میریام فارس: له زۆر رووه‌وه كه‌لتووری ئێمه و ئێوه له یه‌كه‌وه نزیكه

له سه‌ره‌تای كۆنگره رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌دا میریام فارس هیوای خواست كه بیزانیبا به كوردی قسه بكات و وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسان بداته‌وه و وتی: من زۆر خۆشحاڵم و زۆریش شانازیی به‌وه‌وه ده‌كه‌م كه رۆژێك له رۆژان توانیم سه‌ردانی ئه‌م وڵاته جوانه بكه‌م، من زۆرم ده‌رباره‌ی ئه‌و وڵاته و شارستانییه‌تی و ره‌سه‌نایه‌تیی گه‌له‌كه‌ی بیستبوو بۆیه تامه‌زرۆ بووم بۆ بینینی، شانازیتان پێوه ده‌كه‌م و هیوادارم له سه‌ردانی داهاتوومدا بتوانم فێره زمانی كوردی بم ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بێت، چونكه كوردیش خاوه‌ن كهلتوورێكە كه ئێمه شانازیی پێوه ده‌كه‌ین، من به‌ر له‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌ر شوێنێك بكه‌م هه‌وڵ ده‌ده‌م زانیاریم ده‌رباره‌ی هه‌بێت له‌وانه‌ش ئاهه‌نگه‌كانی ئادار و نه‌ورۆزی جه‌ژنی كوردان و هیوادارم هه‌میشه ئازادی له كوردستان به‌رپا و به‌رده‌وام بێت.
له وه‌ڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به به‌شداریی كردنی له فیستیڤاڵی ئازاد و نه‌ورۆز و ئایا زۆر بیری كرده‌وه یان هه‌ر زوو ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر به‌شداریی كردنی، میریام وتی: ئه‌وه‌ی راستی بێت چه‌ندین جاری دیكه داوام لێكراوه سه‌ردانی هه‌ولێر بكه‌م بۆ ئه‌نجامدانی كۆنسێرتی هونه‌ری، به‌ڵام من ویستم له ده‌روازه‌یه‌كی به‌رینه‌وه بێم و مه‌به‌ستم له‌م فیستیڤاڵه گه‌وره‌یه‌یه كه پارێزگای هه‌ولێر ئه‌نجامی ده‌دات و زۆریش خۆشحاڵم به بانگهێشت كردنم بۆ ئه‌م فیستیڤاڵه.
میریام به‌وه ناسراوه زۆر حه‌ز له تێكه‌ڵ بوون و ناسینی شارستانییه‌ته جۆراوجۆره‌كانی میلله‌تان ده‌كات بۆیه له وه‌ڵامی پرسیارێكی ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا به‌ر له‌وه‌ی بێته هه‌ولێر هیچی ده‌رباره‌ی شارستانییه‌تی كورد زانیوه وتی: بێگومان زانیاریم ده‌رباره‌ی كورد هه‌بووه، چونكه من كه‌سێكم زۆرم حه‌ز له ناسینی شارستانییه‌ته جۆراوجۆره‌كانی میلله‌تان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری میلله‌تان هه‌یه به‌تایبه‌تی كه‌لتووره رۆژهه‌ڵاتییه‌كان و به نزیكی داده‌نێم له شارستانییه‌تی وڵاته‌كه‌ی خۆم بۆیه تامه‌زرۆ بووم بۆ سه‌ردانی كوردستان و له نزیكه‌وه ئاشنا بوون به میلله‌تی كورد و كه‌لتووره‌كه‌ی، میریام ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه گوێی له گۆرانی كوردی گرتووه و ریتمی گۆرانییه كوردییه‌كان زۆر سه‌رنجیان راكێشام و هه‌ستم كرد تێكه‌ڵییه‌كی زۆر هه‌یه له میلۆدی و ریتمه‌كانی گۆرانیی كوردی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌لای ئێمه هه‌یه له لوبنان، به‌ڵام زۆرم حه‌ز له موزیكی كوردی كردووه، ره‌نگه له زمان و هه‌ندێك شتی له‌و شێوه‌یه جیاوازیمان هه‌بێت كه ئه‌مه‌ش خاڵێكی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان شارستانییه‌ته‌كانه، به‌ڵام به گشتی لێك نزیكبوونێكی زۆر هه‌ست پێكراویش هه‌یه له نێوان كورد و لوبنان له دابونه‌ریت به‌تایبه‌تیش له موزیك و سه‌ماكان، ره‌نگه موزیكی كوردی كه‌مێك خێراتر بێ، به‌ڵام رێتمهكه زۆر له یه‌كدی نزیكه و به باشی هه‌ستی پێده‌كرێ، هه‌روه‌ها تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه هه‌یه كه هه‌ردوو وڵات كۆ ده‌كاته‌وه ئه‌ویش بوونی شاری هه‌ولێر و قهڵاكهیهتی كه ته‌مه‌نی نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار ساڵه له لوبنانیش به هه‌مان شێوه شاری (جیبالیا) و قه‌ڵاكه‌ی هه‌یه، جگه له‌مه له رووی جوگرافی و نهخشهشهوه ئێمه زۆر له یه‌كترییه‌وه دوور نین.
