هیلیلۆڤ: مه‌رج نییه هه‌مووكه‌سێك له په‌یامی هونه‌ر بگات

• به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نی خۆت له ئاواره‌یی به‌سه‌ر بردووه له‌نێوان ئێران وئه‌وروپا و ئه‌مریكا، له بارودۆخێكی له‌و شێوه‌یه‌دا خولیای گۆرانی چۆن له‌لات چه‌كه‌ره‌ی كرد؟
- له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا له وڵاتی فینله‌ندا له بواری سه‌ما كردن‌دا زۆر كارم كرد و به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی له‌گه‌ڵ مامۆستای زۆر گه‌وره و ناوداری ئه‌م بواره سه‌مام ده‌كرد، بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ كۆنتراكتم هه‌بوو له‌گه‌ڵ نایك ئۆمن، دوای ئه‌وه‌ی له فینله‌ندا پله‌ی یه‌كه‌مم به‌ده‌ست هێنا له رێگای نایكه‌وه چوومه یوروپیان چامپیونز، له‌وێش له نێو 100 كچ من پله‌ی نۆیه‌مم به‌ده‌ستهێنا، دواتر زۆر حه‌زم له گۆرانی و میوزیك بوو و ده‌مویست زیاتر له‌و بواره ده‌ركه‌وم و بناسرێم، به‌ڵام له وڵاتێكی بچووكی وه‌ك فینله‌ندا ئه‌مه كارێكی ئاسان نه‌بوو، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زانیاری و شاره‌زایی زۆریشم سه‌باره‌ت به كوردستان نه‌بوو، بۆیه بڕیارمدا روو له ئه‌مریكا بكه‌م و درێژه به كاری هونه‌ری بده‌م.
• كه‌واته ته‌نیا له پێناو گۆرانی و میوزیك رووت له ئه‌مریكا كرد؟
- به‌ڵێ، چونكه ئه‌مریكا وڵاتێكی گه‌وره‌یه و زۆربه‌ی گۆرانیبێژ و میوزیك زانه جیهانییه‌كان له‌و وڵاته گیرساونه‌ته‌وه و ده‌رفه‌تی ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ری زۆر زیاتره به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتێكی وه‌ك فینله‌ندا، له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا چوومه ئه‌مریكا و له لۆس ئه‌نجلۆس نیشته‌جێ بووم و هه‌وڵمدا كه‌سانێك بدۆزمه‌وه كه پسپۆر بن له كاری هونه‌ری، له كۆتاییدا ستافێكی هونه‌ری ناوداری ئه‌مریكا له نیۆیورك منیان دۆزییه‌وه له رێگای ئه‌نته‌رنێت و هه‌ندێك كلیپی منیان بینی و دوای ئه‌وه‌ی له رێگای ته‌له‌فۆنه‌وه گوێیان له گۆرانییه‌كانم بوو گوتیان خۆت ئاماده بكه ده‌بی بێی بۆ نیویۆرك، په‌یوه‌ندییان پێوه كردم و داوایان لێكردم كه كۆتراكتێك بكه‌ین بۆ ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ری به یه‌كه‌وه ئه‌مه‌ش بۆ من زۆر زۆر خۆش بوو به‌جۆرێك سه‌ره‌تا باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد.
• له نیویۆرك چیت كرد؟
- ماوه‌ی دوو ساڵ و نیو له‌وێ بووم له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه بووم وه‌كو مامۆستا فێری ئه‌وه‌یان كردم چۆن له‌سه‌ر ده‌نگی خۆم كار بكه‌م و چۆن له ستۆدیۆ و له ده‌ره‌وه‌ی ستۆدیۆ گۆرانی ده‌ڵێم و چۆن گۆرانی و سه‌ما تێكه‌ڵ ده‌كه‌م واته وانه‌كانی هونه‌ری به گشتی.
