مریەم پیربەند: لە كوردستان زەمینەیەكی باشی پێشكەوتنی سینەما هەیە

دەربارەی هاتنی ئەم جارەی بۆ كوردستان دەڵێ: ئەمە یەكەم جارم نییە سەردانی كوردستان بكەم، پێشتر لە چەند فیستیڤاڵێكی دیكەدا بەشدار بووم لە هەولێر و سلێمانی و ئەندامی لیژنەی دادوەران بووم، ئەم هاموشۆیە وایكرد كە دۆستایەتیم لەگەڵ فیستیڤاڵ و ئەكتەرەكان هەبێت و زۆریش خۆشحاڵم بەو دۆستایەتییەم، ئەم جارەش لە لیژنەی دادوەریی هەڵبژاردنی فیلمەكان بووم، ئەگەرچی پێشتر لە چەند فیستیڤاڵی دیكە لە ئێران و كوردستانیش دادوەریم كردووە بۆ كورتە فیلم و فیلمی دیكیۆمنتاری، بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەی ئەو فیلمانەی پێشكەش كرابوون زۆر بوو بۆیە كارێكی زۆر سەخت بوو بۆ من، هەروەها دەمەوێ بڵێم كە رەخنەگرتن لە فیلمی سینەمایی و هەڵبژاردنی چەند فیلمێك لە نێوان ژمارەیەكی زۆری فیلم ئەركێكی ئاسان نییە و دەگەڕێتەوە سەر ئاست و ژینگەی ئەو فیلمە و كەسایەتیی فیلمسازەكان و پەیامەكەی و ئەو جەماوەرەی بۆی بەرهەمهێنراوە، چونكە هەموو كارێكی سینەمایی پەیامێكی تایبەتی خۆی هەیە و ئاراستەی جەماوەرێكی دیاریكراو دەكرێ.
بە حوكمی ئەوەی كە پێشتر لە چەند فیستیڤاڵێكی كوردیدا بەشداری كردووە و تا راددەیەك شارەزایی لە فیلم و سینەمای كوردی هەیە و ئایا لە چ ئاستێكدان و گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بەشداری لە فیستیڤاڵە جیهانییەكانی هاوشێوەی (كان)دا بكەن لەم بوارەوە پێیوایە كە لە هەر فیستیڤاڵێكدا سەلیقە و پێوەری تایبەت هەیە بۆ وەرگرتنی فیلمەكان و هەڵبژاردنیان، سەبارەت بە فیلمی كوردی ئەوەی من بینیومە ئەوەیە كە خۆشبەختانە هەندێك فیلمی كوردی لە ئاستێكی زۆر بەرزدان، بەڵام هەندێكیان ئاستیان نزمە و دەتوانرێ زیاتر پەرەیان پێبدرێت، چونكە لە هەموو بوارێكەوە ئەو توانایە هەیە، بەڵام لە هەندێك لایەندا دەتوانرێ سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیكە وەربگیرێت و ئاڵوگۆڕییەكی پێویست هەبێت لە نێوان سینەماكارانی كورد و جیهانی و بەتایبەتی لە بواری چیرۆكەوە پێویستە سوود لە ئەزموونی گەلانی پێشكەوتووتر لە سینەما وەربگیرێت، چونكە زەمینەی پێشكەوتنی زیاتری سینەما لە كوردستان زۆرە.
سینەمای ئێرانی لە زۆر رووەوە بەرەو پێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و هەنگاوی زۆری هاویشتووە، لە هەمان كاتدا خاوەن مێژوویەكی دوورودرێژە لەو بوارەدا، لە سینەمای زۆر لە وڵاتان پێشكەوتووترە لە هەموو بوارێك و بە هەموو پێوەرە سینەماییەكان، مریەم پیربەند دەربارەی ئەم پێشكەوتنە و پێشڤەچوونەی سینەمای ئێرانی بەخۆیەوە بینیوە و بەردەوامیشە دەڵێ: سینەمای ئێرانی یەكێكە لە سینەما كۆنەكانی ناوچەكە و هەمیشە لە پێشكەوتندا بووە لەرووی تەكنیك و سیناریۆ و نواندن و ناوبانگێكی باشی هەبوو لە نێو سینەمای وڵاتان لە ئەمریكا و هۆڵیۆد دەهاتنە ئێران بۆ دروستكردنی فیلم ئەمەش بە ئاسانی نەهاتۆتە دی، بەڵام دوای شۆڕشی ئیسلامی و بەهۆی روودانی جەنگی ئێران- عێراق و نەبوونی كات و سەرقاڵ بوونی زیاتری خەڵك بە بوارەكانی دیكەی ژیانەوە ئەم پێشكەوتنە بەردەوام نەبوو و دابڕانێك دروستبوو، تا جارێكی دیكە هونەرمەندان دەستیان پێكردەوە بە تەكنیكی نوێ و چیرۆكی نوێ و چەندین فیلمی جیاجیا بەرهەمهاتن كە جیاواز بوون لە قۆناغی پێشتر، ئێستا لە تارانیش خەریكە شارێكی سینەمایی هاوشێوەی بۆڵیۆد دروست بكرێت، بەڵام ئەمە كارێكی ئاسان نییە، چونكە لە بۆڵیۆد رەنگە هەر كاتژمێرێك فیلمێك دروست بكرێت كەچی لە ئێران ساڵانە لە نێوان 20-30 فیلم بەرهەم دەهێنرێت ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ بۆڵیۆد كەمە، ئێستا من هەست دەكەم لە كوردستانیش بەهەمان شێوە پێویستە هەنگاو بنێت بە فێر بوون و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی گەلان و بینینی فیلمی جیهانی بەتایبەتی لە فیستیڤاڵە جیهانییە جیاجیاكان سینەمای كوردی بەرەو پێش بچێت، چونكە وەك پێشتریش گوتم لە كوردستان زەمینەی پێشكەوتنی سینەما زۆرە، من خۆیشم پرۆژەیەكم لەبەر دەستە بۆ ئەنجامدانی كارێكی سینەمایی لە كوردستان و لەگەڵ چەند كەسێكی ناسراوی بوارەكە قسەمان كردووە، بەڵام تا ئێستا تەنیا بیرۆكەیە.
