هونەرمەندی لوبنانی دیانا حەداد: دەتوانم بە هەموو شێوەزارەكانی عەرەبی گۆرانی بچڕم

هونەرمەندی لوبنانی دیانا حەداد: دەتوانم بە هەموو شێوەزارەكانی عەرەبی گۆرانی بچڕم
یەكێكە لە دیارترین ئەستێرەكانی وڵاتی لوبنان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زیاتر لە بیست ساڵە لە نێو بواری گۆرانی و موزیكدا بوونی هەیە و بەردەوامە، دیانا حەداد لە سەردەمێك هاتە مەیدانەكەوە گۆرانیبێژ و هونەرمەندی بە توانا دەگمەن بوون كە بتوانن بوونی خۆیان لە نێو جەماوەردا بسەلمێنن و بتوانن بەردەوام بن، تەنانەت دوای ئەوەی ژمارەی هونەرمەندان زۆر بوون و كەسانێكی زۆریش هاتنە نێو بوارەكە ئەو بوونی خۆی وەكو سەرەتا راگرت و بەردەوامیش بوو لە سەركەوتن، لە دیمانەیەكدا بەم شێوەیە باس لە چەند لایەنێكی ژیانی هونەریی خۆی دەكات.

* دیانا پێی وایە هونەری گۆرانیی وتن بەهرەیە بەر لەوەی مەشق و خۆ ماندوو كردن بێت، چونكە ئەگەر كەسێك بەهرەی گۆرانیی وتن و دەنگخۆشیی نەبێت ئەستەمە بتوانێت، ئەگەر هەوڵیش بدات و لەم بارەیەوە دەڵێ:هەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیی وتن بووم و هەستم دەكرد ئەو بەهرەیەم هەیە، بۆیە زۆر گرنگ نەبووە بۆ من ئەو ژینگەیەی تێیدا ژیاوم رۆڵی هەبووبێت لەسەر پەرەپێدانی بەهرە و تواناكانی خۆم، چونكە بەهرە پشت بە ژینگە نابەستێت، بەڵكو بەهرە لەگەڵ مرۆڤ لەدایك دەبێت، بەڵام رەنگە دەورووبەر كاریگەرییان هەبێت ئەگەر كەسانی دەنگخۆش هەبن، بەتایبەتی ئەگەر لە خانەوادەكەت كەسانی دەنگخۆش هەبووبن، باوكم دەنگی خۆش بووە، ئەمەش رەنگە كاریگەریی لەسەر من هەبێت.
*دیانا وەك زۆر لە هونەرمەندە لوبنانییەكان یەكسەر نەهاتۆتە نێو بواری گۆرانیی وتن لە بارەی سەرەتاكانی هاتنە ناو بواری هونەری و دەركەوتنی دیانا دەڵێ: گۆرانیی وتن خولیای منداڵیم بوو حەزم دەكرد گۆرانی بڵێم ولەسەر تەختەی شانۆ دەركەوم و بەشداریی لە پێشبڕكێ هونەرییەكاندا بكەم، یەكەم دەركەوتنیشم لە كەناڵی (L.B.C) بوو لە چوارچێوەی بەرنامەی (ستۆدیۆ الفن) و بەشداریم لە چەندین ئاهەنگی گۆرانیدا كرد بێ ئەوەی هیچ ئەلبوومێك بڵاوبكەمەوە، بەڵام بە دەستپێكردنی رەسمیی من لە یەكەم ئەلبووم بوو لە ساڵی 1996 بەناوی (ساكن) و لەو كاتەوە تا ئێستا بەردەوامم .
