌ته‌ و هه‌وڵێكه‌ ب له‌ناوبردن و ناشیرینكردنی ئه‌زموونی نه‌ته‌وه‌ی كورد و دڵنیاین پێشمه‌رگه‌ گیانفیداكانی كوردستان كه‌ ئێستا له‌ به‌ره‌كانی به‌رگری كردنن وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌رده‌كه‌ون و ئه‌م هه‌وڵه‌شیان له‌ ناو ده‌به‌ن و میلله‌تی كورد سه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌رچی تا ئێستا ئێمه‌ له‌ به‌ره‌ی به‌رگریدا بووین و ئه‌وان هه‌وڵی داگیركردنی خاكی ئێمه‌یان داوه‌.
سه‌باره‌ت به‌و جینۆسایده‌ی كه‌ دژی برایانمان له‌ ئیزدییه‌كانی شه‌نگاڵ روویداوه‌، دیاره‌ كه‌ كوردستان شوێنی پێكه‌وه‌ژیان ئایین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌كانه‌ وه‌ك مه‌سیحی و توركمان و ئیزدی و پێكهاته‌كانی دیكه‌ و سه‌رۆك بارزانیش هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و پێكه‌وه‌ژیان و ته‌باییه‌ كردووه‌، ئه‌م پێكه‌وه‌ ژیانه‌ به‌رچاوی دوژمنانی گرتووه‌ بۆیه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی له‌ناوبردنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ بێ وێنه‌یه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ وێنه‌ی نییه‌.
من وه‌كو هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رێك ئاماده‌م به‌ چه‌ك و قه‌ڵه‌م و هونه‌ره‌كه‌م به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان بكه‌م تا دوایین دڵۆپی خوێنمان كۆڵ نه‌ده‌ین، با دوژمنان باش بزانن كه‌ هه‌موو كورد پێشمه‌رگه‌یه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆ پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان گیانی خۆیان فیدا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان و ئه‌زموونه‌كه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتوویی و سه‌ربه‌رزی بمێننه‌وه‌ و پیلانی دوژمن و ناحه‌زانی كورد له‌ گۆڕ بنێین.
Top