خانمە ئەستێرەی سینەمایی بەریتانی كیرا نایتلی كە یەكێكە لە ئەستێرە دیارەكانی هۆڵیۆد و لە فیلمەكانیدا رۆڵی بەرچاوی هەیە، لە دیمانەیەكیدا رایگەیاند: ئەگەرچی من ئێستا هیچ كچم نییه، بەڵام ئەگەر كچێكم هەبێت ئامۆژگاریی دەكەم بە هیچ شێوەیەك لە كاری هونەری و بەتایبەتی لە هونەری نواندن نزیك نەبێتەوە. كیرا كە تا ئێستا هیچ منداڵێكی نییە لەم بارەیەوە بۆ گۆڤاری (ئال)ی بەریتانی وتی: ئەگەر كچێكم هەبێت و بزانم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەیەوێ روو لە نواندن بكات، ئەوا كار دەكەم بۆ ئەوەی بە رێژەی 150 ملیۆن-تریلیۆن لە سەدا وای لێدەكەم پەشیمان بێتەوە و روو لەو كارە نەكات، لەم بارەیەوە كیرا زیاتر وتی: پێویستە كچانی تەمەنی هەرزەكارژیان لە كەشوهەوایەكی تایبەتدا بەڕێ بكەن نەك لەنێو كەشێكی پڕ لە جەنجاڵی و زەحمەتی، چونكە ئەگەر كچ ببێت بە ئەكتەر ناچارە شەوان دەربچێت وبەشێوەیەكی ناسروشتی كۆنترۆڵی خۆی لەدەست بدات و رووبەڕووی چهند هەڵوێستی نالۆژیكی دەبێتەوە، بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تووشی هەڵەی زۆر ببێتەوە لە ژیانیدا كە تا هەتایە كاریگەری دەبێت. شایەنی وتنە كیرا نایتلی كچی ئەكتەر ویل نایتلییە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە رووی لە كاری نواندن كردووە.