ریهانا فەلەستینییەكانی دڵخۆش و توڕە كرد

ریهانا فەلەستینییەكانی دڵخۆش و توڕە كرد
زۆر لە ئەستێرە سینەماییەكانی جیهان و گۆرانیبێژان لە سەرتاسەری جیهاندا هەڵوێستی خۆیان دەربارەی رووداوەكانی ئەم دواییەی غەززە و فەلەستین دەربڕی و زۆربەیان ئیدانەی كردە سەربازییەكانی هەردوولایان كرد و داوایان كرد بە زووترین كات بوەستێنرێ بۆ ئەوەی چیدیكە خەڵكی سڤیل بەتایبەتی ئافرەت و منداڵ نەبنە قوربانی ئەم جەنگە، لە هەمان كاتدا بەشێكیان بێدەنگییان نواند بۆ ئەوەی بە لایەنگری هیچ لایەنێك تۆمەتبار نەكرێن و نەبێتە هۆی توڕەبوونی خەڵكانێكی دیكە.
ریهانا یەكێك بوو لەو ئەستێرانەی كە لە سەرەتای رووداوەكان پشتیوانی خۆی بۆ فەلەستینییەكان راگەیاند و ئیدانەی پرۆسە سەربازییەكانی ئیسرائیلی كرد، بەڵام هەر زوو لە لێدوانەكەی پەشیمان بۆوە، چونكە بە ئیدانە كردنی كردەوە سەربازییەكان رووبەرووی توڕەبوونی ژمارەیەكی زۆری هەوادارانی بویەوە لە ئەمریكا و رۆژئاوا.
ریهانا سەرەتا لە تویتەر نووسیبووی كە پشتگیری لە گەلی فەلەستین دەكات و دەستەواژەی FREE PALASTINE»ی دانابوو لە ماوەیەكی زۆر كەمدا نزیكەی 36.4 ملیۆن كەس بینییان، بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر كۆمێنتی رەخنە ئامێزی بۆ نێردرا ناچار بوو دوای 8 خولەك بیسڕێتەوە، ریهانا لەم بارەیەوە بە گۆڤاری (میرۆر)ی بەریتانی راگەیاند: كاتێك سەیری راپۆرتێكم دەكرد دەربارەی كێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم كۆمێنتەی نوسی بێ ئەوەی پێ بزانێت تائەو كاتەی كە هەوادارانی كۆمێنتیان نووسی.
دوای ماوەیەكی زۆر كەم ریهانا كۆمێنتێكی دیكەی بڵاوكردەوە و تێیدا نووسیی: با هەموومان نوێژ بكەین بۆ هێنانەدی ئاشتی و كۆتایی هاتنی خێرای ململانێی ئیسرائیلی- فەلەستینی. ئایا هیچ هیوایەك هەیە؟؟.
Top