میریام فارس ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه كه له دڵه‌وه هیوا ده‌خوازێت كلیپێك له كوردستان تۆمار بكات به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له نزیكه‌وه ئاشنایه‌تی زیاتر په‌یدا بێت له نێوانمان، هه‌رچه‌نده هه‌واڵه‌كانی پێشكه‌وتنی هه‌ولێر ئێستا له هه‌موو شوێنێك باس ده‌كرێت و ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی لێره ساز ده‌كرێن سه‌ركه‌وتوون و زۆرێك له هونه‌رمه‌ندان له زۆر وڵاتانه‌وه دێن و ئاهه‌نگ ساز ده‌كه‌ن، بۆیه من هانی وه‌به‌رهێنان ده‌ده‌م له هه‌ولێر و ئێستا هه‌ولێر به وێستگه‌یه‌كی تایبه‌تی ژیانی خۆم داده‌نێم به‌تایبه‌تی دوای ئه‌م سه‌ردانه.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا میریام حه‌ز ده‌كات رۆژێك له رۆژان بتوانێت به زمانی كوردی گۆرانییه‌ك بڵێت و له‌به‌رچی حه‌ز ده‌كات بیڵێت وتی: بێگومان له دڵه‌وه حه‌ز ده‌كه‌م به زمانی كوردی گۆرانی بڵێم، چونكه زۆر حه‌ز له ناسینی كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگه جیاجیاكان ده‌كه‌م و حه‌ز ده‌كه‌م زمانێكی نوێ بزانم و گۆرانیی پێ بڵێم، چونكه ئه‌گه‌ر ئاگادار بن من به زاراوه‌ی كه‌نداو و عێراقی و مه‌غریبیش گۆرانیم وتووه، بۆیه له دڵه‌وه هیوادارم بتوانم زۆر به باشی به زمانی كوردی گۆرانیی بڵێم.
میریام هه‌ڵبژاردنی هه‌ولێری وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاری عه‌ره‌بی 2014 به ده‌رفه‌تێك زانی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بده‌ن زۆرترین سوودی لێ وه‌ربگرن و به ته‌واوی بیقۆزنه‌وه و وتی: پێویسته هه‌موو لایه‌كمان سوود له‌م ده‌رفه‌ته وه‌ربگرین به‌تایبه‌تی ئێوه‌ی كورد، چونكه كاتێك تیشك ده‌خرێته سه‌ر شوێنێك و گرنگییه‌كی تایبه‌ت و زیاد له پێویستی پێده‌ردێت له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت، زۆر پێویسته هه‌موو لایه‌ك گرنگی به‌م ده‌رفه‌ته بده‌ن و به ته‌واوی سوودی لێ وه‌ربگرن و مافی خۆی پێ بدرێت، بۆ منیش هه‌ستێكی زۆر خۆشه كه ئه‌م ساڵ هه‌ولێر پایته‌ختی گه‌شتیاری عه‌ره‌بییه و ئه‌م ساڵ بۆ یه‌كه‌م جار من له هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له خۆشییه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌م شاره و جه‌ژنه‌كانی نه‌ورۆز بكه‌م و له دڵه‌وه جه‌ژنی پیرۆز له هه‌موو كوردێك ده‌كه‌م، خۆشه‌ویستی من بۆ شارستانییه‌ته‌كان وایكردووه كه سه‌ردانی هه‌ر وڵاتێك ده‌كه‌م پێش هه‌موو شتێك ده‌بێ جلوبه‌رگی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته په‌یدا بكه‌م و بیپۆشم و له‌گه‌ڵ خۆمی ببه‌مه‌وه و بێگومان جلی كوردیش ده‌پۆشم و به شانازییه‌وه ده‌یبه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ خۆم.
له یه‌كێك له زنجیره دراماكاندا كه بڕیاره له مانگی ره‌مه‌زاندا پێشكه‌ش بكرێت میریام رۆڵی تێدا ده‌بینێت ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی بۆ بینینی رۆڵ له‌م زنجیره درامایه‌دا ئایا پێشبینی سه‌ركه‌وتنی ده‌كات ده‌ڵێ: به‌رهه‌مهێنه‌ری زنجیره‌كه پێش ئێستا رایگه‌یاند كه سه‌ركه‌وتنی زنجیره‌كه‌ی مسۆگه‌ره، به‌ڵام ئه‌مه بارێكی قورس‌تر و به‌رپرسیارییه‌تێكی زیاتر بۆ من دروست ده‌كات، چونكه پێشتر زۆر داوام لێكرا بوو به‌شداری له كاری نواندندا بكه‌م، به‌ڵام ئه‌م زنجیره‌یه زۆر سه‌رنجی راكێشام بۆیه هیوادارم چۆن له گۆرانی و سه‌ما و فه‌وازیر سه‌رنجی جه‌ماوه‌رم بۆ خۆم راكێشاوه و سه‌ركه‌وتوو بووم تێیدا به هه‌مان شێوه جه‌ماوه‌ر له دراماكه‌ش منیان خۆش بوێت و جێگای ره‌زامه‌ندییان بم، به‌رهه‌مهێنه‌ر باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه من زۆر سه‌ركه‌وتوو بووم له كاره‌كه‌دا، به‌ڵام من پێموایه كچێكی زۆر ئاسایی و هه‌ژار ده‌توانێت له هه‌ر كارێكدا سه‌ركه‌وتوو بێت به‌هۆی به‌هره و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ی پێی ده‌سپێردرێت و ره‌نگه به‌رهه‌مهێنه‌ریش له‌وه‌دا مه‌به‌ستی ئه‌مه بێت زیاتر له‌وه‌ی كه میریام گۆرانیبێژ سه‌ركه‌وتووه له كاره‌كه‌یدا.
