دونیا شه‌هیدی:له‌منداڵییه‌وه حەزم لە دەف بووە، زۆربەی ئەندامانی خانەوادەكەم هۆگری ئەم ئامێرەن

* په‌یوه‌ندیی نێوان تۆ و ده‌ف چۆن دروستبوو؟
- یه‌كه‌م ئامێری موزیك كه چاوم پێیكه‌وتبێت و ده‌نگی به گوێچه‌كه‌مدا چووبێت ده‌ف بوو، چونكه من له خانه‌واده‌یه‌ك گه‌وره بووم كه هۆگری ئه‌م ئامێره بوون و كه‌سه هه‌رە نزیكه‌كانم ژه‌نیارو شاره‌زای ئه‌م ئامێره بوون و له ته‌كیه و خانه‌قاكانیشدا لێیان ده‌دا، ئه‌مه وای له من كرد كه هه‌ر له‌منداڵییه‌وه خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌م ئامێره زیاد بێت، به‌ڵام تا ساڵی 2002 وه‌ك ژه‌نیار نه‌مگرته ده‌ست، چونكه ئه‌و كات بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك چوومه لای مامۆستا موحسینی ئه‌مینی بۆ ئه‌وه‌ی به رێگەیەكی زانستی فێری ژه‌نینیم بكات، جار جاریش لای ئامۆزاكه‌م فه‌رید هاشمی له‌سه‌ر ده‌ف كارم كردووه.
* جگه له ده‌ف ئامێری دیكه‌ش ده‌ژه‌نن؟
- به‌ڵێ سه‌ره‌ڕای خۆشه‌ویستیم بۆ ده‌ف له‌سه‌ر ئامێری تونبه‌كیش كارم كردووه، هه‌روه‌ها ته‌مبوریش ده‌ژه‌نم، جگه له‌مانه ئێستا خه‌ریكم خۆم فێری ژه‌نینی ئامێری ئۆدۆم له‌گه‌ڵ مامۆستا موسلیمی زارعی.
• ئێوه ته‌نیا ده‌ف ده‌ژه‌نن یاخود گۆرانیش ده‌ڵێن؟
- له گروپه‌كه‌ماندا ته‌نیا ئامێری ده‌ف ده‌ژه‌نم و جارجاریش ده‌هۆڵ لێده‌ده‌م، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ته‌نیا كارم له‌سه‌ر گۆرانیی وتن نه‌كردووه و ئه‌گه‌ر گۆرانیشم وتبێت ئه‌وا به كۆرس بووه، بۆیه گۆرانیم نه‌وتووه، هه‌روه‌ها لای ئێمه نه‌بووه ئافره‌تێك به ته‌نیا گۆرانی بڵێ له به‌رامبه‌ر پیاواندا و ده‌بێ به كۆرس بیڵێت یان له‌گه‌ڵ پیاوێك.
* له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئافره‌ت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له گروپەكانی موزیكدا ا بوونی هەیە، پێتوایه هۆكاری چییه ئافره‌تان توانیویانه شوێنی خۆیان بكه‌نه‌وه؟
- له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا ئافره‌تان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان شوێنێكی دیار و به‌رچاویان له گرووپه هونه‌رییه‌كاندا هه‌یه ئه‌مه‌ش جێگای خۆشحاڵییه، چونكه نیشانه‌ی گرنگیدانه به هونه‌ری ئافره‌تان، ئه‌م گرنگیدانه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئافره‌تان بتوانن زیاتر شوێنی خۆیان بكه‌نه‌وه و كاری جوانتر پێشكه‌ش بكه‌ن و زیاتر بچنه نێو قوڵایی موزیكه‌وه ئه‌گه‌رچی وه‌ك گۆرانیبێژ هێشتا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان به ته‌واوی بۆ نه‌ڕه‌خساوه.
* له گروپه‌كه‌ی ئێوه ئافره‌تان ته‌نیا ده‌ف ژه‌نن یان له ئامێرەكانی دیكەی موزیكیش به‌هره‌مه‌ندن؟
- له‌و گرووپانه‌ی كارم تێیدا كردووه به‌و شێوه‌یه بووه كه ته‌نیا ده‌ف بژه‌نم ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی كه له هه‌ر گروپێكی موزیكیدا ئافره‌تێك هه‌بێت بتوانێت زۆر به‌باشی تواناكانی خۆی نیشان بدات، هه‌روه‌ها ژه‌نینی ده‌ف له‌لایه‌ن ئافره‌ته‌وه جۆرێك له جوانی و تایبه‌تمه‌ندێتی ده‌به‌خشێت، به‌ڵام ئافره‌تان ئامێری دیكه‌ش ده‌ژه‌نن جگه له ده‌ف، بۆ نموونه له گرووپی دایراك خاتوون من ته‌نیا ده‌فم ده‌ژه‌نی و خاتوو سارا ئه‌حمه‌دیان تونبه‌ك و ئاتوی ده‌ژه‌نی و ئافره‌تانی دیكه‌ش هه‌موویان ته‌مبووره‌یان ده‌ژه‌نی، هه‌روه‌ها له گرووپه‌كانی تر ئافره‌تانمان هه‌یه زۆر به جوانی و سه‌ركه‌وتوویی ئامێره‌كانی ڤیولین و سه‌نتور و تار ده‌ژه‌نن.