• له ئه‌مریكا زیاتر له بواری سه‌ما كارت كرد یان گۆرانی و میوزیك؟
- نه‌خێر له ئه‌مریكا زیاتر له‌بواری ده‌نگ واته گۆرانی و میوزیك كارم كرد به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گرووپه‌كه‌ی نیویۆرك كارم كرد گۆرانی بوو به كاری یه‌كه‌می من، له‌و كاته‌وه‌ش من به‌رده‌وام له كاری گۆرانی، دوای ئه‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سێك كارم كرد به ناوی زیجویم كه گه‌وره‌ترین تێكستنووسی گۆرانییه له ئه‌مریكا و جیهان كه تێكستی بۆ مایكل جاكسۆن و بیونسی( نوێترین ئه‌لبوومی بیونسی هه‌موو تێكسته‌كان ئه‌و نووسیویه‌تی) و چه‌ندانی دیكه‌ش، جارێكیان له‌گه‌ڵ پرۆدیوسه‌ره‌كه‌م له ستۆدیۆ بووم، هاته ستۆدیۆ، كه هاته ژووره‌وه وتی: حه‌ز ده‌كه‌م گوێم له ده‌نگت بێت بزانم چۆنه، چونكه له‌وێ كاتی خۆیان به فیڕۆ ناده‌ن یه‌كسه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ت پێ ده‌ڵێن، كه گوێی له ده‌نگم بوو، هه‌ر له‌وێ یه‌كسه‌ر گۆرانییه‌كی بۆ نووسیم ئه‌مه‌ش مایه‌ی سه‌رسوڕمانی من و پرۆدیۆسه‌ره‌كه‌م بوو، چونكه بۆ هه‌ر كه‌سێك كارێك بكات داوای پاره‌یه‌كی زۆر ده‌كات و به ئاسانیش بۆ كه‌س كار ناكات.
• له‌وێ وه‌ك كوردێك یان فینله‌ندییه‌ك یان ئه‌مریكییه‌ك ناسرایت؟
- زیاتر وه‌ك ئه‌وروپییه‌ك ده‌ناسرام، چونكه كاتێك ده‌مگوت من ئه‌وروپیم بۆیان ئاسایی بوو، به‌ڵام هه‌ستم به دڵته‌نگییه‌كی زۆر ده‌كرد كاتێك وتیان تۆ شێوه‌ت له ئه‌وروپییه‌كان ناچێت، بۆیه ده‌مگوت من كوردم و له كوردستانه‌وه هاتم، به‌داخه‌وه نه‌یانده‌زانی كورد یان كوردستان چین، ئه‌گه‌رچی زۆر هه‌وڵمدا بۆیان روون بكه‌مه‌وه و تێ‌یان بگه‌یه‌نم، به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌م ئێستاش به ته‌واوی بزانن كورد چین.
• تا ئێستا چه‌ند گۆرانی و كلیپت هه‌یه؟
- پێشتر گۆرانیم زۆر وتووه، به‌ڵام دوایین كلیپم (riskt all) پرۆفیشناڵترین كلیپی منه.
• چۆن بیرت له‌وه كرده‌وه كه له كوردستان كلیپ بۆ گۆرانی (riskt all) بكه‌ی؟
- ستافی من هه‌میشه ده‌یانوت كه كلیپه‌كه له ئه‌مریكا تۆمار ده‌كه‌ین و چه‌ندین ئه‌كته‌ری جیهانی ده‌هێنین و به‌شێوه‌یه‌كی جوان تۆماری ده‌كه‌ین، به‌ڵام من وتم پێویسته ئه‌م كلیپه له كوردستان تۆمار بكرێت، چونكه بۆ من وه‌ك خه‌ونێك بوو له وڵاتی خۆم تۆماری بكه‌م، خه‌ونی هه‌موو كوردێك ئازاد بوونی كوردستانه، ئێستا كه كوردستان ئازاده بۆچی كلیپه‌كه‌م له كوردستان تۆمار نه‌كه‌م، گۆرانییه‌كه‌شم باس له ئازادی و به‌ده‌ستهێنانی ماف ده‌كات، بۆچی ئێمه‌ش شاكیرامان نه‌بێت و لاوه‌كانمان نه‌چن له ئۆسكار و فیستیڤاڵه جیهانییه‌كان به‌شداری بن، ئێمه میلله‌تێكی زیره‌ك و به تواناین، به‌ڵام بۆ خۆمان زیره‌ك نین ته‌نیا له‌وه‌دا زیره‌كین كه یه‌كتر بشكێنین له جیاتی ئه‌وه‌ی یه‌كتر سه‌ربخه‌ین و هاوكاری یه‌كتر بكه‌ین، هه‌رچه‌نده من زۆرم پێناخۆشه كه پێم ده‌ڵێن شاكیرا یان ریهانای كوردستان، به‌ڵام بۆچی ئێمه‌ش ئه‌مانمان نه‌بێت.