لە پاڵ سینەما مریەم پیربەند یەكێكە لە ئەكتەرە سەركەوتووەكانی شانۆ، لەم بارەیەوە دەربارەی جیاوازییەكانی نێوانیان لە ئێران دەڵێ: ئەگەرچی هەردووكیان نواندنە، بەڵام جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوانیان لەرووی ناوەڕۆك و دەرهێنان و نواندندا، هەروەها جوڵە و بینینی رۆڵەكان لە سینەما و شانۆ زۆر زۆر لە یەكتر جیاوازن، لە سینەمادا ئەگەر دەنگی ئەكتەریش باش نەبێت بە دۆبلاژ چاك دەكرێت، بەڵام ئەكتەری شانۆ پشت بە دەنگ و تواناكانی خۆی دەبەستێت، سینەمای ئێرانی لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا بوونێكی بەهێزی هەیە، بەڵام شانۆی ئێرانی بەو شێوەیە نییە، بۆیە دەبینین ئێران لە سینەما پێشكەوتووترە وەك لە شانۆ ئەمەش بۆ زۆر هۆكار دەگەڕێتەوە لەوانە كەمی ژمارەی هۆڵی نمایشی شانۆیی و كەمی جەماوەری شانۆ و زۆر هۆكاری دیكەش هەن.
بە حوكمی سەردانە بەردەوامەكانی بۆ كوردستان دركی بە خاڵە هاوبەشەكان و جیاوازەكانی نێوان فیلم و سینەمای ئێرانی كردووە : بێگومان، هونەری ئێمە لە تەواوی جومگەكانیدا لە یەكەوە نزیكە و ئەمەش بۆ ئەو مێژووە دێرینە دەگەڕێتەوە كە لەنێوانمان هەیە، جگە لەمەش سیناریۆ و چیرۆكەكان بە تەواوەتی لە یەكترمان نزیك دەكەنەوە، چونكە خاوەن هەمان دابونەریت و هاوسنووری یەكترین لە وڵاتەكانماندا.
پرۆفایل:
مریەم پیربەند لە ساڵی 1978 لە تارانی پایتەختی وڵاتی ئێران لە دایكبووە و ماوەی 10 ساڵە لە بواری هونەری كاردەكات و تا ئێستاش چەندین بەرهەمی بەپێزی پێشكەش بە هونەری وڵاتەكەی كردووە، لەپاڵ كاری دەرهێنەریشدا لە 18 فیلم ڕۆڵی بینیوەو خاوەن 2 زنجیرە درامایە، جگە لەمە یەكێكە لە ئەكتەرە دیار و سەركەوتووەكانی بواری شانۆ لە ئێران و لە چەندین شانۆگەری ناسراوی ئێران رۆڵی سەرەكی هەبووە، هەر لە بوارەكەشیدا چەندین جار كاری ماك ئەپی كردووە، جگە لە كاری سەرەكیی خۆی كە دەرهێنانە، هەروەها خاوەن 14 كورتە فیلمە كە زۆربەیان لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندا بەشداربووە، لە دیارترین ئەو فیستیڤاڵانەی كە فیلمەكان بەشداربووە تیایاندا فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی (كان)ـە، كە لە ساڵی پاردا بە فیلمی «سەمام لەگەڵدا بكە»، تا ئێستاش چەندین خەڵاتی نموونەیی فیلمەكان لە نێو فیستیڤاڵەكاندا بەدەستهێناوە.