میریام فارسی باسی له جوانی خۆی كرد و به نیعمه‌تێكی خوای زانی كه پێی به‌خشیوه و وتی: جوانی من سروشتییه و دیارییه‌كی خوای گه‌وره‌یه كه به منی به‌خشیوه و من هه‌میشه ده‌ڵێم من سه‌رنجڕاكێشم زیاتر له‌وه‌ی جوان بم، چونكه هه‌ست ده‌كه‌م جوانییه‌كه‌م له‌گه‌ڵ یه‌ك گونجاوه و هیچ شتێكی نه‌نگ به‌دی ناكرێت له له‌شی من ئه‌مه‌ش واده‌كات كه زیاتر سه‌رنجراكێش بم و ئه‌مه‌شه وایكردووه كه به جوانی ده‌ربكه‌وم.
ده‌رباره‌ی ده‌ستێوه‌ردانی له كاری ده‌رهێنه‌ران میریام روونی كرده‌وه كه ده‌ست له كاره‌كان وه‌رنادات، به‌ڵام له ناو كاره‌كه‌یدایه له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی و هه‌موو بیرۆكه و پێشنیاره‌كان تاوتوێ ده‌كات ته‌نانه‌ت له بچووكترین لۆك و لۆكه‌یشنی وێنه‌گرتنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بده‌ن كاره‌كه سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه من حه‌ز ناكه‌م كاره‌كه‌م بچووكترین هه‌ڵه‌ی هه‌بێت.
له وه‌ڵامی پرسیارێك ده‌رباره‌ی بارودۆخی سیاسی سوریا و دابه‌ش بوونی هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌بی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌وه یه‌كیان پشتیوانی له رژێمی ئه‌سه‌د ده‌كات و به‌ره‌كه‌ی تریش دژی وه‌ستاوه و داوای نه‌مانی ده‌كات و ئایا میریام لایه‌نگیری كامیان ده‌كات، میریام به‌شێوه‌یه‌كی دبلۆماسییه‌وه وتی: من له وڵاتی خۆم ده‌ست له كاروباری سیاسی وه‌رناده‌م و لی نزیك نابمه‌وه و لایه‌نگیری هیچ لایه‌نێك ناكه‌م، كه‌واته چۆن لایه‌نگیری یان دژایه‌تی لایه‌نێكی سیاسی دژی یه‌كێكی تر ده‌كه‌م له وڵاتێكی دیكه كه په‌یوه‌ندیی به منه‌وه نییه، ئه‌وه‌ی دیار و ئاشكرایه بۆ هه‌موو لایه‌ك كه لوبنانیش به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره و لایه‌نێكدا دابه‌ش بووه ته‌نانه‌ت رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواشمان هه‌یه، جگه له‌مه به‌سه‌ر تائیفییه‌ت و مهزههبیهتیشدا دابه‌ش بووین، به‌ڵام من له ماڵێك په‌روه‌رده بووم كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دایك و باوكم فێری ئه‌وه‌یان كردووین ئه‌گه‌ر لێیان پرسین ئێوه له‌گه‌ڵ كێن و دژی كێن؟ پێیان بڵێین ئێمه له‌گه‌ڵ لوبنانین، بۆیه ئه‌گه‌ر له ماڵێكی له‌م شێوه‌یه‌دا به منداڵی به‌م شێوه‌یه په‌روه‌رده كرای، كاتێك گه‌وره ده‌بی نابی به كه‌سێكی سیاسی یان لایه‌نگری لایه‌نێك و دژایه‌تی لایه‌نێكی دیكه‌ی بكه‌ی، من له ژیانی خۆمدا به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستم له سیاسه‌ت وه‌رنه‌داوه و باسی سیاسه‌تی هیچ وڵاتێك و گه‌لێكم نه‌كردووه، ته‌نیا بیرم له‌وه كردۆته‌وه چۆن گه‌لانی جیهان به وڵاتانی عه‌ره‌بیشه‌وه به خۆشی و ئاشتی و سه‌قامگیری بژین و په‌نا به خوا ئه‌م رۆژه ده‌بینین كه به‌م شێوه‌یه بژین.