• كێ سیناریۆی كلیپه‌كه‌ی دانا؟
- من خۆم سیناریۆكه‌م داناوه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی وه‌ك هێنانی ژماره‌یه‌ك كچ و منداڵ و ئاڵای كوردستان و ته‌نانه‌ت جلوبه‌رگه‌كانی خۆم و به‌شداربووانی كلیپه‌كه‌ش من هه‌ڵمبژاردوون .
• پێش كلیپه‌كه سه‌ردانی كوردستانت كردبوو؟
- به‌ڵێ بۆ به‌شداری كردن له فیلمێكی سینه‌مایی مه‌تین قوبادی هاتوومه‌ته كوردستان.
• كلیپه‌كه‌ت ره‌خنه‌ی زۆری لێ‌گیرا، پێشبینی ئه‌و ره‌خنانه‌ت ده‌كرد؟
- نه‌خێر، چونكه من گۆرانیبێژێكی ئه‌مریكیم و به ستایلێكی ئه‌مریكی گۆرانی ده‌ڵێم، ئێستا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری لاوه‌كانمان ده‌زانن ستایلی ئه‌مریكی یان ئەو‌روپی چییه، بۆیه منیش به ستایلی ئه‌مریكی گۆرانی ده‌ڵێم، ئێستا زۆر گۆرانیبێژمان هه‌یه به كوردی گۆرانی ده‌ڵێن، حه‌ز ده‌كه‌م ئێمه‌ش وه‌ك كورد به ستایلی ئه‌مریكی گۆرانی بڵێین.
• كلیپه‌كه‌ت بۆ بینه‌ری كورده یان بینه‌ری ئه‌مریكی و ئه‌وروپی؟
- بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كانه به ستایلی ئه‌مریكی، ئه‌گه‌ر سه‌یری بكه‌ی ده‌بینی، كلیپه‌كه له كوردستان تۆمار كراوه و جلوبه‌رگی كوردی تێدایه به‌شداربووانی كلیپه‌كه كوردن، له هه‌مان كاتیش‌دا زۆر شتی تێدایه كه ئه‌مریكییه،هه‌روه‌ها ستایلی گۆرانییه‌كه‌ش ئه‌مریكییه و سه‌ما كردنیشم ئه‌مریكییه.
• له كلیپه‌كه‌تدا چه‌ند ئافره‌تێكی ده‌مامكدار ده‌بینرێن، ئه‌مه چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت؟
- ئافره‌تانی كورد به‌تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌كان زۆر به هێز و توانان و خه‌باتی زۆریان كردووه له‌پێناو ئازاد كردنی كوردستان ئه‌م ئافره‌ته ده‌مامكدارانه نیشانه‌ی به‌هێزی ئافره‌تی كوردن، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك نیشانه‌یه‌ك نییه بۆ تیرۆریستان، هونه‌رمه‌ند مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بیربكاته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات جیاوازیش بێت له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی و مه‌رجیش نییه هه‌موو كه‌سێك له ناوه‌ڕۆكی كلیپه‌كه‌ی بگات، بێگومان وه‌ك هه‌ر كارێكی هونه‌ری كلیپه‌كه‌ی منیش زۆر په‌یام و واتای هه‌یه به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئافره‌ته‌وه هه‌بێت.