* له كرماشان چه‌ند گروپی موزیك هه‌یه كه ئافره‌تیان تێیدا بێت و رۆڵیان به‌رچاو بێت؟
- ئه‌وه‌ی من تێبینیم كردبێت ئێستا له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گرووپه موزیكییه‌كانی كرماشان ئافره‌تی موزیكژه‌ن هه‌ن كه زۆر به‌باشی كاری خۆیان ده‌كه‌ن و ئامێری جیاجیا ده‌ژه‌نن، بۆ نموونه له گرووپی خه‌یام كه یه‌كێكه له گرووپه ناسراو و ناوداره‌كانی كرماشان، خاتوو ئیلهامی یه‌زدان پوور ئامێری سه‌نتور ده‌ژه‌نێت و خاتوو مه‌رجان ئامێری كه‌مانچه ده‌ژه‌نێت و كاره‌كانیان جێگای شانازی و ده‌ستخۆشین.
* بۆچی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئافره‌تان زیاتر وه‌ك موزیكژه‌ن ده‌رده‌كه‌ون نه‌ك وه‌ك گۆرانیبێژ؟
- به پێچه‌وانه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چه‌ندین ئافره‌تی زۆر ده‌نگخۆش و به توانا‌مان هه‌یه بۆ نموونه خاتوو چیمه‌ن ره‌حمانی كچی خوالێیخۆشبێت یەدولڵا ره‌حمانی یه‌كێكه له‌وانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئافره‌تانمان ناتوانن به ته‌نیا له جێگایه‌ك گۆرانی بڵێن كه پیاو لێی دانیشتوون و ده‌بێ له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژێكی دیكه یان له‌گه‌ڵ چه‌ند ئافره‌تێكی دیكه به‌شێوه‌ی كۆرس گۆرانی بڵێن بۆ ئه‌وه‌ی به باشی ده‌نگی هیچیان ده‌رنه‌كه‌وێت، چونكه ناتوانن خۆیان به باشی نیشان بده‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هه‌ندێك گرووپی زۆر به‌ناوبانگمان هه‌یه وه‌ك كامكاران كه گۆرانیبێژی ئافره‌تیان هه‌یه و ده‌توانن به ته‌نیا گۆرانی بڵێن.
* پێتوایه بۆچی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زیاتر له پارچه‌كانی دیكه گرنگی به موزیكی سوننه‌تی ده‌درێت؟
- ره‌نگه منیش له‌گه‌ڵ تۆ هاوڕا بم له‌و بابه‌ته، به‌ڵام راستییه‌ك هه‌یه كه پێویسته له‌به‌رچاو بگیرێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئێمه پێویسته له‌و شوێنه بژین و به‌و حوكمه‌ش ئه‌و موزیكه كوردییه‌ی گوێمان لێی ده‌بێت و ده‌یژه‌نم و فێری ده‌بم هه‌موو موزیكی سوننه‌تییه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی تێكه‌ڵ بوونی ئێمه به‌و موزیكه و راهاتنی گوێچكه‌مان به‌و ئاواز و موزیكه و له هزر و بیری ئێمه‌دا جێگای خۆی كردۆته‌وه.