دیانا بە زۆر شێوەزار گۆرانی وتووە لەم بارەیەوە دەڵێ: من زۆر بە باشی شێوەزاری لوبنانی دەزانم، بۆیە جەماوەری كەنداو زۆریان پێخۆش بووە گۆرانییەكانیان بە دەنگێكی لوبنانی ببیستن كە زۆر بە باشی دەیڵێ، بە پێچەوانەوە هەمیشە داوام لێدەكەن گۆرانیی زیاتر تەنانەت ئەلبوومی تەواویش بە شێوەزاری كەنداوی بڵێم، من ماوەیەكی زۆر لە كوێت بووم ئێستاش لە ئیمارات نیشتەجێم و دەزانم جەماوەری كەنداو چ جۆرە گۆرانییەكیان دەوێت بۆیە كاریگەریشیان هەبووە لەسەر ئەوەی بتوانم بە باشی بە شێوەزاری كەنداوی گۆرانی بڵێم، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە بە پلەی یەكەم جەماوەرە .
دیانا حەداد پێیوایە كە گۆرانیی وتن گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە و تەنیا چەند گۆڕانكارییەكی ئاسایی روویداوە، لەم بارەیەوە دەڵێ: رەنگە لە بواری دابەش كردنی گۆرانییەوە گۆڕانكاری تێدا دروست بووبێت و دەنگی زیاتریش پەیدا بووبن، هەروەها ئاستی گۆرانییەكانیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە ژمارەی هونەرمەندان لە هەردوو رەگەز زۆر بووە، بەڵام دەنگی خۆش و دەگمەن كە دیار و بەرچاو بن زۆر نین، بەڵام لە كۆتاییدا راستی هەر دیار دەكەوێ و دێتەوە سەر ئاراستەی خۆی و جەماوەر رێز لە هونەرمەندانی خۆی دەگرێت و دەتوانێت ئەوانەی لەسەر بنەڕەتێكی راست بنیاتنراوە و بە زیندوویی دەمینێتەوە و بەردەوام دەبێت جیا دەكاتەوە لەوانەی كە وەك با دێن و دەڕۆن جیا بكاتەوە .
سەبارەت بەو ئاواتە تایبەتیانەی دیانا حەداد كە تا ئێستا بەدی نەهاتوون، دیانا دەڵێ: پێموایە لە ژیانی مرۆڤدا هیچ كاتێك هەموو ئاواتەكانی نایەنە دی، لەسەر ئاستی گشتی هیوادارم ئاشتی و ئارامی باڵی بەسەر دڵ و ماڵماندا بكێشێت بەتایبەتی لە عیراق و لوبنان و فەلەستین، لەسەر ئاستی تایبەتیش لە خوا داواكارم بتوانم كچەكان بە پەروەردەیەكی ساغڵەم پەروەردە بكەم و سەركەوتنی زیاتر بەدەست بهێنم لە سەرتاسەری دنیا نەك تەنیا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و هیوادارم ئەلبوومی داهاتووم زۆر سەركەوتوو بێت، چونكە زۆر پێوەی ماندوو بووم.
جگە لە گۆرانیی گوتن زۆر حەزی لە گەشت و وەرزشە بە هەموو جۆرەكانییەوە، ئەگەر كاتی بەتاڵی هەبێت ئەوا لەگەڵ دۆست و كەسە نزیكەكانی و ئەنجامدانی وەرزش بەسەری دەبات، هەروەها بەردەوام دەچێتە سینەما و ئەگەر پابەندبوونی دیكەی هەبێت لەكاتی بەتاڵی ئەنجامیان دەدات و زۆر حەزی لە خواردنی لوبنانییە بە شێوەیەكی گشتی وخواردنی چینی و هەندێك خواردنی چێشتخانە و كەنداویی، لە رەنگەكانیش حەزی لە رەنگە تۆخەكانە وەك رەش، هەروەها حەز لە رەنگی سپی دەكات كە پێچەوانەی رەشە لەگەڵ زەیتی و پەمەیی، سەبارەت بە وڵاتەكانیش دەڵێ: گشت وڵاتانی ئەوروپام خۆشدەوێت بەتایبەتی سویسرا و فەرەنسا، بێگومان لوبنانیشم زۆر خۆشدەوێت، هەر وڵاتێكیش تایبەتمەندێتی خۆی هەیە.


Top