* به ڕای تۆ له باشووری كوردستان بۆچی موزیك وه‌ك پێویست هه‌نگاوی نه‌هاویشتووه؟
- بێ گومان له باشووری كوردستاندا چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی گه‌وره و ناسراو هه‌ن كه خزمه‌تێكی زۆری هونه‌ری كوردیان كردووه و جێگای شانازیی هه‌موو كوردێكن له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه كاری زۆریان له‌و بواره‌دا كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر بوونی شه‌ڕو شۆڕ و چه‌ند هۆكارێكی دیكه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك نه‌یانتوانی به باشی كاری هونه‌ری خۆیان به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن، چونكه رێگای هونه‌ر و پێشخستنی هونه‌ری كوردی‌یان لێ‌گیرا بوو بگره ئاسته‌نگیشیان بۆ دروست ده‌كرا، سوپاس بۆ خوا ئێستا له سایه‌ی ئازادی ده‌بینین به‌رده‌وام كاری جوان پێشكه‌ش ده‌كرێ و هونه‌ری كوردی به‌ره‌و پێش هه‌نگاو ده‌نێت
* په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ تیپ و گرووپه‌كانی موزیك چۆنه؟
- له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی گرووپه هونه‌رییه‌كان په‌یوه‌ندیی باشمان هه‌یه و توانیومانه هه‌ریه‌كەمان به جۆرێك سوود له‌وی تر وه‌ربگرین، ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌ر یه‌كێك له‌و گرووپانه به‌پێی توانای خۆی خزمه‌تیان به هونه‌ری كوردی كردووه و بۆ من جێگای شانازییه كه كارم له‌گه‌ڵیاندا كردووه.
* له گروپه‌كه‌تان هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی خولی فێربوونی ده‌ف و ئامێره‌كانی دیكه ده‌ده‌ن؟
- به‌ڵێ له زۆربه‌ی ئه‌و گروپانه كه من په‌یوه‌ندیم پێوه كردوون ئه‌گه‌رچی بۆ فێربوون و په‌یدا كردنی شاره‌زایی زیاتر له‌سه‌ر ده‌ف چووم، له هه‌مان كاتدا هه‌وڵمداوه خۆم زیاتر كار بكه‌م، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ی تیپه‌كه به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ین سوود له یه‌كتری وه‌ربگرین و شتی نوێ فێر بین.
* وه‌ك تیپێكی موزیكی كوردی ئایا هیچ سوودێكتان له موزیكی فارسی وه‌رگرتووه؟
- له گرووپی دایراك خاتوون زیاتر گرنگی به پێشخستنی ته‌مموره ده‌درێت و بناغه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه بۆ مه‌قامه‌كانی، بۆیه تا ئێستا كارێكی وامان نه‌كردووه كه تێكسته‌كه‌ی فارسی بێت، به‌ڵام پێویسته كار له‌سه‌ر تێكستی فارسیش بكه‌ین، چونكه زۆر له گروپه به‌ناوبانگه‌كانیش كاریان له‌سه‌ر تێكستی فارسی كردووه.
كه‌چی له هه‌ندێك گرووپی دیكه له‌گه‌ڵ مۆسیقای كوردی كاری سووننه‌تیشیان كردووه، تا گه‌یشته ئه‌و رادده‌یه‌ی كاره‌كانین به‌جۆرێك بێت كه هه‌ردوو موزیكی كوردی و فارسی تێكه‌ڵ بكرێت و جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له‌نێوانیاندا هه‌ستی پێ ناكرێت.
* ئایا پێتوایه هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان موزیكی كوردی و فارسی‌دا هه‌یه؟
- به‌ڵێ بێ گومان جۆرێك له په‌یوه‌ندی له نێوانماندا هه‌یه، چونكه له‌رووی جوگرافییه‌وه ئێمه نزیك له یه‌كتر ده‌ژین و زمانیشمان تا رادده‌یه‌كی زۆر له یه‌كتری نزیكه، ئه‌مانه هه‌موویان بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له‌رووی هونه‌رییه‌وه هه‌ردوو كاریگه‌رییان به‌سه‌ر موزیكی یه‌كترییه‌وه هه‌بێت، من بۆخۆم گوێ له زۆر كاری هونه‌ری فارسی ده‌گرم، كه هه‌مان كاری كوردییه، به‌ڵام به تێكستی فارسی ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندی له نێوان هه‌ردوو لادا هه‌یه.
* ساڵانه وه‌ك گروپ چه‌ند كار و چالاكیتان هه‌یه؟
- وه‌ك گرووپ ئێمه به‌رده‌وام به‌شداری له فیستیڤاڵه‌كاندا ده‌كه‌ین و زۆربه‌ی ساڵانیش كۆنسێرتمان هه‌یه، ئێستاش خۆمان ئاماده ده‌كه‌ین بۆ ساز كردنی كۆنسێرتێك له‌م مانگه له شاری كرماشان كه گرووپی ته‌مموره سازی ده‌كات، من خۆم ئێستا سه‌رپه‌رشتی گرووپێكی هونه‌ری ده‌كه‌م و سه‌رقاڵی ئاماده كردنی سیدییه‌كی تایبه‌تین به گرووپه‌كه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاره‌كانمان له ساڵێك بۆ ساڵێكی دیكه جیاوازه، هه‌ندێك ساڵ كارمان زۆر زۆره و له هه‌ندێكیان كه‌مه.

